کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەزارەتی تەندروستی تیرۆرستە یان....؟!

Sunday, 21/11/2010, 12:00


زۆربەی دانیشتوانی جیهان بە شێوەیەك لە وشەی (تیرۆر) گەیشتون كە بریتی بێت لە (كوشتن،سەربڕین،تاد...) بەڵام ئەمە بەشێكی بچوك و دیاری ئەو بابەتەیە كە ڕۆژانە باسی لێوەدەكرێت،بەڵام كەم كەسمان هەیە دەرك بەو تیرۆرە شاراوەو نا ڕاستەوخۆیانە بكەین كە رۆژانە ڕوبەڕومان دەبێتەوەو هەستیشی پێناكەین.
دروستبوونی هەر كاردانەوەیەك كە بە (تیرۆر) ناو ببرێت، هەمیشە لە ئەنجامی حساب بۆ نەكردن یاخود خواردنی مافی چینێكی میللەت لەلایەن دەسەڵاتەوە بووە لە ئەنجامدا ماف خوراو تووشی هەڵچونێك دەبن،ئیتر ئەو هەڵچونەش بە شێوەیەك بێت ناوی تیرۆری لێ بنرێت یاخود بەخۆپیشاندان و ناڕەزایی دەر بڕین بێت یان بە هەر شێوەیەكی تر،چونكە كاردانەوەی گروپێك یان بەشێك لە چینی كۆمەڵگەیەك لای هەر لایەن و گروپ و حزبێك بە شێوەیەك تەفسیری بۆ دەكرێت وەك لەسەرەوە ئیشارەتم پێدا.
لەڕاستیدا دامەزراندنی هەر حوكمەتێك و پاشان دیاری كردنی وەزارەتەكان هەمووی بۆ خزمەتكردنی خەڵكەو هیچ كەس نكۆڵی لەوە ناكات،ئەمەش تایبەتمەندی زیاتری هەندێ‌ وەزارەت نیشان دەدات كە تایبەتە بە خودی مرۆڤ و چارەسەر كردن.
وەزارەتی تەندروستی یەكێكە لەو وەزارەتانەی كە لە هەموو وڵاتێكدا گرنگیەكی زیاد لە توانای وڵاتەكەی پێ دەدرێت ئەمەش جگە لەلایەنە ئینسانیەكەی مەبەستی بازرگانیشی لە پشتەوەیە،واتە جگە لە چارەسەر كردنی دانیشتوانی وڵاتەكەی خۆی بەهۆی بەهێزی ئەو وەزارەتەو گرنگیان بە نەخۆش لە وڵاتی دەرەوەش سەردان دەكرێت بۆ چارەسەر كردنی نەخۆشەكانیان.
ئەوەی زیاتر مەبەستمە لێرەدا باسی لێوە بكەم بریتیە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی لایەنی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، سەرەتا دەتوانم بڵێم (جگە لە هەندێ پزیشكان كەس بە كاروبارەكانی وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای تەندروستكاران ڕازی نیە،چونكە وەزارەتی تەندروستی واتە وەزارەتی مرۆڤ دۆستی و چارەسەری كێشە جەستەیی و دەرونیەكانی كۆمەڵگەیە نەوەك بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لەكاتێكدا نەخۆشخانەكانمان شایەنی ئەوە نەبن؟
ئەوەتا بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تەندروستی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین نەخۆشخانەی ئەهلی و تەنانەت عیادە ئەهلیەكان داخراون و دادەخرێن،ئەمەش لەبەر نەبونی مەرجی تەندروستی، نازانم پرسیارێكی پێكەنیناوی نیە ئەگەر بڵێم ئاخۆ پزیشكێك لەوەزارەتی تەندروستی شوێنی كاركردنە كە مەرجی تەندروستی تێدا نەبێت پێی دەڵێن چی؟ ئەمە وەزارەت لێی بەرپرسە یاخود گەل؟ یاخود خودی پزیشك؟ بە بۆچونی من نەبونی لێپرسینەوەی ئەو پزیشكانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و سەپاندنی سزایەكی سەخت بەسەریاندا لەوانەیە چارەسەرێكی باش بێت بۆ ئەو بابەتە،لەكاتێكدا وەك باسم كرد ئەم جۆرە كارانە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە خودی جەستەو ناخی مرۆڤەوەو ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە پەیوەستە پێیانەوە،نەك بازرگانی كردن و نەشتەرگەرییەكان خۆ بەخت بكرێن و هیچ جۆرە حسابێك بۆ نەخۆش نەكرێت ئەمەش لەكاتێكدا دێت لەم كابینەیەی حكومەت دا لە جیاتی زیاتر خزمەت كردن بە گەل وەزارەت و سەندیكای تەندروستكاران هاتن نرخی عیادەكانیان بەرز كردەوە،نازانم چۆن ئەمە لێك بدەمەوە لەلایەكەوە پزیشكەكان دەڵێن ئێمە خزمەتی مرۆڤایەتی و گەل دەكەین پاش خوای گەورە دەبینە هۆی ڕەواندنەوەی ئاوارەكانی جەستە، بەڵام من دڵنیام ئەوەی ئەوان باسی دەكەن بۆ چینێكی كەمی كۆمەڵگەیە، كە وەك خۆیان یاری بە پارەی خەڵكی بكەن ئەگەر نا ئەوانەی هەژارن و چینی زۆرینەی كۆمەڵگە پێكدەهێنن، ئازاری جەستەیان چاك دەبێتەوە ئەگەر بتوانن نرخی عیادەكان بدەن.
*بەڕێوەبەرى نوسینى رۆژنامەى باسك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە