ڤیان لە زاری هاوڕێیانیەوە" بەردەوام دەیویست بیروبۆچوونەكانی بەشێوەیەكی هەرە سادە بگەێنێت"
Sunday, 08/02/2009, 12:00
دیارە شەهید ڤیان كەسێتیەكی سەرنج راكێشی هەبوو، لە ئەنجامدانی چالاكیەكی گیانفیدایدا كۆمەڵێك پرسیاری گرنگ دەخاتە روو هەر كەسێك بۆ وەڵامەكەی دەگەڕێت، بۆ زیاتر ناسین و هەڵسوكەوتی ئەو شەهیدە كە لە شەوێكی تاریكی سەرەتای مانگی شوباتدا(2/2/2006) لە چیای هەفتانین ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا، كۆمەڵێك پرسیاریش لای ئێمە دروست بوو، بۆیە بە هەر نرخێك بێت دوو لە هاڕێیانیمان دواند و لەسەر كەسێتی ئەو چەند زانیاریەكمان وەرگرت، ئێمە ئامانجمان بوو كە چەند هاوڕێیەكی بن ڤیان پێناسە بكەن بەڵام بەداخەوە تەنها دوو كەس لەوان وەڵامی ئێمەیان دایەوە.
ڤیان بناسین
لە ساڵی "1981"لە شاری سلێمانی لە دایك بووە، لە قۆناخەكانی خویچندندا كەسێكی زۆر بەتوانا بووە، دواتر لە ساڵی(1997)ەوە بەشداری ریزەكانی گەریلا دەبێت، "سەردار ستار" كە یەكێك لە هاورێیانی شەهید بووە، دەڵێت" لەكۆتایی مانگی(11- 1998) لەگەل گروپێك لەهەڤاڵان لە قەندیلەوە بەرەو خنێرە دەچووین، بۆ كاروباری رێكخستن لەبەرزایەكانی ئەو كوێستانانە دەڕۆویشتین، من هەڤاڵانی ترم هەموو دەناسی بەڵام لەناو هەڤاڵانی كچدا ئەوم نەدەناسی لە هەڤاڵانم پرس ئەو هەڤاڵە كێیە وادیارە تازەیە، گووتیان خەڵكی سلێمانیە، ئەو كات من لای خۆم گووتم مادام وایە ئاسانە دەتوانین یەكتری بناسین، هەر لە رۆژانی رێگادا كە ئەو كات رێگاكەمان نزیكەی حەفتەیەكی خایاند، لەرۆویشتن دەرفەتێك دروست بوو بۆ یەكتر ناسینمان، ئەگەر چی هەڤاڵ ڤیان هاوینی(1998) لەهێزی هەڤاڵ شەهید شیلان كوبانیدا بوو، ئێمەش زۆر كاروچالاكیمان پێكەوە كرد بوو بەڵام نەمانتوانی بوو یەكتری بناسین بۆیە لەرێگای چوون بۆ خنێرە شەهید ڤیانم ناسی." ئەو كە زۆركەس دەیناسن و هەر كەسێكیش بەجۆریچك پێناسەی دەكات "ئەبوبەكر مەجید"یش كە بۆ ماوەیەك لە گەڵ هەڤاڵی شەهید بووە بەم شێوە باس لە ناسینی دەكات"من پێش ئەوەی هەڤاڵ ڤیان ببینم لە ساڵی (1997)كەلەگەڵ برا گەورەكەی كەناوی خالید بوو لەناو ڕێكخراوی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بەیەكەوە كارمان دەكرد چەند جارێك باسی هەردوو خوشكەكەی بۆ دەكردم كەچوونەتە ناو پارتی كرێكارانی كوردستان بەتایبەتی هەڤاڵ ڤیان ئیتر لەو كاتەوە زۆر تامەزرۆی ئەوەبووم كەبیبینم بەڵام هەتا ساڵی 2003 دوای پڕۆسەی ئازادی ئێراق لەشاری موسڵ چاوم پێی كەوت،هەر لەو چاو پێكەوتنەدا كەلەبارەگای ڕێكخستنی ژنان بینیم، ناسیم" شەهید كە وەكو لە زاری هەڤاڵانیەوە دەردەكەویچت مرۆڤێكی تا دواڕادە دڵنزم و خوڵقێنەر بووە. ئەو بە هۆی ئەوەی كە كەسێكی بەتوانا بووە لەڕووی هزریەوە یەكێك بووە لە و پاڵێوراوانەی كە بچێتە پەروەردەی بەڕێز"ئۆجەلان"ەوە، بەڵام نەیتوانی ئەو ئاواتەی بێتە دی لە "15شوبات"ی ساڵی"1999" بەڕێزیان بە پیڵانگێڕیەكی نێودەوڵەتی كە دەزگای هەواڵگری زۆر دەوڵەت تیایدا بەشدار بوون لەوانەش "ئیسرائیل، توركیا، یۆنان، ئەڵمانیا، ئەمریكا، روسیا... هتد"لە كینیا دەستگیر كرا و بەرەو دورگەی ئیمڕاڵی رەوانەیان كرد. دواتر ڤیان بۆ وەڵامی ئەو پیلانگێڕیە تێكۆشانی خۆی بە هێزكرد و لە هەموو رویەكەوە خۆی بەهێز دەكرد،لەو بارەیەوە "سەردار ستار" ووتی" لەگەل ئەوەی تازەش هاتبوویە ناو هەڤاڵانەوە، بەڵام جددی دیار بوو هەر لە سەرەتایەوە، ئێمە ئەوكات ماوەی سێ مانگ زیاتر پێكەوە بووین تاكو كاروخەباتەكەمان تەواو بوو. وەكو دەزانرێت لەناوەڕاستی شوباتی(1999) گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی لەكەسایەتی رێبەرئاپۆدا بەئەنجام ببوو بەڵام ئەو رووداوە لاوازی لەكەسایەتی هەڤاڵ ڤیان دروست نەكرد، پێچەوانە بەهێزتر دەبوو. ئێمە لەسەرەتای ئاداری(1999)لەیەكتر دابڕاین تاكو سەرەتای هاوینی(2000)هەڤاڵ ڤیانم نەدیتبوو، بەڵام كە بینیمەوە ڤیان تواناكارییەكی زیاتری قازانج كردبوو ئەویش دەیەویست لەهەموو بابەتێكدا خاوەن تێڕوانین بێت، لەرووداوەكان تاكو تێنەگەیشتبایە بڕیاری نەدەدا كە بڕیاریشی بدابایە گرێدراوی بڕیارەكەی دەبوو، بۆیە كەسێتیەكی ژنی رەسەنی كورد بوو، خاوەن هەڵوێست و بەخۆباوەڕ بوو بەردەوامیش دەیوویست كەسایەتیەكی بەهێز دروست بكات كە ببێتە جێگای متمانەی گەل و وڵاتەكەی." تا گەیشتە ئەو ئاستەی كە خۆی ووتەنی"نەتوانێت هەشتەمین ساڵ ببینێت كە سەرۆك تیایدا زیندانی بێت" بۆیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە داوی خۆی چەند نامەیەكی بە جێ هێشت كە پیكهاتبوو لە (24) لاپەڕە"ئەبوبەكر مەجید"یش بەم شێوە پێناسەی رای خۆی كرد لەسەر كەسایەتی ئەو"وەكو ژنێكی ناو كۆمەڵگاكەمان نەبوو،بەڵكو زیاتر لەكەسێكی باوی ناو كۆمەڵگا بیر لەئێش و ئازاری گەلەكەمان دەكاتەوە،بەڵام لە گفتو گۆدا زۆر لە سەر خۆ بوو باش گوێی دەگرت پاشان دەكەوتە شیكردنەوەی بابەتەكە،وەكو تر كەسێكی زۆر دڵنزم و خاكی بوو،ئەتوانم بلێم نمونەی كەسێكی شۆڕشگێڕو تێكۆشەربوو".
ڤیان لە بەڕێوبردندا
" مانای دەدا بەژیان بۆیەش لەگەل هەر رووداوێكدا رەنگدانەوەی بەسەر سیمای هەڤاڵیشدا هەبوو، هەر رووداوێكیشی لەڕەگەوە دەگرتە دەست بۆ نموونە، كاتێك كۆنگرەی یەكەمی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانمان بەست، هەڤاڵ ڤیان لەهەموو هەڤاڵان زیاتر لەناو هەستی قووڵدا دەژیا مۆڕاڵێكی زۆر گەورەی هەبوو، چونكە خۆی ئامادەكارو لە دیوانی كۆنگرەش دابوو، لەسەر وردەكاریەكانی دروست بوونی پارتیەك وەستا بوو بەباوەڕیشەوە لەپشت تێڕوانینەكانی خۆی دەوەستا، نموونە؛ بۆ دیاری كردنی ناوی پارتی زۆر پێشنیار هەبوون بەڵام ئەوەی لە هەڵبژاردن قازانجی كرد پێشنیارەكەی هەڤاڵ ڤیان بوو ئەویش ناوی (پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان)بوو. لەدوای كۆنگرەی یەكەمی (پ چ د ك) من لەگەڵ گروپێك هەڤاڵ بەرەو بادینان چووین بۆ كاروخەبات دوای نزیكەی ساڵێك گەڕاینەوە، دیسان هەڤاڵ ڤیانم بینیەوە ئەمجارەیان بێدەنگ و بێ مۆڕال بوو، لە هەڤاڵانی ئەوێم پرسی كە دەكاتە سەركردایەتی ئەوكاتی (پ چ د ك) هەڤاڵ ڤیان بۆ وای لێ هاتووە؟ چی روویداوە؟. هەڤاڵان باسی رووداوێكیان كرد كە بەڕاستی هەڤاڵی بەتەواوی ژێر و ژوور كردبوو ئەویش ئەو رووداوە بوو كە بەرێزیان لەنامەكانیدا وەكو وەسیەت باسی دەكات، ئەویش رووداوی جیابوونەوەی خوشك و براكەی بوون لەشۆڕش. چونكە ڤیان هیچ كات چاوەڕێی رووداوێكی وا گورچك بڕنەبوو لەكەسە نزیكەكانی كە زۆریشی خۆش دەویستن، دەیزانی كەلەگەڵ خۆشەویستیەكەی درۆكراوە. بەردەوام لەهەوڵداندابوو، بۆ ئەوەی دەسكەوت بۆ شۆڕش قازانج بكا نموونەی دامەزراندنی (پ چ د ك) دوای ئەوەش (تەڤگەری ژنانی ئازادیخوازی كوردستان) هەمان كات رۆژنامەی تایبەت بە ژنان "رۆشنایی" گۆڤاری منداڵان"شادی". لەگەل ئەوەی رەنجی هەموو هەڤاڵانیش هەبوو بەڵام هەوڵەكانی ڤیان كەس ناتوانێ وەكو هەوڵی سەرەكی سەیر نەكات. باوەڕناكەم هیچ كوڕێك هەستی كردبێ لەگەل كچە گەنجێكی بیست ساڵی هەڵسوكەوت دەكات. هەركەسێك لەكچان و لەكوڕان وای دەزانی لەگەل كەسێكی كامڵ وخاوەن ئەزموون لەكاروخەباتدایە، بۆیەش ڤیان بەو تایبەتمەندیانەی جێگای خۆشەویستی هەموو هەڤاڵان بوو، لەكچان و لەكوڕان لەهەموو بەشەكان كاروخەبات لەبەرپرسیار و فەرماندەو شەڕڤانان" ئەمە دەقی ئەو قسانەیە كە "سەردار" بۆی گێراینەوە. ئەو كە زۆربەی جار بەهۆی بەتوانایی لە بەڕێوبردندا لە ستافی بەڕێوبەری كۆبوونەوە كۆنگرەكان بووە. ئەو وەكو دیارە چەندین كاری نوسینیشی ئەنجام داوە، چونكە خاوەنی بیركردنەوەیەكی قوڵبووە، سەبارەت بە وورد بوونی ڤیان جاف لە كارەكانیدا "ئەبوبەكر مەجید" وایگێرایەوە" یەكەم كۆنگرەی كۆنگرەی گەل بوو ، دوای كۆتایی كۆنگرەكە تەنها جیاكردنەوەی دەنگەكان مابوو منیش كاتم نەمابوو ویستم بگەڕێمەوە ئەو كەهەستی كرد من دەگەڕێمەوە بەڕاكرن هات بەپێشوازیمەوەن، خواحافیزی لێ كردم، هەرچەندە سەریشی قاڵبوو، چونكە لەوێش یەكێك بوو لە بەڕێوبەرانی كۆنگرەكە " سەردار ستار ئەو وتەیەی ئەوی بیرناچێتەوە كە دەڵێ" بۆ ئەوەی ئازاد بین دەبێ لەگەل سەرۆك بژین بۆ ئەمەش دەبێ بە پێوانەی ژنایەتی ئازاد تێكۆشان بكەین" ئەو گە تەنها تەمەنی (25) ساڵ بوو، بەڵام كارەكانی و ئاستی تێكۆشانی لە گەورەترین باوەڕەوە بوو.
مرۆڤێكی پڕ لە باوەڕ چۆن بەڕێوە دەچوو؟
ئەو كە تەرمەكەی بە رێورەسمێكی پڕ لە شكۆ هاتەوە ناو باوەشی زێدەكەی زۆرێك لە هاوڕێبازانی و هابیرانی ئەو بە شوێن تەرمەكەیدا بە چاوی پڕ لە گریان و فرمێسكەوە، بەرەو مەزاری شەهیدان هاتن هێنایانەوە شارەكەی پیرەمێردی شاعیر كە چەند دەیەیەك پێشی ئێستا ووتبووی"تا ئیستا رووینەداوە لە تائریخی میللەتا... قەڵغانی گوللە سنگی كچان بێ لە هەڵمەتا" ئەو لە ناو گۆڕێكی سادەدا، جەستەی سوتاوی بەخاك سپێردرا، تەنها بە چپەیەك بە پیرەمێردی ووت"ئەوە رویدا لەدیرۆكی نوێدا كچان ئەمرۆ سوپان لە سەنگەردا"، دیارە هەركەسێك كە بیەوێت ڤیان بناسێت دەبێت لایەنە وردەكانی ڤیان باش شیبكاتەوە، چونكە تەنها مرۆڤی گەورە دەتوانێت كاری گەورەش ئەنجام بدات،"سەردار ستار" كە ئیستا ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەریە دەڵێ "لە بواری نوسینداوتاری سیاسی هەیە، بیرەوەری هەیە لەگەڵ چیرۆك، مرۆڤ چۆن بتوانێ گوزارشت لەئەندیشەكانی بكات ئەو هەرە باشە. ڤیان بەردەوام دەیویست بیروبۆچوونەكانی بەشێوەیەكی هەرە سادە بگەێنێتە خوێنەر، هەتاكو لەنامەكانیشدا شێوازێكی پەخشان ئامێزە هەركەس حەز بەخوێندنەوەیان دەكات ئەو خۆی باوەڕی وابوو كەدەبێ خزمتكارێك بێ بۆ گەلەكەی بێ بەرامبەر، ئەمەش وای كرد بوو رۆڵی پێشەنگایەتی وەربگرێت لەهەموو بوارەكانی خەبات، خۆی لەخۆیدا ئەو سەركردەیەكی سیاسی بوو، چونكە دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری بوو، رۆڵێكی كاراشی هەبوو. دەبێ ئەوەش بڵێین كاتێك لەساڵی(2004)گروپی پاكتاوكاری خیانتكار بۆتان ـ عوسمان لەبزووتنەوەی ئازادی جیا بوونەوە بەدەستی دوژمنانی ئازادی، ویستیان ڤیان بكەنە هاوبەشی كارەچەپەڵەكانی خۆیان بەڵام ڤیان زۆر بەخێرایی پێداچوونەوەی بەخۆیدا كرد وتوانی لەماوەیەكی كەمدا تووندترین هەڵوێست لەبەرامبەر خیانتكاران وەربگرێت، چالاكییەكەشی لەبنەڕەتدا لەدژی خیانتكارانی ناوخۆیە، بۆ ئەمەش خۆی كردە پێشەنگێكی دژی خیانەتی ناوخۆ"
ناتوانم ڤیان لە بیر بكەم
سەردار ستار دەڵێ ناتوانم كە ڤیان لە دوو روداودا لەبیر بكەم ئەویش"كاتێك لەنیسانی(2003)لەدوای رووخانی رژێمی بەعس هاتین بۆ ناوكاروخەباتی شار، ئەوشەوەی كە لەقەندیل لەگەڵ هەڤاڵ ڤیان لەیەكتر دابڕاین زۆر بەكاریگەر بوو ووتی: دەزانم ئێوە زۆر كەیف خۆشن بەعس رووخاوەو دەچن بۆ ناو كاروخەبات، گووتی بڕوا بكەن من لەئێوە كەیف خۆشترم. ئەو حەزو خۆشەویستیەی كە بەسەر وسیمای ڤیانەوە دەیار بوو من قەت ڤیانم ئەوەندە بەكەیف خۆشی نەبینیبوو، ئەوەی كە زۆرناخۆش بوو بەڵامەوە ڤیانم بینی ئەویش لەتمووزی(2004)كاتێك خیانتكاران رایانكرد وجیابوونەوە ئەوكات بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردساتێكی چارەنووسساز بوون هەموو كەسێكی بەویژدان لەناخەوە دەكوڵا لەبەرامبەر كردەوە نەگریسەكەی خائینان، ئەو دیدارەم لەگەڵ هەڤاڵ ڤیان دوا دیدار بوو، بەڵام دوای ئەوەی كۆبوونەوە تەواو بوو لەدانیشتنێكی ئاهەنگ ئامێزدا هەڤاڵان بەنۆرە گۆرانی خۆش خۆشیان دەچڕی تاكو درنگانی شەو، ڤیان لەناوقوڵای رەق و توڕەییەكی تۆڵە سەندنەوەدا بوو ئەمجارەش لێم پرسی ناگەڕێتەوە بۆ شار بۆ كاروخەباتی سیاسی. لەوەڵامدا ڤیان گووتی نا تازە من و شاخ هاوڕێی هەتا هەتایەین ئەگەر هەمووكەس دابەزێ لەشاخ من دانەبەزم، چونكە بینیم شار بۆ شۆڕشگێران مردنە. ناكرێ ئەو دوو یادەوەریانەی ڤیان لەبیر بكەم." سەردار ستار دەڵێ كاتێ هەواڵی مەرگی ڤیانم بیست بۆ ماوەیەك بێ دەنگ بووم لەو كاتەدا دەورەیەكی پەروەردەمان هەبوو لە ناوەندی بارەگای"پ چ د ك"بۆ كۆمەڵێك ئەندام من هەرئەو كاتە ووتم ڤیان مرۆڤێكی گەورەیە چالاكی گەورە ئەنجام دەدات، بەڵام كۆمەڵێك هاوڕێی ترمان هەبوو بڕوایان نەدەكرد گە ڤیان چالاكیەكی وای ئەنجام دابێت.ئەبوبەركر لە بارەی دوادیداریەوە لە گەڵ شەهیدا دەڵێ دواین ساتم ئەوكاتەبوو كە لە كۆنگرەی یەكەمی گۆنگرەی گەل ماڵاوایی لیچ كردم ئەوكاتە داوای لێبوردنی كرد ووتی "ئەوەی ڕاستی بێت بۆیە هەڵبژاردنەكە زۆر دوا كەوت هەڤاڵ فەرهاد (عوسمان ئۆجەلان)دەنگی كەم هێناوە كێشەی دروست كردووە بۆ هەڤاڵان"هەركەسێك مردنێكی لەسەرە بەڵام مردنی ڤیان مردنێكی پڕلە ووتە و پڕ لە كردار پڕ لە بیركردنەوە پڕلە پرسیار بوو.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست