ویژدان لە هەگبەى حەقیقەتدا
Sunday, 27/09/2009, 12:00
لە پاڵ سێبەرى شەوێكى تاریكدا هێندە توانیم نووشتامەوە تەپڵى سەرم تێكەڵى خاك و خۆڵى زەویەكە دەبوو لەناكاودا ئاوەهام بە مێشكدا هات كە سەرم بەرزبكەمەوە بەشێوەیەك فریشتەكانى ئاسمانى سێیەم و چوارەم ببینم نازانم بۆچى گرانتر لەوەى سەرم دانەوێنم سەرم بەرزكردەوە ڕەنگە بۆ ئەوە بێت زەوى هێزى موگناتیسى هەیە بریا ڕۆژێك زەوى ئەم هێزەى نەمابا تاوەكو گەداو پاشا وەكو یەك بە ئاسمانا بفڕیبانا. ئاخۆ هێزێك هەبێت لەو هێزەى زەوى زیاتر بەهێزتر بێت بەڵێ بۆ نا ئەوەتا مرۆڤ ملیۆنەها كیلۆمەتر لە زەوى دووردەكەوێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەبێ بگەڕێنەوە زەوى.بەڵام هاتنەوەى مرۆڤ لەبەر ئەوە نیە هێزێكى موگناتیسى بەهێزى هەیە بەڵكو لەبەرئەوەى زەوى هێزى ژیاندنى لەهەگبەدایە.ئەم زەویە تەنها مرۆڤى زەلیل نەكردووە ئاوەكانى ئاسمانیش ڕادەكێشێ تەنها دڵۆپە ئاوێك نابینرێت لەو گەردوونە فراوانەدا نەبارێتە سەر ئەم زەویە.ئەگەر ئاسمان هێزى تایبەتى خۆى هەبێت مەگەر ئەمەش ڕاست نیە! ئەگەر ئاسمان دڵۆپە ئاوێك نەبارێنێت مرۆڤ ئەم زەویە چى لێبكات هەربۆیە ئاسمانى گەورەى گەورەكان دەبێت.زۆرجار كە دەچینە شوێنە بەرزەكان وەكو چیاو گردەكان هەست بە ئارامیەكى بێسنوور دەكەین.وا هەست دەكەین هەموومان دڵۆپە ئاوێكین لە عەشقى ئاسماندا تواوینەتەوە سوورێكى كاڵین لە خوێنى ئازیزانماندا سەما دەكەین.ئەوەش ئارامییە ئارامى بەواتاى نقوومبوون لە خەوى پەپوولە باڵ ڕەشەكان ڕەشاییەك وەكو چۆن شەو باڵ بەسەر ڕۆژى ڕووندا دەكێشێت. ئاواش خەونەكان باڵ بەسەر حەقیقەتدا ڕادێرى بە شێوەیەك حەقیقەت تووشى شۆك دەبێت تا ئەو كاتەى واقیع ناچار دان بە بێدەسەڵاتى خۆى دەنا تا ئاستێك نون خۆى بە خواى میسریەكا بزانێت خوایەك وێنەكەى لە شێوەى مانگادایە.میسرییە كۆنەكان خوایەكى تەواویان هەڵبژاردووە چونكە مانگا سكێكى گەورەى تاریكى هەیە ئەوان لە نێو ئەو تاریكیەدا سەدان خەونى ئاڵۆز دەبینن خەون گەلێك هەمووماناكان بۆ ژیان دەگەڕێنێتەوە. خەون تاكە ڕێگەیە كە گورگە مرۆییەكان دەستیان پێناگات لە مێژوودا زۆر دەگمەن دەست بەسەر خەونەكاندا دەگیرێت وەكو چۆن قابیل هارونى كوشت ست ئیزیریسى كوشت ئەفلاتۆن ئەرستۆى كوشت ئیبلیس ئادەمى ڕاونا ئەمانە لە مێژوودا زۆر كەمن.ئەو گورگانەى لەشەودا ئۆپەراسیۆنەكان ئەنجام دەدەن زۆر لە كەمتیار دەچن نێچیرەكان هێشتا زیندوون دەست بەخواردنیان دەكەن هێشتا نێچیرەكە هەناسە دەدات كەچى لایەكیان لێكردۆتەوە.لە تاریكى شەودا هەسارەكان هەست بە ئارامیەكى زۆر دەكەن كاتێك دەردەكەون تریفەى هەسارەو مانگە شەو لەگەڵ نیگاى مرۆڤە دڵسافو فریشتە بێوەیەكان تێكەڵ دەبێت تا بەرەبەیان.تا ئەو كاتەى هەر لەگەڵ یەكەم الله اكبر دا خوێن جۆگەلە دەبەستێت.سەیر نیە كچان زۆریان حەز لە ڕەنگى سوورە ڕەنگى خوێن تەنها ئێمەین ڕەنگى سوورمان خۆش دەوێت.ئەگەر بپرسین بۆ جلى ڕوون لەبەر ناكەین دەڵێین دەرئەكەوین.ڕِاستى ڕوونى حەقیقەت بەدەردەكەوێت ئەو حەقیقەتەى هەریەكەمان لێى تۆقیوین. لەبەر ئەوەى هەموو دەرچەكان دەمانبەنەوە سەر حەقیقەت بۆیە باسى حەقیقەت دەكەین وەك ئەوەى شەو ڕۆژ ئێمە بۆ حسابى ئەو كاردەكەین.ڕەنگە حەقیقەت توانەوە بێت لە بوونى خوددا ئەوەش وادەكات بوونگەرایى پەیمان بە حەقیقەت بدات كە بیپارێزێت.زۆر جار دەوترێت حەقیقەت وێڵە یان فڵان وێڵە بە دواى حەقیقەتدا حەقیقەت هەرگیز وێڵ نیە.تەنها ئەوەیە حەقیقەت لە بووندا خۆى حەشارداوە.ئەوەى جێى سەرسوڕمانە بوونیش ناسراو نیە واتە ئەویش لە خوددایە بۆیە زۆرجار خۆمان پرسیار لە خود دەكەین.ئەوەى ڕاستیە ئەوەیە خود هەمیشە هەیە تەنانەت لە تاریكتریت تاریكیەكانى شەوگاردایە بۆیە دەڵێین هیچ مانایەك نامێنێتەوە بۆ وێڵ بوون. حەقیقەتى هەر گرۆو ئادەمیەك هەمیشە ئامادەیە لێناگەڕى بۆ ساتێكیش لێى دووربكەوێتەوە ئەگینا ئەو وێڵ بوونە ڕوودەدات.حەقیقەت تەنانەت لە خەیاڵیشدا بوونى هەیە بە هێزێكى زۆرەوە زۆرجار تەنها لەخەونەكاندا حەقیقەتى خۆمانمان بەرچاو دەكەوێت ڕەنگە ئەگەر بێژین لە خەوندا باشتر بێت.بونیادى حەقیقەت تەنها دەتوانرێت لە ڕێگەى ئافەریدەكەرى ئەو ڕاستیەوە بتوانرێت تەواوى كایەكانى بناسرێت.ناتوانرێت ئافەریدە لەیاد بكەین چونكە ڕاستیەكان هەرچەندە دەردەكەون بەڵام ئاوەژوو دەبن.ڕاستیەكان لە چوارچێوەیەكى ڕەهادایە بۆیە بیرى ئێمە ناتوانێت لۆدێكى ئەكتیڤى زۆر هەڵگرێت.ئاریشەى ئێمەش هەندێ جار دۆزینەوە نابێت بەڵكو ناتوانین ڕێگاكانى فۆرمەڵە بوونى حەقیقەتەكانى دەوروبەرمان بدۆزینەوە.هەرچەندە لە دڕكە پەتكى ملمان نزیكترە.زۆرجار لە ڕەنگى سوور گیانەوەران دەترسن چونكە حەقیقەتى سوور لاى ئەوان خوێنە ڕاستە دەیانوروژێنێت بەڵام هۆى ئەم وروژاندنە ترسە كە لە دیوى پشتەوەى ڕەنگەكە.ئەگەر گوڵیش سوور نەبوایە ئێمەش لە ڕەنگى سوور دەتۆقین. تا ئێستا خوێنەر واهەست دەكات باسى ئەلیاسەو ئۆدیسەى بۆ دەكرێت.ویژدان ئەو حەقیقەتەیە زۆرێكمان ونمان كردووە كەچى بە دواى ڕاستیەكانیشدا دەگەڕێین.ناكرێت ئەو ڕاستیە لەبیربكەین ویژدان تاكە دروستكراوى خودایە وەكو خۆى دەمێنێتەوە نەكات ناشێوێت زەڕڕەیەك زەفەرى پێنابات.خۆشى لەوەدایە هەمووشمان هەمانە بەڵام هەندێكمان بەخێوى دەكەین و بەخێومان دەكات هەندێكیشمان بەرەڵاى دەكەین و بەخێومان دەكات.ئەگەر ویژدان نەبوبایە نەدەتوانرا خوداش بناسرێت تەنها ئەوە درك بە ڕاستى بوونەوەر دەكات. ئایا ویژدان چیە؟ ڕەنگە ویژدان بریتى بێت لەو فووەى كە كراوەتە ڕۆحى ئادەمەوە و لە باوانەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە.لێ ئەم هێزە میكانیكیە لەناخى هەموماندا هەیە بەڵام مەخابن هەموو مرۆڤێك ناتوانێت ئەو هێزە بەكاربێنێ.لە كاتى نەبوونیشیدا ئامادەگى گەڕانەوەى بۆ خود هەیە.ئەوەش هەیە كە ئەم ویژدانسازى لە بوونى مرۆڤێكدا ساز و ئامادەكراوە.واتە خودكردارە هاوتەریبى لاشەو هۆش..
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست