کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاگەیاندن: داواكاریەكانى جەماوەرى ناڕازى كوردستان

Saturday, 05/03/2011, 12:00


داواكارییە هەنوكەییەكان

1. دانپێدانان بە كۆبونەوە جەماوەریەكانى كوردستان وەك بەرەیەك بۆ نوێنەرایەتیكردنى داخوازیەكانى خەڵك و بەشداریپێكردنى نوێنەرانى خۆپیشاندەران لە پڕۆسەى بڕیاردان لەمەڕ مەسەلە چارەنوس سازەكاندا.

2. ڕێگرتن لە هەر جۆرە هەوڵێك بۆ سەپاندنى بارى نائاسایى بە سەر هەر شار و شارۆچكەیەكدا لەوانە بۆ نموونە دابڕاندن و ئابڵوقەدانى شارێك یان بە سەربازگە كردنى شار و شارۆچكەكانى كوردستان.

3. ڕاگەیاندنى ڕەسمى لە لایەن حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكى هەرێم لە بەهەند وەرگرتنى گشت داواكاریەكانى خۆپیشاندەران وجێبەجێكردنیان .

4. دروستكردنى لیژنەیەكى هاوبەش لە پەرلەمان وحكومەت بۆ كۆبونەوە لەگەڵ نوێنەرانى خۆپیشاندەران بەمەبەستى دیاریكردنى میكانیزمى گونجاو وە دیاریكردنى وادە بۆجێبەجێكردنى داواكاریەكان.

5. ئازادكردنى دەستبەجێى سەرجەم دەسگیركراوانى ناو خۆپیشاندانەكان و قەدەغە كردنى دەستگیركردنى بەشداربوان و ڕێكخەرانى خۆپیشاندان.

6. دادگایى كردنى هەموو ئەوانەى كە دەستیان هەبووە لە شەهیدكردن و برینداركردنى خۆپیشاندەران و خستنە ڕووى ئەنجامى لێكۆڵینەوەكانى دادگا و بڵاوكردنەوەى لە ڕاگەیاندنەكاندا.

7. گێڕانەوەى هەموو ئەو هێزە چەكدارانەى كە بۆ مەبەستى گوشارخستنە سەر خۆپیشاندەران یاخود ترساندنیان بە ئاراستەى شارەكان جوڵێندراون .

8. دەستبەجێ بانگهێشتكردنى وەزیرانى ناوخۆ و پێشمەرگە وسەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان وە لیپێچینەوە لەگەڵیان لەبارەى پێشێلكردنى مادەى یەك بڕگەى یەكەم لە یاساى سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان بەوەى هیزى پیشمەرگەیان بەرەو شارەكان جوڵاندووە لە كاتێكدا ئەمە تەنها لە دەسەڵاتى سەرۆكى هەرێمى كوردستاندایە!

9. لابردنى بارەگاى حیزبەكان لە ناوەەندى شار و شارۆچكەكاندا گواستنەوەیان بۆ دەرەوەى شار و شارۆچكەكان.

10. دڵنیا كردنى هاونیشتمانیان لەوەى كە چیدى وە بۆ هەمیشە هیچ هێزێكى نیشتمانى و حكومى كوردى سوپا و هێزى چەكدارى نابەنە سەر هیچ شار و شارۆچكەیەكى كوردستان و سەر هیچ هێزێكى ڕكابەر و نەیارى هێزە فەرمانرەِواكانى كوردستان .

11. بە ڕەسمى پۆزش هێنانەوە بۆ جەماوەرى خۆپیشاندەر لە لایەن هەمو ئەو كەس و لایەن و ڕاگەیاندنانەى كە خۆپیشاندانى خەڵكیان بە "ئاژاوە گێر" ناوبردووە, بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە, وە بە ڕسمى داواى لێبوردن لە جەماوەر بكەن .


داواكاریە بنەڕەتیەكان

1. چاوپیاخشاندنەوە بە ڕەشنوسى دەستورى هەرێمدا بە مەبەستى داڕشتنى دەستورێكى هاوچەرخى دیموكرات كە تێیدا گشت مافە مەدەنى و سیاسی و یاساییەكانى هاونیشتمانیان بە ڕەسمى ناسرابن و دەستەڵاتەكان بە ئاشكرا جیاكرابنەوەو سەربەخۆییان پارێزراو بێت، هەروەها دیاریكردنى میكانیزمى شیاو بۆ ڕێگا گرتن لە هەر جۆرە لاقەكردنێكى دەستەڵات. هەمواركردنى یاساى سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان بە شێوەیەك كە سەرۆكى هەرێم تەنها لەڕێگەى پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێ .

2. داڕشتنى پلانێكى تۆكمە بۆ دابینكردنى سەربەخۆیى دادوەرى و سەروەرى یاسا.

3. جیاكردنەوەى حیزب لە حكومەت بە جۆرێك كە ئیدى حكومەت نەبێتە ئامڕازێك بەدەست حیزبى سیاسیەوە. بەڵكو حكومەت پێویستە وەك دامەزراوەیەكى سەربەخۆ بەرگریكار بێت لە سەرجەم هاونیشتمانیانى ئەم وڵاتە.

4. هەڵوەشاندنەوەى میلیشیاكانى حیزب وە ڕێگرتن لەوەى حیزب خاوەنى هێزى چەكدارو دەزگاى هەواڵگرى و سیخوڕى بێت و هەروەها پاسەوانى دام و دەزگا و بارەگاى حیزبى نەمێنێ و ئەمانیش هەروەك ماڵى ئاسایى هاوڵاتیان سەلامەتیان لە لایەن هێزەكانى ئاسایشى ناوخۆوە بپارێزرێ .

5. سپاردنى وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگە و بەرێوەبەراتیەكانى ئاسایش و پۆلیس بە كەسانى پسپۆر و بێلایەن و بە كردەوە حیزبایەتى لەو دەزگایانەدا قەدەغە بكرێت .

6. كۆتایهێنان بەم مۆدێلە لە حیزب كە تێیدا كۆى كۆمەڵگا داگیردەكات و بە ناوى هەموانەوە بڕیار دەدات وە گۆڕینى بۆ حیزبى دەنگدەر كە پشت بە خستنەڕووى بەرنامەیەكى سیاسى بۆ بەردەم هاونیشتمانیان دەبەستێت و دەست لە كاروبارى حكومەت و سەندیكاو ڕێكخراوە پیشەییەكان وەرنادات.

7. تێنەپەڕاندنى هیچ پڕۆژە یاسایەك لە پەرلەمان بە بێ ئەوەى كە پێشتر هاونیشتمانیان لە كۆڕو كۆبونەوەكاندا گفتوگۆیان لە سەر نەكردبێت و سەرنجەكانیان بە هەند وەرنەگیرابێت.


8. گێڕانەوەى سەرجەم ئەو موڵك و ماڵە گشتى و تایبەتیانەى كە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن هەر كەس و لایەنێكەوە دەستى بەسەردا گیرابێت یاخود بە نرخى ڕەمزى فرۆشرابن بە كەس و لایەنى دى بەدەر لە یاساى فرَشتن و بەكرێدانى موڵك و ماڵى دەوڵەت ژمارە 32 ى ساڵ 1986 .

9. بەكارهێنانى سامان و بودجەى كوردستان بۆ خۆشگوزەرانى خەڵك بە شێوەیەكى دادپەروەرانە لەپێًناو بەدیهێنانى دادپەروەرى كۆمەڵایەتى ڕاستەقینە .

10لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامانى حیزبەكان و لێپرسراوانى حیزبى و حكومى وە گێڕانەوەى سەرجەم ئەو داهاتانەى كەبە شێوەى نا یاسایى بە دەستیان هێناوە وە چەسپاندنى بنەماى ئەمەت لە كوێوە هێناوە (من این لك هژا) ؟

11. خستنە رووى سەرجەم داهاتەكانى كوردستان بۆ ڕاى گشتى بە داهاتە سروشتیەكانى وەك نەوت و غاز وە ئاشكراكردنى حسابە حكومییكانى هەرێمى كوردستان لە ناوە و دەرەوەى وڵات .

12. هەڵوەشاندنەوەى سیستمى خانەنشینكردنى ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و ئەنجومەنەكانى شارەوانى كە بە پلەكانى خزمەت و ساڵى كاركردندا تێنەپەڕیون وە كەمكردنەوەى موچەكانیان بە ڕێژەى %50 .


13. دامەزراندنى دەستەى نەزاهە لە هەرێمى كوردستان بە یاسا وە لە دەرەوەى دەسەڵاتى جێبەجێكردن و پەرلەمان وە سپاردنى كاركردنى ئەم دەزگایە بە كەسانى بێلایەن كە دیاریكرابن لەسەر بنەماى لێهاتویى.

14. رێزگرتن لە سەربەخۆیى دام و دەزگا حكومیەكان ,داراییەكان ,زانكۆكان و پاراستنیان لە سەرجەم دەسەڵاتە فەرمیەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە دەستێوەردانى حیزبى.

15. بڕینى هەر مینحەیەك كەسەرچاوەكەى دارایى گشتى بێت بۆ سەرجەم دام ودەزگا حیزبى و نا ڕەسمیەكان و ڕاگەیاندنەكانیان.

16. هەڵپەساردنى كاركردن بە یاساى خۆپیشاندانى هەرێمى كورستان تا دەرچواندنى یاسایەكى نوێ كە وەڵامدەربێت بۆ داخوازیەكانى ڕاى گشتى هەرێمى كوردستان .

17. باشكردنى ژیان و گوزەرانى سەرجەم توێژەكانى كۆمەڵگە وەك كرێكاران و فەرمانبەران توێژەكانى دیكە بە ڕەچاوكردنى پێوەرە نێو دەوڵتیەكانى ژیانێكى شایستە بە مرۆڤ .

18. ئاشكراكردنى چارەنوسى بێسەرو شوێنەكانى شەڕى ناوخۆ و بێسەروشوینكراوەكانى دامو دەزگا ئەمنیەكان وە قەرەبوكردنەوەیان لە داهاتى ئەو لایەنەى بەر پرسە لە دیارنەمانیان .

19. كاركردن بە ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایى و ئاشكراكردن و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و دادگایكردنیان, وە درەكردنى یاسایەك بۆ بنەبڕكردنى گەندەڵى و سزادانى گەندەڵكاران.

20. دابینكردنى بیمەى تەندروستى و بیكارى بۆ هەموان . .

21. دەركردنى یاسایەك بۆ كۆتایهێنان بە جیاكارى جەندەرى و بۆ بنەبڕكردنى هەر توندوتیژیەك دژ بە ئافرەتان.

22. زیادكردنى پێشینەى هاوسەرگیرى بە شێوەیەك كە بگونجێ لەگەڵ پێویستیەكانى ڕۆژدا و لەكاتى ئێستادا لە دە ملیۆن دینار كەمتر نەبێت.

23. دامەزراندنى دادگاى ئیدارى لەسەرجەم شارەكانى دیكەى هەرێمى كوردستان بە شێوەیەك كە سەر بە دەسەڵاتى دادوەرى بن نەك حكومەتى هەرێمى كوردستان.

24. دابینكردنى شوێنى نیشتەجێبونى هاوچەرخ بۆ هاوڵاتیان بێ پێشەكى و بە قیستى مانگانە .

25. دابینكردنى دایەنگە و باخچەى ساوایانى هاوچەرخ بۆ سەرجەم منداڵان بە خۆڕایى, وە دابینكردنى بڕێك پارەى گونجاو بۆیان تا تەمەنى یاسایى (18 ساڵ) .

26. كەمكردنەوەى گشت باج و رسومات لە دام و دەزگاكانى هەرێمى كوردستان بە ڕێژەى %50 .




تێبینى:
1. پەرلەمان و حكومەتى هەرێم مولزەمە بە فەرمى لە ماوەى 48 كاتژمێرلە دەرچونى ئەم ڕاگەیاندنەوە كارى جدى بكات بۆ جێبەجێكردنى داواكاریە هەنوكەییەكان.
2. لە پەیوەند بە داخوازیە بنەڕەتیەكانەوە پێویستە دەستەڵاتداران هەر لە ئێستاوە تا ڕێكەوتى 4/3/2011 بە فەرمى پلانى خۆیان بۆ جەماوەر ڕابگەیەنن.

3. تیمەكانى ئەنجومەنى كاتى بە بەردەوامى كار لە سەركۆكردنەوەى سەرجەم داواكاریەكانى هاونیشتمانیان لە سەر شەقامەكان دەكەن تا لە لیستێكى گشتگیردا كۆبكرێنەوە.


ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
28/02/2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە