وانەی '' کۆبانی''
Sunday, 19/10/2014, 12:00
فێرت کردین چی دی بیر لە ئاشبەتاڵ و کۆڕەو نەکەینەوە
فێرت کردین چی دی ووڵات خۆمان بۆ دوژمن جێنەهێڵین
فێرت کردین چی دی خۆمان بەقوربانی نەزانین و بکوڕوزێینەوە
فێرت کردین چی دی هاوڵاتی خۆمان بە کەم نەزانین و پشتی پێببەستین
فێرت کردین چی دی کیژان و خانمان نابێ لەدوامانەوە بن
فێرت کردین چی دی نابێ زەلام و زرتە پیاوان تەنها پێشەنگمان بن
فێرت کردین بەرخودان و بەرگری لەڕاکردن و هەڵهاتن خۆشترە
فێرت کردین واتای مرۆڤ بوون و ناسنامەکەی تەنها لەدەستی خۆمانە
فێرت کردین ژیان بەبێ قوربانی و بەبێ کۆشش و خەبات بێ تامە
فێرت کردین پشت بەخۆمان وگەل ببەستین و ببینە قەڵغان و پشت و پەنای یەکتر
فێرت کردین لەخۆڕاگری توانای زیاتر پەیدا ئەبێ و کۆڵ نەدان گەشەی زیاتر ئەبێ
فێرت کردین ئەو کاتە جەنگ پێوستە کە نەیەڵی دوژمن خاك و ئاووت فەرهود بکا
فێرت کردین کوردایەتی سنووری جل و ڕەگەز و بیروباوەڕ ئەبڕێ
فێرت کردین چی تر باوەڕمان بەوە نەبێ کە سەرکردە نەما ئاشبەتاڵی لێبکەین
فێرت کردین کاتی سەرکردەی نەمر و سەردانی سەرگۆڕی سەرکردەی نەمر بەسەرچوو
فێرت کردین هەموو یەکێ لە ئێمە لەخۆیدا هەڵگری ناسنامەی سەرکردەیە
فێرت کردین بەبێ سەرکردەش گەل ئەتوانێ درێژە بە خەبات و ژیان بدا
فێرت کردین بۆ ئەوەی ئازاد بژین پێوستە قوربانی بدەین
فێرت کردین نا نا بۆ داگیر کاری و نا نا بۆ دەست خستنە نێو دەستی بێگانە
فێرت کردین نا نا بۆ خیانەت و سیخوڕی و کلکە لەقێ بۆ دوژمنانی کورد
فێرت کردین ئەوەی کوردی هێشتۆتەوە تەنها و تەنها باوەڕە بەخۆی و گەلەکەی
فێرت کردین هیوامان بۆ هەنووکە و داهاتوو هەبێ و بێ ئومێد نەبین لەژیان
فێرت کردین گرنگ نیە دوژمن چەند تۆپ و تەیارەی هەیە
فێرت کردین گرنگ ئەوەیە چەند خۆمان باوەڕمان بۆ خۆمانە
فێرت کردین کورد لە چاوی ئێوەوە بناسین و نەك لەچاوی بنەماڵەی بارزانی
فێرت کردین پردی خیانەتی بنەماڵەی بارزانی گەلێ لاواز و باریکە
فێرت کردین خۆشەویستی خاك،ئاو،ووڵات و ئازادی گەلێ بەهێز و پتەوە
فێرت کردین مانای ژیان،مانای مردن،مانای سەرکەوتن و مانای ئازادی
ئەی کۆبانی ئەی ئەو پارچەی جەستەی کوردایەتی و مرۆڤایەتی، ئەی چەندە مایەی دڵخۆشی و سەرفرازی و شانازی بۆ گشت کورد. توانیت مێژووی کورد دیسانەوە بنووسیتەوە بەو قارەمانێتیە بێ وێنەییە کە ڕەنگە لە جیهانی ئەوڕۆدا هەموان سەرمان بکا. بۆ گشت جیهانت سەلماند کەوا مرۆی کورد خاوەنی بیرو باوەڕی مرۆڤایەتیەو نایەوێ وەك کۆیلە بژی.
گەر تا دوێنێ ووڵاتی جیڤارا کوژەکان دژت بوون، ئەوا تۆی سەرمەشق توانیت کەسانی جیڤارایانەی لێ دروست بکەیت و پێشکەشی بکەیتەوە پێیان. کەس نیە ئیرەییتان پێ نەبا. تەنها تورك و عەرەب و مرۆڤە دژ بەمرۆڤەکان نەبێ.
دەبا هەموان پێکەوە ساتێ ئەو وانەیە بڵێینەوەو چی دی تەنها و تەنها نەڵێین؛ دارا دوو داری بینی، بڵێین کۆبانی دوو کوڕ و کچی کوردی کردە قوربانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست