کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێرشی پارتی بۆسه‌ر رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نووسان و تاوانبارکردنیان به‌ تیرۆریست، پێشێلکردنی ئاشکرای که‌رامه‌تی رۆژنامه‌نووسان و یاسای رۆ�

Friday, 17/09/2010, 12:00


گروپی چه‌تری ئازادی له‌نده‌ن
پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ ده‌ستی کردوه‌ به‌ هێرشێکی بێ په‌رده‌ بۆسه‌ر رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نووسان ئه‌ویش له‌ رێگای به‌کارهێنانی مه‌لای مزگه‌وته‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ند راگه‌یاندنێکی هه‌ره‌شه‌ئامێز له‌ لایه‌ن چه‌ند گروپێکه‌وه‌ له‌ ناوچه‌کانی هه‌ولێر ودهۆک و له‌ خودی رۆژانه‌مه‌ی خه‌باته‌وه‌ زمانحاڵی پارتی و هه‌ره‌ها به‌کارهێنانی یاساکانی رژێمی به‌عسی دیکتاتۆری و دادگا حیزبی و ناسه‌ربه‌خۆ و دواکه‌وتوه‌کانی کوردستان بۆ‌ بێشێلکردنی بێ په‌رده‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری کوردستان که‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستان و خودی مه‌سعود بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم بریاری له‌سه‌ر دراوه‌ و واژو کراوه‌.
له‌ 22ی ئابی 2010 وه‌‌ پارتی چه‌ند داوایه‌کی له‌سه‌ر رۆژنامه‌کانی هاوڵاتی، ئاوێنه‌، رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌، لڤین و بریاره‌ له‌سه‌ر چه‌ند رۆژنامه‌یه‌کی تریش له‌ ژێر بیانوی "ناوزراندنی پارتیدا"له‌ دادگا حیزبی و ناسه‌ربه‌خۆکاندا تۆمار کردوه‌ و داوای زیاتر له‌ دوو ملیار دینار قه‌ره‌بوو له‌م رۆژنامه‌انه‌ ده‌کات، ئه‌ویش به‌ په‌نا بردن بۆ یاسای مورافه‌عاتی ساڵی 1969رژێمی به‌عس نه‌ک به‌ پێێ یاسای کاری رۆژنامه‌گه‌ری کوردستانی ساڵی 2007. به‌م پێیه‌ش خودی پارتی و ده‌سه‌ڵات له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا به‌ ئاشکرا یاسا پێشێل ده‌که‌ن له‌ کاتێکدا هه‌موو رۆژێک له‌ راگه‌یاندن و لێدوانه‌کانیانه‌وه‌ باس له‌ سه‌روه‌ری یاسا و ریزگرتن له‌ تاکه‌کان ده‌که‌ن له‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نووساندا.
به‌پێی برگه‌ی پێنجه‌م له‌ مادده‌ی هه‌شته‌می یاسای کاریی رۆژنامه‌نووسی له‌ کوردستان نابێ دوای تیپه‌ربوونی سێ مانگ له‌ مێژووی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێک هیچ ئیجرائاتێکی یاسایی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌یه‌دا بگیرێته‌ به‌ر، به‌ڵام هه‌موو داواکانی پارتی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ له‌م رۆژنامانه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ زیاتر له‌ سێ مانگیان به‌سه‌ردا تێپه‌ریوه‌.
هه‌روه‌ها به‌پێی مادده‌ی دوانزه‌ نابێ کار به‌ هیچ ده‌قێکی یاسایی بکرێت له‌ دژی رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نووسان که‌ له‌گه‌ڵ یاسای کاری رۆژنامه‌نووسی له‌ کوردستاندا ناکۆک بێت، به‌ڵام پارتی به‌ پێی یاسای مورافه‌عاتی ڕژێـمی به‌عس که‌ چل ساڵ له‌مه‌وپێش ده‌رچوه‌ داواکانی تۆمار کردوه‌ و ئه‌مه‌ش بۆخۆی پێچه‌وانه‌ی یاسای کاری رۆژنامه‌نووسییه‌.
هه‌ر به‌ پێی یاسای کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردستان بڕی غه‌رامکردنی ڕۆژنامه‌یه‌ک نابێ له‌ بیست ملیۆن دینار زیاتر بێت و رۆژنامه‌نوسیش پێنج ملیۆن، به‌ڵام ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌ی که‌ پارتی وه‌ک قه‌ره‌بوو داوای ده‌کات شتێکی خه‌یاڵییه‌ و له‌ هیچ شوێنێک و وڵاتێک ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن هیچ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆرییه‌وه‌ بریاری وا له‌ دژی رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نوسان نه‌دراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ پارتی ده‌ستپێشخه‌ری کرد و کردی!!
هه‌ر له‌م راستایه‌دا و به‌مه‌به‌ستی هێرش و ده‌مکوتکردنی زیاتری رۆژنامه‌نووسان و تۆمه‌تبارکردنیان دوێنێ 15/9/2010 لیژنه‌ی لیکۆلینه‌وه‌ له‌ که‌یسی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان له‌ دوای زیاتر له‌ چوار مانگ بێده‌نگی، رایگه‌یاند که‌ سه‌رده‌شت له‌ لایه‌ن گروپی تیرۆریستی ئه‌نسار ئیسلامه‌وه‌ تیرۆرکراوه‌ ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رده‌شت ئه‌و به‌ڵینانه‌ی نه‌بردۆته‌ سه‌ر که‌ به‌م گروپه‌ی داوه‌. وه‌ لێره‌وه‌ سه‌رده‌شت تاوانبار ده‌که‌ن به‌ تیرۆریست و هاوکاری گروپه‌ ئیسلامییه‌ تیرۆریستیه‌کان. ئه‌م سیناریۆیه‌ی پارتی له‌ لایه‌که‌وه‌ هه‌ولێکه‌ بۆ جه‌واشه‌کردنی جه‌ماوه‌ری کوردستان و ده‌ربازکردنی پارتی له‌ به‌رپرسیاریه‌تی و تاوانباربوونی به‌ تیرۆریکردنی سه‌رده‌شت و له‌هه‌مان کاتدا هه‌وڵێکه‌ بۆ ده‌مکوتکردن و ترساندن و شکاندنی که‌رامه‌ت و که‌سێتی رۆژنامه‌نوسان و تاوانبارکردنیان به‌ تیرۆریست و لێره‌شه‌وه‌ زه‌مینه‌ سازکردن بۆ تیرۆر و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌ی هه‌رچی زیاتر.
ئه‌م هه‌وڵ و شیواز و هه‌ره‌شانه‌ی پارتی و له‌ ژێر پێنانی که‌سایه‌تی و حورمه‌تی رۆژنامه‌نوسان و هه‌ر ئه‌و یاسایه‌ی که‌ خۆیان ‌ بریاریان له‌سه‌ر داوه‌، ئه‌و گومانه‌ی لای هیچ که‌س نه‌هێشتۆته‌وه‌ که‌ پارتی ده‌یه‌وێ به‌هه‌ر رێگه‌و ئامراز و شێوازێکه‌‌ رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نووسان ده‌م کوت بکات و ڕێگه‌ به‌ هیچ جۆره‌ ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌ پارتی و ده‌سه‌ڵات نه‌دات و سه‌رئه‌نجام ئازادی بخنکێنێ و به‌رته‌سکی بکاته‌وه‌.
ئێمه‌ وه‌ک چه‌تری ئازادی ئه‌م سیاسه‌ت و هه‌نگاوانه‌ی پارتی دژ به‌ رۆژنامه‌ ئازاد و ئه‌هلیه‌کان و سیناریۆ سازکردن سه‌باره‌ت به‌ تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان و تاوانبارکردنی به‌ تیرۆریست و هاوکاری گروپه‌ تیرۆریسته‌کان به‌ هه‌نگاوێکی پر مه‌ترسیدار ده‌زانین دژ به‌ هه‌ڵسوران و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و ره‌خنه‌گرتن و ئازادی ده‌ربرینی بیرورا و شه‌خسییه‌تی رۆژنامه‌نووسان له‌ کوردستان و به‌توندی سه‌رکۆنه‌ی ده‌که‌ین و ده‌بێ به‌ریان پێ بگیرێت .
هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌وه‌ بانگه‌وازی سه‌رجه‌م رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نوسان، رۆشنبیر و نوسه‌ر و ره‌خنه‌گران، ته‌وای جه‌ماوه‌ری کوردستان و ره‌وه‌ندی کوردی له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ یه‌ک ده‌ست و یه‌ک ده‌نگ هه‌ڵوێستی مه‌سئولانه‌ی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرشانه‌ بۆسه‌ر ئازادی تاکه‌کان نیشان بده‌ن و به‌ری پێبگرن، چونکه‌ ئه‌م هێرشانه‌ بۆ سه‌ر ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و ره‌خنه‌گرتن و ئازادی ده‌ربرینی بیروڕا دژ به‌ ئازادی ‌هه‌ر تاکێکی خه‌ڵکی کوردستانه‌ که‌ له‌ ده‌روه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و پارتی و ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا بێت.
گروپی چه‌تری ئازادی له‌نده‌ن
[email protected]
16/09/2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە