هۆ ئۆپۆزسیۆنەكانى دوێنێ
Wednesday, 25/03/2015, 12:00
وا نزیك دەبینەوە لە چارەكە سەدەیە لە فەرمان ڕەوایى پارتى و یەكێتى لە هەرێمى كوردستان، هەر ئەوانیش خاوەنى هەموو خاڵە ئەرێنى و نەرێنیەكانى ئەم هەرێمەن، ئەوان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان پەنایان بۆ هەموو شتێك بردووە، ئەوان خۆیان و دۆست و لایەنگرەكانیان خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەكردووە و وەڵامیان بۆ هەمو پێشهاتێك پێیە و دەست و پەنجەیان لەگەڵ هەموو قەیرانەكاندا نەرمكردووە،ئەوان هەرگیز ئێوەیان بە هاوشانى خۆیان نەزانیوە بۆیە هەر تەنها لەكاتى قەیرانەكاندا ئێوەیان بیر كەوتۆتەوە ، ئەوان خۆیان بە خاوەن ماڵ و ئێوەشیان بە شەریكێكى ناچار و نەخوازراو زانیوە.
ئەوان دەزانن كە چى دەكەن و چی دەچێنن و چیش دەدورنەوە، بۆیە ئەم جۆرە قەیرانانە لاى ئەوان و لایەنگرەكانیان بە شتێكى زۆر ئاسایى سەیر دەكرێت، بەڵام ئەوە ئێوەن ئۆپۆزسیۆنەكانى دوێنێ و فەرمان ڕەواكانى ئەمڕۆن كە نازانن چى دەكەن و چی دەچێنن و چیش دەدورنەوە!!! وا نزیك دەبینەوە لە نیوەى تەمەنى كابینە بنكە فراوانەكەتان كەچى ئەوان و ئێوەش هەر خەریكى كۆبونەوەن و تائێستەش نەتان توانیوە پۆستەكانى هەرێم و بەغداش بەتەواوى لە نێوان خۆتاندا دابەش بكەن!!! ئەرى ئێوە خەریكى چیین؟؟؟ دواى نیوەى وادەكە تێدەپەڕێتكەچى ئێوە تازە بە تازە لە ڕەوشەكە ناڕازین و دەڵێن تا ئێستەش ئێمە هاو بەشی دەسەڵاتین نەك شەریكى ڕاستە قینە!!! ئایا دەزانن كە جەماوەرەكەتان ئەم وتەیەتان بە پولێكى قەڵب لێناكڕن!!!.
هۆ ئۆپۆزسیۆنەكانى دوێنێ وەك لە سەرەتاوە وتم جەماوەرەكەى ئەوان لەهەموو سەردەم و ساتە ئاسایى و هەستیارە كاندا دەنگ دەدانەوە بە لایەنەكەى خۆیان، نەك تەنها دەنگى خۆى بەڵكو بەزیادیشەوە، بەڵام نازانم ئێوە دەزانن یان نا كە زۆربەى دۆست و لایەنگرەكانى ئێوە دەنگیان بە دروشم و هەڵوێست و بەرنامەى كارى ئێوە داوە،دەى وەك لەسەرەتاوە وتم وانزیك دەبینەوە لە نیوەى تەمەنى حكومەتە بنكە فراوانەكەتان ئایا تا ئێستە توانیوتانە لە سەدا چەندى پەیمان و بەڵێن و بەرنامەى لیستەكەتان بە ئەنجام بگەیەنن؟؟؟ ئایا بەشداریەكەتان كورت نەكراوەتەوە تەنها لە چەند وەزیرێكدا و بەس؟، بەڵام تكایە بۆ ئەم قەیرانانە شەڕى داعش و قەیرانى دارایمان لەگەڵ بەغدا مەكەن بە هۆكارى دەسەوەسانى و بێ ئیرادەیى خۆتان ، چونكە لە كابینەكانى پێشوشدا كە ئێوە بەشداربون نەشەڕى داعش هەبوو نە قەیرانى دارایى لەگەڵ بەغدا كەچى بەشداریەكانى ئێوە لە وەزیرێكە دەستو پێ بەسراو زیاتر نەبوو!هەروەك چۆن ئەوكات هیچ چاكسازیەكتان پێ نەكرا دڵنیابن ئێستەش بە دەیان بەهانەى جۆراو جۆرە ئەو خەونەتان لەگۆڕ دەنرێت!.
پێدەچێت شانازى بە ئاشكراكردنى ئەو مەلەفە گەندەڵیانەوە بكەن كە ڕۆژانە ئاشكرای دەكەن و دەیخەنە بەر دیدى هاوڵاتیان، بەڵام خۆ لە ڕابردوشدا و لە سەردەمى هەموو كابینەكاندا هەردەم مەلەفى گەندەڵى لەلایەن حیزبەكان و ڕۆژنامەنوسان و چاكوانەكانەوە ئاشكرا كراون، كەچى نە ئەو كات و نە ئێستەش نەتوانرا یەك كەسى دەستڕۆشتوى باڵاى ناو حكومەت و حیزبەكان بدرێتە دادگاو زیندانى بكرێت، یان بهێنرێتە سەر شاشەى تیڤیەكان نیشانى خەڵكى بدرێت! یان ئایا جیاوازى ئەو وەزارەتانەى كەلاى ئێوە و ئەو وەزارەتانەى كەلاى خۆیانە؟ هەرچیەكیشتان كردبێت لە ئاست چاوەڕوانى جەماوەرەكەتاندا نییە.
من پێشنیارێكتان بۆ دەكەم بۆ زانینى ڕەزامەندى لە بەشدارى لە كابینەى هەشت تكایە ڕاپرسیەك لە نێو جەماوەرەكەتاندا ئەنجامبدەن ئەوكات بزانن دەگەنە چ ئەنجامێكى پێشبینى نەكراو!!!
لە كۆتایدا گەرەكەمە پێتان بێژم كەتەنها دوو ساڵتان لە بەردەمدا ماوە كە حكومەتەكەتان چاك بكەن، ئەگینا بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو باجەكەى دەدەن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست