باحكومەتى هەرێم لە رۆژى رۆژنامەگەرى كوردیدا شانازى بە ئازادى رۆژنامەگەرییەوە نەكات
Friday, 23/04/2010, 12:00
یاساى ساڵی (1992)ى پەرلەمانى كوردستان ئاماژەى بە ئازادى رۆژنامەگەرى كردووە،لە بوارى جێبەجێكردنیشدا ئەو یاسایە ناوێكى بێ ناوەڕۆكە رۆژنامەنووس سووكایەتى پێكراوە و زیندان و غەرامەكردن و كەلەبچەكراوە،پاش ئەوەى خودى خۆم بۆ ماوەى پێنج رۆژ،بە پێی ماددەى (433)ى یاساى عێراقی تایبەت بە (تۆمەتى چەواشە)تەوقیف كرام كە لە سەردەمى رژێمى بەعسدا ئەو یاسایە كارى پێكراوە،لە كاتێكدا هێشتا تۆمەتبارم و هیچم بەسەردا ساغ نەبۆتەوە،كە چی وەكو تاوانبارێكى مەحكوم مامەڵەم لە گەڵدا دەكرا،چونكە هەر لەیەكەم رۆژى بەندكرنمدا بەبێ لێكۆڵینەوەى دادگا خرامە زیندان و بۆ ماوەى دوو كاتژمێر لە زیندانى تاكە كەسی پۆلیسی كەلاردا بەندكرام،ئەمە لە كاتێكدا یاسای كارى رۆژنامەنووسیش نوێ كراوەتەوە لەلایەن پەرلەمانى كوردستان و پەسەندكراوە،هاوكاتیش سەرۆكى هەرێمى كوردستان بڕیارى لەسەر داوە كە نابێت رۆژنامەنووس لە سەر كارى رۆژنامەنووسی زیندانى بكرێت،كە چی كارى پێناكرێت و نەك هەر زیندانى كردن،بە لكۆ وەك كەسێكى دزو جەردە خرامە ژوورى چەقۆكێشەكان و جلڕەشەكان،هەروەها بە دەستى زنجیركراوەوە منیان خستە دواوەى ئۆتۆمبێلى جۆری فۆرد و بە پێش چاوى هاووڵاتییاندا برام تاكو كەسایەتى و رێزم لەناو خەڵكیدا نەهێڵن،ئەوەى جێی پرسیارە بەم یاسا نوێیە كارى پێناكرێت لەدادگاكاندا بەهۆی بڕگەو ماددەى خۆیەوە كە دەتوانێ رۆژنامەنووس بئاخنێتە نێو زیندانەوەو یاسایەك بەو چەشنە دژى ئازادى رۆژنامەگەرییە و هیچ جیاوازییەكى تێدا بەدى ناكەم لەگەڵ ئەو یاسایە زەمەنى بەعسدا،ئەم یاسایە بەچوونە بوارى جێبەجێكردنەوە هەموو ئەو هوتافانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و چیتر دەسەڵات ناتوانێت شانازى بە ئازادى رۆژنامەگەرییەوە بكات،هێندەى تر بوارى رۆژنامەگەرى تەسكتر دەبێتەوە،كەلەپچە و سزاو زیندانى لە سیما دیارەكانى ئەم یاسایەیە،ئەمەش بەرتەسك كردنەوەى ئازادییە و قوڕقۆشمكردنە دەمى رۆژنامەنووسان و ترساندانى قەڵەمەكانە،وتەیەكى یەك لە سەرۆكەكانى پێشووى حكومەتى ڤەنزەوێلامان بە بیردێنێتەوە كە دەڵێت"ناترسم لە دەرگاى جەهەنم كە بەڕوومدا كرایەوە،بەڵكو لە رشتنى مەرەكەبی قەڵًەمى نووسەرێكى رۆژنامە دەترسم"با چیتر حكومەتى هەرێم شانازاى بە ئازادى رۆژنامەگەرییەوە نەكات و خۆشیان بەنوێنەرى خەڵك وەسف نەكەن.كە تا ئێستاش ئەو كێشەیە لەدادگاى كەلار ماوەتەوە هەر رۆژێك بەبیانوێكەوە بانگم دەكەن،رۆژێك بۆ هێنانى سەرنوسەرى گوڤارەكەو رۆژێك بو نەبونى فۆتۆكۆپی لە پۆلیس كەلار كە ئەمەیش بۆ ئەوەیە تا زیاتر ئازارم بدەن،كە خۆش لەوەدایە پۆلیسەكان بەنوكە ئاگادارم دەكەنەوە،زۆرشتى تر لەم دەسەڵاتە و پۆلیسەكان دەبێ چاوەڕوانى لێبكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست