لە سەر گرتنی کارزان کەریمی رۆژنامەنووس، ئەمنستیی و هیومانس رایت ئاگادارکراونەتەوە
Sunday, 22/01/2012, 12:00
وەک لە هەواڵێکی پێشووترماندا رامانگەیاند، کە دەزگای پاراستن نووسەر و رۆژنامەنووس کارزان کەریمی گرتووە لەسەر ئەوەی گوایە نووسین و زانیاریی لە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر ناردووە بۆ سایتەکان. ئێمە لە دوای ئەو هەواڵە و لەبەر چەند هۆیەک خۆمان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی تازە بیدەنگ کرد، چونکە پەیامنێر و کەسە باوەڕپێکراوەکانمان لە هەولیر وایان بە باش زانی، پەلە نەکەین و بوەستین، نەکا هەر زانیارییەکی هەڵە کار بکاتە سەر کەیسەکەی و لەلایەن پاراستنەوە زیاتری بۆ تێبچێنن و ئازاری توندتری بدەن! چونکە تا ماوەی چەند مانگێک بەر لە ئیستا پاراستن وای دەزانی کارزان پەیامنیری کوردستانپۆستە، بۆیە لە ژێر لیدان و ئەشکەنجەی زۆردا داوایان لیدەکرد، تا ناوی ئەو کەسانەیان بۆ ئاشکرا بکات، کە کار لەگەڵ کوردستانپۆستدا دەکەن، یان بە ناوی خوازراوەوە نووسین دەنێرن. لەو ماوەیەدا وەک ئاگادار کراوینەتەوە، پاراستن هێندە ئەشکەنجەی کارزانیان داوە، باری تەندروستی تێکچووە، چەند جارێک بە نهێنی دکتۆریان هێناوەتە سەری، لە ژێر چاودێرییەکی توندا لە نیوەشەودا رەوانەی خەستەخانە کراوە، نەهێڵراوە کەس سەردانی بکات، تا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ئەوسا رێگایان داوە بۆ ماوەیەکی کورت باوکی بیبێت، کە لەو چاوپێککەوتنەدا داوای لە باوکی کردووە پارێزەری بۆ بگرێت. بە قسەی کارزان، گوایە لە سەر کوردستانپۆست گیراوە، چونکە وتاری لە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر نووسیوە و خۆشی ددانی بەوەدا ناوە.
کوردستانپۆست لە سەر گرتن و سەرنگومکردنی کارزان کەریم، لە چەند سەرچاوەیەکەوە کۆمەڵێک زانیاریی وەرگرتووە، ئەوەندەی پێویست، ئێمە بەشێک لەو زانیارییانە بڵاودەکەینەوە، پەیوەندیشمان بە ئەمنستی ئیتەرنێشیناڵەوە کردووە، ئەوان ماوەی مانگێک زیاترە بەدواداچوون لە سەر کەیسەکەی دەکەن، وا بڕیارە بەم زوانەش لە راپۆرتەکانی خۆیاندا ئەو پێشێلکارییەی دەسەڵاتی کوردیی و دەزگای پاراستن سەبارەت بە گرتنی کارزان بڵاو بکەنەوە، هەروەها ئاگاداریی هەندێ لایەنی پەیوەندییداری تریشیان کردووە.
لە چەندین بۆنە و هەواڵدا کوردستانپۆست ئەوەی لەسەر فڕۆکەخانەکان باسکردووە، کە ئەو فڕۆکەخانانەی لە کوردستاندا کراونەتەوە، بۆ هاسانکاری هاتووچۆی هاولاتیی کورد نییە، بەڵکو بۆ خزمەتگوزاریی بنەماڵە و بەرپرسەکانی پارتیی و یەکێتیییە، بۆیە دەتوانرێت بگووترێت، لە پاش دەزگای پاراستن و زانیاریی، ئەگەر شوێنێکی ستراتیژیی گرنگ و هەستیار لە هەرێمی کوردستاندا بۆ دەسەلاتی کوردیی بوونی هەبێت و بایەخی پێبدەن، فڕکەخانەکانی هەرێمی کوردستانە، چونکە لەم فڕۆکەخانانەوە، کۆمەڵێک نهێنی پێدا دێت و دەچێ، سامان و پارەی دزراوی کورد، پێیدا ئاودیوی دەرەوەی وڵات دەکرێت، تا خۆیان وەستابن کەسی دیکە مافی هاتوچۆکردنی نییە، کە وەک هەموو فڕۆکەخانەکانی جیهان یەک مامەڵە بکرێن، ئەم فڕۆکەخانانە لە پێشەوە بۆ خۆیانە، بۆ سەردان و هاتوچۆ و هێنان و بردنی ئەو کەسانەیە، کە مەبەستیانە دوور لە چاوی کامیرا و بینیی خەڵکی، بیانهێنن، یان دەربازیان بکەن، پاراستنی ئەو نهێنیانەش دیارە ئەرکی سەرشانی نۆکەر و کارمەندە بڕواپێکراوەکانی خۆیانە، کە نایانەوێت لەو فرۆکەخانانەوە هیچ زانیارییەک لە سەر دزین و خیانەت و کاری دیکە ببرێتە دەرێ، هەڵبەتە تا بۆیان بکرێت ویستوویانە هەموو شتێک بشارنەوە، لێ پارتیی و یەکێتیی تا سەر نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی هەڵسوکەوتی کارمەندە بڕواپێکراوەکانی خۆشیان بکەن. پەیامنێرمان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت: بۆ پاراستن و ئاشکرانەبوونی خۆمان ناچارین رۆژانە هەواڵ و زانیارییتان بۆ نەنێرین، هەوڵمان داوە هەواڵ و ئەو بەڵگانە ناوبەناو لە کاتی خۆیدا بڵاوبکەینەوە و هەندێک جاریش پێچ و پەنا بخەینە نێو هەواڵەکان و زانیارییەکانەوە، تا نەمان دۆزنەوە و نەچنەوە سەر سەرچاوە راستەکە.
لە دوای جەژنی قوربانی پار، واتە لە رێکەوتی رۆژی 14-11- 2011 لە لایەن پاراستنەوە کارزان کەریم دەگیرێت و بێ سەر و شوێن دەکرێت، هەر بۆ ئێوارهكهی كهسێكی سەر بە پاراستن سهیارهكهی دەباتەوە بۆ ماڵی کارزان و پێیان دەڵێت کارزانی کوڕتان سهفهری كردووه بۆ توركیا. پاش چەند رۆژێک، کە هیچ هەواڵ و سۆراخێکی نازانن ئیتر کەسوکاری بە دوایدا دەگەڕێن و سەر بە چەند کونێکدا دەکەن، لەبەر ئەوەی زۆربەی کەسوکار و خزمەکانی پارتیین و هەندێکیان کار بۆ دەزگای پاراستنیش دەکەن، دەتوانن کارزان بدۆزنەوە و پێیان دەڵێن گوایە لە ئاسایسی گشتی هەولێر لە بەندیخانەدایە.
هەر چەندە عسمەت ئەرگوشى گوتوویەتی: ئێمە وەكو كوڕێكى خۆمان هەڵسوكەوتى لەگەڵدا دەكەین، بەڵام لەو ماوەیەدا رۆژانە لە ژیر لێدان و هەڵواسین و ئازاردانێکی زۆردا هێشتوویانەتەوە، هەموو رۆژێک بە دەم لێدانەوە چەند تۆمەتێکیان خستۆتە پاڵی، لەوانە گوایە:
- لە فڕۆکەخانەی هەولێر زانیاریی بردۆتە دەرێ.
- هاتوچۆی سلێمانی کردووە، بووە بە یەکێتیی و کار بۆ دەزگای زانیاریی دەکات.
- پیاوی د. بەرهەم ساڵحە لە رێگای عارف قوربانیی زانیاریی دەدات بە راگەیاندنەکانی ئەوان.
- لەگەڵ كۆمەڵە ڕۆژنامەنووسێکدا سەردانى ناوچە سنورییەكانى كوردستانى ڕۆژهەڵاتی کردووە، لەوێ چاوی بە چەند لێپرسراوێكى "پژاك" کەوتووە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەش کە لەگەڵیاندا بووە "شێرزاد شێخانى، نەوزاد ناوێک و .... هتد" بوون، بۆ ئەو تۆمەتە پاراستن ئەم پرسیارەی بەرەو رووی کردۆتەوە:
ئایا ئێوە وەكو ستافى ڕۆژنامەى ئاسۆ و دامەزرێنەرانى ڕۆژنامەى ئاسۆ لە سنورى پارتى بە ئەمرى دكتۆر بەرهەم چوونەتە ناو پژاك، یاخود وەكو ڕۆژنامەنووسێك؟ كارزانیش لە وەڵامدا وتویەتى: ئێمە وەكو ڕۆژنامەنووس بۆ ڕووماڵكردنى ڕووداوەكان چووینەتە نێو پژاك، لە كاتى تۆپباران كردنى سنورەكان.
بە قسەی پاراستن کارزان سەردانی قەندیلی کردووە و لەگەڵ پژاکدا کۆبۆتەوە کار بۆ ئەوان دەکات.
- دیسان کارزان بەوە تاوانبارکراوە، کە پەیامنێری کوردستانپۆستە، زانیاریی و وتار بە ناوی خوازراوەوە لەوێ بڵاودەکاتەوە، بۆیە لە ژێر ئازار و لێدان و هەڵواسیندا، داوای ناوی پەیامنێر و نووسەرە ناوخوازراوەکانی کوردستانپۆستیان لێکردووە، گوایە کارزان دەیان ناسێت! بۆیە پاش ئازاردانێکی زۆر، کارزان ددان بەوەدا دەنێت، کە بەڵی ئەو لە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ کوردستانپۆست نووسینی ناردووە. (
ئێمە نازانین ئایا کارزان خاوەنی ئەو نووسینانەیە یان نا، یان ددانی بەوەدا ناوە یان نا؟ بەڵام ئەوەی لەلایەن پەیامنێرەکەمانەوە بۆمان هاتووە و لە ناو دەزگای پاراستندا بەرگوێی کەوتووە، ئەوەی بۆ ئێمە نووسیوە).
کورتەیەک لە سیڤیی کارزان کەریم- رۆژنامهنووس.
- ئهندامی كارای سهندیكای رۆژنامهنووسانی كوردستان له ههولێر.
- بۆ چەند شوێنێك كارى ڕۆژنامەوانى كردووە وەک:
1 - "ڕادیۆى نەوا"، لەگەڵ "هیمن مامەند پەیامنێرى ڕادیۆیى نەوا بووە.
2 - ڕۆژنامەى ئاسۆ".
3 - دواتریش له دهزگای ئاراس كارمهندی ئاژانسی ههوال بووه.
4 - پاشانیش به ههوڵێكی زۆر خۆی له فڕگهی ههولێر دامهزراندووه.
5 - پیش چەند مانگێك لە فرۆكەخانە نەقلى شوێنێكى تر دەكرێت، شوێنەكە لە چاو فرۆكەخانە شوێنێكى ناخۆش بووە.
لە زاری کامەندێکی هیومانس رایت، کوردستانپۆست توانی لە سەر ئەم کەیسە و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی پاراستنی بنەماڵەی بارزانی هەندێک زانیاریی یاسایی وەربگرێت، ئێمە لیرەدا کورتی دەکەینەوە:
1 - ئەوەی دەزگای پاراستن و ئاسایش و دەزگای زانیاریی دژی هاولاتیانی کورد دەیکەن دژ بە جارنامەی مافی مرۆڤە، هەر مرۆڤێک تاوانێکی کردبێت، نابێت لە 48 کاتژمێر زیاتر پەروەندەکەی ئاراستە نەکرێت و مافی یاسایی و دادگاییکردنی نەبێت.
2 - دەبێت پارێزەری هەبێت.
3 - رێگا بە بنەماڵەکەی بدرێت تا بیبینن، واتە (مواجهە)ی بکرێت..
4 - ئەشکەنجە نەدرێت.
بە پێچەوانەی هەموو ئەمانەوە، پاراستن مامەلەی لەگەڵ کارزاندا کردووە.
- ئەگەر راست بێت ئەو نووسینانەی، کە بۆ کوردستانپۆست نێردراون، خاوەنەکەی کارزان کەریمە و خۆی ددانی پیدا نابێت، ئەمە لە وڵاتێکی دیموکرات و یاسادا، دەبوو وەک هاوڵاتییەکی دڵسۆز چاو لە کارزان بکرێت، چونکە ئەم کەسە گەندەلییەکی ئاشکرا کردووە، نەک نهێنی ناو فرۆکەخانەی بردبێتە دەرێ، هەر کارمەند و فەرمانبەرێک، ئەگەر گەندەڵییەکی ئاوا ئاشکرا بکات، دەبێت بە دەستخۆشییەوە پیرۆزبایی لێبکرێت و دەکرێتە کەسایەتیی و هاولاتییەکی نمونەیی، چونکە ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی بەجێ هێناوە و هەوڵی داوە رێگا لە گەندەڵیی بگرێت.
- لەو پەیوەندییانەدا، کە بە دەزگای پاراستنەوە کراوە، ئەو دەزگایە وتویەتی کارزان لە سەر مەسەلەیەکی ئیداری گیراوە، لێرەشدا ئەمە ئەو مافە بە بنەماڵەی بارزانی و دەزگا بەدناوەکەی نادات، کە کەسێک شوێن بزر بکەن، ئەشکەنجەشی بدەن، بە پێی جارنامەی مافی مرۆڤ مامەلەی لەگەڵدا نەکراوە!
ئەگەر کارزان هەر تۆمەتێکی درابێتە پاڵ، یان تاوانێکی کردبێت، دەبێت بدرێتە دادگا نەوەک بڕفێنرێت. ئەوەی کاری ڕفاندن ئەنجام دەدات، دەزگایەکی مەدەنی نییە، بەڵکو رەفتاری دەزگایەکی تیرۆریستانەیە.
تێبینی: ئەو وێنانە لە پەیجی کارزان کەریم لە فەیسبووک وەرگیراون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست