تا کەی مافیاکانی دەرمان دەشارنەوە ؟!!
Saturday, 13/04/2013, 12:00
دەرمان ، ئەو ئامرازەی کە لە بنچینە دا بۆ شیفا و چاکبونەوەیە بەڵام لە سایەی بێ یاسایی دا دەبێتە نەخۆشخەر و کوێڕکەر و تەنانەت مەرگ هێنەر !!ئێمەی پزیشکان زیاتر لە هاوڵاتیان لێێ بەگومانن،خەریکە وامان لێدێت لە جیاتی دەرمان ،پەنا بۆ دوعا و نوشتە بەرین بۆچاکردنەوەی نەخۆشەکانمان .
ئەمە یەکەمجار نیە کە دەرمان لە کوردستان کارەسات بخوڵقێنێت ،لە ماوەی دو ساڵی رابردو دا سوتاندنی دەرمانی خراپ و ماوە بەسەرچو هەواڵێکی ئەگەر نەڵێم رۆژانە ئەوا هەفتانەی میدیاکان بوو،لە سایەی ئەم ژەهرانەوە بە درێژایی دو ساڵێ رابردو کاروانی شەهیدانمان ماوە ماوە بەردوام بوو ، لە دوای هەمو مردنێکەوە وەزیر دەردەکەوت و پێکهێنانی لیژەنەکی رادەگەیاند بۆ گەشتن بە راستیەکان ''وەک خۆیان ئەڵێن'' ، دوای ماوەیەک لیژنەکەش وەک سەرجەم لیژنەکانی تر ئەیانفەرمو مەسەلەکە هەستیاریە و یەڵێ هەمو کەس بۆ ماڵی خۆی !! تەنها ساڵی پار ٧٥٠ تۆن دەرمانی ئکسپایەر لەناوبرا،ئستەشی لەسەر بێت نەمانبینی کەسێک لەسەر ئەو تاوانە سزایەک بدرێت یان کۆمپانیایەک دابخرێت(١) بەشێکی کەم لەوانەش کە دروانەتە دادگاکان، کەیسەکانیان زۆر بە سیستی کاری تیاکراوە و تا ئێستا نەیانتوانیوە یاخود نهیانویستووە هیج یەکێک لەو کێشانە یەکلایی بکەنەوە کە تا ئاراستەیانکراوە (٢)!
لە دواترین دیمەنی تراژیدی دا دەرمانەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبنە هۆی کوێڕبونی ٣٠ هاوڵاتی شاری هەوڵیر! ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانیە ئەوەیە کە بەرپرسان بە کوێرکردنی ئەوانەوە ناوەستن و وەک هەمیشە دەیانەوێت بە خۆڵکردن چاومان رای گشتیش کوێر بکەن و تاوانبارە راستەقینەکان بشارنەوە ! پێشاندان قاچاخچیەکی تورک لە تیڤیەکان و ناساندنی وەک تاکە بکەری ئەنجامدەری کارەکە، بچووک کردنەوەی روداوەکە و خٶلکردنە چاوی خەڵکە.
کێ باوەر بەوە دەکات کە تورکێک تاکە بکەری ئەم کارە بێت و بێ بونی هیچ باندێکی یارمەتیدەر بتوانێ بەسەر ئەو هەمو بازگانەدا باز بدات ؟دەرمانەکە جۆن لە سنور هاوردە کرا ؟؟ ئەگەر بە نایاسایی هاتوە و هیچ بەڵگەیەکی کوالێتی کۆنترۆڵێ پێنە، کۆمپانیای هۆست چۆن دەیکرێت ؟؟ئەی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر چۆن مامەڵە لە گەڵ قاچاخچی دا دەکات؟!گەمژەییە ئەگەر باوەر بەوە بکەین بەوەی تورکێک بتوانێت بە تەنها بەم کارە هەستێت، ئەگەر ئاسانکاری بۆ نەکرابێت،دادگاییکردنی ئەم کەسە بە تەنها شاردنەوەی قاچاخچیە گەورەکانە !
لە سایەی دەسەڵات حیزب سالاریەوە ،لەم جەنگەڵستانەی کە پێێ دەڵێن وڵات،هیچ شتێک لە تەندروستی مرۆڤ هەرزانتر نیە. گیان لەدەستدانی ٥ کەس و کوێربونی ٣٠ کەس بایی ئەوەنیە کە بە لایەنی کەمەوە بەرپرسێکی لەسەر سزا بدرێ ! تۆری یاسای وەزیریش تەنها ماسیە بچوکەکان دەگرێت ، بیرمە لەو مانگانەی پێشودا بو لەبەر ئامادەنەبونی ، وەزیر هەر ئەو دەقەیە راستەوخۆ لە رێگەی مۆبایلەوە کە تیڤیەکان پیشانیان دا پزیشکێکی سزا دا،ئەمەش وەک ئاماژەیەک بو بۆ گەورەیی هەستی لێپرسینەوە و خەمخۆری و بەدەمەوەهاتنی وەزیر ،لەملاشەو لە ئاست مردن و کوێربونی خەڵك لێپرسراوێکی پێ دورناخرێتەوە ! .لە هەموی سەیرتر، ناردنەدەروە قوربانیانە لەسەر حسابی حکومەت واتە گیرفانی خەڵك !باشە بۆچێ ئەو کۆمپانیایەی کە رۆژ ئەبێتەوە بازرگانی بە ژیانمانەوە دەکات لانی کەم ئەرکی ناردنەدەرەوەی نەخۆشەکانی نەخرێتە سەر ؟!!
دوبارەبونەوەی ئەم روداوانە ئاماژەیە بۆ بەردەوامی یان مانەوەی هۆکارەکەیان کە ماسیە گەورەکانی حیزبن و لە پێناو دەستکەوتنی پارەدا یاری بە ژیان و تەندروستی هاوڵاتیانەوە دەکەن.ئەم مافیایانە لە ئەندامانی دو حیزبی حوکمران خۆیان دەبیننەوە کە لە ئاست مەکتەبی سیاسین و تەنانەت چەندین جار هەرەشەشیان لە لێپرسراوانی کوالێتی کۆنترۆڵکردوە(٣). خەمساردبون لە ئاست ئەم تاوانبارانە، بەڵگەیەکی تری شکانی بەڵێنەکەی سەرۆکی حکومەتە بۆ چاکسازی لە بارودۆخی دەرمان وزلیلبونەوەیەکی تری حکومەت و یاسایە بەدەست حیزبەوە !
ئەم روداوانە لە پاڵ نەهێشتنی متمانەی هاوڵاتیانە بە کەرتی تەندروستی خۆماڵی و روکردنەوە هیندستان و تورکیا وئێران بۆ نەخۆشیەکی سادە ،کاریگەری پێجەوانەشی لەسەر پەیوندەی نێوان دکتۆر و نەخۆش داناوە ، ئەوەی لای ئێمە پزیشکان جێگەی داخە ئەوەیە کە تا ئستاش هاوڵاتیان و تەنانەت هەندێ لە راگەیاندنەکانیش هەڵەی پزیشک و کەموکوری سیستەم لێک جیاناکەنەوە ، لەم رواداوانە دا لە هەمولایەکەوە بەسەر ئێمەدا دەبارن و ئازاری دەرونیمان دەدەن !
سەرچاوەکان:-
(١)...دانپیانانی نوسینگەی رۆژنامەوانی مەلا بەختیار،چاودێرنیوز
(٢)..لێدوانی سەرۆکی لیژنەی تەندروستی پەرلەمان بۆ ئاوێنە نیوز
(٣)..لێدوانی لێپرسراوی کوالێتی کۆنترٶڵی بازگەی بانی مەقان بۆسایتی روداو.
د.حەمید محەمەد زەڵمی
*پزیشکی پلەبەند
.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست