ئەرێ نەوشیروان مستەفا یەكێتی بوو!
Saturday, 12/06/2010, 12:00
ئەگەر كەسێك بەقەدەر زەڕەیەك ویژدانی هەبێت كە مێژووی یەكێتی نیشتیمانی بنوسێتەوە ناتوانێت باسی نەوشیروان مستەفا نەكات وەك رابەرو سەركردەیەكی لێهاتوو لەناو یەكێتی دا،ژیانی نەوشیروان یانی ژیانی یەكێتی، ئەو هەمیشە رابەری رۆژە سەختەكانی ئەو رۆژانە و رابەری جەنگە نابەرامبەرەكانی ئەو حزبە بووە.
ئەوانەی كە هاوژیانی بون و ئەوانەشی تەنان كە رقیانە لێی شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن نەوشیروان مستەفا نەبوایە ئەم حزبە نەدەگەشتە ئەم رۆژە و نەدەبووە حزبی سەرۆك كۆمار!
نەوشیروان مستەفا یانی مێژووی یەكێتی، یانی عەقڵ و داینەمۆی سیاسەت و گفتوگۆو جەنگەكانی یەكێتی، ئەو هەمیشە ئەو پیاوە بووە كە حزبەكەی دواین سات و بۆ بڕیاری یەكلاكەرەوە گەڕاوەتەوە بۆلای، هەمیشە ئەو سەركردە دەست پاك و خاوەن جەرائەت و خاكییە بووە كە نمونەی چاولێكەری بووە، تەنانەت لەساتی جیابونەوەشی لەیەكێتی تاوەكو ئەم ساتە كەسێك زاتی ئەوە ناكات بەم پیاوە بڵێت تۆ دزی، بەم پیاوە بڵێت شەرەفی ژنان و كچانی ئەم وڵاتەت روشاند، تۆبویت ئەو هەموو كۆمپانیا وەهمیانەت بەناوەوەیە، تۆ بویت ئەی سەركردە هەموو كەس و كوڕ و خزمەكانت بونەتە بەرپرس و ئەم وڵاتەیان تاڵانكرد، ئەوە تەنكەرەكانی تۆن نەوت و گازی ئەم وڵاتە رۆژانە ئاودیوی ئێران دەكەن، تۆبویت ئەی رابەری چەكداری و شاخ هەرچی زەوی ئەم وڵاتە هەیە كردت بەناوی خۆتەوە.
ئەمساڵ كە یەكێتی ساڵیادی خۆی كردەوە بەجدییەوە تەماشای كەناڵەكانی كوردسات و گەلی كوردستان و رۆژنامەی كوردستانی نوێم كرد بۆ ئەوەی بزانم كە باسی مێژوی یەكێتی دەكرێت بەحەرفێكیش باسی نەوشیروان مستەفا دەكەن، بەوێنەیەكی ئەرشیفیش ئەم پیاوە نیشاندەدرێت، بەڵام حەیف ئەم راگەیاندنە تەنانەت بەحەرفێكیش باسیان لێوەنەكرد و یان وێنەیەكیشیان نیشاندەدا.
لەراستیدا ئەمە مایەی سەرسوڕمان بوو، چونكە ناكرێت كەسێك 30 ساڵ زیاتر كەسی دوهەمی حزبێك و زۆرجاریش كەسی یەكەم بووبیت باسی لێ نەكرێت.
راگەیاندنی ئێستای یەكێتی هاوشیوەی راگەیاندنی حزبە رۆژهەڵاتی و كۆمۆنیستەكانی جاران خۆی نمایشدەكات،كە ئەوانیش مێژوو وەها دەگێڕنەوە كە سەركردەی ئەبەدی و هەتا هەتایی دەیەوێت بگێڕدرێتەوە، مێژوو وەها نمایشدەكەن كە خۆیان دەیانەوێت نەوەك وەك ئەوەی رویداوە و هەیە.
سڕینەوەی مێژووی نەیاران و بەفەنتازیاكردنی مێژووی سەركردەكانیان ئیشی ئەم جۆرە راگەیاندانەیە.
ئەم راگەیاندنە كە ئێستا ئیدی لەوە دەرچوە كە راگەیاندنی حزبێك خاوەن بۆچونی جیاواز و قسەكەری جیاوازبێت بوەتە راگەیاندنی كەسێك و دەستەیەكی تایبەت ئەوانیش بە ئارەزوی خۆیان دێن و مێژووی یەكێتی بەوجۆرە دەگێڕنەوە كە خۆیان دەیانەوێت و لەبەرژەوەندییانە.
ئەم دیاردەیە دیارە بلیمەتەكانی ئەم راگەیاندنە لە پارتییەوە وەریانگرتوە، بۆنمونە ئەگەر سەیرێكی دامەزراندن و خەبات و شۆڕشی ئەیلولی پارتی دیموكرات بكەین دەبینین هەمیشە كەسانی جیاواز و سەركردەی بلیمەتی جۆراوجۆر ئەو مێژووەییان دروستكردووە، كەچی كە راگەیاندنی پارتی دەكەونە باسی دروستكردنی پارتی و خەبات و قوربانیدانی ئەم حزبە تەنها و تەنها بارزانی تاكە رابەر و تاكە سەركردە و بلیمەتی كورد بووە، شۆڕشی ئەیلولیش هیچ نەبووە جگە لەوردی و زیرەكی و ئازایەتی ئەم كەڵە پیاوە.هەر بۆیە دەبینین هیچ كەسێك باوەڕ بەراگەیاندنێكی وەها ناكات و هەمیشە لەپەراوێزدا هەناسە دەدات.
بەڵام هەمیشە نوسینەوەی مێژوو بەشێوە راستیەكەی لە شوێنێكی بچوكەوە سەر هەڵدەدات، هەمیشە كەسانێكی بێ لایەن هەن مێژومان وەك خۆی بۆ دەگێڕنەوە، كەسانێك پەیدا دەبن لە ژێر كاریگەری عەقڵ و لێكدانەوەی وردا شەن و كەوی مێژوو دەكەن نەكەبە ئاراستە و هێزی ئایدۆلۆژیا، نەك بە ئارەزوی سەركردەیەك یاخود لێپرسراوێكی كاتی.
ئەوشیروان مستەفا یانی مێژووی یەكێتی، هەموو ئەو هەوڵانەشی دەدرێن بۆ سڕینەوەی ئەو مێژووە هیچ نین جگە لە هەوڵی بێهودە و ناتەواو، وەك ئەم هەوڵانەی ئێستای راگەیاندنی یەكێتی كە دەیانەوێت مێژوییەكی ناتەواوو سەقەتمان بۆ بگێڕنەوە كە تەنانەت خۆشیان باوەڕی پێناكەن و دڵنیام ئێستا لەناو خۆیاندا كردویانەتە بەنوكتە و دەڵێن ئەرێ نەوشیروان مستەفا یەكێتی بوو!
دەربەندیخان
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست