سیاسەتی کارت بە کارت وەک سیاسەتی کوتەک و گوێزەرەکەیە هەردوکیان ئامڕازێکین بۆ سوکایەتی کردن بە مرۆڤایەتی
Tuesday, 15/07/2014, 12:00
(لەم ڕەوشەی کە لە باشوری کوردستاندا دەگوزەرێت حیزبە کوردیەکان بە بەرهەڵستکار و دەسەڵاتەوە دەیانەوێت ڕەوایەتی بە سیاسەتێک بدەن کە سەردەمانێکە لە جیهاندا بێجگە لە ماڵوێرانی و بێچارەیی هیچ چارەسەرێکی لێ بەدی نەهاتوە)
لەوەتەی کێشەی کوردستان هەیە خەڵکەکەی هەمیشە بونەتە قوربانی سیاسەتی گۆڕینەوەی کارتەکان جا ئەو کارتانە ناوخۆیی یان ناوچەیی یان نێودەوڵەتی بوبن، هەمیشە لە ڕێگەی ئەو کارتانەوە کوردیان چەوساندۆتەوە و خاک و ئاو و سامانیان داگیرکردوە و هەر ڕۆژەی قومار لەسەر بەشێکی جەستەی کوردستان بەڕێوەچوە.
ئەگەر نمونەش بهێنینەوە ئەوە نمونەکان هێندە زۆرن کە لە ژماردن نایەن و ناتوانین لێرەدا هەمویان باس بکەین و تەنها ٣١ ئاب و ئاشبەتاڵ و لە سێدارەدانی قازی موحەمەد و گرتنی ئۆجەلان و کارەساتی هەکاری، بەسن بۆ سەلماندنی کاریگەریە وێرانکارەکانی ئەم سیاسەتە نەفرەتییە.
ئەگەر ڕوونتریش باسی بکەین، ئاخۆ ڕێکەوتنی جەزائیر لەسەر حسابی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان نەبو کاتێک ئێران و عێراق لەسەر مێزی حکومەتەکەی جەزائیر لە یاریەکی قومارداخۆیان براوە دەرچون و کورد و شۆڕشەکەشی دۆڕاو؟
ئەی کاتێک عەبدوڵا ئۆجەلان لە دەرگای وڵاتانی شەرق و غەربی دەدا بۆچی یەکێکیان ئامادە نەبون دەست بەرداری یەکێک لە کارتەکانی خۆیان بن و دەرگای لێ بکەنەوە یان ئەوەش قومارێک بو بە کەسایەتی ئەو کەسە و لە کاتێکدا لە زۆری ئەو وڵاتانەدا مافی ئیقامەی سیاسی و دائیمیان دەدا بە کەسانێک کە تەنها بۆ کارکردن و خۆشگوزەرانی خۆیان چوبونە ئەو وڵاتانە بەڵام ڕێگەیان نەدا کێشەی باکوری کوردستان لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە بچێتە بەرقاپی سیستەم و یاسا بە ناو شارستانی و دیموکراتیەکەیان؟ ئەوەبو کام وڵاتەی لەسەر ئەم زەویە پان و بەرینەیە ، کارتەکانی خۆیان لە کەسایەتی ئەودا تاقی کردەوە و لە پێناوی کارتێکی بەرژەوەندی خۆیاندا پێیان بە جەرگ و دڵی هەزاران دایکی شەهید و گەریلای بێ سەرو شوێنکراوی باکوری کوردستاندا نا.
لە سیاسەتدا هەمو شتێک خراپ نییە بەڵام بە داخەوە هەر لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمەوە سیاسەت مەداران لە دنیادا بە شێوەیەک سیاسەتیان بەکارهێناوە کە ئێستا و لە پاش ئەو هەمو ماڵوێرانی و کاولکاریەی کە سیاسەت بەسەر ئەم زەمینە و دانیشتوانەکەیدا هێناوە مرۆڤە بێ لایەنەکان بە شێوەیەک سیاسەت و کەسانی سیاسیان لا ڕەش بوە کە متمانە بە هیچ بەڵێن و قسە و وتەیەک ناکەن کە لە دەمی سیاسیەکانەوە دەردەچێ، بە تایبەتیش ئەگەر لە پێش هەڵبژاردن بێت!
لێرەدا جێگەی خۆیەتی قسەی یەکێک لە سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەبیر خوێنەران بهێنینەوە کە دەڵێت:
سیاسەتمەداری ڕاستگۆ و ڕاستەقینە سیاسەت لەگەڵ خەڵکی خۆی ناکات.
کارم بەوە نییە ئەو بەڕێزە چەندە خاوەندارێتی لەم قسەیەی خۆی کردوە و (بۆیە ناویشی ناهێنم)، ئومێد دەکەم وتەکەی لە هەڵس و کەوتیدا ڕەنگ بداتەوە، ناوەرۆکی ئەم وتەیە ڕوونە و مەبەستی سیاسەتی خراپ و و گوماناوییە و منیش هەروەک لە پێشدا ئاماژەم پێدا سیاسەت باش و خراپی هەیە بۆیە پێویستە هەر بزوتنەویەکی کوردستانی کە ئیدیعای نەتەوەیی بون دەکەن دەست لە سیاسەتی گوماناوی و ناڕۆشن هەڵبگرن و دەست نەبەن بۆ بازرگانی کردن و سیاسەتی گۆڕینەوەی کارتەکان کە سەردەمانێکە دژ بە کورد بەکاردەهێنرێت و ئێستاش لە قەیرانەکانی دنیادا بە ڕوونی دەیبینین کێ کارت بەرامبەر کێ بەکاردەهێنێت.
سیاسەتی کارت بە کارت درێژکراوەی هەمان ئەو سیاسەتە نەفرەتیەیە کە سیاسیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ناویان لێنا (کارۆت ئاند ستیک)(Carrot and Stick)، واتە گوێزەر و کوتەک (بە عەرەبی پێی دەڵێن سیاسەتی ئەل عەسا وەل جەزەرە)، لە ژێر پەردەی ئەم سیاسەتەدابە هەزاران خەڵکی کوژران و لە زیندانەکان توند کران و چەندین پرسی نەتەوەیی و سیاسیش لەم دنیایەیدا ژێراو ژوور کران.
لە ئێستادا سیاسەتی کارت بە کارت و پاشقول لە یەک گرتن بە ئاشکرایی لە نێوان حیزبە کوردیەکانی باشوردا لەسەر دوو ئاست بەڕێوە دەچێت، گەر ئاستێکیان ناوخۆیی بێت و لە نێوان حیزبەکان خۆیاندا بێت ئەوا ئاستەکەی تر ناوچەییە و وڵاتانی دەوروبەر ڕۆڵی گەورەی تێدا دەبینن.
دیارە لە هەردوو ئاستەکەشدا وەک هەمیشە براوەی تاسەر هەمو حیزبەکان و بە ناو سیاسەت مەدارەکانیانە و دۆڕاوی سەرەکیش جەماوەر و خەڵکی بێچارەی کوردستانە.
بۆ ئەوەی مەبەستی ئەم وتانە لای خوێنەر ڕوونتر بن، فەرمون بزانن یەکێتی و پارتی و لەگەڵیشیاندا سێ حیزبە بەرهەڵستکارەکە بە بێدەنگ بونیان لە ئاست سیاسەتەکانی دوو حیزبە دەسەڵات دارەکە، چۆن یاری بە کارتی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن:
لە کاتێکدا هەر هاوڵاتیەکی کوردی سادە و ساکار و تەنانەت نەخوێندەوار و دووریش لە دنیای ئاڵۆزی سیاسەت بدوێنی، پێت دەڵێ چاری کورد سەربەخۆییە، بەڵام کام سەربەخۆیی؟!
لە ئێستادا پارتی و یەکێتی کارتی سەربەخۆیی جار جارە بەکاردەهێنن، جارێک دژ بە ئێران، جارێک دژ بە تورکیا، جارێک دژ بە عێراق، جارێک دژ بە ئەمریکا و ناتۆ و ئەوروپا، جارێک دژ بەو هاوڵاتییە سادە و ساکارەی کە لە دێڕی پێشودا باسمان کرد.
وەک ئەنجامەکەشی دەبینین تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی ئەم دروشمە تەنها لەو کاتانەدا بەکار دەهێنن کە دەسەڵات و سەرچاوەی ئابوری حیزبەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە و هەرگیز ئەم دروشمە هەڵقوڵاوی ئەو هەستە پاکە نییە کە لە دەمی هاوڵاتیە سادەکەوە دەردەبڕێت.
ئەگەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان بە پێی سیاسەتی کوتەک و گوێزەرەکە شی بکەینەوە ئەوە وێنەیەکی گاڵتە ئامێزی لێ دەردەچێت و لەوێوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دنیای سیاسەت چەند ئاڵۆزە و چۆن سوکایەتی بە هەمو شتێک دەکرێت لەو دنیایەدا:
بە پێی ئەم سیاسەتە سەربەخۆیی کوردستان گوێزەرەکەیە و کوتەکیش لە دەست هەمو ئەو دەسەڵات و حیزب و دەوڵەتانەدایە کە یاری بەم مافەی کوردستان دەکەن و زوو زوو تامی تامی بە خەڵکی کوردستان دەکەن و لەولاشەوە بە کوتەک دەکێشن بە پشتی هەمان ئەو خەڵکەدا تاوەکو هەر بە ئاواتی ئەو گوێزەرەوە لە ڕاکردندا بن.
ئومێد دەکەم بەراوردەکە مەبەستی خۆی پێکابێت و خەڵکی لەمەودوا بتوانن سیاسەتی باش و خراپ لێک جیا بکەنەوە و چیتر بە سانایی نەکەونە دوای پەیام و دروشمی بەتاڵ.
ئەگەر ئەوە تەنها یەک نمونەی سیاسەتی کوتەک و گوێزەر بێت ئەوە فشار هێنان بۆ پەکەکە و تیرۆر کردنی ئەندامە چالاکەکانیان لە فەرەنسا و داخستنی بارەگا و بنکەی هەواداران و لایەنگرانیان لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی پارتی نمونەیەکی تری ئەم سیاسەتە بەدناوەیە.
لێرەدا ناچمە ووردەکاری و نمونە هێنانەوەی زیاترەوە و بە جێی دەهێڵم بۆ ئەو سیاسەت مەدارە ڕاستگۆ و پاکانەی کە ئەگەر هەبن لە کوردستاندا تاوەکو بزانن کوردستان لە سایەی سیاسەتی کارت بە کارت و کوتەک و گوێزەری وڵاتانی ناوچەکە خەریکە بەرەو کوێ دەچێت.
لە ساڵانی هەشتاکان و تا ئەم دواییانەش ئەم وێنەیە لە زۆر ڕۆژنامە و میدیای جیهانیدا بڵاودەبۆوە، خۆزگە ڕۆژگارێک دەهات کورد خۆی دەچوە سەر پشتی کەرەکە و گوێزەرەکەش خۆی لە خاکی کوردستاندا دەیڕواند و جار جارە بە کەرەکەی دەوت هەچە کەرەکەم با گوێزەرێکت دەمێ!
پێویستە لە کوردستاندا هەمو لایەنە سیاسیەکان بیر لە هێنانەکایەی سیاسەتێکی کوردیانە بکەنەوە کە تێیدا ماڵ و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نەبێت بە کارت بە دەست کەسانی نابەرپرسەوە و کەسیش بیر لەوە نەکاتەوە کوتەک لە خەڵکی خۆی هەڵگرێت و تامی تامی گوێزەریان پێ نەکات.
ڕووڕەشی بۆ ئەو سیاسەت مەدارانەی کە بە درێژایی ئەم سەدەیەی ڕابردو بە سیاسەتە خراپەکانیان ئەم پاشخان و فەرهەنگە ناشرینەیان بۆ مرۆڤایەتی بە بەرهەم هانی.
(سیاسەتی کوتەک و گوێزەر دەربڕینێکی سیاسیە مانای ئەوە دەگەیەنێت کاتێک کەسێک یان لایەنێک داواکاریەکیان هەیە لایەنی بەرامبەر بۆ ئەوەی ئەو داواکاریانە بە ئاسانی یان هەرگیز جێ بە جێ نەکات شوێن و کاتی گەیشتن بە داواکاریەکان دووردەخاتەوە بۆ ئاستێک کە دەستی کەسی پێ نەگات و لەولاشەوە گوشار و فشار دەخاتە سەر ئەو کەس و لایەنە لە پێناوی دەست هەڵگرتن لە داواکەی، وەک لە وێنەکەش دیارە ئەوەی سواری پشتی کەرەکە بوە هەمیشە بە کوتەک لە کەرەکە دەدات تاوەکو دەمی ببات بۆ گوێزەرەکە و لەسەرەوەش گوێزەرەکە بەرزدەکاتەوە، دەشێ لێکدانەوەیەکی تر بۆ ئەم سیاسەتە بریتی بێت لە چەمکی پاداشت و سزا واتە هەر کاتێک کەرەکە گوێڕایەڵی هەچەی خاوەنەکەی بو لە پاداشتدا گوێزەرێک وەردەگرێت و بەڵام هەر کاتێک مانی گرت و بە گوێی خاوەنی نەکرد ئەوا لە کوتەک زیاتر هیچی پێ نابڕێت ، تکایە بڕوانە سەرچاوەکان بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە مانای ئەم چەمکە سیاسیە) .
ناڕەوایی ئەم سیاسەتە هەر لە شیکردنەوەی چەمکەکە و وێنەکەدا بە زەقی دیارە کە چۆن ساڵانێکی زۆر داڕێژەرانی ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە زۆرێک لە نەتەوە و وڵاتانی جیهانیان بە کەر و داواکاریەکانیان بە گوێزەر شوبهاندوە، دڵنیام خوێنەری وشیار تێدەگات کە مەبەست لە نمونەکان و شیکردنەوەکەش تەنها بۆ ڕسوا کردنی ئەو حیزبە کوردیانەیە کە پەنا بۆ ئەم جۆرە لە سیاسەت دەبەن.
سەرچاوەکان:
http://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B5%D8%A7_%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%AC%D8%B2%D8%B1%D8%A9 http://www.alwasatnews.com/2276/news/read/26271/1.html http://en.wikipedia.org/wiki/Carrot_and_stick سەرنج/
بەڕێزێک بە ناوی بەختیار شارەزووری وتارێکی لەبارەی سیاسەتی کارت بە کارت نوسیبو، منیش دەستەواژەی کارت بە کارتم لەوەوە وەرگرتوە، سوپاس
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست