نوسینێکی سەر لاپەڕەیەکی زەرد
Wednesday, 30/03/2011, 12:00
لە پێش هاتنی ئەردوگان بۆ هەولێر:
لە ١٧ ی شوباتدا لە سلێمانی لقی چوارمان لەلایەن منداڵەوردکەوە درایە بەر بەرد. کوڕە ئازاکانی ڕێبازی بارزانی توڕەبون و سەمفۆنیای مەرگیان بۆ سازکردن.
لە زۆر لاوە فشارمان خرایە سەر. بۆیە ناچاربوین پەنا بەرینە بەر دۆستە هەمیشەییەکانمان لەو دیو سنورەوە. مام و نێچیرمان چون بۆ ئێران و ئەردوگانیشمان بۆ هەولێر داوەت کرد.
پێمان وتبوو هەولێری بۆ سور دەکەین، هەولێر و کوردستانی بۆ سور دەکەین گەر سەرۆک و بنەماڵەکەی بپارێزێت!
بۆیە ئەو هات!
ئەمەش پەیامی پارتیمان:
ئەردوگان
هاتنی ئەردوگان بۆ هەولێر دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە. دەستکەوتێکە لە مێژووی هەولێر و کوردستان و تورکیادا بێ وێنەیە.
ئەمڕۆ ئەردوگان هات، پێویستی بەوە نەبو تەنانەت بەردێکیش بهاوێت. هاتنی ئەو بۆ هەولێر لە گرتنی لقی چوار ئاسانتر بوو.
لە ژیانی سیاسی سەرۆک بارزانی و مێژوی کورددا ئەمە یەکەمجارە بەرپرسێکی وا پایە بڵندی تورک بێتە هەرێمە جوانەکەمان.
لە فوئاد حسێن بپرسن دەڵێت سەرۆک مژدەیەکی خۆشی پێیە.
هەموو شەقام و ستونەکانی کارەبا و سەر باڵەخانەکانی هەولێر لە داخی شقارتە بە دەستەکان کران بە ڕەنگی سوور، بە ئاڵا.
ئاڵای سور و جامانەی سور هەردوک سورن.
لە هەولێریەکان بپرسن دەڵێن ڕوداوەکان زۆر خێرا دەڕۆن، ئەوان دەڵێن ئەمە یەکەمجارە لە دوای هۆلاکۆ
سوپاسالارێکی نێوەندی ئاسیا بێتە نزیک قەڵا و، بە لوتفەوە پێشوازی لێبکرێت.
ئەمڕۆ ئەردوگان هەولێری پڕکرد، بە وجودی خۆی هەولێری شادکرد. سەرۆکی شادکرد، شادیی سەرۆکیش شادیی هەموو هەولێرە. شادی هەمومانە.
هەولێر هێندە سەرۆکیان خۆشدەوێت تەنانەت دوانیشیان کۆنابنەوەو ناچنە باخی شار.
پیاوێکی وا شکۆدار و بەهێز تەنیا سەرۆک دەزانێت بۆچی دێت.
ئەردوگان ئەم هەرێمە جوانەی خۆشدەوێت.
ئێستا سەرۆک زۆر دڵنیایە، لە هەموو کات دڵنیاترە!
هاتنی ئەردوگان بۆ هەولێر دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە!
بە بێ خوێنڕشتن هەموو شت تەواو بوو.
ئەردوگان دۆستی سەرۆکە، لەبەر دڵی سەرۆک و لەبەر جوانی هەرێمەکە، ئامادەیە هەرێم بکات بە بەشێک لە تورکیاو ڕێگەبدات ئاڵا شکۆدارەکەی باوکی تورک، موستەفای کەمال، لە بری ئاڵای کوردستان لەسەر هەموو بەرزاییەکی ئەم هەرێمە بشەکێتەوە.
ئەردوگان بە زەردەخەنەکانی سەرۆک زۆر هێمن دەبێتەوە.
زۆر دڵنیا دەبێتەوە،
دڵنیاتر لە سەرۆک!
ئەمڕۆ ئەردوگان هات،
لەسەر داوای سەرۆک بۆ لای هەمومان هات."
......................................................
لە وەڵامی لاپەڕە زەردەکەدا و ئۆرگانەکانی تری بنەماڵە:
ئەوە باوەشی گەرمی ئەردوگانە بۆ ئەوان!
ئەوە سەرکەوتنە بۆ بنەماڵە نەک بۆ میللەت. ئەوە گەورەترین تێکشکانە ئەوان دوجاری میللەتی دەکەن.
پاش ئەو فشارە مەزنەی شۆڕشی ١٧ ی شوبات و گەنجانی مەیدانە ئازادەکان خستیانە سەر بنەماڵەو کورسیەکەیان کەوتە لەرزە، بارزانی و تاڵەبانی بەپەلە کەوتنە خۆیان و پەنایان بۆ هونەرە کۆنەکەیان برد کە تیایدا زۆر کارامەن. بە پیشەی جارانیان پەنایان برد بۆ ئەحمەدی نەژاد و ئەردوگان و خزمەتەکانیان خستە ڕوو.
ئەمە دوبارە سەلماندیەوە کە ئەوان هیچ سەروەریەکیان نیە بێجگە لە نۆکەریی بۆ دوژمنان.
ئەمە بوو ئەو دەوڵەتە کوردیەی ئەوان دروستیان دەکرد، دەوڵەتی بەیداخی تورکان.
ئەوان قسەی ناشیرین نەما بە گەنجەکانی نەڵێن، بوختان نەما دوایانی نەخەن. تاوانباریان کردن بەوەی دەستیان لە پشتە!
کەچی خۆیان هەرزوو چونەوە باوەشی گەرمی باوەشی کراوەی دوژمانی کورد و، بە سەرکەوتنیان لە قەڵەم دا.
هێنایانن بۆ هەولێری پێگەی بڕیاری سیاسی کوردستان و، ئاڵاکەیان سەپاندن بەسەرماندا.
هەولێریان کرد بە ئیستانبول.
ئیستانبول یانی بوەستەو ببە!
ئەوان بە ئەردوگانیان وت بوەستەو بیبە!
هەموو هەولێریان بۆ کرد بە ئیستانبول تا بیبات.
ئەوەش لە پێناو مانەوەی بنەماڵەو هیچی تر!
ئەو هاتنەی ئەردوگان هیچ نەبوو بێجگە لە پەنا بردنە بەر تورک بۆ دەربازکردن و ڕزگارکردنی بنەماڵە!
ئەمە نەک سەرکەوتن بوو، بەڵکو گەورەترین سوکایەتی بو بە نیشتمان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست