دووڕوویانە و نابێ بەسه .... !
Thursday, 26/03/2009, 12:00
كاك عەدالەت عبداللە لە رۆژنامەى ئاسۆى ژمارە 938ى 26/3/2009 لە لاپەرەى 11 د1 گۆشەیەكى نوسیوە لەژێر ناونیشانى رێگاى سێیەم : كەئەمە بۆ دووەم جارە باسی رێگاى سێیەم دەكات بەو مانایەى كۆمەڵێ هەڤاڵى یەكێتیى هەن كە ئەم وەزعەیان پێ ناخۆشە و خوازیارن هێڵى ناوەراست یا سێیەم بێتە ئاراوە و وەك خۆى دەڵێ (چەند هێڵێكى گشتى تر وێنا بكەن بۆ كۆكردنەوەى هەڤاڵان لەدەورى) و بیكەنە ناوەندێكى كارا بۆ بەرگرتن لە لێكترازانى یەكێتیى .... تاد ، هەموو مرۆڤێك مافى رەواى خۆیەتى ئازادانە بیروبۆچوونەكانى دەربرێ بەڵام كە بانگەشەى دڵسۆزى و بەنیەتى بێلایەنى دەنوسى دەبێ بێلایەنانە وبابەتیانە باس لە رەوشى رووداو وگۆڕانەكان بكەیت و سەرجەم هۆكارو ئەنجام گیریەكانى لێك بدەیتەو دواتر بێیتە ناو واقیعى ململانێكەو باسەكەوە وەكو ئەوەى كە هەیە ، نەك رووكەشانە لە بۆچونێكى دوالیزمى رووتەوە تێكەڵەیەك وەك ئەوانەى كە تواناى بینینى جیاوازى و جیاكردنەوەى باش لە خراپ و دڵسوز و لە گەندەڵ ، بەسەر یەكا بیترشێنى و ئەو هەڤالانەش كە ئەو قودرەتەى تۆیان نیە پێم وایە درۆ دەكەن و دەیانەوێت كەرى ناو جۆگابن !
لە شوێنێكى تری نوسینەكەیدا ، دەڵێ (رەخنە گرتنە لە كۆى باڵەكانى یەكێتیى ، رەخنە گرتنە لەو هەڵوێستانەى دەیانەوێت مام جەلال لە باڵێك لە باڵەكانەوە بگلێنن !) ئاخر كاك ناعەدالەت رستەى دووەمت داخوازى رستەكەى یەكەمت بەتاڵ دەكاتەوە ! كە رەخنەگرتن بێ لە هەموو باڵەكان ئەى بۆتۆ رەخنەكەت ئاراستەى هەندێك دەكەیت و مام جەلال بێ لایەن دەكەیت كە لەوەتەى هەیە بێلایەن نەبوە ، جگە لە پارە بەخشینەوەكەى بائەوە بۆتۆ و ئەوانەى وەك تۆ بیردەكەنەوە تەرح بێت دوو نموونەى زیندووت دەخەمە بەردەم كە پێچەوانەى قسەى تۆ و بێلایەن نەبوونى مام جەلال و تێوەگلانى روونتر دەكاتەوە ئەویش سەردانى مام جەلالە لە پێش هەڵبژاردنەكاندا بۆ شێنێ و قەڵادزەى بۆچى چوو؟ ، بۆ ئەوە نەچوو تا وەزعى خراپى كاك محمد وەتمان راست كاتەوە چونكە لە هەڵبژارندا بۆ لێپرسراوى مەڵبەند دەرنەدەچوو ؟ بەڵگەیەكى تر لەسەر بێلایەن نەبوونى مام جەلال ، ئەو شەوەى كەبۆ بەیانیەكەى هەڵبژاردنى لێپرسراوى مەڵبەندى (1)ى رێكخستنى سلێمانى ئەنجام دەدرا مام جەلال لە شاشەى تەلە فزێۆنەكەتانەوە پێشوازى لە بەرزانى ئەحە سمێڵ نەكرد ، بۆ بەیانیەكەشى رۆژنامەكەى خۆت كە كوردستانى نوێیە وەك مانشێت و هەواڵى سەرەكى وێنەى مام جەلال و بەرزانى ئەحە سمێڵ و پێشوازیەكەى بڵاونەكردەوە ؟ ئەى ئەمە پێشێلكارى و تەرفەدارى و پشتگیرى و پشتیوانى نیە بۆ لایەك دژى لایەكەى تر ؟ پێم سەیرە جەنابتان خۆتان ئاوا بێ ئاگا نیشان دەدەن لەكاتێكا مام جەلال خۆى لەوەتى هەیە هەر لەسەردەمى شاخەوە باڵى هەبوە و ئێستاش تۆ دەڵێى تێوەى دەگلێنن ! ، وەلەدرێژەى چەواشەكایەكانیدا دەنوسێ مامە بنەماى كۆكردنەوەى دیموكراتیانەى بیروڕا جیاوازەكانە و دەرگاى واڵایە لە بەردەم هەموو ئەو بیروڕا جیاوازانەش ! جائەگەر قسەكەى تۆ راسبێ و مامە وابێ ئەى وەزعى یەكیًتیى بۆ واى لێهات ، قابیلە ئەو خەڵكە بزن بێ و نانى شوانى خواردبێ ! باشە باباسى باڵى ریفۆرم نەكەین كە ماوەى دووساڵە هاتۆتە ئاراوە ، ئەى ئەم قەیرانەى ئەم دواییەى كاك كۆسرەت و چوار هەڤاڵەكەى ترى ناودەنێى چى و بۆ مام جەلال دەرگاو پەنجەرەكانى ماڵە پڕ لەدیموكراتى و بێلایەنیەكەى خۆى لێ داخستن ؟ تائێستا (9) نۆ ئەندامى كارا و دیارى مەكتەبى سیاسی یەكیًتیی وازهێنانیان پێشكەش كردوە تۆبڵێی ئەو ئەندامانە هەر بەخۆڕایی و بێ هیچ بنەمایەك وازیان هێنابێ ؟ ئاخر یەكێك تۆزێ ویژدان و عەدالەتى تیابێت نازانێ مام جەلال نەبێ لایەنە و نەبە چاوى یەكسانى و باوكى هەموان هەرگیز سەیرى خوار خۆى نەكردوە ! لە كۆتایشدا كاك ناعەدالەت دواى ئەو هەموو فێڵ و پاشقول گرتنەى خەتى مام و گەندەڵەكانى كە بۆ زیادكرنى رێژەى كادر و دەنگ لە هەڵبژاردنەكاندا كردیان و لەدواى ئەو كاتەشەوە دەیان كەرتى رێكخستنى تایبەت و دەیان كەسى تریان كردۆتە ئەندامى ئەنجوومەنى مەكتەبەكان كە هەر لە نێو مەكتەبى رێكخستندا نزیكەى (8) ئەندام ئەنجوومەنى مەكتەب بە ناشەرعى و بە قسە و بریارى ئەرسەلان بایز زیادكراوە ، لە مەكتەبى رێكخراوەكان دوو ئەندام ئەنجومەن و لە مەكتەبەكەى خۆشت كەلەێ بووى ئازاد تۆفیق لە بەر زوڕناژەنى كرایە ئەندامى ئەنجوومەنى مەكتەبەكەتان وە لەمەكتەبەكانى تریش بەهەمان شێوە ، ئەمە جگە لە سەدان كەس كە مووچە پلەى ئەندام مەڵبەندى وەردەگرن لە سەرووى هەمووشەوە بەسەدانى تر مووچەى تایبەتیان بۆ برأوەتەوە و دەوام ناكەن كەچى تۆ داواى ئەوە دەكەیت وەك رێگاى سێیەم با هەڤاڵانى سەرجەم باڵەكان دان بەخۆیاندا بگرن و تا كۆنگرە بوەستن بۆئەوەى لەو كۆنگرەیەدا بەشێوازێكى دیموكراتیانە ئەو كێشە و ململانێیە یەكلایى بكرێتەوە ! دواى ئەم هەموو لەشكرە كادرە دروستكراوە و ئەو هەموو كادردەركردن و وەلانراوانەى تۆمەتبار كران بەلایەنگریان بۆباڵى ریفۆرم ، دەتەوێ جارێكى تر بە بەكارهێنانى ناشەرعیانەى داهاتى خەڵك و قوتى كادران شەرعیەت بۆ كۆنگرە دروست بكەى ؟ كە بێگومانم هەمان كارى پێشتر دووبارە دەكرێتەوە و بەگورگان خواردوو دەچن وە هەر بۆ زانیاریت هیچ بوارێك بۆ رێگاى سێیەم نابێتەوە و وەك شێركۆ بێكەس دەڵێ " دوو ریانەو نابێ بەسێ ، گەر دارەستانێ گڕى گرت دارى بێلایەن كامەیە تانەسووتێ " ، لەكۆتایدا هیوادارم كاك عەدالەت بە عەدالەتەوە ، بە ویژدانەوە بەباش بڵێ باش و بە گەندەڵانیش بڵێ گەندەڵ و ووردتر بچێتە ناو كێشەكانەوە چونكە خۆیشى یەكێكە لەو قوربانیانەى كەدەستى ناعەدالەتى و نایەكسانى واى كرد واز بهێنێ لە كارەكەى وەك ئەوەى كەخۆى پێشتر بڵاوى كردبۆوە ! .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست