کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەمڕۆ هەمومان خەڵکی سلێمانین، هەمومان کوردستانی..رۆژانەکان ٤

Saturday, 05/03/2011, 12:00


لەو شوێنەی ئازادی هەبێت من لەوێ دەژیم. ئەمرۆ کە مەیدانی ئازادی سلێمانی مانگرتنی سەرتاسەری ڕاگەیاندووە من خەڵکی ئەوێم. هەمومان، لە دیاربەکرەوە بۆ خانەقین و لە قامیشلۆوە بۆ مهاباد، هەر هەمومان خەڵکی ئەوێین.
ئەمرۆ مەیدانی سەرا ئازادە، منیش گیانم لە وێیە.
ئەوەی ئەو مەیدانە داوای دەکات تا سەر ئێسقان داواکاری هەمو کوردێکی ئازادیخواز و بەشمەینەتە.
من خاوەنی ئەو مەیدانە نیم لە دەستکەوتەکانیدا، من خۆم لەگەڵ ئێوە بە خاوەنی دەزانم تا هەمو دەستکەوتەکانی دێتە دی و گیانم فیدای بەرپێی داواکاریەکانێتی. بەڵێ منیش ئەندامێکی ئەو ماڵەم. ئێوە لەوێ بەلاشەتان دەیپارێزن منیش لێرە ستەمکاران ڕسوا دەکەم.

وەڵامێکم هەیە بۆ "خوێنەرێک" ی خۆشەویست کە تێبینی هەبو لەسەر نوسینەکەم لەبارەی غالب. ئەو دەنوسێت:
"نوسینه‌که‌ی کاک پوسه‌یدۆنیشم خوێنده‌وه‌ له‌م سایته‌ هه‌ندێکی زۆر جوانو هه‌ندێکیشی پیا هه‌لداان بوو هه‌رچه‌نده‌ خۆی کردبووه‌ خاوه‌نی مال به‌لام وا پێ ده‌چوو هێشتا نه‌گه‌یشتبێته‌ به‌ر سه‌رای ئازادی خوازان"

بەڕێزم لە بەشێکی زۆری نوسینەکەتدا زۆر ڕاستدەکەیت، بەڵام لە دەربڕینەکەتدا کە پێم دەڵێیت خۆم دەکەم بە خاوەن ماڵ، دیارە لە ئێستەوە خۆت بە خاوەن ماڵ دەزانیت؟
ئەوانەش لە سەرا نین بێبەرن لە ماڵ؟
ئەم بیرکردنەوەیە هەمان بیرکردنەوەی ئەوانەیە وڵاتیان بەم دەردەی ئێستە گەیاندوە. بەم شۆڕشەش کەس بەتەنیا نابێتە خاوەن ماڵ، ئەوە ماڵی هەمومانە. ئەو شٶڕشە بۆ ماڵێکە بۆ هەمومان.
من بیرو ڕاو هەست و سۆزی خۆم دەردەبڕم، بەڵام خۆم بە خاوەنی هەمو ڕاستیەکان نازانم و هەرگیز ناشمەوێت وابێت. تۆ زۆر ڕاست دەکەیت لە قسەکانتا لەبارەی شیعرفرۆشەکان، بەڵام شیعر جێگەی خۆی هەر هەیە و ڕاپەڕینیش پێویستی بە شاعیرەکان و بە کرێکارەکان و بە مەلاکان و بە هەمومانە. بەڵام هەمومان ئەبێت دڵی خۆمان پاککەینەوە و ڕاستگۆ بین.
من سەرسوڕمانی خۆم بۆ هەمو ئەوانە دەردەبڕم کە ئەو شۆڕشەیان بەرپا کردوەو تێیدا بەشدارن، جا گەر لە پیاهەڵدان دەچێت ئەوا بۆ مەبەستی تایبەتی نیە.
مەیدانی ئازادی بە تەنیا هەر ئەو پارچە جوگرافیایە نیە کە لەبەر دەرکی سەرایە، ئەو مەیدانە کاریگەریی و بوعدە دەرونیەکانی زۆر گەورەترن. هەمومان بە لاشە یان بە گیان لەوێین.
دڵنیابە هەرهەمومان، تۆش و منیش کە دژی ستەمین. ستەمکارانیش، ئەمڕۆ مەسعود و جەلال بە هەمو بونی خۆیان لەوێن. ئەوان بەترسەوەو، تۆش لەوێیت بەبێ ترس. منیش بە ڕوح، بەڵام بەلاشە لێرەم تا گەر پێویستی کرد لە دەرگەی هەمو ئەوانە بدەم کە دەتوانن نەهێڵن تۆ بێدەنگ کرێیت.
من لەهەر شوێنێک چەوسانەوە هەبێت، لەوێ قسەی خۆم هەیە. قسەی منیش بۆ پشتگیری ستەم لێکراوانە نەک بۆ خواردنی بەرهەمەکەی.
دەستکەوتەکانی ئەوێ بۆ تۆ و هەڤاڵەکانت و بۆ هەمو ئەوانەش کە ناتوانن لەوێ بن، سەربەرزیەکەشی بۆ قوربانیەکان، و ویژدانی مورتاحیش بۆ من و بۆ ئەوانەی بە لاشە لێرەن و بە روح لای ئێوە.

حەمە عومەر عوسمان:

حەمەگیان دەستخۆش! هەڵوێستەکانت بەرزن، ئازایەتیت هەمو شیعر فرۆشەکانی خەجاڵەت کرد.
نمونەت هەر زۆر بێت! ئەمڕۆ هەمومان بۆ سەرخستنی ئەو شۆڕشە پێویستین.

جەلال و مەسعود:

هەرچی وتراوە لە بارەتانەوە ڕاستە، ئێوە نەک ناتونن چاکسازی بکەن ناشتانەوێت خەڵکی تریش بیکات.
ئەوەی بە لاشتانەوە گرنگ نەبێت خوێنی گەنجەکانی ئەم وڵاتەیە.

مامۆستا مەلا عەلی هەرتەلی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت و لەلایەن دەسەڵاتەوە دەگوێزرێتەوەو لە بارەی ئەوەوە خەبات دەنوسێت:
" پەیوەندی بە پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف هەیە و بە شێوازێکی یاسایی و ئوسوڵی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بەڕێز وەزیری ئەوقافیش لەو ئیجرائاتانە ئاگادارە و نە پارتی نە هیچ لایەنێکی دیکە ئاگایان لەو مەسەلەیە نیە."
کە گواستوتانەتەوە و نەقڵتان کردوە و پارتی دەستی تیا نیە بۆ باسی دەکەن؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە