لەكەلار دوو فەرمانبەرى میری،بەنایاسایی پارەیان وەرگرتووەو پاداشتیش دەكرێن
Friday, 14/10/2011, 12:00
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەست ئاوێنە كەوتووە،دوو فەرمانبەرى خانووبەرەى میری گەرمیان،لەبەرامبەر ئیشكردنیان بۆ كۆمپانیایەك بە "نایاسایی" پارەیان وەرگرتووە،هەرچەندە بەپێی نوسراوێك،ئەو دوو فەرمانبەرە سزادراون،بەڵام بەپێی نوسراوێكى تر لەپاش چەند رۆژێك،هەمان دوو فەرمانبەر پاداشت كراون،بەڕێوەبەرى خانوبەرەى میری گەرمیانیش رایدەگەیەنێ "لەوانەیە كارمەندى خۆیەتى ئەو هەڵەیەى كردبێت و هیچ ساختەیەك نەكراوە"
لە نووسراوی ژمارە (223)ى بەڕێوەبەرایەتى خانووبەرەى میری گەرمیان كە لە رۆژى (25/4/2010))،بە واژۆى (موكەڕەم فەتاح محەمەد) بەڕێوەبەرى خانوبەرەى میری گەرمیان دەرچوو، ئاماژە بە سزاى ئاگاداركردنەوەو بڕینى موچەى دوو فەرمانبەر دەكات بەناوەكانى (ت.ا.م) و(ع.ا.م) بۆ ماوەى دوو رۆژ بەهۆی "دەرچوونیان لەدەوام بەبێ ئاگادارییان".
هەروەها لەنوسراوێكى تردا بە ژمارە (238) لە (29/4/2010) ئاماژە بەوە كراوە كە" لەبەر لەكاردابڕان"ى ئەو دوو فەرمانبەرە،دوو ڕۆژ مووچەكانیان دەبڕدرێ،لە نوسراوێكى تریشدا بە ژمارە (245) لە رۆژى (3/5/2010) بە واژۆى بەڕێوەبەرى ناوبراو هەردوو فەرمانبەر پاداشت كراون.
بەدەر لەو نوسراوانەو لەنوسراوێكى دیكەدا كە بەهەمان نوسراوى سەرەوەیە بە ژمارە (223)ى هەمان بەڕێوەبەرایەتى كە لە رۆژى (25/4/2010) دەرچوەو واژۆى (موكەڕەم فەتاح محەمەد) بەڕێوەبەرى خانووبەرەى میری گەرمیانى لەسەرە،ئەم نوسراو جیاوازە ئاماژە بە ڕاگرتنى دەرماڵەى پایەى چەند فەرمانبەرێك دەكات.
بەپێ زانیارییەكانى ئاوێنە، تا ئێستا فەرمانبەر (ع.ا.م) لەو فەرمانگەیە لێپرسراى بەشێكەو فەرمانبەر (ت.ا.م)یش تاكو رۆژى (20/7/2011) لێپرسراوە هۆبەیەك بووەو دواى ئەو بەروارە لەسەر داواى خۆی راژەكەى گواستراوەتەوە بۆ سەر بەڕێوەرایەتى گەنجینەى گەرمیان،بەڵام بەڕێوەبەرى خانوبەرەى میری گەرمیان رایدەگەینێت كە هەردوو فەرمانبەرەكەى گواستوەتەوە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتى خانوبەرەى میری گەرمیان كەپیَِی باش نەبوو ناوى بڵاوبكرێتەوە، بە ئاوێنەى راگەیاند كە لەدواى ئەوەى رۆژى 20/4/2010 لیژنەیەك پێكهاتووە لە (دوو نوێنەرى خانووبەرەى میری گەرمیان و نوێنەرى كشتوكاڵی گەرمیان و نوێنەرى قایمقامیەتى قەزاى كەلار) بۆ كەشفكردنى پارچە زەوى ژمارە (18) كەرتى (11)ى (پار ویڵە) كە پارەى ئیفادیان بۆ خەرجكراوە،بەڵام لەدواى تەواوكردنى ئەو كارەش بڕێك پارەیان لەو هاووڵاتییە بەشێوەبەكى نایاسایی وەرگرتووە.
ئەو سەرچاوەیە وتى"ئەم بڕە پارەیە لەلایەن لێپسراوى لیژنەكەوە وەرگیراوە، سەڕەراى ئەوەى كە هەموو دەرچونێكیان بەمەبەستى كەشفكردن، پارەى ئیفادیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەوە بۆ خەرجكراوە، ،سەرۆكى لیژنەكەش هەموو جارێك هەستاوە بەدابەشكردنى پشكەكان بەسەر لیژنەكەدا،بەڵام لەوكاتەدا نوێنەرى قایمقامى قەزاى كەلار ئەو پارەیە بەناشەرعی زانیوەو وەری نەگرتووە، سەرۆكى لیژنەكەش پشكەكەى بەسەر خۆی و لیژنەكەدا دابەشكردوو".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەدا كە ئەو بەڵگانە لە رۆژى (10/4/2011) خراونەتە بەر دەستى دەستەى دیوانى چاودێری داریی كە سەردانى ئەو بەڕێوەبەراتیەى كردووە بەمەبەستى وربینیكردن لە ئیشوكارەكانیان،هەروەها وتى"بەڕێوەبەرەكە بەڕاشكاوى دانى بەوەداناوە،چونكە هەموو بەڵگەكان حاشا هەڵنەگر بون و نەینتوانى نوكۆڵی لەو گەندەڵییە بكات".
لەمبارەیەوە نوێنەرى قایمقامى قەزاى كەلار، ئاسان فیزوڵا كە ئامادە نەبووە بەنایاسایی پارە وەربگرێت بە ئاوێنەى راگەیاند كە ئەو دوو فەرمانبەرە سزاى ئیدارییان دراوەو پارەكانیان گەڕاندۆتەوە بۆ كۆمپانیاكە و داواى لێبوردنیان لەكۆمپانیا كەكردووە".
هەروەها بەڕێوەبەرى خانوبەرەى میری گەرمیان، موكەرم فەتاح محەمەد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاوێنە رایگەیاند" كە ساڵی پار رابردوو،دوو فەرمانبەر چوون بۆ كشفی كۆمپانیایەك دواى ئەوەى كە هاتن، وتیان لەبری خواردن پارەمان وەرگرتووە كە پێموتن ئەوە كارێكى "نایاساییە"دواتر خاوەن كۆمپانیاكەم بانگهێشت كردو پارەكەیەم بۆ گەڕاندنەوە،دواتریش لەگەڵ قایمقامە سزامان داون و گواستومنەتەوەو لە فەرمانگەكەى خۆشم نەماون".
سەبارەت بەووى كە لە دواى ئاشكراكردنى ئەو گەندەڵییە پاداشتى ئەو دوو فەرمانبەرە كراوە،ناوبراو وتى"ئێمە پاداشتمان نەكردوون و پاداشتى مانگێكیشیمان راگرتوون و كارمەندەكانى تر پاداشتیان وەرگرتووە".
لەبارەى ئەوەى كە ئایا دووسراو لەیەك شێودا بەپێی یاسا گونجاوە؟ موكەڕم فەتاح وتى"لەوانەیە كارمەندی خۆیەتى هەڵەی كردبێت هیچ ساختەیەك نەكراوە،چونكە دەشێت هەموو كەس هەڵە بكات لەدانانى ژمارەیەك و نوسراوەیەك".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست