كەلتوری سفرەی حازری
Tuesday, 13/12/2011, 12:00
دوای روداوەكانی بادینان بەرێز مەسرور بەرزانی لەپەیامێكیدا رایگەیاندبوو هەندێ كەس ولایەن هاتونەتە سەر سفرەی حازری ، دیارە بەدیاریكراویش لێی مەبەستی یەكگرتووی ئیسلامی بوو كە پاش رووداوەكانی ئەم دواییەی بادینان بۆ جارێكی دیكە بارەگاكانی سوتێنراو كەوتە بەر رەحمەتی كەلتوری سفرەی حازری!!، ئێمە ئەو مافە بەبەرێز مەسرور بارزانی دەدەین وەك هاوڵاتیەك و سیاسیەك و لێپرسراوێكی باڵای حزبێكی سیاسی چۆن بوچونەكانی دەربڕێت، ئیدی چەندێك هەڵەیە یاخود هەڵەنیە، ئەوەیان بەپێی بۆچونە جیاوازەكان دەگۆڕدرێت، لەراستیدا ئیشی ئێمە وەك كەسێكی بێ لایەن ئەوەنیە دژی قسەكانی ئەم بەڕێزە بوەستینەوە یاخود پشتگیری بكەین، وەكچۆن ئیشی ئێمەش نیە دژی یەكگرتوو یاخود پشتی یەكگرتوش بگرین.
ئێمە لێرەدا دەمانەوێت رەخنە لەچەمكی سفرەی حازری بگرین ، بەكارهێنانەكانی ئەم قسەیە لەكات و شوێنی نادروستدا بەر رەخنە بكەین،خوێندنەوەیەكی بچوك بۆ ماناو دەلالەتەكانی بكەین، بەراستی ئەم چەمكە چەندە ئەوەی چەمكێكە ساڵانێكە وەك قەوانێكی سواو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لێدەدرێت هێندەی ئەوەش چەمكێكی گاڵتەجاڕانەیە.
سفرەی حازری كە هاتۆتە ناو سیاسەتی كوردییەوە هەمیشە بۆ سەركوتكردن و دەمكوتكردنی ئەو حزب و لایەن و كەسایەتیانە بەكارهاتووە كە دوای راپەڕین یاخود چەند ساڵێكی كەم بەرلەڕاپەڕین كاری سیاسیان ئەنجامداوە.
بەمانایەك لەماناكان حزبە باڵادەستەكان زیاتر مەبەستیان لەبەكارهێنانی ئەم چەمكە ئەوەیە ئەوەی ساڵانی حەفتاكان سیاسەتی نەكردووەو خاوەنی خەباتی چەكداری نەبووە ئەوا ئێستا هاتوەتە سەر سفرەی حازری و بۆی نیە خاوەنی هیچ دەسەڵات یان هیچ رۆڵێكی سیاسی یاخود ئابوری یاخود كۆمەڵایەتی بگێڕێت.
بەكورتییەكی ئەو حزبانەی خەباتی شاخیان كردووە بڕیاریان داوە مێژووی سیاسی كورد لەو شوێنەدا دەستپێبكات كە ئەوان خەباتیان تیادا كردووە و لەو شوێنەشدا ئیدی بوەستێت بۆ هەتا هەتایە كە ئەوان دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست.
گاڵتەجاڕییەكە لێرەدایە وەنەبێت ئەو حزبانەشی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابوردوو دامەزرابن لەكاتی ململانێ سیاسی و چەكدارییەكاندا لەگەڵ یەكتری پەنایان نەبردبێتە بەر بەكارهێنانی ئەم چەمكە،بەڵكو ئەدەبیاتی سیاسی حزبەكانی ئێمە لەو ساتانەدا هەمیشە لێوان لێون لەم چەمكە وچەندین چەمكی ناشیرینی دیكە.
لەكەلتوری سفرەی حازریدا ئەوەی پێشوتر بەشداری داخستنی سفرەكەی نەكردبێت بۆی نیە لێی بخوات، یاخود ئەگەر بانگهێشتیش بكرێت تەنها وەك میوانێك رەزا قورس بانگدەكرێت و ئەگەر گلەییەكی هەبێت لە خواردنەكانی سەر سفرەكە ئەوا بەتوندی رەخنەی لێدەگیرێت و ئەوەی بەروودا دەدرێتەوە كە هاتۆتە سەر سفرەی حازری.
میوانی سەر سفرەی حازری وەكچۆن بەشداری نەكردووە لەراخستنی سفرەكەو خواردنەكانی سەر سفرەكەدا ئەوا مافەشی نیە كە رەخنە لەتامی خواردنەكان و ریًَكخستنی خواردنی سەر سفرەكەدا بگرێت.
خاوەن سفرەكانیش لەناو خۆیاندا هەمیشە كۆكنین، هێندەی ئەوەی شەڕی ئەوەیان كردووە كێ زۆرترین خواردنی سەر سفرەكە بۆ خۆی ببات و لەلای سەرەوە دابنشێت ، هێندەی ئەوە كۆك نەبون كە بەتەنیشت یەكەوە دابنیشن و بەیەكسانی خواردنەكە دابەشبكەن.
ئێمە ئەگەر قسەكانی بەڕێز مەسرور بارزانی وەربگرین و بەو مەنتیقە خوێندنەوەیەك بۆ دۆخی كوردستان بكەین ئەوا دەبینن نە یەكگرتوو كە لەناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی پێشووە هەن و نە بزوتنەوەی گۆڕانیش كە چەند ساڵێكی كەمە دامەزراون ئەوا هاتونەتە سەر سفرەی حازری و هەمیشە ئەوەیان بەروودا دەدرێتەوە، نەك هەر ئەمەندەش هەموو ئەو هێزو لایەن و كەسایەتییە سیاسیانەش كە بەتازەیی (دوای حەفتاكان!) دەركەوتون میوانی سەر سفرە حازرییەكەن.نەوەی نوێش كە لەدوای شۆڕشی گەلانی عەرەبی، لێرەش هاتونەتە سەر جادە و هەستێكی سیاسی جیاوازییان هەیە ئەوانەن كە هێشتا نەك هەر نەهاتونەتە سەر سفرە حازرییەكە بەڵكو هێشتا میوانداریش نەكراون.
یەكێتی وپارتیش كە خۆیان بەخاوەنی سفرەكە دەزانن ساڵانێكی درێژ شەڕی ئەوەیان كردووە زۆرترین خواردنی سەر سفرەكە بخۆن و گوێ بەقەڵەویش نەدەن كە چەندە قەڵەو دەبن!!هەر لەو نێوەندەشدا بەهەزاران قوربانیان داوە تاوەكو گەشتونەتە سەر رێكەوتنێك كە بەیەكسانی خواردنی سەر سفرەكە دابەشبكەن!!.
ئەو مەنتیقە سیاسیەی كە هەمیشە خۆی بەخاوەن ماڵ و خاوەن سفرە دەزانێت و ئەوانی دیكەش بەمیوان مەنتیقێكی ناواقیعی و پاوانخوازانەیە، حزبە دەسەڵاتدارەكانی كورد هێندەی ئەوەی بیریان لەوەكردۆتەوە بیریان لەشەریكایەتی و هاوبەشی (میوانان) نەكردۆتەوە. ئەوەتا لەسەرەتای نەوەدەكانەوە هەر بەتەنها دوو حزبی خاوەن خەبات دەسەڵاتیان بەدەستەوەیەوە تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك یاخود حزبێكی گەنجیان بەشداری دەسەڵات پێ نەكردووە و هەموو ئەم كێشانەی كە ئێستا روودەدەن هۆكاری پەراوێز خستنی سیاسی و گەندەڵییەوە.
بەراستی ئەگەر ساڵانێكی زۆر چەمكی سفرەی حازری بۆ دەمكوتكردن و سەركوتكردنی نەیارانی سیاسی و سۆز ڕاكێشانی دۆست ولایەنگرانی پارتێك یاخود حزبێك بەكارهاتبێت ئێستا ئیدی تەواو ئەم چەمكە بۆ ئێستا ناخوات.
نەوەی نوێ و حزبی نوێ هاتونەتە مەیدان و دونیای نوێ دروستبوە، پێویستە شەریكایەتی ئەوانیش بكرێت و سفرە كۆنەكە بپێچرێتەوە چونكە لەلایەك ئیدی كۆن بوە لەلایەكی دیكەشەوە خواردنی سەر سفرەكە یاخود هەموو هەڵوشراو یا ئەوەی ماوەتەوە خراپبوە و بەشی هەموان ناكات، بەڵكو پێویستە سفرەیەكی درێژترو پانترو تازەتر رابخرێت كە جێگای هەموو تیادا ببێتەوە، ئەرێ بەڕاست ئەم سفرە كۆنەی كۆن كەی دەپێچرێتەوە؟؟!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست