ڕۆشنبیر و شۆڕش، وەهمی شۆڕشگێڕێتی!
Saturday, 26/03/2011, 12:00
لەم ڕۆژانەدا گفتوگۆیەکی زۆر لە ئارادایە لەبارەی ڕۆشنبیران و ڕۆڵیانەوە لە شۆڕشدا.
پێش ئەوەی بچمە ناو ئەم باسە کورتەوە پێم باشە بڵێم کە ئیتر ڕۆشنبیرەکان بە تەنیا سەرچاوەو مەرجەعی زانیاری و فیکر نین.ئەمڕۆ هەموو کەسێک دەتوانێت بە کرتەی کۆمپیوتەرەکەی دەستی بگاتە زۆرترین زانیاری و، کتێبیش ئەوەندە گران نییە بە تەنیا دەستی نوخبەیەکی بگاتێ. لە ئەنجامی پێشکەوتنی تەکنیکی و ئەو هەلەی پیشەسازی بون هێناویەتە دی، کەسەکان کاتی فەراغیان زۆر بەدەستەوەیە تا بتوانن بەدواداچونی فیکر و زانیاری بکەن و، دەرس وەرگرن. ئەمڕۆ کەس بە تەنیا مۆنۆپۆڵی فیکر و مەعریفەی بەدەستەوە نیە.
کەواتە ئەم هەموو بگرەو بەردەو دێت و نایەتە لەبارەی ڕۆشنبیران بۆ؟
پرسیارێک کە گرنگە وەڵامی بدرێتەوە ئەوەیە بۆچی دەسەڵات لە لایەک و شۆڕشیش لەلاکەی ترەوە لە هەوڵی ئەوەدان ڕۆشنبیرەکان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن؟
بەڕای من ئەمە لەبەر ئەوەیە کە دەسەڵات هەرچەندە بۆ خۆی لەشکرێکی لە قەڵەم بەدەستی لەبەر دەستدایە، ئەوا پێویستی بە ڕۆشنبیرانە بۆ خۆماکیاجکردن و بۆ ئەوەی ژمارەی شۆڕشگێڕەکانیش کەمبکاتەوە.
شۆڕش و شۆڕشگێرەکانیش پێویستیان بە ڕۆشنبیرەکانە وەکو کۆڵەکەیەکی مەعنەوی لە خەباتەکەیاندا.
بەشداری و ئامادەبونی ئەکتیڤانەی ئەوان لە شۆڕشدا گرنگیەکەی لەوەدایە کە ئەوان هەرچەند نوخبەیەکی خوێندەواریش بن، ئەوا بەشێکی دانەبڕاون لە میللەت نەکو لە دەسەڵات. ئەوان وەکو هاونیشتمانی و وەکو هەمو تاکێکی کۆمەڵ وەرگر و ئامانجی ئاڕاستەکردنی هەڵسوکەوتەکانی دەسەڵاتن. گەر تاکەکانی کۆمەڵ مافیان زەوت بکرێت و سوکایەتیان پێبکرێت ئەوا ئەو ماف لێزەوتکردن و سوکایەتی پێکردنە پشکی زۆری بۆ ڕۆشنبیرانیشە.
ئەمڕۆ کە ئازادیەکان لە سایەی گومڕایی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەییدا پێشێل کراون، ئەوا ڕۆشنبیران لە هەموو کەس زیاتر ئامانجی ئەو ئازادی لێزەوتکردنەن.
کەرامەت شکاندن و پێشێل کردنی تاکەکانی میللەت لە هەمان کاتدا لە دژی ڕۆشنبیرانیشە.
ئەم شۆڕشە شۆڕشی کرێکاران و مارکسیزم نیە، شۆڕشێکی ئایینی نیە، شۆڕشێکی تایفی و ناوچەگەریی نیە تاکو داوابکات ڕۆشنبیران تیایدا خۆیان دۆگم بکەن و، مەودای بیرکردنەوەیان سنورداربکەن. داوا ناکات لە هیچ کەسێک کە تەنیا بە چاوی شۆڕشەکە دنیا ببینێت.
بەشداری ڕۆشنبیران وەکو بەشداری هەموو تاکێکی تر لەسەر ئاستی تاکە کەسێتییە، بەشداری هاوڵاتییە بۆ گەڕانەوەی کەرامەتی خۆێی و بۆ گێڕانەوەی ئەو فەزا ئازادەی کە تاک سەربەستانە خۆی تێدا گەشە پێبدات و ئازادبێت. ئەو ئازادیەی کە مەرجی هەرە سەرەکیە بۆ ڕۆشنبیریش تا لە ئایندەدا ئازادبێت و بە ئارەزووی خۆی بیربکاتەوە، نەکو وەکو کوبرا بە ئیشارەی سەرۆک و سەرکردەی بێوێنە سەما بکات و ژیاننامەی سەرکردەی نەمر بنوسێتەوە.
ئەو ڕۆشنبیرانەی لەوە دەترسێن تواناکانیان بە هۆی ئەم شۆڕشەوە سنوردار دەکرێت لە پەیام و خواست و سروشتی شۆڕشەکە تێنەگەیشتون.
ئەوە شۆڕش نیە کە داوا لە تاکەکانی کۆمەڵ دەکات ببنە شۆڕشگێر، بەڵکو ئەوە دەرئەنجامی ئەو چەوساندنەوەو ماف پێشێلکردنەیە کە دەسەڵات هۆکارەکەیەتی، کە تاک ناچار دەبێت واز لە ژیانی ڕۆژانەی خۆی بهێنێت و ببێتە بکەرێکی شۆڕشگێڕ.
کەسیش لە وەهمی ئەوەدا ناژی کە هەموو تاکێک و هەموو ڕۆشنبیرێک ببنە شۆڕشگێڕ.
بەڵام خۆشبەختە ئەو تاکەی کۆمەڵ و ئەو ڕۆشنبیرەی کە لەم ساتەوەختەی هەڵکشانی گڕگانی شۆڕشی داواکاری مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ببێتە شۆڕشگێڕ و چالاکانە بەشداربێت.
بۆ نمونە سەیری ئەو نەشئەو مەستیی و بەختەوەریە بکەن کە بە دەموچاوەکانی مەیدانی ئازادیەوە دەبینرێت، سەیری ئەو هێمنی و بەختەوەری و خۆشنودیە بکەن کە بە ڕوخساری گوڵپی و زانا و ناسک و فاروق و ئەوانی ترەوەیە.
لە هەمان کاتدا سەیری ئەو شڵەژان و رەنگزەردی و قسە لەرزۆکیە بکەن کە بە ڕوخساری دەمامکەکانی دەسەلاتەوەیە!
بەشداری کردن لە شۆڕش یان نەکردن تیایدا لە توانای فیکری و کاریگەریی بەرهەمە فیکریەکە کەم ناکاتەوە.
گەر سەیرێکی ڕۆشنبیران لە مێژودا بکەین، بۆ نمونە لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا ئەوا بەڵگەی ئەم قسەیەی سەرەوەمان دەستدەکەوێت.
ڤۆڵتێر کە نیوتنی بە فەڕەنسا ناساند و چەقبەستویەکانی دۆگمەکانی کڵێسە و دەسەڵاتی خستە لەرزە، لە هەمان کاتدا زۆربەی ژیانی لە ناو ناز و نیعمەتی دەرباری پادشایەتیدا بەسەر دەبرد. ئەو کە لەژێر کاریگەریی بەریتانیادا داوای ئازادی سیاسی و سنگفراوانی ئایینی دەکرد و لە لۆک فێرببو مێتودی تاقیگەریی پەیڕەوبکات، ڕاستەوخۆ نەبو بە ئاڵاهەڵگر لە شەقامەکانی پاریسی دەمی شۆڕشی مەزنی فەڕەنسیدا.
ڕۆشنبیرانی ئەنسایکلۆپیدیا و ماکینەیی یەکسەر نەچونە ڕیزی شۆڕشگێڕانەوە.
دیدەرۆ و هۆڵباخ و لا مێتری و کۆندیلا و مۆنتسیکۆ و کێ و کێ یەکسەر نەبون بە شۆڕشگێڕ. ئەوەش لە پایەی کاریگەریی فیکرە ڕۆشنگەریەکەیانی کەم نەکردەوە. بەڵام هەمویان بەختەوەریی ئەوەیان بەدەست نەهێنا ئاکتیڤانە ببنە شۆڕشگێڕ.
ئەوان بون بە سێ پۆلەوە:
یەکەم پٶل بەشدار بون لە شۆڕشدا.
دووەم پٶل دانیشتن و کڵاوەکەیان گرت با نەیبات.
سێیەم پۆل لە لای پادشا تێر و تەسەل بوون.
کەواتە تەنیا یەک پۆلیان سەرمەست بوون بە شەرابی بەشداریکردنیان لە شۆڕشدا.
لە کوردستان گەر شۆڕشی ١٩٧٦ بە دواوە باس بکەین ئەوا زۆر لە ڕوناکبیران و ڕۆشنبیرە کاراکانی ئەو کاتە لە شۆڕشدا بەشدار نەبوون. هێندە بەسە گەر تەنیا سەیری بەرهەمەکانی کۆڕی زانیاری کوردو خانەوادەی بەڕێزی مامۆستای عولەما خوالێخۆشبوو مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس بکەین. ئەوان ڕاستەوخۆ نەچونە چیاکان بەڵام کۆی بەرهەمەکانیان لە ڕۆشنکردنەوەی فیکری مرۆڤی کورددا کەم وێنەیە.
ئەمڕۆ پێدەچێت فاروق لە نوسینی چەند کتێبێک دواکەوێت، بەڵام چەند بەختەوەرە کە لە سەر مینبەرەکەی سەرای ئازادیەوە بە دەسەڵات دەڵێت خەیاڵ پڵاوە گەر بۆی بچێتە سەر ئازادیەکان زەوت بکات.
کەواتە ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە شۆڕشدا زۆر ئارەزومەندانەیە.، لە هەمان کاتدا ئەرکێکی ئەخلاقیانەیە. بەڵام چەند بەختەوەرن ئەوانەی بەشداردەبن. کەواتە گرنگە خۆمان لەو وەهمە دەربازکەین کە هەموو ڕۆشنبیرێک ئۆتۆماتیکی دەبێتە شۆڕشگێڕ.
دروشم و فیکرەکانی رۆشنگەریی لەم شۆڕشەدا ئامادەییان هەیە ، بۆ نمونە داوای گەنجان بۆ بە ئەقڵانی کردنی ئیدارە و دامودەزگاکانی بەڕێوەبردن، ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی موتڵەقی سەرۆکی فەرماندە، لایەنی هوشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ، ئەو گەشبینیە کلتوریەی دەبینرێت و لە هەموشی بەرچاوتر دروشمی مافەکانی مرۆڤ و بە هاوڵاتیی بوون بۆ هەمووان.
بەڵام ساتە وەختی ئەم شۆڕشە زۆر لە دیاردەکانی رۆمانتیک و مۆدێرنە و دوای مۆدێرنە و سەردەمی فەیسبوک و گوگڵ و زۆر لایەنی تری پێوە دەبینرێت کە ئەمانە بۆ بابەتەکانی دواتر جێدێڵین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست