کێ سەر ئێشەی بۆ گەلی کورد دروست کردووە ؟ بەشی دووەم
Saturday, 30/06/2012, 12:00
لە دەروێش دەروێشتر ، لە مەلیک مەلیکتر :-
گومان لەوەدا نییە کە هیچ لایەنێک هێندەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لایەنگری داگیرکەران نەبووە و ڕاگەیاندنی هیچ لایەنێکیش هێندەی ڕاگەیاندنی ئەو پارتە لە چەواشەکاری و شێواندنی ڕاستیەکاندا نەبووە . نامەوێت لەم بابەتەدا ئاماژە بە هەموو ڕاگەیاندنەکانی پارتی بدەم ، چونکە کورد گوتەنی (مشتێک نیشانەی خەروارێکە) و تانها سایتی "پەیامنێر"یان دەکەمە نموونە .
سایتی پەیامنێر لەگەل بینینی هەموو ڕاستیەکان ، کەچی زۆر نابەرپرسانە ڕاستیەکان پێچەوانە دەکاتەوە و دەڵێت [ باڵی پەکەکە لە سوریا ، لایەنگری ڕژێمی ئەسەد دەکات ] . هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی پێشینیان کە دەڵێن (لە دز وایە هەموو کەس دزە) ، لە سایتی "پەیامنێر"یش وایە " پەیەدە" هاوشێوەی حیزبە کلاسیکیەکانە و پارتی ئاسا لایەنگری لە داگیرکەران دەکات . تەنانەت خودی مەسعود بارزانی چەندین جار ئەو ڕاستیەی باسکردووە کە پارتی جێگە بڕوای داگیرکەر و دوژمنانە .
بە حوکمی ئەوەی لایەنە کلاسیکیەکان خاوەنی هیچ پڕۆژەیەک نەبوون بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان و چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەکیشیان نەدەکرد کە ڕووبدات ، ئەوا ماڵپەڕی "پەیامنێر"یش هەمان دیدی هەیە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت [بزووتنەوەی کوردی بۆ ئەم حاڵەتە ئامادەنەبوو کە لەگوڕەپانی سوریا روودەدات, چونکە پێشبینی نەدەکرد بارودۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا پەرە بسێنێت ] .
تەنها بۆ بیرهێنانەوەی خوێنەر ، لەسەر بێ بەرنامەیی حیزبە کلاسیکیەکان بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان نموونەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دێنمەوە :- لە کاتی کۆڕەوەکەی ١٩٩١دا دەیانگوت [ ئێمە نە ڕاپەڕینمان کردووە و نە بەرنامەشمان هەبووە بۆ ڕاپەڕین و نە بەشداریشمان کردووە لە ڕاپەڕیندا ، لەبەرئەوە بەرپرسیارێتی ئاوارەبوونی ئێوەش ناکەوێتە سەر شانی ئێمە و خۆتان بەرپرسیارن لەم ڕەوشە ] ، کەچی دوای سەقمگیربوونی ڕەوشەکەش خۆیان کردە هەمەکارە بەسەر دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینەوە .
ئەگەر بە گوتەی سایتی "پەیامنێر" بوویایە ئەوا پێویستی نەدەکرد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هیچ حیزبێکی سیاسی بوونی هەبایە ، چونکە بوونی حیزب خۆی لە خۆیدا واتە ئامادەکردنی گەل بۆ گۆڕانکاری .
سەرسوڕمان ئەوەیە کە لەگەڵ ئەم هەموو چەواشەکاریانەی "پەیامنێر"دا ، هێشتاش ناتوانن خۆیان لە هەندێک ڕاستی ببوێرن و دەڵێت :- [ پ،ی،د ئەو پێگە جەماوەرییە گەورەیەی نەبوو لە نێو خەڵک بە ھۆی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و باشبوونی پەیوەندیەکانی تورکیا و سوریا] .
واتە ناتوانن ئەو ڕاستیە بشارنەوە کە دژایەتیەکانی سوریا بۆ پکک و پەیەدە گەیشتبوویە ئەو ئاستەی کە بەعسیەکان پەیوەندی لەگەڵ تورکدا بگرن بۆ لە ناوبردنی ئەو بزوتنەوانە . ئەمە ڕاستیەکە و نکۆڵی لێناکرێت و لە (پەیماننامەی ئەدەنە)دا واژۆی لەسەر کراوە . بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە ئاڕاستەی "پەیامنێر" دەبێتەوە :-
ئێوە کە خۆتان ناتوانن ڕاستی پەیوەندیەکانی سوریا و تورکیا لە لایەک و دژایەتیکردنی پەیەدە لەلایەن سوریاوە لە لایەکی دیکەوە بشارنەوە ، ئەی ئەم گوتەیەتان لە چی کە دەڵێن (پەیەدە لایەنگری ڕژێمی ئەسەد دەکات) ؟؟!! یان ئەوەتا لە کردەوە و تێڕوانینی خۆتانەوە پۆڵێنی پەیەدەش دەکەن ؟
پاشان "پەیامنێر" دەخوازێت کردەوەی سەرانی باشووری کوردستان بهاوێتە سەر پکک و سەرۆکی پەیەدە و دەڵێت :- [لەسەرەتای سەرھەڵدانی شوڕش و تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان سوریا و تورکیا , دەزگا ئەمنییەکانی سوریا کار لەسەر رۆڵی کوردی دەکەن لە رێگەی پەیوەندیکردن لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و داوا لە ساڵح موسلم کراوە کە یەکێکە لە لایەنگرانی پەکەکە و لە چیای قەندیلە بگەڕێتەوە سوریا ] .
لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا ، هەر کاتێک دوژمن دوچاری نائومێدی بووبێت ئەوا داوای لە دەسەڵاتدارانی باشوور کردووە بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشگێڕان . ئەگەر پێیەکی دەسەڵاتدارانی باشوور لە ئەنقەرە و تاران بووبێت ئەوا پێیەکەی دیکەیان لە بەغدا و دێمەشق بووە . تاکو ئێستاش دەسەڵاتدارانی باشوورخاوەنماڵی دووەمن لە کەرەج و تاران .
تەنها لە مانگی ڕابردوودا دوو جار نێچیرڤان و جارێکیش مەسعود بارزانی چوونەتە ئەنقەرە و هەر بۆ گاڵتەش باسێکیان لەو هەموو کۆمەڵکوژیانە نەکرد کە ڕۆژانە پیادە دەکرێت لەسەر نەتەوەکەمان ، کەچی لەگەڵ کوشتنی هەر جەندرمەیەکدا فرمێسکی بە کوڵ لە چاویان باریووە و سەرەخۆشی و ئیدانەیان لە یەک کاتدا کردووە :- (سەرەخۆشی بۆ دەوڵەتی تورک و کەسوکاری جەندرمەکان ، ئیدانەش بۆ گەلی کورد و شۆڕشگێران) .
هەموو ئەو سەردانانەش بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردان بووە لە ڕۆژئاوادا ، تەنانەت سەرۆک وەزیرانی تورک " ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" زۆر بە ڕاشکاوی گوتی { تورکیا و مەسعود بارزانی هەمان دید و بۆچوونیان هەیە لەسەر سوریا و پکک } ، باوەڕ نەکەم کارمەندەکانی "پەیامنێر" نەزانن تورکیا چ دید و بۆچوونێکی هەیە لەسەر سوریا و پکک !!!
تەنها بۆ بیرهێنانەوەی کارمەندانی "پەیامنێر" { بەڕێز ساڵح موسلم جگە لەوەی کە خودی خۆی گەریلایەکی سەر چیا بووە ، لە هەمان کاتدا کچێک و کوڕێکیشی لە ڕوو بە ڕوو بوونەوەی داگیرکەراندا گیانیان لە دەست داوە و تاکو ئێستاش هاوسەرەکەی لە زیندانی سوریادا دەناڵێنێت } .
دەبوو کارمەندانی "پەیامنێر" بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە باسیان لە سەردانی دەسەڵاتداران بکردایە بۆ [ئەنقەرە و تاران] و ئیدانە و سەرەخۆشیەکانیشیان بخستایەتە ژێر پرسیارەوە نەک هەمان گوتەی ڕۆژنامەکانی (حوڕیەت و میلیەت)ی تورکی دووبارە بکەنەوە .
"پەیامنێر" درێژەی دەداتێ و دەڵێت [ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا دامەزرا بەڵام (پ, ی,د) بەشداری تێدا نەکرد بەھۆی ھەندی بیانووی بێ بنەما, دواتر ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاند, و دەستیگرت بەسەر سنووری نێوان سوریا و ھەرێمی کوردستان وپارەی لەخەڵک وەردەگرت و بەھێزی چەک و بە پاڵپشتی دەزگا ئەمنییەکانی سوریا دەستیکرد بەھەڕەشەکردن لە ھاوڵاتیان لە رێگەی باڵی سەربازییان کە کەسێک بە ناوی (خەبات کاسانی) سەرکردایەتی دەکرد و لە قەندیل گەڕابووە, دواتر لەرووداوێک کوژرا کە بە رووداوی عەبدوڵا بەدرو بەناوبانگە, دواتر (پ. ی. د) سێ لە کوڕەکانی عەبدوڵا بەدرویان کوشتەوە ] . بارک اللە لە وابەستەیی و چەواشەکاریەکانی"پەیامنێر" !!!
ئاخر ، ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا کە لەسەر دەستی تورکیا و ئیخوان الموسلمیندا پێکهاتووە و بورهان غەلیونی سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە زۆر بێ شەرمانە دەیگوت لە سوریادا جێگەیەک نییە بە ناوی کوردستان و کوردان موهاجرن ، ئیتر لە پای چیدا پەیەدە بچێتە ناو ئەو ئەنجومەنە و ببێتە داردەستیان ؟ بەڵام ناهەقی کارمەندەکانی "پەیامنێر" نییە کە بەو شێوەیە بیر بکەنەوە چونکە کورد گوتەنی (خوی شیری ، تا پیری) .
کارمەندانێک کە هەمیشە دەستێکەڵاوی لایەنە کلاسیکیەکان و داگیرکەرانیان بینیووە ئەوا هەر چاوەڕوانی ئەم بیرکردنەوەیەیان لێ دەکرێت و دەبێت هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەوەدا بن کە کوردان بکەونە خزمەتی بێگانەوە . دەنا دڕندایەتی و تاوانەکانی حیزبی بەعس بە هیچ کوردێک شاراوە نییە بەڵام چ گرەنتییەک هەیە کە ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و ئیخوان الموسلمین لە بەعسیەکان خراپتر نابن بەرامبەر بە کوردان ؟
پێدەچێت بەلای کارمەندانی "پەیامنێر"ەوە زۆر دڵگرانی بێت کە پەیەدە دەستی بەسەر خاڵە سنووریەکاندا گرتووە و ڕێگەی لە دزەکردنی میتی تورک و دەزگا هەواڵگریەکانی جیهانی گرتووە !؟
ئەگەر دەست بەسەرداگرتنی خاڵە سنووریەکان تاوانە ، ئەی بۆچی ساڵەهای ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق خاڵە سنووریەکانی باشووری کوردستان و بە تایبەت ئیبرایم خەلیلی گرتووە و شەڕی بێ ئامانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا لەسەریان بەرپا کرد ؟
خۆ ئەگەر پەیەدە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان خاڵە سنووریەکانی کۆنترۆڵ کردووە ئەوا یەکێتی و پارتی خاڵە سنووریەکانیان کردە دەروازەیەک بۆ هێنانی دەیان هەزار جەندرمە و میت و پاسدار و ئیتڵاعات و تەواوی دەزگا هەواڵگریەکانی جیهانی . خۆ ئەگەر پەیەدە بڕێکی زۆر کەم گومرگ وەربگرێت و بیخاتەوە خزمەتی خەڵکەکە ئەوا یەکێتی و پارتی گومرگی مرۆڤەکانیشیان دەکرد و بەرەی تورکمانیشیان کردبوویە شەریکە بەشی گومرگەکە و زۆربەی گومرگەکەشیان دەخستە خزمەتی داگیرکەران و ماڵوێرانی کوردان .
بە حوکمی ئەوەی لە باشووردا هەرچی ئەنفالکەر و بەعسیە پارێزراوە و کراونەتە هەمەکارە بەسەر گەلەوە ئەوا دەبێت کارمەندانی "پەیامنێر"یش هەر لەو چوارچیوەیەدا بیر بکەنەوە ، چونکە " عەبدوڵا بەدرۆیەک " کە خۆی و کوڕەکانی ببوونە گەورەترین ئیستخباراتی بەعس و دەستیان لە هیچ دزی و ڕەشەکوژیەک نەدەپاراست و دواین کردەوەشیان شەهیدکردنی گەریلای ٢٧ ساڵەیی "خەبات دێرک" بوو ئەوا زۆر بەلای کارمەندانی "پەیامنێر"ەوە ئاساییە کە فرمێسکی بە کوڵ بۆ خائینان هەڵڕێژن !
ئەی دەبێت کارمەندانی "پەیامنێر" هەمان بیرکردنەوەشیان هەبێت لەسەر ئەو کەسەی کە بە سەرخۆشی گولەیەکی لە دەست دەرچوو و بەر وێنەیەکی مەلا مستەفا بەرزانی کەوت لە چوارڕیانی "سلێمانی-سەرچنار-بەکرەجۆ" ؟ ئەگەر هەمان بیرکردنەوەیان هەیە ، ئەی بۆچی ڕەخنەیەکیان ئاڕاستەی پارتی نەکرد بۆ خەرجکردنی ملیۆنەها دۆلار بۆ کوشتنی ئەو سەرخۆشە و کەسوکارەکەشی لە سلێمانی ؟ خۆ ئەگەر هەمان بیرکردنەوەشیان نییە ، ئەی چ هۆکارێک هانی داون بۆ هەڵڕشتنی فرمێسکی بە کوڵ بۆ چەند ئیستخباراتێکی بەعس کە دەستیان بە خوێنی فەرماندەیەکی وەکو " خەبات دێرک " سوور کرد ؟
درێژەی هەیە .....
بۆ خۆیندنهوهی بهشی یهکهم ، سهیری ئهم لینیکه بکه :
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=0302c77c
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست