کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیبراهیم حەکیم: بەڕێوەبەرایەتی شانۆ وەک بەعسی بیر دەکاتەوە هیواسوعادیش تاوانبارەلەکەندەلیەکانى شانۆ

Friday, 16/04/2010, 12:00


سڤیل: وریا بوداغی: بەتەمەنێكی زۆرەوە كە شەست ساڵە، وەك گەنجێك لەبواری هونەریدا كار دەكا، كە بەتەنیا دەبێ و كەسی لەگەڵدا نییە، بیر دەكاتەوە و لەكۆڕ و كۆبوونەوەكانیشدا دەبێتە مانگی پێكەنین‌ و لەراستیدا شانۆكارێكی ناودارە. لەسیدەكان لەدایك بووە و بۆ ماوەی حەوت ساڵ پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە و هەروەها‌ ڕاپەڕینی شاری كەركووك و هەولێر و كۆڕەوەكەی بەڤیدیۆ تۆمار كردووە و دەستەی دامەزرێنەری (كەی تی ڤی) ناوخۆ بووە و ئێستاش بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی سەتەلایتی كوردستان "تی ڤی"ـیە. هەروەها لەبەشی شارەزایان‌ لەوەزارەتی رۆشنبیری شارەزای شانۆیە. ئەو مامۆستا "ئیبراهیم حەكیم"ـە.
ئێمە ماوەیەك لەوەوپێش "مامۆستا ئیبراهیم"ـمان لەترافیكلایتەكەی گەڕەكی سێتاقانی هەولێر بینی، كە خەڵك وێنەیان لەگەڵ دەگرت و ئەویش بەرووخۆشیەوە وەڵامی دەدانەوە و وێنەی لەگەڵ دەگرتن و هەما‌ن ئەو ژێستە سینەماكارانەی هەبوو، كە لەفیلمە كۆمیدیەكانیدا هەیبوو. هونەرمەندێكی سادە و بەهەمان سادەییشەوە‌ بەرێگادا دەڕۆییشت و بە رووخۆشی وەڵامی سڵاوی خەڵكی دەدایەوە.
بەگەرمی بەخێرهاتنی كردین و لەدیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ "سڤیل"ـدا وەڵامی چەند پرسیارێكی ئێمەی دایەوە.
ئیبراهیم حەكیم لەساڵی حەفتا و چوارەوە هاتۆتە ناو هونەری شانۆ و ساڵی حەفتا و پێنج لەئۆردوگای "زێوێ"ـی سەربە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان، نزیك موكریان و بۆكان یەكەم شانۆی بەناوی "شەهید لەیلا قاسم" بەڕێوە برد، ئەو دەڵێ "لەگەڵ هونەرمەند محەمەد جەزا لەشانۆكەدا رۆڵمان هەبوو و لەم شانۆیەدا رۆڵی برادەرێكی شەهید لەیلا قاسم بەمن درابوو".
ئیبراهیم حەكیم یەكێكە لەهونەرمەندەكانی بواری كۆمێدیا، سەبارەت بەهونەری فیلم و شانۆی كۆمێدی، كە ئیبراهیم حەكیمی پێ دەناسرێتەوە، دەڵێ "كۆمێدی كارێكی ئاسان نییە و ماندووبوونی دەوێ و زۆر زەحمەتە، تۆ بتوانی خەڵك وەپێكەنین بخەی و لەپەنا ئەو پێكەنینە رەخنە ئاراستەی كۆمەڵگا بكەی و لەم بارەیەوە چالاكێكی باش بی".
ستایلی كاری ئیبراهیم حەكیم بەمجۆرەیە، كە لەهەموو كاری هونەریدا بەشداری ناكا و ئەگەریش بەشداری دەكا، فیلم و سیناریۆ بەشێوازی تاكەكەسی خۆی بەكار دێنێ و لەمبارەوە گوتی، "من زمانی سیناریۆ و نووسین لەو هونەرانەدا، كە بەشداری تێدا دەكەم و شێوەزاری خۆم بەكار دێنم، واتە ئەو ستایلەی كە منی پێدەناسرێتەوە، دایدەبەزێنمە سەر سیناریۆكان و خۆم لەدەقدا ون ناكەم".
ئەو سەبارەت بەژیانی خێزانی خۆی ڕاشكاوانە دوا و گوتی "خێزانم كاری هونەری ناكا، لەبەرئەوەی لەبنەماڵەیەكی عەشایرە، بەڵام لەگەڵ كارەكانم زۆر دەگونجێ و لەكاتی كار و نووسیندا موڕاعاتی شعورم دەكا و منداڵەكانیشم هەروا".
ئەو باسی لەوەش كرد، كە خەڵك و بەتایبەت ژنان زۆریان خۆش دەوێ و بۆتە خۆشەویستی خەڵك و دەڵێ، "كە لەبازاڕ دەڕۆم ژنان زۆرم چاو لێدەكەن و دەیان جار بەمنیان گوتووە خۆشمان دەوێی و زۆر ژن هەن كە بەژیانی من و خێزانم ئێرەیی دەبەن و بەخێزانەكەم دەڵێن خۆزگەم بەخۆت، كە لەگەڵ ئەو پیاوە دەژی و بەسەدان كچ بەقوربانم بوونە و زۆر ژنیش ژمارەیان لێوەرگرتووم، بەڵام من پابەندی دابی كوردەواریم".
ئەو هەر لێرە خۆشەویستی خەڵك نییە، بەڵكو لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی كوردستانیش خەڵك هەر خۆشی دەوێ و لەمبارەوە دەڵێ، "ئەو‌ رێزەی كە لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەمن گیراوە، زۆر گەورە بووە و پێشوازی گەورەم لێكراوە، لەخۆشیان هیچم پێنەگوتراوە و گریاوم، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان هونەرپەرستن و هەتا 2000 وێنەم لەگەڵ گیراوە و تەنانەت لەشاری مهاباد ئاپۆرەی خەڵك لەدەورم لەناو شار ئەوەندە زۆر بوو، كە بەداخەوە پۆلیس بڵاوەی پێكردن".
هونەرمەند ئیبراهیم حەكیم باسی لەدوا بەرهەمیشی كرد، كە تایبەت بەهۆی دەنگخۆشییەوە كاری تێدا دەكا و لەمبارەوە بەئێمەی گوت، "ئێستا لەدرامایەكی پازدە ئەڵقەیی كۆمەڵایەتیدا بەشدارم و رۆڵی كەسێكم پێدراوە، كە لەوێدا دەنگی خۆشە و هەروەها لەگەڵ خەڵك ڕووخۆشە". ئیبراهیم حەكیم دۆخی هونەری شانۆ بەباش نا‌بینێ و چەند گلەییەكی دەربڕی و گوتی: دۆخی شانۆ لەكوردستان زۆر بەخراپ دەبینم، لەبەرئەوەی دەزگا پەیوەندیدارەكان و بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ بەعەقڵیەتێكی بازرگانی لەگەڵ شانۆ دەجوڵێنەوە، ئەوان پێش بەگەنجان دەگرن، لەبەرئەوەی خۆیان هیچ پڕۆژەیەكیان پێ نییە، وا هەست دەكەن گەنجان كورسییەكانیان لەق دەكەن و ئەوان وەك بەعسیەكان بیر دەكەنەوە، ڕۆژی جیهانی شانۆ لەهەموو وڵاتێكی پێشكەوتوو بەكاری پوخت یاد دەكرێتەوە، بەڵام لەهەولێری پایتەخت بەنان و كەباب یادیان كردەوە و ئەوەتا عەقڵییەتی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ باشترین پڕۆژەكانی شانۆ رەفز دەكەنەوە و یەك لەو پڕۆژانە، پڕۆژەی ئەمساڵی گرووپی گەنج بۆ شانۆ بوو، كە ئەوان دژایەتیان كرد، كە لەرۆژی جیهانی شانۆدا ئەگەر بەڕێوەچووبا، ئەوا هەولێر شانۆیەكی سەر شەقامی بەخۆوە دەبینی و لەسەرجەم جادەكانی ناو شاری هەولێردا شانۆ بەڕێوەدەچوو، بەڵام بەداخەوە ئەوان گوێ بەو شتانە نادەن". لەكۆتایی دیمانەكەشدا لەسەر رۆڵی ئەو لەشانۆی ئێستادا و هەروەها لەسەر ئەو پۆستەی كە لەوەزارەت هەیەتی، گوتی "من وەك شارەزایەك لەبواری شانۆدا هیچ كاریگەریەكم لەسەر پێشكەوتنی شانۆی كوردی نەبووە، لەبەرئەوەی هەتا ئێستا سەبارەت بەشانۆ هیچ پرسێك بەمن نەكراوە".
له‌ گۆڤاری سڤیل وه‌رگیراوه‌




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە