بۆچى نەوشیروان مستەفا مەحمود رەزاى ئامۆزاى دەنێرێتە بەغدا؟
Thursday, 01/05/2014, 12:00
1546 بینراوە
كاندیدكردنى مەحمود رەزا ئەمین ئامۆزاى نەوشیروان بۆپەرلەمانى عیراق مشتومڕى زۆرى لێكەوتۆتەوە چ لە ناو خەڵك وچ لەناو دەنگدەرانى بزوتنەوەى گۆران!
خەڵك دەپرسێ:
ئایا نەوشیروان مستەفا كەوتۆتە ئەوەى خزمەكانى خۆى بەرز بكاتەوە وپۆستیان پێبدات؟
ئایا ئەمە پەشیمانبوونەوە نییە لە دروشمەكانى خۆیان؟
ئایا ئەگەر گورانیش حوكمى بنەماڵەیى بكات كەواتە لە گەڵ پارتى جیاوازییان چییە؟
جوابى ئەم پرسیارانە لەوەدایە كە لە ناو خودى بزوتنەوەكەوە وروژیندراون ئەمەش هەستی ووشیارییە، جگە لەوەى دیالۆگ دروست ئەكات، بەڵام كەسانێكیش هەن ئەم مەترسیەیان نییە، چونكە پییان وایە كاندیدكردنى مەحمود رەزا گۆران بەرەو بنەماڵەیى دەبات.
بۆ ئەمەش بەڵگە دەهێنینەوە.
بۆ ئەوەى لەم پرسەدا بابەتى بین پێویستە بۆچوونى ئەمانیش بخەینەڕوو پاشانیش خۆشم بۆچونى تایبەتى خۆم دەخەمە ڕوو.
ئەوانەى ئەو مەترسیانەیان نیە كە گۆرانیش وەك یەكیتى لە دژایەتیكردنى حوكمى بنەماڵە پەشیمان ببنەوە، لەوەڵامى ئەوپرسیارانە دەڵێن، لە وەڵامى ئەو پرسیارانە دەڵێن، ئەگەر نەوشیروان بنەماڵەچێتى بكات ئەوا ئامۆزگاكەى خۆى ئەكرد بەسەرۆكى لیستەكە تا چانسى بردنەوەى زیاتر بوایە.
هەروەها هەندێک کەسی تر پێیان وایە و دەڵێن مەحمودرەزا ئەمین(تەعین) نەكراوە ئەویش وەک هەركاندیدێكى تر خۆی هەڵبژاردووە داوا لە خەڵكى دەكات و لەدەرگایان دەدات تا دەنگى بدەنێ، جگە لەوەى كێبڕكێ لەگەڵ دەیان كاندیدى تر دەكات، بریارى كۆتاییش لاى خەڵكە، نەك بنەماڵە.
لەم بارەیەوە وەڵامى تر زۆرە، من نامەویت بكەومە هیچ كام لەم بەرەیەوە، چونكە بۆچوونى تایبەتى خۆمم هەیە وبەم جۆرە:
1.گۆران دەیەوێت بەشدارى لە كابینەى8ى حكومەتى هەرێم بكات، بەپێویستى پەیوەندى هەمەلایەنەى هێزە سیاسیەكانى تر هەیە لە بەغدا، ئەم پەیوەندیانەش رەنگە بەكاندیدەكانى تر نەكرێت، هۆكارەكەشى لە خاڵى(2)دایە.
بۆیە مەحمود رەزا دەبێتە یەدەگێك، دواجار گۆران لە بەغدا بێخەم دەبێت، جگە لەوەش هێزە عێراقیەكان زۆربەیان هێزى خێڵەكى وتایەفین رەنگە لە روانگەى خویانەوە مامەڵەى ئامۆزاى نەوشیروانیان پێ باشتربێت لە هەر كەسێكى تر ومتمانەى زیاترى پێبكەن، بەمەش ئاسانكارى دروست دەبیت، گومانى تیدا نیە هج كام لە كاندیدەكان جگە لە مەحمود رەزا ناتوانن متمانەى ئەو هێزانە بەدەست بهێنن كە لەسەر بنەماڵە وعەقڵى عەشایەرى وبنەماڵەیى دروست بوون، ئەمەش خوێندنەوەى عەقڵی سیاسەتە.
2.پەرلەمانتارەكانى گۆران لە خولى پێشوو بە جیاكارین دەكرد وناتەبابون، نەوشیروان جارێكیان بە یەكێكیان دەڵێت، (ئێوە8كەسن لە بەغدا، دووانتان بەیەكەوە قسەتان بەیەكەوە نیە).
ئەم حاڵەتە بۆ قۆناغى چونە ناو حكومەت زیانى لێدەكەوێتەوە، لێرەشدا تارمایى نەوشیروان لە مەحمود رەزا بەرجەستە دەبێت و بۆ پەرلەمانتارەكانى گۆران دەبێت بە مەرجەع، یەكڕیزییان پارێزراو دەبێت.
بە هەمان سیفەتى هێزە عیراقیەكان كە لە خاڵى یەكەمدا باسمانكرد لاى خۆشما عەقڵى بنەماڵەیى وعەشایەرى لە كاردایە، كەسە نزیكەكانى سەركردەى (كاریزما)لاى خۆمان سام وشكۆیى خۆى هەیە.
هیوادارین پەرلەمانتارەكانى گۆران لە بەغدا خۆیان یەكریزبن وبەرنامەى گۆران بكەنە ڕێرەوى خویان، چونكە دكتاتۆر دەوروبەر دروستى ئەكات.