هەڵبژاردنى پەرلەمانىو نقڵی عەقڵی هەژاران
Monday, 22/07/2013, 12:00
1704 بینراوە
ئەمجاریش بەزمى پارەو كورسی و دەسەڵات و ئەو شتانە لە كوردستان هاتەوە! تەبعنەن هەر جارێك ئەم بەزمانە سەرهەڵدەدەنەوە جموجوڵێكی گەورە لە كوردستان دروست دەبێت ئەوەش نەك تەنها لە بوارى سیاسی، بەڵكو هەموو جومگەكانى ژیان دەگرێتەوە بە خواستو خستنەڕووى بازاڕیشەوە، ئەویش لەبەر زۆری ئەو دەنگانەى كە دەكڕدرێن و بودجەیەكی زۆر دەخرێتەگەڕ بۆ ئەو مەبەستە.
شار لە خامۆشی رزگاری دەبێت، خۆشەویستى زۆر زیاد دەبێت، وشەگەلێكی زۆر جوان سەرى زمان و بنى زمانى بەرپرسەكانمان دەگرێتەوەو هەمیشە روخسارێكی گەشاوەو خۆشڕووییان هەیە، ئەوەش بزانن تەنها تا كۆتایی هەڵبژاردنەكان ئەم روخسارەیان دەبینی، دواتر ئەوەى باسم كرد وەك خەونێكی لێ دێت و نابینی و نابیستى وشەى جوان و ئازادی و پارەو تاد... لەبەر بێ خواستیش، خستنەرووەكانى بازار ئیكسپایەر دەبن و ئەوكات لەبەرئەوەى پشكی بەرپرسەكانی تێدایە گوێی نادەنێ و منو تۆی فەقیر دەیكڕێن.
ئەوەى مەبەستمە لێرەدا باسی بكەم هەڵبژاردنى كاندیدەكانى پەرلەمانى كوردستانە، زۆر زۆر سەیرە حزبەكان لەگەڵ ئەوەى بانگەشەى ئازادی و دیموكراتىو ئایینى لێ دەدەن، بەڵام لەم كاتانەدا وەك كەسانێكی بێ ئاگا تەنها روخساری خۆیان و روخساری ماستاوچی و ئەوكەسانە دەبینن كە زیاتر خۆیان دەخەنەڕوو لاى كورسی بەدەستەكان.
لەگەڵ ئاشكراكردنى ناوى كاندیدەكانى لایەنە سیاسییەكان زۆر وورد بوومەوە كەسێكی بێ پارە بەڵام بێ كورسیم نەبینی، كەسێكی گەورەم نەبینی و بەرپرس نەبێت، كەسێكی زانام نەدی بەڵام داناو بوێر بێت، تەبعەن ئەمە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوتریش بەچاو دەبینران، بەڵام لە ساڵى 2013 و عەێری پێشكەوتنا ئەمە نەدەبوو ببێت، بە كوردییەكەى هەرچەندە زانا بیت یان مەلا بیت یان دانا بیت یان هەموو یانەكانیتریش.... دەبێت بەڵێكانت بۆ حزب بێت نەك گەل.
لێرەوە خۆزگەیەكم دەخواست كە لە هەڵبژاردنى كاندیداى ئەم پەرلەمانە بچوكەى خۆماندا، لەبەرئەوەى وەك دەلێن پەرلەمانتار نوێنەرى گەلە، با گەل خۆى خەڵكی هەڵبژاردایە، با گەل لەناو خۆیداو بە ئازادی بڕۆشتایەتە ناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵام لەم وڵاتە بێ باك و خۆخۆرەى ئێمە كۆمسیۆن وەك چۆن فێركراوە، دەلێت دەبێت پاڵێوراو سەربەلایەنێكی سیاسی بێتو دواى ئەوە خێرا داواى بڕە پارەیەكت لێ دەكات كە چەندین كەسی زاناو داناى ئەم هەرێمە هەیە لەبەر حزبی نەبوونىو بودجە نەبوونى، كەس ئاوڕی لێ ناداتەوەو كوردستان لە نقڵی عەقڵی ئەو كەسانە بێ بەشە.