سەرکردەی دابەستە
Wednesday, 26/03/2014, 12:00
مەبەست لەدابەستە ئەوەیە؛ هەر پەلەوەر، یان گیانەوەرێك پێش ئەوەی سەری ببڕی ئەتەوێ خرپن و گۆشداری بکەیت. بۆ ئەو مەبەستەش، ئالیك و خواردنی باشی ئەدەیتێ و نایەڵێ زۆر بەرەڵا بێ. بۆیە لەشوێنکی تایبەت ڕایئەگری و ئەویش هەر خەریکی خواردنە بەو مەرجەی قەڵەو و بەز بگرێ.
چەند ڕۆژێك لەمەو بەر خانەوادەی کاوە گەرمیانی سەردانی مەسعود بارزانیان کرد بۆ سەری ڕەش بۆ ئەوەی بکوژی کوڕەکەیان بۆ بدۆزێتەوە. کەچی ئەم سەرۆکە خۆی نەیتوانی بچێت و سەردانی ئەو بنەماڵەیە لەنزیکەوە بکات و گوێ لە ئازار و داواکاریەکانیان بگرێ. لەوەتەی ئەم سەرۆکە هەیە تا ئێستا هەر شتیك ڕووی دابێ خۆی نەچوەو سەردانی نەکردوە، بەڵکە بە پێچەوانەوە خاوەن قوربانی و لێقەوماو خۆی چۆتە لای. سەدام یەکێک لەو سەرکردانەی کەوا هەردەم خۆی سەردانی شوێنانی ئەکرد و سەری ئەکرد بە هەموو کون و قوژبنی عێراق و ماڵەو ماڵ ئەگەڕاو ناوە ناوە بەدەستی خۆی ساردکەرە (سەلاجە)ی ماڵەکانی ئەکردەوە بزانێ کەئایا ئەو ماڵە چەند هەژار و لێقەوماو دەست کورتە. کەم جار هەبوو سەردانی ماڵی دەوڵەمەندی بکردایە. لەوەتی مەسعود هەیە نازانێ کێ لە هەرێمەکەی ئەو هەژارەو تا ئێستا نەمان بینی بچێتە مالە هەژارێك، ماڵە ئەنفالکراوێك(جگە لەماڵە بارزانیەکان) و لەنزیکەوە سەردانی کەسی نەکردوە. هەر جارێ هاتبێ بۆ (هەولێر،سلێمانی و کەرکوك) لەبری ئەوەی خۆی سەردانی شوێنەکان بکا. لەجیاتی ئەوە ، بڕیاری داوە کە لەشوێنکی وەك(لق) خەڵکەکە کۆبکاتەوەو چەند ووڕێنەیەکی کردوەو چەند جارێ باسی خۆیی و پێشمەرگایەتی و کوردایەتی بۆ خەڵکەکە کردوەو دواتر تێتەقانۆتەوە بۆ بلەو بارزان و سەری ڕەش.
نەوشیروان مستەفا ئەو کاتەی لەشاخ بوو، گەر کەسێکی شار کارو چالاکیەکی بکردایە، ئەینارد بەشوێنایەو ئەی وەرە بمبینیە. لەوەتەی لە شاریشە هەر بەهەمان شێوە لەگردەکە ڕۆژانە خەڵکی تێی ئەورووکێن و کۆبونەوەیان لەگەڵدا ئەکا. نەمان بینی خۆی سەردانی کەسیك بکا. مەگەر تەنها (زمناکۆ ڕزگار)یەکێ لە بەرکەوتوانی چەکی بی کەی سی لقی چوار لەکاتی ١٧ شوباتی ٢٠١١ کە ئەویش خۆی داوای کردبوو بیبینێ، دەنا بەدەست نەوشیروان خۆی بوایە هەرگیز بەتەما نەبوو سەردانی ئەو کەسانە بکا کەخۆی بە ئاژەوو چی و تێکدەر وەسفاندنی.
عەلی باپیر لەکاتی خەونە دەستکردەکانیدا ئەڵێ؛ پێغەمبەر سەردانی کردووم. ناڵێ من خۆم سەردانی ئەوم کردوە و نان و پیاز و ترێم لەگەڵدا خواردوە. ئەمانە لە خەویشدا هەر خەڵکی دێنە لایان و خۆیان نایانەوێ سەردانی کەس بکەن.
لەهەموو شوێن وا باوە کاتێ کارەساتێکی مرۆیی وەیان سروشتی ڕوو ئەدا ، سەرۆك خۆی و ستافەکەی سەردانی ئەو شوێنە ئەکەن و لەنزیکەوە ئاگاداری ئەبن و خۆیان بەدەست و دەمی خۆیان دڵنەوایی لەخەڵکی زیانلێکەوتوو ئەدەنەوە. کەچی لای خۆمان تەواو پێچەوانەکەیەتی و ئەوەی لێی ئەقەومێ و لێی ئەکوژرێ، ئەبێ خۆی سەردانی سەرۆك بکاو لێی بپاڕێتەوە.
ئەوەتا مامە ئەو کاتەی لەژیاندا بوو هەردەم داوای لەخەڵکی ئەکرد سەردانی بکەن لە سەرکردایەتی وەیان لەماڵی خۆ بیبینن. ئەو هەموو کۆبونەوە و ئەم سەرو ئەوسەرە هەبوو، هەردەم ئەبوو خەڵکی بچێتە لای. وا ئێستاش کەس نازانێ لاشەکەی لەکوێیەو چەندین کاڵفام و سەرلێشێواوی وەك بەرهەم و کۆسرەت داوا ئەکەن سەردانی بکەن. ئەم سەرکردانەی کورد بە مردوویش هەر دایان ئەبەستن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست