17ى شوبات و ئیسلامیەکان
Tuesday, 19/02/2013, 12:00
17ى شوبات لەدەرئەنجامى نارەزایى وتورەى خەڵکى کوردستان بەتایبەتى سنورى پارێزگاى سلێمانى بوو لە دەسەڵاتى پارتى ویەکێتى کە ماوەى چەند ساڵە بەئارەزووى خۆیان یارى بە ژیان و ژیار وبنەماکانى مرۆڤایەتى دەکەن لە کوردستان ، سەرەتاکانى ئەم نارەزایەتیە بگەرێتەوە بۆ ساڵى 2007 کە ئەو کاتە گەنجانى دەربەندیخان و کەلارو هەڵەبجە لەرێگەى خۆپیشاندان داواى چاکسازى و خزمەتگوزاریان دەکرد بۆیە دەتوانین ئەوە بەهەنگاوى یەکەم باس بکەین ، 17 شوبات شۆرشى گەنجان بوو لە بێ متمانەى دەسەڵات و زۆربوونى سەرمایەدار لە کوردستان بردنى نەوت و دیارنەمانىداهات و بەفیرۆدانى موڵکى گشتى.
بەڵام حزبە ئیسلامیەکان ویستیان ئەو خۆپیشاندانە و خوێنى گەنجان وشەهیدەکان بە ئاراستەى خۆیان ببەن و چەپکە گوڵێک بەدیارى پێشکەش بە ئیخوانەکانى میسر بکەن کە بەهارى عەرەبیان کردۆتە بەهارى کوردى نەک بەدواى داخوازیى گەنجان بن و داواى مافەکانى هاووڵاتیبوون بکەن.
کۆمەڵێک پرسیار دروست دەبێت لەبەشدارى ئیسلامیەکان وە گومانەکانیش بەپێ کەش و هەواکەى حەقیقین ، بۆچى بارەگاکانى یەکگرتووى ئیسلامى سووتا لەبادینان ئەو حزبە خۆپیشاندانى نەکردو سەرشەقامى نەگرت ؟
یان بەشێوەیەکى تر بۆچى یەکگرتوو خۆى بە حزبىدووەم دەزانێت لە دهۆک نەیتوانى بەدەم داخوازیەکانى خەڵکەوە بچێت و هاووڵاتیان بهێنێتە سەرشەقام ؟
ئایا ئەگەر بزووتنەوەى گۆڕان نەبوایە هەموو بە ناو ئیسلامیەکان دەیان وێرا بێنە سەرشەقام داواى هیچ بکەن؟ ئایا بۆچى ئەو خۆپیشاندانە درێژەى نەکێشاو بەردەوام نەبوو هۆکارەکەى بۆ ئەوە نەبوو ئیسلامیەکان دەیان ویست لەو رێگەیەوە کۆنترۆڵى کوردستان بکەن .
زۆر پرسیارى بێ وەڵام هەیە بۆ ئەوەى بتوانین باوەر بەوە بکەین کە هێزە ئیسلامیەکان دەیانویست لەگەڵ مافى خەلک بن و بەجدى کار بۆ داخوازیەکانى خەڵک بکەن ، چونکە ئەوان خۆیان شاردەوە لە پشت پەردەو نەیانویست داخوازیەکانى خۆپیشاندەران بەئاراستەى خۆى بچێت بۆیە ناکرێت لە هیچ جوڵانەوە و کارێکى مەدەنى پشت بە هێزە ئیسلامیەکان ببەستین کە داینامۆى بیرى ئیخوانى عەرەبین لەگەڵ ئەوەى خۆیان ناتوانن بەراستگۆیان بێنە سەرشەقام و داواى داخوازیەکانى خەڵک بکەن .
ئەوە زیاتر گومانمان لا دروست دەکات لەکاتى خۆپیشاندانەکان لەکەناڵەکانى حزبە ئیسلامیەکان هاتنە سەر خەت و پێناسەى خۆپیشاندەرانیان بە ئاژاوە گێر و لادەر وەسف کرد هەروەها تاوەکو ئێستا نەیانتوانى بۆ ماوەى دوو ساڵە کۆبونەوەیەکى تر لەبەردەرکى سەرا یان هەر شوێنێکى تر بکەن چونکەئەمجارە بزووتنەوەى گۆڕان هاوکاریان نابێت و لەگەڵیان نیە ، ئەوان سیاسەتێکى دولایەنە دەکەن لەکەناڵەکانى راگەیاند بە جۆرێک قسە دەکەن و لاى دەسەڵاتیش مامە حەمەیى دەکەن بۆئەوەى ئیمتیازاتى زیاتر وەربگرن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست