کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان، دوڕێیان و سەفەرێکی نوێ

Saturday, 03/05/2014, 12:00




‌"ئەوەی دوێنێ ڕویدا ئەمڕۆ بوە مێژو، مێژویەک کەدەشێ زۆردوبارەبێتەوە ئەگەر بەتەواوی لێی نەکۆڵینەوەو بەوردی تێی نەگەین. لەبەرئەوەی گۆڕان بزوتنەوەیەکی جەماوەریە و بڕێکی زۆری خەڵکی کوردستان بەشێوەیەک یان زیاتر بەشداربوە یان لێیەوەگلاوە، ئێستا ئەو بزوتنەوەیە موڵکی کۆمەڵگەیە و مێژوەکەیشی مێژوی خەڵکە. بۆئەوەی لەهەموشتەکان تێبگەین و بیانکەینە بەردی بناغەی داهاتویەکی بەبەرنامەتر و گەشتر و پێشکەوتوتر دەبێ هەموی تۆمارکەین و لێی بکۆڵینەوە"

کۆمەڵگەیەک زادەی ٦٠٠٠ ساڵی پڕ مێژوی ململانێ یە لە خۆرهەڵاتی نزیک. بە هەزاران هەڵبەزو دابەزی چەشتوە و سەدان جار لە لوتکەی سەردەمی زێڕینیەوە بۆ نزمترین ئاستی ژیان و نەهامەتی ڕۆژگار گلۆربۆتەوە. لەو ڕێیەدا و بۆمانەوە هەزاران قوربانی دابێ و ناچاربوبێت بۆ خۆگونجاندن و دەربردن ڕوو لە جۆرەها نەخوازراو بکات لەلایەک و لەلایەکی تریش، هێشتا لەناوچەکەدا دواکەوتوترین و ناتەباترین کۆمەڵگەبێت. تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە نەک هەر لە کوردستان، دوای دورکەوتنەوەشیان هەزاران کیلۆمەتر و دەیان ساڵی دابڕانیان لەخاکی بابوباپیرانیان و تێکەڵاوبونیان بە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکانی ڕۆژئاوا، خەوشو دوبەرەکی و ناڕێکیان هەربەردەوام بێت. داخوا بزوتنەوەیەکی وەک گۆڕان دەتوانێ چەند ساڕێژی کێشەکانی بکات، کە خۆی و تەواوی ئەندامەکانی زادەی ئەم کۆمەڵگەیەن؟

‌وەک هەموجارێک و دامەزراندنی حیزبێکی نوێ، گۆڕانیش لەگەڵ ئاهەنگ و بانگەوازی دامەزراندنیدا هەڵگری کۆمەڵێ پەیامی جوان و دروست بو. هاوار و خەونەکان وەک ئەوەبو لە گەروی مرۆڤی دڵسۆز و هوشیار و بەئاگا لەنێو کۆمەڵگەی کوردیەوە هەڵقوڵابێ، هەموی دڵگیر و خرۆشانن بون. هەوادارانی هەمووتەبا و هاوبیر و هاوڕێباز بون. قۆناغی یەکەم هەربە چەپڵەڕێزانی هەوادارانی کۆتایی هات کاتێک توانی ٢٥ نوێنەری بگەیەنێتە پەرلەمان و بەمەش ترسێکی گەورە بەبەری دەسەڵاتداببڕێ و نەک هەرخۆی بەڵکو کۆمەڵگەی کوردیش بگەیەنێتە قۆناغێکی تری خەبات و ژیانی شارستانی.

مێژوی ئەم کۆمەڵگەیەو بارودۆخە سیاسی و ئابوریەکانی ناوچەکە کاریگەری دیاریان لەسەر قۆناغی دوەمی بزوتنەوەکە و هەوادارەکانی هەبو. نانبڕین و کۆڵنەدان لەلایەک و بیڕوباوەڕ و خۆفرۆشی لەلایەکی تر ڕەنگاڵەترین دیاردەکانی ئەم قۆناغەبون. ئەم قۆناغەبو ئەرکی گەورەی کارکردن لە بەرەنگاربونەوەی فەسادی سیاسی و فەرهەنگی دا بەزەقی دەرکەوت. دەسەڵات هەرچی وزەی هەبو خستیە گەڕ بۆ بەرەنگاربونەوەی گۆڕانخوازان و بزوتنەوەکەیان و بەکارهێنانی هەرچی هەیە لە کەرەستەکانی بەردەستیان بۆ لەڕێلابردن و چەواشەکردن و هەڵخەڵەتاندن، لەپاڵ ترساندن و هەڕەشەکردن. لەبەرامبەر ئەمەش هەوڵی بێوچانی گۆڕانخوازان لە گەیاندنی پەیامەکانیان لە هەڵدانەوەی ناشرینیەکانی دەسەڵات و قێزەونی حوکم کردن و هەڵسوکەوتیان. ئەمە کاری یەکەم و سەرەکی گۆڕانخوازان بو لەم قۆناغەدا، نەک هەڵکردن و هەوڵی پێکەوەژیان لەگەڵ دەسەڵات کەهەندێک لایان وابو دەبێ ئەرکی گۆڕانخوازان بێت. زۆر غەریب نەبوکە لەناو گۆڕانخوازاندا کەسان هەبون هێشتا چاوەڕوانی مەرحەبایەکی دەسەڵات بون و لەبەرامبەر ئەمانیشدا خەڵکان هەبون لەدژایەتی و ئیدانەی دەسەڵات تێریان نەدەخوارد. دەرەنجام و کورد وتەنی "پوزی ڕەش و سپی لەبوارا تاقی بوەوە" و لێرەوەبو سەرەتاکانی کێ کێ یە وکێ بۆ چی هاتوە؟ لەناو لەشکری گۆڕانخوازاندا بەسەختی و هەندێجار بەئاژاوەوە ئاوەڵا بو.

لەکاتێکدا مێزکوتینی پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەهۆڵی پەرلەمان و بەیاننامە ٧ خاڵی یەکەی گۆڕان و بەدوایدا خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات زیاتر باوەڕ و ڕەخنەی بڕێکی زۆری لە گۆڕانخوازانی تیژتر و توندتر کرد، لەهەمان کاتدا، بێئەوەی زۆرکەس بزانێ یان پێوەرێک هەبێ بۆ پیشاندانی، ورەی بڕێکی دیاری خەڵک و هەوادارانیشی دابەزاند. هەربۆیە لەکاتێکدا ڕێژوان و سورکیو و گەرمیان و هاوڕێکانیان سنگیان دەبردەپێشەوە و داوای دادپەروەری و سەروەری یاسایان دەکرد، لەهەمان کاتدا گۆڕانخواز هەبو نامەی دۆستایەتی بۆ سەرانی دەسەڵات دەنارد و هەندێک لە دەسەڵات نزیک دەبونەوە. دیاردەی ورەبەردان و تەسلیم بون، وەک سایکۆلۆجیایەکی ئەبەدی مرۆڤایەتی، بەزەقی دەرکەوت و سەیرتر لەوە، بڕێک لەمانە دۆستایەتی و نزیک بونەوەیان لە دەسەڵات وەک دیبلۆماسیەت و ڕۆشنبیری دەفرۆشتەوە. قۆناغەکە بۆ گۆڕان زۆرسەختر بوبو کاتێک دەسەڵات بەئاشکرا توانی کەلێن بخاتە ڕیزەکانی گۆڕانخوازانەوە ئەمە کاریگەری خۆی هەبو وەوای کرد سەرانی گۆڕان پاڵنێ بۆ قایل بون بە واقیع و لەبەرامبەردا ڕازی بێت بەهەندێ پێشنیارو دانوستان لەگەڵ دەسەڵات.

دانیشتنی دەباشان و خۆپیشاندانەکانی بادینان لەپایزی ٢٠١١ دا هەستانەوەیەکی کاتی ورەو وزەی گۆڕان بو دوپەیامی تازەشیان بۆ سەرانی پارتی نارد. ئەمانیش لای خۆیانەوە بە کۆمەڵێ پلانی بۆ داڕێژراوەوە ڕوەو گردەکەو کەسی نەوشیروان مستەفا هەنگاویان ناو لێرەدا بەداخەوە سەرکەوتو بون، هەرهیچ نەبێ لە چەندخاڵێکدا. لەوانە تێکشکانی ورەی بەشێکی زۆری هەوادارانی گۆڕان بەتێوەگلاندنی نەوشیروان مستەفا و کەسە باڵاکانی گۆڕان لە دانیشتنی ژورە تاریکەکان کەبونە هۆی دروستکردنی گومان و بەدوایدا لافاوی پرسیاری بێ وەڵام و دیسانەوە پاڵپشتیکردنی گومان و ناڕونی بە بێ باکیان لە لانی کەمی خواست و داواکانی گۆڕانخوازان. ئەوەبو بەردەوام بون لە سیستمی گەندەڵی و ڕێزپێنەدانی هەڵبژاردنی هاوینی ٢٠١٣ بە تەزویرکردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەدوایدا کێشەکانی نەوتو حکومەتی مەرکەزی و تازەترینیان کێشەی ئیفلیجکردنی ئابوری لەهەرێم و پێنەدانی موچە. لێرەوە گۆڕان هێشتا هیچ شیرینیەکی دەسەڵاتی نەچەشتبو، کە بوە برا بەش لە ئیدامەی گەندەڵی و نەهامەتی خەڵک.

ئەوکاتەی لەناوڕیزەکانی گۆڕاندا پرسیارەکان بێ وەڵام مانەوە، دیاردەیەکی سروشتی و باوە، خەڵکانی خاوەن پرسیارەکان وردە وردە ساردبونەوە و دورکەوتنەوەو نۆرەی خاوەن بەرژەوەندیە تایبەتیەکان هات بێنە ڕیزەوە و ببنە بەشێک لە ئەقڵ و هەیکەلی گۆڕان. ئەوەبو لە هەڵبژاردنەکانی هاوینی ٢٠١٣ دا بڕێکی باشی پاڵێوراوەکانی گۆڕان بۆ پەرلەمان تەزکیە بون لەکاتێکدا گۆڕان سەری زمان و بنی زمانی بریتی بو لە چونەناودەسەڵاتەوە، وەک بڵێی بەشێکی زۆری هەڵسوڕاوانی گۆڕانیش هەربۆ شینی هەریسەکە بوە. لێرەدا ڕەنگە لە بناغەدا ئێجگار واخراپ نەبوبێ، بەڵام بیرمان نەچێ کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەی تاکەکان نیە، کۆمەڵگەی جەماعیە و کۆ بڕیاردەدات، لە ساتەوەختەکانی حەماس و توڕەییدا. کارەساتێکی تر بو لە مێژو کاتێک گۆڕانیش وەک زۆربەی پارتەسیاسیەکانی تر پێدەنێتە قۆناغی سێ یەم کە قۆناغی بەشداری دەسەڵاتە کاتێک ڕیزەکانی وەک سەرەتا پوخت و پتەو نیە و لە ڕیزەکانی هەلپەرست و ناکارا هەن لەکۆمەڵگەیەک کەدەتوانێ هەزارانی کاراتر و دلسۆزتر ئامادە و ڕێکخراو بکات و بیانکاتە کەرەستەی خەبات و چاکسازی.
هەڵبژاردنەکانی ئەم هەفتەیە سەلماندنێکی تری ئەم مێژوەن. هەریەک لە هەولێری سەرکز و دڵ وریا و سلێمانی سەرکەش و یاخی و دهۆکی ژێرچەپۆکو چەوساوە و کەرکوکی هێشتا لەئەیڕەقیبدا هەریەکەیان لای خۆیانەوە پەیامی تایبەتیان هەیەو هەرکەسێ بیەوێ کار لەسەرئەمانە بکات و بەتەمای ئەمان بێت دەبێ لەم کۆدانە تێبگات. لەکاتێکدا دەسەڵات شەرم لەهیچ ناکات هەر لەکڕینی دەنگ و فرۆشتنەوەی کوردایەتی و ساختەو هەڕەشە و هەرچی هەیە لەکەرەستەی نەشیاو لەدژی خەڵکی بۆ بەدەست هێنانی سەرکەوتن، لەبەرامبەر ئەماندا گۆڕان، بزوتنەوەیەکە ئەژنۆکانی بریتین لە شەفافیەت و دادپەروەری و نەزاهەت و بەرنامەی دروست، هەرگیز تاکڕەوی و عەقڵی سەرکردەی پێشڕەو وئیتیفاقاتی ستراتیجی نادیارو تاریک بەکەڵکی نایەت. ئەمە مێژوە و لێرەدا نەمن و نە کەس ناتوانین پەنجەی تاوان، بەتایبەتی، بۆکەس درێژ بکەین، وەک پێشتر وتمان، ئەمە کۆمەڵگەیەکی دێرینی ئاڵۆزەو گٶڕان وەک پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی ئابوری بە ٤-٥ ساڵ هەر هێندە دەتوانێت کار لە سەر کێشەکانی تاک و کۆمەڵگە بکات. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو پرسیارە گەورەیەیە کەدەپرسێ: ئەگەر لەلایەک دەسەڵاتێک تەواوی کۆڵەکەکانی ڕاوەستانو مانەوەی لەسەر بناغەی نادادپەروەری و گەندەڵی دروست بوبێ و ئامادەبێ شەڕی دەستەویەخەی بۆبکات و لەلایەکی تریش گۆڕان وەک بزوتنەوەیەک کە پەیامەکەی دادپەروەری و شەفافیەت و سەروەری یاسا بێت ئەمانە چۆن لە حکومەتێکدا دەتوانن هەڵبکەن وپێکەوە کاربکەن و گۆڕان دەتوانێ چی بکات؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە