"14/4 یەكەم رێكخراوە توانیویەتى بێ مۆڵەت مۆر دروست بكات"
Monday, 09/08/2010, 12:00
رێكخراوى (چواردەى چوار) لەكاتێكدا مۆڵەتى رەسمى لەلایەن حكومەتى هەرێمەوە وەرنەگرتووە،بەڵام ماوەى حەوت مانگە مۆری دروستكردووە،بەو هۆیەشەوە ژمارەیەك لە ئەندامەكانى دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو سكرتێرەكەیان بەدروستكردنى مۆری ساختە تۆمەتبار دەكەن، سكرتێرەكەش دەڵێت"مۆڵەتەكەمان تەنها واژووى وەزیری ماوە".
لەمانگى (12ى 2008) دەستەى رێكخراوى (چواردەى چوار) لە گەرمیان راگەیەنرا،چەندین كەسوكارى ئەئەنفالكراوەكانى ناوچەكەى لە خۆ گرتوبوو،بەڵام چەند دەستەیەكى رێكخراوەكە كە ئێستا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە دەڵێن"بێ مۆڵەت وەرگرتن لە حكومەت،سكرتێری رێكخراوەكە مۆرى تەزویركردووە"،سكرتێری رێكخراوەكەش نكۆڵی لەوەنەكرد كە مۆریان دەرهێناوە دەڵێت" ئەوان ویستیان رێكخراوەكە بۆ مەرامى تایبەتى بەكاربهێنینن".
ئاوێنە لە چەند سەر چاوەیەكى تایبەتەوە زانێویەتى دوانزە ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى ئەو رێكخراوە دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو هەندێكیشیان دوركەوتوونەتەوە،لەكاتێكدا كە دەستەكە لە پانزە كەس پێكهێنراوە.
دلێر عەبدولكەریم ئەندامى دەستلەكاركێشاوەى رێكخراوەى (چواردەى چوار) لە لێدوانكێدا بۆ ئاوێنە رایگەیاند كە نەیانتوانیوە روى راستەقینەى كەس وكارى ئەنفالكراوەكان بنو وتى"ساڵی رابردوو لە یادى ئەنفالدا سەردانى دوو بەرپرسی یەكێتیمان كرد، لەبەر ئەوەى بوختانیان بۆ كۆمەڵەى داكۆكیكار لە كەس و كارى ئەنفالكراوەكان كرد،چونكە هەرشتێك ببوایە دەیانخستە پاڵ ئەو كۆمەڵەیە، تا گرژى لە نێوانماندا روویدا".
ناوبراو باسی لەوەكرد كاریان بە پەیڕەوى ناوخۆ نەكردووە كە لەلایەن وەزارەتى ناوخۆ مۆڵەتیان پێدەدرێت،وتی" ئەو خاڵانەى لە پەیڕەوى ناوخۆ هاتووە لەلایەن سكرتێرى رێكخراوەكەوە جێبەجی نەكراوە،تەنانەت مۆری رێكخراوەكەیش بێ پرسى ئاسایش و ئیدارەى شارەكە دروستكراوە مۆڵەتمانیش نییە."رێكخراوەى (چواردەى چوار) یەكەم رێكخراوە كەتوانیویەتى بێ مۆڵەت مۆر دروستبكات".
ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ساڵی رابردوو لەیادى كارەساتى ئەنفالدا ناسنامەیەكیان دەركردووە،كە پارەى بۆ چاپكردنی لەلایەن بەرپرسان و ئیدارەى شارەكە بۆ وەرگیراوە، وتى"مانگانە بڕێ (700)هەزار دینارمان لەلایەن مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان بۆ سەرفكراوە،كەسیش نازانێ ئەو پارەیە لە چیدا سەرفكراوە،تەنها دوو كۆڕیشمان ئەنجامداوە بۆ چالاكى، تا ئێستا چوار ملیۆن و حەوسەد هەزار دنیار ماوەتەوە".
دلیر عەبدولكەریم ئاشكرایكرد كە لەلایەن مەڵبەندى كەلار ى یەكێتى پشتگیرى سی ئەندامیان كردوە كە مووچەیان بۆ ببڕنەوەو وتی"لەكاتێكدا ئێمە 15 ئەندام بۆین، هەروەها دوو پاسەوانیش،ویستیان مەڵبەند مۆچەمان بۆ دابین بكات،نازانم ئەو پانزە كەسەیتر كێبوون مەڵبەند پشتگیری كردون.ئەمانە دەستیوەردانە لەكارى رێكخراوەى كە مەڵبەند دەیكات".
هەروەها سەنگەر هادى یەكێكى دیكەیە لە ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان باسی لەوەكرد كە هۆكارى سەرەكى وازهێنانى ئەوە بووە، كە نەیویستوە "هەڵە بەسەریدا تێپەڕێت"،وتیشی ئەو برادەرانەى لەگەڵ من وازیانهێناوە گومانی مۆر ساختەكردنی مۆریان هەبووە،هەروەها سكرتیری رێكخراوەكەش، رێكخراوەكەى قۆرخ كردوە بۆخۆی حەزى لەخۆ دەرخستنە".
سەبارەت بە پشتگیركردنى ئەندامانى رێكخراوى (چواردەى چوار) بۆ وەرگرتنى مووچە،مەحمەد عەبدوڵڵا بەرپرسی مەڵبەندى كەلارى یەكێتى لە لێدوانێكدا بۆ ئاوێنە رەتیدەكاتەوە كە پشتگیری ئەو ئەندامانەى كردبێت و وتى"ئەوانە دورە لە راستیەوە،هیچ نوسراوێكمان نەكردووە بۆ ئەوانە كە موچە وەربگرن".
دەربارەى ساختەكردنى مۆرى رێكخراوەكەش، بەرزان كەریم لە بەشی (یاساى چواردەى چوار)كە ئێستا دوركەوتووەتەوەو ئاماژەى بەوەدا كە"بەپێی یاسا دروستكردنى مۆر دەبێت مۆڵەتت هەبێت،یاخود لایەنى پەیوەندیدار ئاگاداربكەیتەوە مۆڵەتت پێدەدات،پاشان مۆر دروست بكەیت،چونكە ناكرێت لە پێشدا مۆر دروست بكەێت و دواتر چاوەڕوێ بكەیت تا مۆڵەتى وەزارەتى ناوخۆ وەردەگریت،لەبەر ئەوەى ئێمە نەبووینەتە رێكخراێكى رەسمی لە حكومەتى هەرێم،لە بەر ئەوە مۆرمان بۆ چییە".
لەبارەى ئەو هاوكارییانەوە وەریانگرتووە،ناوبراو وتى"تاكە كەسێك هاوكارمان بووە قائیمقامى كەلارە،تەنها مەبەستى ئەوە بووە خزمەت بە كۆمەڵێك گەنجى كەسوكاری ئەنفال بكات،لایەنى دوومیش مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان بۆ كرێی خانووە مانگانە بڕێ (7000)هەزار دینارى لەگەڵ مۆلیدەیەكە و كۆمیتەریەك بۆ دابینكردنین".
لەبەرامبەردا فەتاح مەحمود سكرتێری رێكخراوى (چواردەى چوار) لە لێدوانێكدا بۆ ئاوێنە رایگەیاند"ئەوان ویستیان رێكخراوەكە بۆ مەرامى تایبەتى بەكار بهێنینن،رۆژێك لە رۆژان ئەوە ئەندامانە بەشدارى چالاكیان نەكردوە لەبەر ئەوە پێان باشە ناوى خەڵك پیس بكەن.
دەربارەى دروستكردنى مۆری ساختەش، وتى"ئێمە مۆرەكەمان دەرهێناوەو مۆڵەتەكەشمان تەنها واژۆى وەزیر ماوە،هەموو شتە یاساییەكانمان تەواو كردوە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست