کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئابوری بەکاربەرەکی و شێوازی بەرەنگار بوونەوەی بە سیاسەتی ئابوری ئیسلام

Sunday, 13/04/2014, 12:00



گومانی تێدا نییە ئابوری کۆڵەکەی هەمو گەلێکە و گرنگترین بنچینەی هەستانەوەو پێشکەوتنێتی ، وە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئابوری بەهێز ، ڕۆڵێکی بنچینەیی دەگێڕێت لە باڵا دەستی دەوڵەتان و هەژمونگەرایی هزری و ڕامیاری و سەربازییاندا، بۆیە هەر لە سەردەمی یەکەمین لوتکەی وڵاتانی پیشەسازییەوە (حەوت دەوڵەتە پیشەسازییە گەورەکە) لە ساڵی (١٩٧١ ) وە تا ئێستا چاویان لە سەر ئەوەیە و هەوڵی ئەوە دەدەن کە دەوڵەتانی جیهانی سێیەم ڕۆبچێنن لە ناو ستایڵی ئابورییەکی بەکاربەرەکیدا(الاستهلاکي) ، بۆ ئەم مەبەستەش لە پلانگێڕی و بەرنامەڕێژی ورددان و هەوڵی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەیان دەدەن لە ڕێگەی:

١/ بەخشینی وامی ئاسان بە سەرجەم دەوڵەتانی جیهانی سێیەم ، بە گوێرەی ریزبەندییەکی بابەتی بە ئامانجی جێبەجێکردنی پلانگێڕییەکەیان .

٢/ بەخشینی هاوکاری و کۆمەکی گەورە بە هەندێك دەوڵەت کە یارمەتییان دەدات بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەیان ، لێرەشدا دوای ئەوەی کە ڕەوشی ئەو دەوڵەتەیان بە وردی هەڵسەنگاند و زانییان بۆ بەدیهێنانی نەخشەی پلانگێڕییەکەیان بە سود دەبێت بیانوو دەدۆزنەوە بۆ پێشکەش کردنی یارمەتی پێیان هەروەکو ئەوەی کە ئەنجامیان داوە لە گەڵ هەندێك وڵاتی عەرەبیدا.

٣/ ئاراستە کردنی ئەو وام و کۆمەکانە ڕووەو سێکتەری کارگوزاری ، نەك پیشەسازی یان کشتوکاڵی ، بەمەش دەوڵەتە وامکارەکان بار دەکەن بە گوژمەیەکی گەورە لە وام ، لە کاتێکدا بە هۆی ساکاری کەرتی کارگوزارییەوە لەم وڵاتانەدا ئەو کەرتە توانای لە خۆگرتنی ئاوا وامێکی گەورەی نییە، لێرەشدا وڵاتانی پلانگێڕ بە بیانووی دامەزراندنی ژێرپەیکەر ئەو وامە ئاراستەی کەرتی کارگوزاری دەکەن لە کاتێکدا بەهۆی لاوازی سەرپەیکەری ئەو کەرتەوە زانستی ئابوری ڕێگە بەمە نادات ،بەڵام ئەوان هەر دەیکەن .

٤/ قۆرخکردنی بازاڕەکانی جیهانی سێیەم و داپۆشینیان بە شمەك و کارگوزاری خۆیان و ڕۆچواندنیان لە ناو جۆرە جیاجیاکانی شمەکی سەرمایەداریدا ، کە لە بنچینەشدا دروستکراون بۆ دواندن و ختوکەدانی ڕەمەکە جیاوازەکانی مرۆڤ و بەکاربردنی تواناکانیان .

٥/ بەرزکردنەوەی نرخی کەرەستە خاوەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەم ، ئەمەش بە مەبەستی فەراهەم بونی دراوی کاشی پێویست بۆیان ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پلانگێڕییەکەیان ، بە تایبەت لە کاتێکدا سەرچاوەی کەرەستە خاوەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەم لە بنچینەدا کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی ئەوانەوە با لەوڵاتەکانی خۆشیاندا نەبێت ، ئەمەش بۆ ئەفراندنی گەشەیەکی درۆزنانەیە لە وڵاتانی سەرچاوەی کەرەستە خاوەکاندا بە مەبەستی خنکاندنی ئەو دەوڵەتانەی دیکە کە ڕوبەڕوی ئەم پلانگێڕییە ئەم حەوت دەوڵەتە دەبنەوە(دەوڵەتانی پیشەسازی) ئەمەش کارکردنە لەسەر ئەو سەرەتایەی کەدەڵێت :((ئەوەی بە شمشێر نەمرد ، مرد بە شتێکی دیکە)).

٦/ خنکاندنی پیشەسازییە نیشتیمانییەکان بە تایبەتی ئەوانەیان کە کرێکارێکی زۆر لە خۆیان دەگرن ، وەهاندانی ئەو وڵاتانە بۆ وەگەڕخستنی توانا پیشەسازییەکانیان لە پیشەسازی تەواوکاریدا کە بەشێوەیەکی تەواو پشتبەستە بە ناوەندی سەرمایەداری جیهانی.

٧/ کوشتنی ئابوری کشتوکاڵی (کشتوکاڵی جوتیاران) کە وەك کۆڵەکەیەکی چەسپیوو گرنگ وایە لە کۆڵەکەکانی ئابوری نیشتیمانیدا ، لە ڕێگەی داپۆشینی بازاڕی نیشتیمانی وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە بە خۆراکی هەرزان نرخ نزم.

٨/ بوژانەوەی بوئرە گڕکانییەکانی دڵەڕاوکێ و ناکۆکی هەرێمی ، هەتا بۆیان دەستبدات ، بەمەبەستی ژیاندنەوەی بازاڕی چەکەکانیان (چەکە تێچو بەرزەکان ، گرانبەهاکان) ؟ چونکە لە ڕێگەی ژیاندنەوەی ئەو ناکۆکییانەوە بازاڕ بۆ فرۆشتنی چەک و تەقەمەنییە پێشکەوتووەکانیان دەدۆزنەوە کە نرخەکانیان فەنتازیاین .



زۆر بەداخەوە چەند دەیەیەکە وڵاتانی ئیسلامی دوای شێوازێکی ئابوری بەکاربەرەکی (بەرخۆری) کەوتون کە وەریانگرتووە لە ڕۆشنبیری بەکاربردنی ڕۆژئاواییەکانەوە کە بەهای مرۆڤ لە ژیاندا پێوانە دەکات لەسەر بنچینەی ئەو شمەکە جوانکارییانەی کە هەیەتی لە ژیاندا، یان لە سەر ئەندازەی ئەو کەل و پەلانەی کە دەیکڕێت .

بەمجۆرە مۆدێل ژیانی لە خەڵکی وڵاتانی ئیسلامی گران کردووە، لە کاتێکدا ئەم پێگیریکردنە بە مۆدێلەوە لەوڵاتانی پیشەسازیدا بەمجۆرە نییە، وڵاتانی ئیسلامی لەڕوی تواناو پێگەی کۆمەڵایەتییەوە زۆر هەژارن و ئەم شێوازی پێگیربونەشیان بە مۆدێلەوە شانبەشانی هەندێك داب و نەریت و کلتوری نا ئیسلامی کە ڕیشەکەی درێژبووەتەوە بۆکاتی لەدایك بونی تاکەکانی و بەردەوامیش دەبێت تا کاتی چونە ژیانی هاوسەرییان و بگرە تا کاتی مردنیشیان ، جۆرێك لە شێوازی بەکاربردنی نا لۆژیکی دروستکردووە کە ناگونجێ لە گەڵ بەها بەرزەکانی ئەم وڵاتانەو لە گەڵ دەرامەتەکانیشیاندا نایەتەوە ، ئەمەش قوربانیانی ئەمجۆرە لە پێشبڕکێیە ناچار دەکات بە ڕۆشتن لە سەر شێوازێکی ژیان کە تیایدا سنوری توانا ماددییەکانی خۆیان دەرباز دەکەن یان پەنا دەبەنە بەر شێوازی گەندخۆری و کاری نا ئاکاری بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە دروست بووە بە هۆی جیاوازی زۆری نێوان ئەندازەی داهاتیان و خەرجییە نا لۆژیکییەکانیانەوە.

هەربۆیە لەم وڵاتانەدا سەراپای بەکاربردن زیاد دەکات و سەراپای پاشەکەوتیش لە کورتیدەدات و بۆ دواوە دێت، وە لەبەر ئەوەش کە زۆربەی شمەك و کارگوزارییە جوانکارییەکانیش کە سروشتێکی خۆبادان و خۆ نواندنیان تێدا دەردەکەوێت و بەهۆی دواکەوتنی پەیکەربەندی کۆمەڵایەتییەوە لە وڵاتانی ئیسلامیدا بونەتە مۆدێل بەرهەمی کارگەکانی دەرەوەن (بێگانەین) لەم وڵاتانەدا خواست لەسەر شمەك و کارگوزاری سێکتەری بیانی زۆر زیادیان کردووە ، ئەمەش بووە بەهۆی زۆربونی ئارەزو لە سەر قەرزی دەرەکی ، ئەمەش بەشداری دەکات لە زیادبونی قورساییەکانی قەرزی دەرەکیدا بە سەر ئابوری ئەم وڵاتانەوە ، وە ئەم وڵاتانە دەبێت فشارێکی زۆر بخەنە سەر دەرامەتە ئابورییەکانیان لە داهاتودا بۆ گێڕانەوەی ئەو قەرزانە.

بۆ بەڕوبری (تحدي) ئەمەش ئەم وڵاتانە پێویستیان بە گۆڕانکاریکردن دەبێت لە شێوازی ژیانی بەربڵاوداو بە تایبەتی شێوازی ژیانی دەوڵەمەندەکانیان ، وە نابێت ڕێگەیان پێبەن ئەمجۆرە لە کەڵچەری مۆدێلپەرستییە بڵاوە پێبکەن کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە ئابوری نیشتیمانییان دەگات و خەڵکەکانیان توشی دەردەسەری کولەمەرگی ژیان دەبێتەوە.

لێرەوەیە دەردەکەوێت زانستی ئابوری چەندە پێویستە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی گەل ، وەکاتێك وڵاتانی جیهان گرنگی دەدەن بەزانستی ئابوری لە پێناو بە دەستهێنانی هاوسەنگیدایە لە نێوان پێداویستییەکانی مرۆڤ و دەرامەتە ئابورییە بەردەستەکاندا.

وە ئەم هاوسەنگی ڕاگرتنەی نێوانیشیان پێویستی بە کارکردن هەیە لە سەر پەرەپێدانی دەرامەتەکان و باش بەکاربردنیان (ترشید الاستهلاك) .

پەرەپێدانی دەرامەتی ئابوریش بەدیدێت لە ڕێگەی پڕۆگرامسازی وردو زانستییەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی دەرامەتەکان و داهێنان تیایاندا لە گەڵ باش بەکارهێنانیان و باش دابەشکردنیاندا بە داناییەوە وەهەروەها کارکردن لە سەر دەرامەتە ئابورییەکان و بە فیڕۆ نەدانیان.

وەهەروەها باشکردنی پێداویستییەکان لە ڕێگەی باش خەرجکردن و باش بەکاربردنەوە بەدیدێت ، ئەمەش دەبێت لە خانەی یەکەمی کۆمەڵگەوە کە تاکە دەستپێبکات .

لە ڕاستیدا زانستی ئابوری بۆ چارەسەری گرفتی ئابوری هاتووەتە ئاراوە ، چارەسەری گرفتی ئابوریش لەڕێگەی باش ریزکردنی پێداویستییەکان و کۆنترۆڵکردنی بەکاربردن و دواتریش باش خەرجکردنی کۆمەڵگەوە دێتەدی .

هەر لەبەر ئەمەیە زۆرێك لە دەقەکانی شەرع و سەرەتاکانی زانستی فیق لە وتارە ئابوری و ڕامیارییەکانیاندا جەختیان لەسەر خەرجکردن و باش بەکاربردن و باش هەڵسوڕاندنی داهاتە لەوانەش ،وەکو ئەم سەرەتایانەی خوارەوە:

١/ دەبێت خەرجکردن و بەکاربردن لە سنوری دەسهات و بژێویدا بێت لەم ڕووەوە خوای گەورە دەفەرموێ) لینفق ذو سعة من سعته* ومن قدر علیه رزقه فلینفق مما ءاتاه الله لا یکلف الله نفسا الا ما ءاتاها سیجعل الله بعد عسر یسرا).

بەپێی ئەم ئاراستەکردنە قورئانییە هاوسەنگی بەدیدێت لە نێوان دەرامەت و پێداویستیدا ، وە ئەم ئایەتە ئاراستەمان دەکات بۆ ئەوەی نابێت مرۆڤ زیاتر لە دەسهاتی خۆی بەکارببات کە ببێت بەهۆی قەرزار بونی.

٢/ دەبێت خەرجی لەو کایانەدا بکرێت کە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات و دەبێتە هۆی پاراستنی دەرامەتەکان و باشبەکارهێنانیان (ترشید الاستهلاك) ، هەرلەبەر ئەمەشە کە ئاینی ئیسلام ڕێگری دەکات لەوەی لە شتی ناپێویستدا خەرجی بکرێت ، یان لە کاری بێ فەرمانیدا(المعاصي) بۆیە خوای گەورە دەفەرموێ: ( وءات ذ القربی حقه والمسکین وابن السبیل ولا تبذر تبذیرا ‌ان المبذرین کانوا اخوان الشیاطین وکان الشیطان لربه کفورا).

٣/ خەرجکردن دەبێت لە سنوری پێویستدا بێت بەبێ زیادەڕۆیی کەمڕۆیی (الاسراف والتقتیر)

( الاسراف) زیادەڕۆیی: واتە خەرجکردن لە شتی پێویستدا ، بەڵام خەرجکردنەکە سنوری پێویستی دەبڕێت واتە زیاترە لە پێویست .

(التقتیر) کەمڕۆیی: واتە خەرجکردن لە شتی پێویستدا ، بەڵام خەرجکردنەکە ناگاتە ئاستی پێویست واتە کەمترە لە پێویست.

لەم ڕووەوە خوای گەورە دەفەرموێ:(والذین اذا انفقوا لم یسرفوا ولم یقتیروا وکان بین ذلك قواما) و هەروەها دەفەرموێ): وکلوا واشربوا ولا تسرفوا انە لایحب المسرفین).

لەم ئایەتە پیرۆزانەدا گەورەیی ئاینی ئیسلاممان بۆ دەردەکەوێت و ڕون دەبێتەوە لە ئاراستەکاریەکانی و بنچینە ئابورییەکانیدا بۆچارەسەری گرفتی ئابوری .



وەهەروەها زۆر فەرمودەی پێغەمبەر هەیە لە سەر هاندانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە بە مەبەستی باشبەکاربردن(ترشید الاستهلاك) یەکێك لەو فەرمودانە ئەمەیە کە پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێ: )کلوا واشربو والبسوا في غیر سرف ولا مخیلة).

وە هەروەها پێغەمبەر (د.خ) وریای دەدات بە سزا دانی خوایی بۆ ئەوکەسەی کە زیادەڕۆیی دەکات لە خواردن و خواردنەوەدا وە لەم ڕووەوە دەفەرموێ:( ئەو کەسانەی لە دەفری زێڕو زیودا دەخۆن و دەخۆنەوە ڕۆژی دوایی ئاگری دۆزەخ لە ناو سکیاندا پێچ دەخوات) هەربۆیە پێغەمبەری خوا هەردەم دەپاڕایەوەو دەیفەرمو:(واسالك القصد في الفقر والغني) واتە خوایە بمگێڕی لە ناوەندگیری لە نێوان هەژاری و دەوڵەمەندیدا .

واتە ناوەندگیری بەبێ زێدەڕۆیی لە خەرجکردن و کەمڕۆیی تیایدا، ئەمەش مانای باشبەکاربردنە (ترشید الاستهلاك) .

ناوەندگیری لەخەرجکردندا پیت وفەڕ(البرکة) دەخاتە خۆراکەوە ، پێغەمبەر دەفەرموێ: ( اذا سقط لقمة احدکم ، فلیمط عنها الآذی ولیاکلها ، ولایدعها للشیطان ، ولیسلت احدکم الصفحة ، فانکم لاتدرون في اي طعامکم البرکة). واتای فەرمودەکە ئەمەیە:( ئەگەر پارویەك لە دەستی یەکێك بەربویەوە بیتەکێنن و بیخۆن ، جێیمەهێڵن بۆ شەیتان ، دەفرەکەی بەردەمتان پاك بکەنەوەو هیچی تیا مەهێڵنەوە ، ئێوە نازانن لە چی بەشێکی خۆراکەکەی بەردەمتاندا بەرەکەت هەیە).

پیت و فەڕ (البرکة) خۆراك زیاد دەکات و وایلێدەکات ببێت بە دەرمانی دەردو شیفای نەخۆشی.

ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە نابێت بەرماوەکان لە کیسی خۆڵ بکەین ، چونکە ئەو خۆراکەی کە ئێستا تۆ هێندە زۆری لێ دروست دەکەیت کەلێت دەمێنێتەوەو لە تەنەکەی خۆڵ و خاشاکی دەکەیت خەڵکێك هەیە پێویستی پێی هەیە ، بەڵکو پێویستی بەلەوە کەمتریش هەیە.

هەروەها پێویستە کە بە بێ بایەخی لە بەخششەکانی خودای گەورە نەڕوانین ئەگەرچی ئەندازەشیان کەم بێت ،بۆیە ئەگەر هاتو خواردنێك لەدەست بەربویەوە پێویستە لەسەر مرۆڤ بیتەکێنێت و پاکی بکاتەوە لەو شتانەی پیسیان کردووە و دوایی بییانخوات ، نابێت ڕێگە بدات کە بەفیڕۆ بڕوات بەبێ سود لێبینین ، شەرعی ئیسلام وا گوزارشت لەو شتانە دەکات کە مرۆڤ بەفیڕۆیان دەدات کە بۆشەیتان ڕۆشتووە ، هەندێك هەن دەڵێن ئەوشتانەی مرۆڤ بەفیڕۆیان دەدات وەکو بەرماوەی خۆراك و خواردنەوە دەبێت بەهایان چەند بێت؟ ! بەڵام ئێمە ئەگەر لە هەمو ئەو بەرماوانەی سێ ژەمەکەی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی مسوڵمان بڕوانین لە ڕۆژهەڵاتەوە تا دەگاتە ڕۆژئاوای وڵاتانی ئیسلامنشین تەماشا دەکەین بەشی دەیان ملیۆن خۆراك بەفیڕۆ دەروات و فڕێ دەدرێت لە کاتێکدا دەیان ملیۆن کەس ڕۆژانە بە برسێتی ڕۆژ بەسەر دەبەن و چاوەڕوانی ژەمێك خۆراکی زۆر سادەن.

هەر بۆ ڕێگری کردن لە زیادەڕۆیی وبەفیڕۆدانی داهات پێغەمبەر (د.خ) قسە لەسەر ڕاخەری ماڵان دەکات و هانی دەسگرتن بە داها تەوەو باشبەکاربردنی دەدات دەفەرموێ: (( ڕاخەرێ بۆ پیاو ، ڕاخەرێ بۆ ژن ، ڕاخەرێ بۆ میوان، ڕاخەری چوارەمیش بۆ شەیتان )) واتە ڕاخەری چوارەم زیادەیەو پێویست نییەو بێ سودو کەڵکە.

وەرن لەگەڵم بن با تەماشایەکی هەڵسوکەوتی گەلانی مسوڵمان بکەین و ڕەفتارەکانیان هەڵسەنگێنین لە ڕوی ئابورییەوە دەبینین دەیەها ملیۆن دۆلار خەرجکراوە لەو وڵاتانەدا لە کایەی بێکەڵک و بێ جەدوادا کە هیچ سودێك بە کۆمەڵگە ناگەیەنن وەکو: (خانەی سەماکردن ، فێرگەی سەمای بالێ، گەلەری، هۆڵی داخراو، دیسکۆ ،تیاترۆخانە، باڕو یانەکان) ، یان دەبینین دەیان کۆشك و تەلارو ڤێلا دروستکراون بۆ تاکە کەس ، هەندێك لەو کۆشك و تەلارانە لە چەندان باڵەخانە پێکدێت ، هەر وەها هەر باڵەخانەیەکیشیان چی و چی تێدایە!..... بۆ چی؟

واوتمان ژورێك بۆ خۆتە ، ژورێك بۆ خاوخێزان ، سەرو ژور بۆ منداڵەکان ، ژورێك بۆ دایك و باوك ، ژورێك بۆ میوان ، ئەی ئەوەی لەوە زیاترە بۆ کێ یە؟ هەڵبەتە بۆ شەیتانە.

هەتا مزگەوتە منارە درێژە ڕازاوە بە نەخش و نیگارەکانیش نیشانەی ڕۆژی دواین!

لەم ڕووەوە قورئان دەفەرموێ:( اجعلتم سقایة الحاج وعمارة المسجد الحرام کمن آمن بالله والیوم الآخر وجاهد في سبیل الله لایستوون عند الله).

ڕاگرتنی هەست و سۆزی مسوڵمانان بە دروستکردنی مزگەوتی منارە درێژی بە نەخش و نیگار ڕازاوە لە لای خودا بێ سودە، بەڵکو ئەوەی لەلای خودا سودی هەیە و لێی ڕازییە باوەڕو تێکۆشانە( ایمان و جهاد).

ئەگەر نەخش و نیگار بۆ مزگەوت ڕێپێنەدراو بێت ، ئیدی چۆن بۆ ماڵان ڕێپێدراوە کە بە ملیۆنان دینار خەرج بکرێت بۆ ڕوناك کردنەوەو ڕازاندنەوە.

هەڵبەت ئەم بەفیڕۆدانی داهات و دراوەش لە هەمو دەوڵەتێکدا هەیە بە دەوڵەتی دەوڵەمەندو هەژاریشەوە لەمەدا یەکسانن ، چونکە خەكانی دەستبڵاوو بەفیڕۆ دەر (اهل الترف) لە هەمو دەوڵەتێکدا بونیان هەیە .

هەمو ئەو دراوانەی لەو کایانەدا بەفیڕۆ دەدرێت کە پێشتر خستمانە ڕو ، بەفیڕۆدانی مافی هەژاران و کەمدەستان و هەتیوانە ،هەر چەندە خەڵکانێکی زۆریشمان هەیە لە جیهانی مسوڵماناندا کە دراوو دارایی و داهاتی خۆیان لە شتی ناپێویستدا بەفیڕ نادەن ، بەڵکو لە جێگای شیاوو شایستەدا دەیخەنە گەڕ ، بەڵام قسەی ئێمە لە سەر ژینگە گشتییەکەیە .

بۆیە هەتا ئێمە خۆمان نەگۆڕین و دەستبەرداری ئەم دوای کلتوری بەکاربەرەکی کەوتنە نەبین ، نا بێت چاوەڕێی ئەوە بین کە خودای بەخشندە ژیانمان بەرەو باشتر ببات و بگۆڕێت.

هەروەکو خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ :(ان الله لایغیر ما بقوم حتی یغیر ما بانفسهم)

ئەگەر جارێکی تر بگەڕێینەوە سەر فەرمودەکەی پێغەمبەر(د.خ) بە وردی لێی بڕوانین تێدەگەین کە کۆمەڵگەی مسوڵمانان چۆن دەبن بە کۆمەڵگەیەکی بەرخۆر و بەکاربەر ، کۆمەڵگای مسوڵمانان لە بوارێکدا کاردەکەن و سەرقاڵی جۆرە کارێکن کە هیچ زیادەیەك ناخاتە سەر داهاتی وڵات ، واتە کاری ئەوان ئابورییەکی بەهێز دروست ناکات، هەروەك پێغەمبەر ئاماژی پێکردووە و فەرمویەتی (یتطاولون في البنیان).

ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئابورییەکەی بەرخۆر بێت دەسڵاتەکەشی دەبێت بە پاشکۆ ؟ چونکە کۆمەڵگەی بەکاربەر کە لە بنچینەدا دەسڵاتی سەرنەکەوتو وای لێ بەسەرهێناوە کە ببێت بە بەرخۆر ، ناتوانێت خۆی خۆراکی خۆی دابین بکات بۆیە دەسڵاتەکەی بۆ دابینکردنی خۆراکی ئەم کۆمەڵگەیە ئابورییەکەی دەکاتە پاشکۆی ئابوری بێگانە یان دەیکات بە پاشکۆی ئابوری دوژمنەکەی ، وە بە ناچاریشەوە لە سەری پێویستە ئابوری و بڕیاری سیاسی خۆی بخاتە خزمەتی ئابوری و سیاسەتی بێگانەکانەوە و هەردەم و هەمیشە لە بازنەی ئەواندا هەڵسوڕێت ، هەروەك ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەبینرێت ، کەدەسڵاتداران ئابوری کوردستانیان بەچی ئاقارێکدا بردووە ؟ چۆن ئابوری کوردستانیان لە ئابورییەکی کشتوکاڵی خۆ بژێوی بەرهەمهێنەوە گۆڕی بۆ ئابورییەکی بەرخۆری پاشکۆ ، بۆ ئابوری مۆڵ و مۆتێل ومارکێت و ریستۆرانت و باڕەکان، چۆن کوردستانیان ئاوەڵا کردووە بەڕوی شمەك و کارگوزاری بێ کواڵیتی وڵاتانداو ڕیکلام بۆ بەرهەمی بێگانەکان دەکەن کە لە بنچینەدا ئەو شمەك و کارگوزاری و بەرهەمانەی بێگانە ڕکابەری سەرسەختی شمەك و بەرهەمە خۆماڵییەکانی کوردستانن و بەهۆی بڵاو بونەوەی ئەوانەوە لە بازاڕەکانی کوردستاندا بەرهەمە خۆماڵییەکان نافرۆشرێن و ساغ نابنەوەو پێش ناکەون و پەرەناسێنن ، هەر بۆیە بەهۆی پەرەنەسەندنی بەرهەمی خۆماڵی و دانەمەزراندنی کارگەو کارخانەوە هەمو تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ ڕزگار بون لە بێکاری هەوڵی وەگەڕخستنیان دەدەن لە کەرتی گشتیداو هەوڵ دەدەن ببن بە فەرمانبەرو کارکەری بێ بەرهەم و بێکاری شاراوە کە هیچ زیادەیەك ناخەنە سەر داهاتی وڵات ، تەنها لە باڵەخانەکاندا دادەنیشن و کات بە فیڕۆ دەدەن ( یتطاولون في البنیان) .

لە ئاینی ئیسلامدا پێوانەی بڕو جۆر هەیە بۆ بەکاربردنی شمەك و کارگوزاری بەمەبەسی باشبەکاربردنیان (ترشید الاستهلاك) ئیسلام بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە تاکی مسوڵمان نادات کە بەبێ ڕێوشوێن هەر شتێك بیەوێ بەکاریببات ، بەڵکو پێوەری گونجاوی بۆ بەکاربردن داناوە کە بەهۆیەوە ژیانی باش دەبێت بەبێ ئەوەی هیچ زیانێك بە خۆی و کۆمەڵەکەی چواردەوری بگەیەنێت ، ئەمەش وەك لەبەرچاوگرتنێك وایە بۆ ئەو چینە هەژارانەی کۆمەڵگە کە لە چوار دەوریدان .

ئابوری ئیسلام بەمجۆرە ڕێگەی داوە خەرجی بکرێت لە لایەن تاکی مسوڵمانەوە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ماڵەکەیی و خواردن و خواردنەوەو جل و بەرگ و خانوو هەر شتێکی تری ژیان کە بۆ مرۆڤ پێویستە وەك لە خوارەوەدا ڕونیدەکەینەوە :

سەبارەت بە سامان:-

مسوڵمان بە هۆی زێدەرۆیی لە خەرجکردنی سامانیدا دەکەوێتە بەر لۆمەکردن لە لایە خەڵکییەوە، پێغەمبەری نازدار(د.خ) لەم ڕووەوە دەفەرموێ: { اللهم اعوذ بك من الهم والحزن، واعوذ بك من العجز والکسل ، واعوذ بك من غلبة الدین وقهر الرجال}.

واتە: {خوایە پەنا بەتۆ دەگرم لە خەم و پەژارە، وەپەنا بەتۆ دەگرم لە نەتوانایی و تەمبەڵی ، وە پەنا بە تۆ دەگرم لە هەڵگەڕانەوەی ئاین و لۆمەکردنی خەڵکی}.

نمونەیەك لە سەر فەرمان بە دەستگرتن بە سامانەوە ، کاتێك کەعبی کوڕی مالیك ویستی دەستبەرداری سەرجەم ماڵ و سامانەکەی ببێت و تۆبە بکات ،پێغەمبەر (د.خ) پێی فەرمو: {دەست بە هەندێك لە ماڵ و سامانەکەتەوە بگرە ئەوە بۆ تۆ باشە} واتە ئیسلام فەرمانمان پێدەکات هەتا لە چاکەکاری و بەخشندەیشدا لە پێناوی خودادا نابێت مسوڵمان خۆی وشك بکات و دەستبەرداری هەمو ماڵ و سامانەکەی خۆی ببێت.

سەبارەت بە پۆشاك:

مەبەستی یەکەم لە پۆشاك شاردنەوەی شەرمگەیە ،هەروەها بۆ مەبەستی خۆ پاراستنیش لە سەرماو لە گەرما، وە بۆ مەبەستی خۆڕازاندنەوەش جل و بەرگ بەکاردێت ، واتە مسوڵمان ڕێگەی دراوە جل و بەرگی ڕازاوەو جوان بەکاربهێنێت ، بەڵام بەو مەرجەی زێدەڕۆیی تێدا نەکات خوای گەورە لەم بارەوە دەفەرموێ:{ یا بني ءادم خذوا زینتکم عند کل مسجد وکلوا واشربوا ولا تسرفوا انە لا یحب المسرفین }.

بۆچی ئیسلام ڕێگە بە زێدەڕۆیی و دەستبڵاوی لە خەرجکردندا نادات؟

چونکە لە کۆمەڵگەدا کەسانێك هەن کە هەژارو دەستکورتن و توانای تێرکردنی سکیان و خۆ پۆشتە کردنەوەشیان نییە هەتا لە سەرماو گەرما خۆیان بپارێزن ، ئەو ماڵ و داهاتەی کە دەستبڵاوان بەفیڕۆی دەدەن بەشی دابینکردنی پێداویستیەکانی ئەو هەژارانە دەکات ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە ئیسلام قەدەغەی دەستبڵاوی (دێدەڕۆییکردنی لە خەرجکردندا) کردووە .

هەروەها ئیسلام ڕەچاوی باری دەرونی ژنانیش و پیاوانیشی کردووە ، هەر لەبەر ئەمەیە ئاوریشم و زێڕی بۆ ژنان حەڵاڵ کردووە، بەڵام بۆ پیاوان بە پێچەوانەوە .

سەبارەت بە خواردن و خواردنەوە:

ئیسلام چەند جۆرێك لە خواردن و خواردنەوەی لە مسوڵمانان یاساغ کردووە کە بێ سودو کەڵکن و زیانەکانیشیان ئاشکراو ڕونن ، وە ئەگەر مرۆڤ هۆگریان ببێت سامان و داهاتی بێ هودە بە فیڕۆ دەڕوات و توشی نەزیفی ئابوری دەبێت .

هەروەك لە قورئانی پیرۆزدا خوای گەورە دەفەرموێ: {حرمت علیکم المیتة والدم ولحم الخنزیر وما اهل لغیر الله بە والمنخنقة والموقوذة والمتردیة والنطیحة وما اکل السبع الا ما ذکیتم وما ذبح علی النصب وان تستقسموا بالازلام ذلکم فسق}.

وەهەروەها لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێ:{یا ایها الذین آمنوا انما الخمر والمیسر والانصاب والازلام رجس من عمل الشیطان فاجتنبوه لعلکم تفلحون }.

جگە لەو خواردنە قەدەغە کراوانەی کە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بۆی دیاری کردوین سەرجەمی خواردن و خواردنەوەکانی تر حەڵاڵە بۆ ئێمەی مسوڵمان بەکاریان ببەین ، بەڵام بە گوێرەی پێویستیمان پێیان نەك بە لە سنور دەرچونەوە لە بەکاربردنیاندا ، هەروەکو خوای گەورە لەم بارەیەوە دەفەرموێ: {یا ایها الذین آمنوا لا تحرموا طیبات ما احل الله لکم ولا تعتدوا ان الله لا یحب المعتدین ، وکلوا مما رزقکم الله حلالا طیبا وتقوا الله الذي انتم به مٶمنون }.

هەروەها پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ) جیاوازی ئاکاری مرۆڤی مسوڵمان و نا مسوڵمانی بۆ کردوین لە بەکاربردنیاندا لە میانەی ئەندازەی ئەو خواردن و خواردنەوانەوە کە بەکاریان دەبەن هەروەكو دەفەرموێ:{ المٶن یاکل في معي واحد والکافر یاکل في سبعة امعاء }.

واتە : مسوڵمان لە یەك دەفردا دەخوات ، بەڵام بێ باوەڕ لە حەوت دەفردا دەخوات.

بە واتایەکی تر بێ باوەڕ حەوت ئەوەندەی مسوڵمان خواردن و خواردنەوە بەکار دەبات ، یان ئارەزوی حەوت هێندەی ئارەزوی مسوڵمانە .

دەبینین لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیا ئێمەی بە ناو مسوڵمان ئاکاری تاکی مسوڵمانانەی خۆمانمان ونکردووەو لەبەکاربردنی خواردن و خواردنەوەکاندا ئاکاری تاکی بێ باوەڕمان وەرگرتووە ، ئەی ئەوە نییە خوانەکانمان قەرەباڵەغ کردووە بە دەیان جۆر لە خواردنی لە هەویر دروستکراو و شیرینی و میوەهات و خواردنەوەی گازیی زیانبەخش ، کە هەندێکجار دوای تێرخواردنیشمان بەرماوەکانمان دەخەینە سەبەتەی خۆڵ و خاشاکەوەو بە فیڕۆیان دەدەین ئایا ئەمە ئاکاری تاکی مسوڵمانە؟

لەوە خراپتر هەندێکجار ئەم خووە خراپە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانداو لە کاتی بەربانگ کردنەوەدا ئەنجام دەدەین ، کە ئەمەش خۆی بۆ خۆی تێنەگەشتنمانە لە حیکمەتی ڕۆژو کە بە ئاگا بونە لە بارودۆخی برسییان .

سەبارەت بە نشینگە ، شوێنی حەوانەوە (خانو):

لێرەیا پێمباشە جارێکی تر فەرمودەکەی جبریل یادتان بهێنمەوە کە دەفەرموێ: { وان تراه الحفاة العراة رعاء الشاء یتطاولون في البنیان}.

مەبەست لە خانو ، بۆ ئەوەیە ئەوانەی ناوی دابپۆشێت یان بییانشارێتەوە لە چاوی خەڵکی وەهەروەها گونجاویش بێت بۆ پشودان تیایدا کاتی گەڕانەوەی خاوەنەکەی بۆ ماڵەوە لە دوای کارکردنی لە دەرەوە ، وە هەروەها پێویستە خانو وابێ کە مافی هەمو تاکەکانی خێزان بپارێزێ لە ڕوی هەبونی ژوری تایبەتەوە بۆ هەر یەکێکیان ، بەڵام بە بێ زێدەڕۆیی کردن لە فراونیاندا و لە بەرزییانداو لە ئەندازەکارییانداو لە ڕازانەوەیاندا.

سەبارەت بە جوانکاری و ڕازاندنەوە:

جوانکاری و خۆڕازاندنەوە لە بنچینەدا لە ئیسلامدا ڕێگە پێدراوە ئەگەر نافەرمانی خواو زێدەڕۆیی تیا نەبێت، شەرعی ئیسلام هەندێك لە بابەتی جوانکاری حەرام کردووە کە دەبێت بە هۆی بە فیڕۆدانی بڕێکی زۆری داهات و سامانی تاکی مسوڵمان وەکو: دەفرو قاپی لە زێڕو زیو دروستکراو و هەڵکەندنی پەیکەری قەدەغە کراو.

بەڵام بەداخەوە دەبینین لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی مسوڵماناندا گرنگییەکی زۆر دەدەن بە ئەم بابەتانەی ڕازاندنەوەو شانازی بە هەبونیانەوە دەکەن ، بێئاگا لەوەی لە کاتێکدا ئەوان داهات لەم شتە بێ سودانەدا خەرج دەکەن لە وڵاتانی هەژاردا بە ملیۆنان برای مسوڵمانیان هەیە کە ڕۆزی ڕۆژانەیان نییەو بێ ئاوو خۆراکن و لە برساندا دەمرن!

بێگومان ئەگەر تاکی مسوڵمان پێگیر بێت بە فەرمانەکانی شەرعەوە بە ڕێپێدراو و قەدەغەکراوەکانییەوە ، وە ژیانی پێغەمبەر و هاوەڵە بەڕێزەکانی لە بەردمیدا ئامادەبێت و وە ژیانی ئەوان بکات بە سەرمەشقی خۆی لە ڕوی ئابورییەوە ، بە هۆیەوە دەتوانێت کاروباری دارایی خۆی ڕێکبخات و ئابوری خۆی باش بکات وە ژیانی ڕزگار بکات لە نەداری و دەستکورتی و قەرزداری ، ئەمەش بە تێکۆشان کردن دێتە دی بە مەبەستی بەدیهێنانی ڕۆزی حەڵاڵ و پاکوخاوێن .

وە نابێت تاکی مسوڵمان مەشق پێدانی تاکەکانی خێزانەکەی فەرامۆش بکات لە سەر ڕێکخستنی کاروباری داراییان وە دەبێت تاکەکانی خێزان و کاروباریان ڕێکبخات لەسەر شێوازی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ، بە تایبەتی ئەندامە بچوکەکانی خێزان هەتا پێبگەن و گەورە ببن لە سەر ڕێکارێك کە خێرو چاکەی تیا بێت بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان وە کامەرانی بەدەستبهێنن لە ئایندەیاندا کە ئەمەش هیوای میللەتی مسوڵمانە.

نوسەرو ئابوریناس/ بابان بریزی


سەرچاوەکان:
----------------
قورئانی پیرۆز
فەرمودەکانی پێغەمبەر
نوسینەکانی سلیمان نور الله ، ئابوریناسی گەورەی عەرەب
بەرهەمی بیری خۆشم .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە