کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ ده‌نگدان مه‌چۆ، ئه‌و ده‌نگه‌ی تۆ! ره‌وادانه‌ به‌ خیانه‌ت و فه‌سادیی و ناپاکیی - بەشی پانزەو کۆتایی -

Friday, 30/08/2013, 12:00






هەڵبژاردن وەك تاوانێکی سیاسی

هەر نەتەوەیەك بەبێ بوونی لەقەوارەیەکی سیاسی فەرمی ناسراوو دانپیانراودا، هیچ پرۆسەیەکی سیاسی ناتوانێ ئامانجەکانی بێنێتە دی. ئەوەیەش، لەبەر هەژموونی ئەو دەوڵەوت و لایەنانەی دایگیریان کردوە، وەیان زاڵن بەسەر ئەو پارت و لایەنە سیاسیانەی ئەو شوێنە بەڕێوە ئەبەن. کوردستانی باشوور قەوارەیەکی جوگرافیایی داگیرکراوە لەلایەن زلهێزێکی ئەمریکی و چەند دەوڵەوتێکی هەرێمیی وەك عێراق و بوونی بنەکەی سەربازی تورکی و ئێرانی. کەواتە هەر پرۆسەیەك لەم قەوارە داگیرکراوەدا بکرێ، ئەوا دەست تێوەردانێکی بەرچاو بەدی ئەکرێ و بەپێی پیلان و داخوازی ئەو لایەنانە تەواو ئەبێ کەوا وویست و بەرژەوەندی خۆیان بەباشی لەبەرچاو گرتوە.
کوردستانی باشوور جگە لەو دەوڵەتە داگیرکەرانە،دوو هێزی بنەماڵەیی ملکەچ بۆ ئەو هێزو دەوڵەتانە هەن کەوا بەهیچ شێوەیەك ناتوانن لەخۆیانەوە دەست بکەن بەئاودا. ئەم دوو هێزە(خێڵەکیە) کەلە ڕاستیدا جگە لەسیاسەت هەر خەریکی جێبەجێکردنی پیلان و خواستەکانی دوژمنانی کوردن. لەڕابردووی دوور ونزیکدا گەواهیدەی چەندین تاوان و کارەساتی گەورەن کەهێناویانە بەسەر گەلەکەماندا، هەر لە کارەساتی ئاشبەتاڵ،هەکاری،شەڕکردن دژ بە گەلانی ئێران لەدوای ڕوخانی شا،شەڕی نەبراوەی بەناو برا کوژی،دواتر فشار خستنە سەر لادێکان تا زیاتر وێرانتر بکرێن و خەڵکەکەشی ئەنفال بکرێن و لەهەمووی کارەستبارترو گەورەتر، کۆڕەوە ملیۆنیەکەی ساڵی ١٩٩١. ئەم هەموو کارەساتانە پیلانکارەکانیان دوژمنانی کوردن و جێبەجێکەرانیشی بەهەمان شێوە هەردوو هێزی دوو بنەماڵەی کوردکوژن بەناوی خەباتی شۆڕشی گەلی کوردەوە بەئاکامیان گەیەندوون.
لەدوای هاتنەوەی ئەم بەناو شۆڕشگێڕانە دوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و دواتر بۆ یەکەمین جار هەستان بە ئەنجامدانی یەکەمین پرۆسەی هەڵبژاردن لەساڵی ١٩٩٢، ئەوەبوو زنجیرەی تاوانەکانیان کڵپەی سەندو لەو ڕۆژەوە ژمارەی تاوانەکانیان لەهەڵکشاندایە و لێرەدا تەنها چەند یەکێك لەوانەوە وەك نمونە دێنینەوە کەوا بۆ ئەوەی بزانین کەبۆچی پرۆسەی(هەڵبژاردن)وەك تاوانێکی سیاسی پێوستە پەنجەی بۆ ڕاکێشین؛ هەر یەکسەر دوای ئەم هەڵبژاردنە کەوتنە دژایەتی کردنی پارتە چەپەکان و لێدانی تەڤگەرەی ئازادیخوازی گەلەکەمان لە کوردستانی باکوور کەخۆی لە(پەکەکە)و کوردستانیانی ئازادیخوازدا ئەنواند و هەر لەشاری هەولێر کەوتنە کوشتنی لاو گەنجی کورد. بەمەشەوە نەوەستان هەر لەدرێژەی تاوانە سیاسیەکانیان کە لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەوە ڕەوایەتیان بەخۆیان دابوو، کەوتنە تیرۆرکردنی چەندین کەسایەتی چەپ هەر لە بادینانەوە تا گەرمیان..نمونەیان گەلێ زۆرە و لەزۆر شوێنی تر ئاماژەمان پێکردوون.
دەرهاویشتەی پرۆسەی(هەڵبژاردن) مانایەکی وا ناشرینی لامان دروست کرد کەوا بەتەواوی لەم پرۆسەیە بسڵەمینەوەو هیچ متمانەیەکی پێ نەکەین.. ئایا ئەزانی ئەوە هەڵبژاردنە کەوا تاکی کورد زیاتر تێکشکێنراوو کۆمەڵگاکەمانی بەرەو کلتووری گەندەڵی برد!! ئایا جێگای گومان نیە کەوا هەڵبژاردن وای لەم هێزانە کرد بەناوی ڕەوایەتی کوردایەتی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی زیاترین جوگرافیای خاکی کوردستانمان بەناو مادەی ١٤٠ دۆڕند و بەخشیە عێراقە وێرانکراوەکەی بەدەستی کورد دروستکراو! ئایا ئەزانی ئەوە هەڵبردن بوو کەوا جگە لەهێنانی خولێکی نوێی شەڕی ناوخۆ لەساڵی ١٩٩٤ و کوشتنی هەزارەها کورد و ئاوارەبوونی هەزارەهای تریش کەبەفیتی دوژمنانی گەلەکەمان و بەجێبەجێکەرانی هەردوو بنەماڵە خایئینەکەی تاڵەبانی و بارزانی بەئەنجام گەیەندارن!!
گەر دوای ئەم تاوانە گەورەو مەزنانە نەختێ هەڵوەستە بکەین و بپرسین؛ئاخۆ گەر هەڵبژاردن ئەم دەستکەوتە خراپانەی لەدوای خۆی هێنابێ،گەرەکە بەشداری تیا بکەین ،وەیان پێوستە بایکۆتی بکەین؟! بۆچی نەپرسین تاوانی تیرۆرکردنی دەنگە ناڕەزاییەکانی وەك شەهید(کوردە)ی هەڵەبجە، شێخ ستارو سۆرانی مامە حەمەی کەرکوك، سەردەشت عوسمانی هەولێر و دواتر کوژرانی لاوانی سلێمانی لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ و ڕۆژانی دواتر ، بەرهەمی هەڵبژاردنەکان نین؟؟
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێراو کوێرکردنی چاوی چەندین هاوڵاتی ئەم کوردستانە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هێنانی خۆراك و دەرمانی بەسەرچوو، هەمووی ئاکامی هەڵبژاردن نین؟؟ خراپی جادەو ڕوداوەکانی ئۆتۆمۆبیل، کوشتنی بێشووماری ئافرەت لەژیر پاساوی شەرەف ناگەڕێتەوە بۆ بەکار خراپ هێنانی هەڵبژاردن؟؟
ئەوە تەنها تاوانی هەڵبژاردنە کەوا ڕێگا ئەدا بەم دوو بنەماڵە کوردکوژە کەوا ڕۆژ دوای ڕۆژ ئازادی بەرتەسك ببێتەوەو سەرۆکی تەزوویر لەڕێگای زۆرینەی پەرلەمانی هەڵبژاردەوە بۆ چەند خول خۆی بسەپێنێ بەسەر کوردستاندا؟؟؟ ئەوە تەنها هەڵبژاردنە کەوا وای لەم دوو بنەماڵەیە کردوە کەوا سەروەت و سامانی کوردستان بۆ خۆیان و کۆمپانیا ئەمریکی و دەوڵەتە هەرێمیەکان بدزن و لەنیوان خۆیاندا بەشی بکەن و تاك و کۆمەڵگای کوردیش بۆ خۆی هەتا هەتایە بە موچەیەکی کەم ڕازی بکەن.
ئەمانە چەند نمونەیەکی کەمە لەو هەموو تاوانانەی دەرهەق بە کوردستانەکەمان ئەکرێ و بەداخەوە بەناو چەند دوکانێکی سیاسی و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنیش بەشداری تیا ئەکەن. بەرەی بەناو نەیار و ناڕازی تەنها خەریکی پارە کۆکردنەوەو خۆڵکردنە چاوی میللەتن. ئەمانە تەواوکەری دەسەڵاتن و تەمەنیان درێژ ئەکەنەوە.
کوردستانپۆستی هەقبێژو بوێر هەرگیز ئامادە نیە ڕیایی و درۆ لەتەك خۆی و میلەتەکەیدا بکا.. مێژوو ئەو ڕاستیانەی ئەم سایتە ئەسەلمێنێ کەوا هەڵبژاردن پرۆسەیەکە بۆ زیاتر، هەڵووشینی سامانی کوردستان،هەراجکردنی بست بەبستی خاکەکەمان،تێك و پێکدانی تاك و کۆمەڵگای کورد،مل پێکەچکردنی لاوان و گەنجانمان لەڕێگای ترس و بەڵێنی درۆیی، نانەوەی کێشەو ململانێ لەنیوان پارچەکانی تری کوردستانی گەورەو دروست کردنی ئاژاوەو پیلانگێڕی دژیان. بۆیە بۆ مێژوو لەسەرمانە کەوا میلەتەکەمان ئاگادار بکەینەوە لەوەی پێوستە بەتەواوی بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە بکەن و پەتی سێدارە نەکەنە ملی نەوەی داهاتوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە