کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سێ پارچه‌ شیعر

Sunday, 06/07/2014, 12:00


وزیر وتی؟

بۆ چلورە
مناڵێكم بینی گریا،
دایكی ئەیوت
تۆم نەبوایە هەزار بریا،
ئەیوەت ڕۆڵە
چیبكم باوكت پێشمەرگەیە،
پەنجا ڕۆژە
لە بەرەی شەڕ بێ موچەیە،
خەمت نەبێ
هەواڵەكانی ئێوارە،
وتی پارەی
تەنها بارێ لە نەوتەكە
نزیك سەد ملوێن دۆلارە،
موچەكە دێ
وەزیر وتی وا بڕیارە،
حەفتەیەتر
دەگات ئەو شەش سەد هەزارە،
مناڵەكە وتی دایە،
ئێخۆ ئەوە
بۆ ماڵی پێشمەرگە نایە،
وتیان وەزیر
شەش سەد دۆلار بۆ هەر شەوێ،
وەر ئەگرێ
لە ئەو روپا پێی ئەخەوێ .
كوردۆ شوانی
5\7\2014‏



وەك پێشمەرگە

بەشەو و ڕۆژ
لە سەنگەرەی بەرگریدا
تێ ئەكۆشن،
ئەوان پێشمەرگەی وڵاتن
بۆ گەل و خاك
بۆ ئازادی گیان ئەبەخشن،
ئەوان ڕازین
تەنها بە یەك نان و ئاوێ،
سەری بەرزیان
داناخەن بۆ هیچ بەدناوێ،
ئەوان تەنها
پێشمەرگەن و خەباتكاری،
یەك نیشتمان،
ڕۆحیان داناوە لە سەر دەس
بۆ پاراستنی كوردستان ،
ئێوەش لە ناو
سەنگەرەكانی كۆشكەوە،
هەر وەك ئەوەی
لە شەڕدابن بەدۆشكەوە،
پێتان وایە
وڵات بەئێوە قەرزارە،
چیتر دەبەن
ئاوتان نەوت نانتان دۆلارە،
ئیتربەسە
تەنها جارێ وەك پێشمەرگە
بیركەنەوە،
دەست بگرن بە خاكەوە
دەس لە دەسی نەیارەكان
بكەنەوە،
ئێوە لێرە سەركردەن و
فەرمانڕەوان،
لەودیو سیمی سنورەوە
بۆچی گەدان؟
یەك ڕیزیە بۆ سەركەوتن
ڕێی سەرەكی،
ئیتر تاكەی ناتەبایی و
دوو بەرەكی،
گەل و وڵات ئەپارێزێ
لاوی دلێر،
ئێوەش یەك جار بەدوژمنان
بڵێن نەخێر،
بەڵێ مەكەن بۆ پیلان و
خواستی دوژمن،
وەك پێشمەرگە بۆ كوردستان
لە سەنگەر بن .

كوردۆ شوانی
4\7\2014


كوردستان كۆكەنەوە

دوو گەلە گورگ
كەوتونەتە وێزەی وڵات،
هەروەكو یەك
بەناوی(أللەأكبر)
خاك پڕ دەكەن لە كارەسات،
یەك بەناوی (داعش)ەوە
خوێن دەڕێژێ،
دووەمیان (أێحاب ألحق)ەو
زیندو وەك مردوو دەنێژێ،
جارێكی تر
مێژوی شومیان هێنایەوە،
وەك ڕابردوو
شمشێر بۆ مل گەڕایەوە،
یەكەم عەلی سەردەبڕێ و
دووەم عومەر،
لە گەڵ هەمو سەربڕینێ
بانگ دەكەن أللەأكبر،
ئەوان ڕگیان
لە بیابانی (جهل) دا
داكوتیوە،
شارستانی ئەم گەردوونە
سەدان ساڵە
ئاوەزیانی نەگۆڕیوە،
بڕیاردەری
وڵاتی كورد دەس هەڵگرە
لە ناوبژی،
كوردستان كۆبكەنەوە
بیپارێزن
لە كارەسات و كۆ كوژی.
كوردۆ شوانی

30/6/2014

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە