نەوشیروان مافی ئەوەی نییە خۆی هەڵبژێرێت!!
Monday, 17/06/2013, 12:00
لەو کاتەوە باس لەوە دەکرێت کە بەڕێز نەوشیروان موستەفا کاندیدی ئۆپۆزسیۆنە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، ترس لەلای بنەماڵە بەتایبەت وپارتی بەگشتی سەریهەڵداوە وزیاتر سەریان لێشێواوە، ئارامیان بڕاوە.
لە کاتێکدا بە گوێرەی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەموو کەسێک تەمەنی سی ساڵ بێت مافی خۆکاندیدکردنی هەیە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، ئەو پۆستەی کە بەم نزیکە پۆستێکی خاڵییە دوای خواحافیزی مەسعود بەرزانی کە بۆ ماوەی بیست ودووساڵ زەوت وقۆرخی کردبوو.
بەڵام کابرایەک ناوی د.کەیوانە لە رۆژنامەی هەوڵیر کە سەر بە دەسەڵاتە وتارێکی بڵاو کردۆتەوە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پۆستە تەنها شایانی یەک کەسە لەم کوردستانە ئەویش مەسعود بەرزانییە، ئەمەش لە فەرهەنگی دیموکراسیدا جێی نابێتەوە. ئەم کابرایە ئەم پۆستە بەپۆستێکی سیاسی ناودەبات وبە هەمووکەس بەڕێوە ناچێت. لە راستیدا ئەمە دیدی پارتی وبنەماڵەیە وهەمیشی بۆ خۆیان کاوێژ ودووبارەی دەکەنەوە. ئەمە ئیهانە کردنی میللەتی کوردە وبەسووکی وکەمی دەزانن.
ئەم کابرایە کە دەڵێن دکتۆرە بەڵام لە قسەکردن ونووسیندا زۆر لاوازە وهەمیشە بە دەوری خۆدا دەسووڕێتەوە وقسەکانی دووبارە دەکاتەوە. بێ باسکردن ولاکردنەوە وبایەخدان لە یاسا کە ڕێی لە بەرزانی گرتووە دووپاتی دەکاتەوە کە مەسعود مافی هەیە بۆ جاری سێهەم یان هەتاهەتایی ببێت بەسەرۆکی هەرێم. بە قسەی کابرا مەسعود لە سەر ئاستی جهاندا ناسراوە(زیاتر لە بیل کلنتۆن وجۆرج بۆش) وخاوەنی کۆمەڵێک ناسنامەیە. ناسنامەی چی باسی ناکات. کێ دەزانێت مەسعود خاوەنی تەنها ناسنامەکیش بێت؟ پارتێکانیش دەتوانن وەڵام بدەنەوە. وقەت نەوشیروان موستەفا بۆی نییە خۆی هەڵبژێرێت.
ئەم کابرایە زۆر شتی لە بیر چووە بیخاتە ڕوو وقەناعەت بە خوێنەر بکات بۆچی نەوشیروان بۆی نێیە خۆی کاندیدبکات، من لێرە بۆی تەواو دەکەم؛
نەوشیوان هێزی چەکداری نییە وناتوانێت کەس بترسێنێت وبکوژێت
نەوشیروان لە تجارەتکردن ونەوتفرۆشتن بەقاچاغی سەری دەناچێت
نەوشیروان کوڕە ئاغا نییە
نەوشیروان ڕێز لەیاسا دەگرێت ویاساکانی خۆی پێشێلناکات
خوێندەوارە ونووسەرە وجاهێل ونەزان نییە
سازش ودزی نازانێت وناتوانێت درۆ بکات.
هەوڵی یەکڕیزی ماڵی کورد دەدات وخزمەتکاری هیچ دوژمنێکی کورد نییە.
بۆیە نەک تەنها نەوشیروان هەموو کەسێکی تر خاوەنی ئەم مواسەفاتەی سەرەوە بێت بۆی نییە خۆی هەڵبژێرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست