کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قانعی فه‌رد که‌لێنێکی بچووک بۆ هێرشێکی گه‌وره‌

Saturday, 11/09/2010, 12:00


چاوپێکه‌وتنی (قانعی فه‌رد) له‌گه‌ڵ گۆڤاری (لڤین) قسه ‌و باسی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به‌گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان به‌تایبه‌تی هه‌رچی له‌توانایاندا هه‌بوو خستیانه‌کار،به‌رپرس و نوسه‌ره‌کانیان هه‌رکه‌سه‌و به‌پێی مه‌وقعیه‌تی خۆی وتاریان نووسی و لێدوانیاندا،هه‌ڕه‌شه‌کراو ده‌سته‌وگروپ بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نرا،مه‌لای مزگه‌وت و سه‌ندیکاو وه‌زیر و سه‌رۆکی هه‌رێم و عێراق هه‌ڵوێستی خۆیان ئاشکرا کرد،ته‌نانه‌ت ئه‌م ڕه‌وشه‌ سنوری بڕی و چه‌ندین که‌سایه‌تی سیاسی و حیزب و لایه‌نی پارچه‌کانیتری کوردستان ڕونکردنه‌وه‌ و به‌یانامه‌یان بڵاوکرده‌وه‌،چونکه‌ هێرش کراوه‌ته‌ سه‌ر پیرۆزیه‌کان و ڕه‌مزه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان .

ده‌سه‌ڵاتدارنی کوردستان ئه‌م جاره‌یان له‌سه‌نگه‌ری به‌رگری کردن له‌ ڕه‌مزه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان هاته‌ ناو شه‌ڕێکی ناڕاسته‌وخۆه‌،ڕوبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ی نێوان گۆڤاری (لڤین) و (پارتی)له‌سه‌ر چاوپێکه‌وتنێکی (قانعی فه‌رد)ئه‌و ته‌قلیده‌ی تۆخترکرده‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان چه‌ندین جاره‌ بۆ سه‌رکوتی ئازادی سیاسی و ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاد به‌کاریان هێناوه‌،به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان به‌فۆرم و شێوازێکی تایبه‌ته‌وه‌.

بۆ هه‌موو لایه‌ک ئاشکرایه‌ که‌ بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌تووندی باوه‌شی به‌ (موقه‌ده‌سات ، ڕه‌مزه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان)و ده‌یان په‌یکه‌ره‌ی له‌م جۆرانه‌دا کردووه‌،موقه‌ده‌سات و ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌ی بۆ بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌مانای درێژه‌دان به‌ده‌سه‌ڵات و پاراستنی هاوکێشه‌ی هێز له‌نێوان خه‌ڵک و بزووتنه‌وه‌که‌یاندا.

به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان شه‌ڕێک که‌ له‌ژێر ناوی هێرش بۆسه‌ر (ڕه‌مزه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کاندا)به‌رپاکرا هیچ نه‌بوو بێجگه‌ له‌ سیناریۆیه‌کی داتاشراو، که‌به‌داخه‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ئازادیخوازیش خۆبه‌خۆ چونه‌ ناو ئه‌م شه‌ڕه‌وه‌ که‌ (پارتی)ته‌وای زه‌مینه‌و پێداویستیه‌کانی شه‌ڕه‌که‌ی ئاماده‌کردبوو، ئه‌و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ وه‌ک هه‌موو جارێک پێیوابوو ‌ بۆ به‌رگری له‌ ئازادی ده‌بێت موقه‌ده‌ساته‌کان تێکبشێنین و به‌ده‌رنه‌بن له‌ڕه‌خنه‌، ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌یه‌ له‌م ڕوبه‌ڕبوونه‌وه‌یه‌دا هۆ و ئامانجه‌کان تێکه‌ڵاو ده‌کات و جێگاکانیان ده‌گۆڕێته‌وه‌.

گه‌وره‌کردنه‌وه‌ و به‌خه‌‌رجدانی توانایه‌کی گه‌وره‌ی ڕاگه‌یاندن و به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی چاوپێکه‌وتنی (قانعی فه‌رد)له‌ گۆڤاری (لڤین)دا له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتی و نوسه‌ره‌کانیان،له‌شێوه‌دا هه‌نگاوێکه‌ بۆ به‌رگری له‌ ڕه‌مزه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆکدا وه‌ڵام به‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی دیاریکراوی تر ده‌داته‌وه‌.

تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان)فه‌زای کۆمه‌ڵگای کوردستانی بۆ به‌رگری له‌ ئازادی بیروڕاو و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری برده‌ قۆناغێکی تازه‌وه‌، ئاستی به‌رزی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان به‌جۆرێک گه‌رم و گوڕبوو، ته‌نانه‌ت کاریگه‌ری له‌سه‌ر زیندووکردنه‌وه‌ی که‌یسی (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌یش)دانابوو، بۆیه‌که‌م جاربوو ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به‌ گشتی و پارتی به‌تایبه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ جه‌ماوه‌ری ناڕازی بۆ به‌رگری له‌ئازادی ڕوبه‌ڕوی خۆیان ببینه‌وه‌،یه‌که‌م جاربوو له‌کوردستان سنوری ڕوبه‌ڕبوونه‌وه‌ و شه‌ڕی نێوان ئه‌حزاب جێگای خۆی چۆڵ بکات و بیدات به‌ ڕوبه‌ڕبوونه‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک.

پارتی دیموکراتی کوردستان که‌ (سه‌رده‌شت عوسمان) له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا ڕفێنراو دواتر تیرۆرکرا،له‌م ڕفاندن و تیرۆره‌ ئاشکرایه‌دا ده‌زگاو هه‌یبه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان که‌وته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌،پارتی بوویه‌ جه‌مسه‌رێکی ئه‌و کێشمه‌کێشه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگای کوردستانی له‌ نێوان ئازادیخوازان و سه‌رکوتگه‌راندا دابه‌ش کرد،له‌م ڕوه‌وه‌ پارتی گوشارێکی گه‌وره‌ی که‌وته‌ سه‌ر له‌ ئاستی ناوخۆ و له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌دا.

پارتی له‌سه‌ره‌تا بڕێک بێده‌نگی و دواتر هه‌ندێک به‌رگری و له‌کۆتایشدا پێوویستی به‌ هێرش هه‌یه‌ بۆ پاشه‌کشێ پێکردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ی که‌ له‌ئه‌نجامی تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان)دا هاته‌ ئاراوه‌،چونکه‌ ئاشکرایه‌ له‌م ڕوبه‌ڕبوونه‌وه‌یه‌دا ده‌بێت لایه‌ک بیباته‌وه‌ و لایه‌ک بیدۆڕێنێت و یه‌کسانبوون وجودی نیه‌، پارتی ته‌واوی تواناکانی خۆی خستۆته‌کار بۆ ئه‌وه‌ی میکانیزم و زه‌مینه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک له‌دژی ڕفاندن و تیرۆری (سه‌رده‌شت عوسمان) بگۆڕێت،پارتی به‌م هه‌نگاوه‌ی ئێستای توانی نیشانه‌یه‌کی باشی ئامانجه‌که‌ی خۆی بپێکێت، وه‌ک ده‌بینین به‌ره‌ی ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی نه‌یتوانیوه‌ وه‌ک سه‌ره‌تا به‌پێی به‌رنامه‌کی تۆکمه‌و داڕێژراو درێژه‌ به‌ کاره‌کانی خۆیان بده‌ن،سه‌رشه‌قام و ناوه‌نده‌کان به‌جۆرێک چۆڵکراون، که‌مپینه‌کان و هه‌ڵسوڕانه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌جۆرێک بێده‌نگی پێوه‌ دیاره‌،ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌دواچوون و وروژاندنی ئه‌م که‌یسه‌ی به‌جۆرێک په‌راوێز خستوه‌،بۆیه‌ له‌به‌رانبه‌ردا به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و پارتی خۆیان بۆ هێرش ئاماده‌کردو چاوپێکه‌وتنی (قانعی فه‌ردیان)کرده‌ که‌لێن و، به‌رگری له‌ پیرۆزیه‌کان و ڕمزه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کانیان کرده‌ په‌رچه‌می ئه‌م هێرش و په‌لاماره‌، پارتی و ده‌سه‌ڵات ده‌یانه‌وێت (سه‌رده‌شت عوسمان) له‌بیری کۆمه‌ڵگا به‌رنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکاره‌کانی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن،هێرشه‌ بۆ سه‌ر ئازادی و پاشه‌کشێ پێکردنی یه‌کجاری به‌ناڕه‌زه‌یه‌تیه‌کانی دوای تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان)له‌به‌رگێکی جیاوازدا ، هه‌رچه‌نده‌ من پێموایه‌ به‌رگری له‌ موقه‌ده‌سات و دروست کردنی ڕه‌مز و فه‌رزکردنی به‌سه‌ر خه‌ڵک و کردنی به‌ هێڵی سور گه‌وره‌ترین سه‌رکوت و پانترین هێڵی سنوردارکردنی ئازادیه‌،به‌ڵام ده‌بێت هه‌موو شتێک وه‌ک خۆی ببینین و وه‌ک خۆی شیکردنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین.

بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رکه‌سێک له‌وه‌ تێ بگات که‌ (قانعی فه‌رد)که‌لێنێکی بچووکه‌ بۆ هێرشێکی گه‌وره‌ با بڕوات و کتێبی (پێنج کاتژمێر له‌گه‌ڵ برایم ئه‌حمه‌د)دا بخوێنێته‌وه‌،پاشان ده‌زانێت ئه‌وه‌ی که‌ (برایم ئه‌حمه‌د) و (قانعی فه‌رد)وتویانه‌ زۆریان جیاوازی نیه‌، ئه‌وه‌ی (برایم ئه‌حمه‌د) به‌ (مسته‌فا به‌رزانی)ده‌یڵێت وه‌ک سوکایه‌تی و ئیهانه‌ هه‌رگیز (قانعی فه‌رد)نه‌وتویه‌تی نه‌باسی کردوه‌، که‌واته‌ له‌سه‌ر ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ بۆ ئه‌م واقیعه‌ته‌ نه‌هاته‌ پێشه‌وه‌.

(پێنچ کاتژمێر له‌گه‌ڵ برایم ئه‌حمه‌د)چاوپێکه‌وتنێکی (برایم ئه‌حمه‌ده‌) که‌ دکتۆر (حوسێن محه‌مه‌د عه‌زیز) له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامیداوه‌ و سیوپێنج پرسیاری ئاڕاسته‌ی ناوبراو کردوه‌.

بۆ وه‌ستانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر هێرش و به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازای بیروڕاو ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ کوردستان به‌ره‌ی ئازادیخواز و نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی قه‌ڵه‌م ئازاد، هیچ ڕێگایه‌کیان له‌به‌رده‌مدا نیه‌ بێجگه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌ڕێخستنی ناڕه‌زایه‌تی به‌رده‌وام و سه‌راسه‌ری.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە