کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مولازم (حەمەشەوقی)،شەهیدێک لە خامە و تفەنگ

Thursday, 08/05/2014, 12:00


وەستان لەبەردەم شکۆی، یادی شەهیدێکدا، چەند پیرۆز و ئارامبەخشە، هەمان کات، دەهاهێندە سەخت و دژوارە. بە تایبەت گەر ئەو شەهیدە، کێوێک بێت لە باوەڕ و قەڵایەک لە وورە،بڵێسەیەک بنوێنێ لە ئامانچ و زەریایەک لە خۆشەویستی، بورکانێ بخوڵقێنێ لە جۆشوخرۆشی کوردایەتی، هاوبیرێکی رێبازی کوردایەتی بێت، سەرکردەیەکی هەڵکەوتووی شۆڕش و پێشمەرگەیەکی دڵسۆزی نەتەوە بێت.
لە هەمبەر ئەم یادە بەرزەدا، دەستوپەنجەی قەڵەمگرتنم لەرزۆکە،ئاخر دەربارەی چی بنووسیم! زیرەکی و لێوەشاوەیی ئەم رۆڵە جوامێرە،یاخود ئازایەتی و لەخۆبووردوویی ئەم پێشمەرگە بەئەمەکە!.دیمەنی مەشخەڵی هزر و باوەڕی پێشکەش بکەم ،یان چیرۆکی ئەدەب و رۆشنبیرییتان بۆ بگێڕمەوە. لە وێڕا دەسپێبکەم،شەهید باوەڕی بە سنوورە دەستکردەکانی لەتلەتکەری کوردستان نەبوو! یان ئاماژە بەوە بدەم، کەسێتییەکی سادە و ساکاری هەبوو!.

رەنگە، ئەم چەند ووشەیەش، لە ئاستی پێویستی ئەم شەهادەتە بەرزەدا نەبێت،و نەتوانێ ئەو دابونەریتە باوەی یادی شەهیدان، لە وڵاتی ئێمەدا تێنەپەڕێنێت،و یاسای کلاسیکی ببەزێنێ. هەربۆیە دەشێ، تیشک خستنە سەر ژیانی پێشمەرگایەتی و خەبات و تێکۆشانی لە پێناوی، یەکگرتنەوە سەربەخۆیی کورد و کوردستان، گەرم و شیرینترین بابەتێک بێت، کە تۆ مەبەستتە، لە دووتوێی ئەم هەست دەربڕین و یادنامەیەدا، بەرچاوت کەوێ .
لە تەک هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەک لە ژیانی شەهید حەمە شەوقی دا، موچڕکم دێ بەلەشدا. خۆ سەروەختێ گەرەکمە لە کەناڵێکەوە بەرەو ئەم یادە بچم، ئاستەنگ دێتە بەردەم هەنگاوەکانم و لەهەر گۆشەنیگایەکیشەوە، تەماشای کەسایەتی ئەم کەڵە شەهیدە دەکەم، کورت دێنی نیگام . ئاخر لە پەرۆشی ئەوەدام نەتوانم ، ئەم ئەرکە زۆر ئەستەمە، بە چەند ووشەیەک جێبەجێ بکەم و پانۆڕامای، تێکڕای ژیان و خەباتی سەرکردەیەکی وەک شەهید حەمەشەوقی، بکەمە تابلۆیەک و بیخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز.
ئەم شەهیدەی گەرەکمانە لەم گەشتەی هەنووکەدا، یادی بکەینەوەوە،و بۆ چەند ساتێ هەست و رامانی ئێوەش بکەینە هاوڕێی خۆمان، هەموو جوڵە و رەفتار و گوفتارێکی تایبەتمەندیی خۆی هەبوو. کەسایەتییەکی گەورە و لێوانلێو بوو لە ئەدەب و عەشقی کوردایەتی و پرنسیپی جوامێری و رەوشتبەرزیی و بێنیازی لە تێکۆشاندا. بۆیەکا ساڵوەگەردی شەهیدبوونی پڕ لە ناسۆرە و هەتا ئێستاش وەک پشکۆ چزە لە جەرگ و هەناومان هەڵدەسێنێ.
٣٤ ساڵ بەر لە ئێستا،لە ٦/٥/١٩٨٠ دا لە نێزیک،شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان،هاوبیری هێژا و پێشمەرگەی دڵسۆز و سەرکردەی کەموێنەی ،پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک ـ و بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد مولازم(حەمە شەوقی) بەدەستی دەوڵەتی داگیرکەریی ئێرانی، لە ناخافڵدا شەهید دەکرێ.
شەهید، لە ساڵی١٩٥٢، لە شاری هەڵەبجەی خۆڕاگر...لە باوەشی بنەماڵەیەکی هەژاری کوردپەروەر چاو بە جیهان هەڵدێنێ. هەر لە هەڵەبجە خوێندنی سەرەتایی سەرکەوتووانە تەواو دەکات. لەم شارە خۆشەویستەی ئەدیبان و هەڵکەوتووانی کورد دا، بە شیعر و ئەدەب ئاشنا دەبێ . بەیتە شیعرەکە ئەحمەد موختاری جاف، دەبێتە، ئاین و فەلسەفەی گەردوونی خوێندنی، کە دەفەرمووێ:
بخوێنن،چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیخی دوشمنتان...... هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
ئەودەمەشی لە خۆشەویستی دایکی نیشتمانیشدا،دەتوێتەوە و هەست و نەستی یەکپارچە دەبێتە سەرچاوەی ئەم عەشقە کوردستانییە،گوزەرێکی دیکەش بە هەواری شیعری شاعیردا دەکاتەوە و بەیتێکی دیکەی دەکاتە تەرازووی کێشانی بەهای وڵات و نرخی خۆی.
بە بێقەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن.........گوڵاڵە سوورەی ئەم دەشتە خوێناوی جگەرتانە
بە ئاواتی خوێندن و بەدەستهێنانی پلەی بەرزتر، روو لە شاری سلێمانی دەکات...خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی بە پلەی یەکەم لە ساڵی ١٩٦٩ داتەواو دەکات.پاشان لە زانستگەی بەخدا،کۆلیژی ئابووری وەردەگیرێ.لێ ئەو هەر زوو ئاواتێکی دیکە لە کەللەیدا چەکەرەی کرد بوو.دەیویست ببێتە ئەفسەر و زانستی شەڕ و تەکنەلۆژیای سەربازیی فێر ببێ/ ئەمەیشی لەو قەناعەتەوە بوو،کە داگیرکەر تەنها لە ئاستی چەکدا ،چۆک دادەت و، بەیتە شیعرەکەی حەزرەتی حاجی قادری کۆییش،هەمیشە وێردی سەرزمانی بوو، کە دەڵێ:
بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە..............ئەمن خامەم هەیە، شیر نادیارە
زۆر سەرکەوتووانە،ئەم خوێندنەش تەواو دەکات... بەکورتی و کرمانجی داخوازییەکەی حاجی گەورە لە تێهێنانەوە و راستکردنەوەی هاوکێشەکەدا ئەنجام دەدات و خۆی بە ئەقڵی چەک و شیر باش تەیار دەکات. هەر لەم ماویەدا،دەچێتە نێو ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و قوتابیانی نەتەوەیی کورد،هاوزەمان بانگی ـ کاژیک ـ دەدرێ بە گوێیدا.
دیارە نە سنوورە دەستکردەکان توانییان شوختێ لە هزر و روانگەی کوردایەتییەکەیدا دروست بکەن و نە خۆشگوزەرانی ژیانی گەرم و ناسکی شار و نێو سوپا توانی بە شەوارەی بخات.ئیدی زۆر زووتر بڕیاری خۆی دەدات.لەگەڵ تەواوبوونی خوێندن دا،بۆ چرکەساتێ چاوەڕێ نەکات و دەستبەرداری ئەستێرەی سەر شان و گشت خێروبێر و پلەوپایەی سوپای عێراق دەبێت و دەبێتە پێشمەرگەیەکی گیان لەسەر دەستی کوردستان...ئاخر هەموو ئەو ئیمتیازانە،نەیتوانی دەماری کوردبوونی سڕ بکات. هەر بۆیەشە،ساڵی ١٩٧٣، راستەوخۆ دوای تەوابوونی خوێندنەکەی روو لە کوردستان دەکات،دەچێتە نێو ریزەکانی شۆڕشی ئەیلوولەوە... دەستبەجێ دەکرێتە جێگری فەرماندەی هێز لە ئاکرێ....لەسەر داخوازی سەرکردایەتی شۆرش ، دوای سەپاندنی شەڕی نارەوای دەوڵەتی عێراق و حیزبی بەعسدا بەسەر کورد دا، بۆ نێزیک سەرکردایەتی داوادەکرێتەوە و دەکرێتە بەر پرسی هێزە تۆپوەشێنەکانی کوردستان و دەبێتە قارەمانی دەڤەرەکانی و گەرووی بێشی و حاجی هۆمەران بە دەیان تانک و تۆپ و ئامێری سەربازی تێکدەشکێنێ ، فرۆکەیەکیش دەخاتە خوارەوە...ئیدی ناو و ناوبانگی ئازایەتی و هەڵمەتەکانی م.حەمەشەوقی بە سەرتاسەری کوردستان دا بە زوویی بڵاو دەبێتەوە...هەر بۆیە بارزانی نەمریش بانگی دەکات و خەڵاتی دەکات نازناوی (هەڵۆ بێشێ)ی پێ دەبەخشێ.لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە فەرماندەی هێزی سەرتیز و باڵەکایەتی.
دوای هەرەس،رەوانەی شاری عەممارەی عەرەبستان دەکرێ...لەگەڵ رسکانی پارتی سۆسیالیستی کورد،پاسۆکدا بە هۆیی دورخراوەییەوە، دوای ماوەیەکی کورت پەیوەندی دەکات و شەرەفی ئەندامێتی بەدەست دێنێ...کۆمەڵێ چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات و دەیان کەس بۆ ریزەکانی پاسۆک رادەکێشێ..دواتر ساڵی ١٩٧٨ ، کە زۆر نەبوو هاوسەرگیریی ئەنجام دابوو، روو لە شاخ و بارەگاکانی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک دەکات.. هەواڵی چوونی ئەم هاوبیرە سەرکردەیە،لەو رۆژانەدا بۆ ناو پاسۆک لای جەماوەری کوردستان و شاری سلێمانی دەنگدانەوەیەکی مژدەبەخش و گەورەی دایەوە...حمە شەوقی لە وێش رۆڵێکی بەرچاو لەنێو هاوبیران و لایەنە سیاسییەکاندا دەگێڕێ.
هاوبیر حەمە شەوقی،رۆشنبیرییەکی فراوان و قوڵی لە پرسە مێژوویی و سیاسیی و نەتەوەییەکاندا هەبوو.ئارەزووی ئەدەب و شیعری بەرز بوو.خاوەنی کۆمەڵێ شیعری نازداریشە.
م. شەوقی،هەر زوو لەنێو شەپۆلە قورسەکانی یاسا و دەستووری "پەلەی ژیان"دا،کەوتە مەلەکردن. لە ماوەیەکی کورتدا ئادگاری پیاوێکی گەورەی تێدا خەمڵی. من داوای لێبووردن لەرەوانی شادی ئەو شەهیدە هەمیشە زیندووە و دەکەم،گەر نەمتوانیبێت،پەردەیەکی گەشی ژیانی نیشانی ئێوە بدەم و پێتان بناسێنم.هەر بۆیە ئەم دەرفەتە لە کیس خۆم نادەم و بۆ تێهێنانەوەی بارتەقای "لێبووردنەکەم"روو لە خەرمانی بە پیتی شیعری مامۆستا "شێرکۆ بێکەس" دەکەم و ئەو پەخشانە شیعرە بەرزەی بۆ ئەم شەهیدە نەمرەی نووسیوە،بۆ ئێوە رادەگوێزم. مەگەر هەر مامۆستا شێرکۆ بتوانێ پاداشتی "شەهادەتی"بەرزی کەڵە پێشمەرگە و سەرکردەیەکی وەک ئەفسەری پاسۆک و کوردایەتی هاوبیر (حەمە شەوقی)بداتەوە.لەبەر جوانی و بەهای تابلۆی ئەم پەخشانەشیعرە،ناتوانم تاکە کۆپلەیەکیشی لێ دەرهاوێژم و سەروبەر دەیخەمە بەر دیدی ئێوەی هێژا
.
لە یادی" حەمەشەوقی" دا
کوردایەتی قیبلەی ئازادییە و عاشقانی ئەو رووەش شەهیدانن.ئەو کەڵە مێردانەی لە مێژووی ئەرخەوانی
ئێمەدا زامی دەم بە هاواری سەربەستی و بەردەوام گەلاوێژئاسا ئەجریوێنن...
ئاوڕێ لەو رووبارە سوورانە بدەنەوە،ئاوڕێ لە تاڤگەی خوێنمان،ئاوڕێ لە ئەوینی بێ گەردی وەک هەتاو
پاک.وەک ڕنوو بەفری لوتکەکان...لە هەر کوێ ئەوەستن بپرسن...
لە گەرووی کێوەکاندا،لەبەر کەوی بناردا،لە زەرد و ماهی چیاکاندا
لە شەقام و لە کۆڵان و لەبەر دەرگای هەر ماڵێکدا...ئەوەستن.بپرسن،گوێ رادێرن...بۆ چیرۆکی مەرگی
گوڵەگەنم و مەرگی کانی و مەرگی دارستان و مەرگی هەزاران هەزار گوڵەبەرۆژەی دڵخوازی
خۆری ئەم وڵاتە جەرگ سووتاوەمان.
هەموو بنچکێ سەرگورشتەی مەلێکی شەهیدی لایە...هەموو گەڵایەک جێ پەنجەی خەناوی
قوربانییەکی پێوەیە..
هەموو بن بەردێ شیعری جوانەمەرگێ...ئەخوێنێتەوە...هەموو ئاوێنەی پێ دەشتێ
رووناکی خۆبەختکردنێ ئەنووسێتەوە..
ئێمە و شەهیدان و خۆشەویستی و ئازادی ...لە یەک نابینەوە
ئەم کوردستانە....هەمیشە سک سووتاوو بووە...
(حەمە شەوقی) چاوی ئەستێرەی برژانگ درێژی خوێنگەرمی
گیان پاک و رۆح سووکی ئەم شارە ئازیزە..
(حەمەشەوقی) کوڕی داربەڕووی پیرەمەگروون... کوڕی دەم بە خەندەی گوێژە
وەختێ وەک کەڵێکی چاو قەترانی ...یان وەک ئەسپێکی یاڵ گڕ تێبەربوو...
بە تیری عەشقی کوردایەتی گرفتاربوو...
ئازادی بانگی کرد....سەنگەر هاواری لێ کرد..هەژارانی ئەم وڵاتە ئەنجن ئەنجن کراوە
بەردەرگای ویژدانی ئەویان گرت...
نەیتوانی روو نەکاتە قیبلەی کوردایەتی و بۆی نەجەنگێ
وەک هەموو دڵدارێکی راستەقینەی کوردستان..گوڵی لاوێتی خۆی دا بەدەم گەردەلوولی شۆڕشەوە..
چووە ناو تەندووری ئاگرەوە...چووە ناو مەرگەوە..
بۆ ئەوەی ژیان...ژیانی کەسانی دی خۆش بکات و گەردنی خۆی بکا بە مۆمێکی کافووری و لەسەر
تاشەبەردی نەمری دایبگیرسێنێ...
ئەو دەم، (حەمەشەوقی)لە گوڵ خەندەدارتر(حەمەشەوقی)لە گوڵەباخ رووگەشتر
لە "مەم" قۆزتر...لە "سیامەند"بە جەرگتر... رووی کردە شاخ
ئەو دەمە لە وڵاتی ترس و بیمدا..لە وڵاتی چەقۆ و پەتی سێدارە و دۆزەخی بەعسییاندا
لە تاریکستانی دوای هەرەسی ئەیلوولدا...پێشمەرگە لە کەوی سپی کەمتر بوو...
وەک پەپوولەسلێمانکە ناو بەناو ئەبینران،
ئەودەمەی (حەمەشەوقی)سواری ئەسپی زریان و ...سواری پشتی مەرگ و چارەنووسێکی نادیار بوو..
کەم کەس ئەی وێرا..لە ماڵی خۆشیا بە دەنگی بەرز بدوێ..کەم کەس ئەیوێرا
نەهێنی دڵی خۆی لای سینەی خۆشی بدرکێنێ..ئا لەو رۆژگارە تووش و چاوچاو نەبینەدا..
(حەمەشەوقی)بۆ کوشتنی نەهەنگی بەعسییان..رووی کردە سەرچاوەی گیراو..تا ئاوی ئازادی
بۆ شاری تینوو بەردات...لەبەر خۆشەویستی بەندەن و داروبەرد و... لەبەر ئەوینی سەربەخۆیی
لەبەر مانگی ئازادی ئەم نیشتمانە...بووکی تازەی هاوسەری جێهێشت و گەیشتە...
ئەشکەوتە تاریک و توونەکان و...لەوێ بوو بە پلوسکێکی بەفراوی تری ئەم کوردستانە
بوو بە رەگێکی تر بۆ سەرفرازیمان..بوو بە چرایەکی تر بۆ رێ و بانمان....لەو رۆژگارە مەترسیدارانەدا
(حەمەشەوقی)..بۆ ئێمە..بۆ منداڵ..بۆ ئاشتی.. بۆ ئایندە و بۆ دەغڵ و دان..
بوو بە ئەستێرکێکی چاورەش. بوو بە بارانێکی سەوز و بوو بە ئاسۆیەکی سیماگەش.
بوو بە گۆرانی و بەستەی ژیان..
هەموو شوێنێ لەم وڵاتە زامدارە..خوێنی ئێمەی لێ پژاوە..
سنوورەکان: گوێزانی سەر لەشی ئێمەبوون..سنوورەکان: کێڵگەی خوێن و شیری سەر ملی ئێمەبوون
مەخفەرەکان و پادگاکان..داسی سەری ئێمە بوون..
لەو ئاستانەدا..لە بەردەمی ئەو مێردەزمە و دێو و درنجانەدا،
لە تەلبەندی دڕکاوی ئەو بۆسە و کەمینانەدا
سەدان: ئەستێرەمان کوژران...سەدان: رووبارمان خنکان...سەدان: گلێنەمان هەڵوەرین
سەدان: ووشەمان سەربڕان...سەدان، سەدان ئاوێنەمان وورد و خاش بوون..
(حەمەشەوقی)یش یەکێک بوو لەو هەڵۆیانەی...لەوێ لە پشتەوە پێکراو
لەوێ پەلکەڕەنگینەی تاڵی هەڵوەری.
بڕۆ سەر گۆمی زرێبار..دەم و چاوی ئەو ببینە...بڕۆ سەر لوتکەکەی شاهۆ مانگی رووخساری ببینە
بڕۆ سەر شانی ئاڵوەکان...هەڵاڵەی خوێنی ببینە.
ئەگەڕێمەوە..بۆ دواوە..ئەگەڕێمەوە...بۆ جاران...
پایزێ بوو لە خەزاندا یەکمان بینی،یەکمان ناسی! ئەویش..عاشقی شیعری جوان و شەمی تەڕ بوو،
ئاوێزانی وردەکاری و هونەر ئەبوو..بەرانبەر یەکتر دانیشتین،
ئەت ووت گوڵێکی سەرچڵی گەردن بەرزە، خوێنی گەرمی قوڵپی ئەدا..
رۆحی سووکی..لە شنەبای کوێستان ئەچوو، دەم بە بزە، وەک گزنگی سەر چیمەن،
دڵی ئاگردانێکی عیشق بوو بۆ کوردایەتی و...بۆ رزگاری و بۆ پاشەڕۆژ.
چاوانی گەشی!! پڕ لە پرشنگ،پڕ لە ئەوین، کانی سیحر،کانی زرنگ و ووریایی و هۆشیاری بوون...
هەموو ئەندامێکی لەش،پەنجەکانی،تەوێڵی،بازووی،دەفەی شانی،لە ئاگرێکی بزێوی(بزۆزی) جێ بەخۆ نەگر...ئەچوون...ئەو پرسیار بوو...منیش وەرام، ئەو سۆراخ بوو،منیش شیعر و خەفەتێکی بەردەوام...
رووباری ساڵ هات و رۆیی..چەمی خەممان هەر زیاد ئەبوو،سەری ئەکرد..هەر یەکەمان پەڕینە ناو توتڕکێکی ژیانەوە..هەر یەکەمان بووین بە سێبەری پەرت پەرتی شاخ و داخێ...
من لە تاراوگەی سەر فورات...لە رۆژاوا و... لە بیابانی مەنفا بووم
کە بۆکرووزی هەواڵی...مەرگی ئەوم گەیشتە لا!...لەگەڵ شەپۆلدا بۆی گریاین...
لەگەڵ فورات دا پرسەمان بۆ ئەو دانا...ئەوا ئێستەیش ئازادییە و کوردستانێکی بێ بەعس...
ئەوا ئێستەیش زەماوەندە و کوردستانێکی بێ ترس...وەکو هەموو شەهیدانمان...
زامی گەورەی (حەمەشەوقی)یش بووە بە گوڵەباخێک و کچی مێژوومان..
داوێتی لە قژی و لە تەوقی سەر...چاوی گەشی (حەمەشەوقی)بوو بە ئەستێرەی سەر سەر
باڵای رێکی (حەمەشەوقی)بوو بەدار هەناری گوڵ کردوو...گەردنی بووە بە چرای زەماوەندمان
چۆغەی بووە...بە ئاڵامان.
((بێشێ)) تاقە کوڕەکەشی... بە یادگاری سپی بەرچاوان...
((حەمەشەوقی))وەک گۆیژە زیندووە...((حەمەشەوقی)) مان وەک نێرگز
لە گوڵدانی گیان هەڵگرتووە..*
*******
لەو ماوەی هاوسەرگیرییەدا کوڕێکیان دەبێت و بە خۆشی و گەورەیی داستانەکانی (گەرووی بێشێ) وە ناوی دەنێ (بێشێ). کاکە بێشێ، تەمەنی دووساڵان دەبێ، کە باوکی شەهید دەبێت. بەم جۆرە لە ناز و خۆشەویستی باوکێتی بێبەش دەبێت. لێ دایکی وەک شێرەژنێکی میهرەبان و نموونەیی دایکایەتییەکی دڵسۆز، بە دیار پەروەردەکردن و بەخێوکردنی کاکە(بێشێ)وە دادەنیشێ و زۆر بە جوانی گەورەی دەکات. ئیمڕۆ کاکە بێشێ،وەک تاقە یادگاریکی ئەو شەهیدە نەمرە، هەڵگری هەموو جوانییەکانی باوکێتی.
وەک بڵێی مامۆستا گۆران شیعری ((شەهید))ی، بە تایبەت بۆ ئەم دۆخەی هاوبیر حەمەشەوقی ووتبێت،کاتێ دەڵێ:
بڵێ بە بووکی تازەی یەک شەوەم گەر هاتە سەر نەعشم....نەڵێ خۆی بۆ وەتەن کوشت و لە ڕێی عەشقی منا نەژیا
وەزیفەم بوو لە پێناوی وڵاتێکا سەرم بەخشم: ........ کە تۆی پەروەردە کرد بۆ من لە داوێنی چیا و کەژیا!..
هەزاران چەپکە گوڵ، بۆ یادی هاوبیری پێشمەرگە و سەرکردە،کاکە مولازم (حەمەشەوقی)، ئەو کەڵە شەهیدەی، کە بە خامە و چەکەکەی لە پێناوی ترۆپکی ئاوات و ئامانجە نەتەوەییەکانی نەتەوە و نیشتمانەکەی ژیا و خۆیکردە بەردەبازی گەیشتن بە (کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان) و گیانی خۆی لەم سەرەڕێ پیرۆزەدا بەخت کرد...
بۆ ئێمە یادی ئەم شەهیدە،هەمیشە،وەک چرایەکی گەش داگیرساوە، لەشەوەزەنگی نیشمانێکی داگیرکراوی پڕ لە توولەرێی هەڵەمووتدا، رووناکییەکەی بەرپێی هەنگاوی خەبات و تێکۆشانمان رۆشندەکاتەوە...
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج: ئەم پەخشانە شیعرەش, لە دیوانەکانی شێرکۆ بێکەس دا چاپ نەکراوە...من لە ماڵپەری پاسۆک دەرم هێناوە..www.pasok.eu
ئەو وێنەیە،شەهید مولازم (حەمەشەوقی)یە لەگەڵ دەستەیەک پێشمەرگەدا و بەرگی کتێبێکە،کە بە ناوی(شاخەکان تەنیا هاوڕێمانن)ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن،T.Wallstrm بە سویدی نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە