هەموو شەوێ لە خەودا لە گەڵ تۆ دەدوێم
Friday, 08/08/2014, 12:00
2954 بینراوە
هەموو ئێوارەیەک
کە خۆر لێم دەتۆرێ
رەشماڵی شەو رادەخوشێ
ئازار
چوار تەنیشتم دادەگرێ
لە تەنیاییدا خەم لە دەرگام دەدا
بەلەمی خەیاڵیش
دەمباتەوە ئەو رۆژانەی
کە تاوڵی ژیانمان پێکەوە دادەمەزراندوو
چرکەکانی تەمەنمان دەکردە ملوانکە
بۆ ئاسۆی گوڵە هێرۆو نەشمیلەکانی کورد
هەموو شەوێ کە تاریکی باڵی لێدەدا
من چاوەڕوانی کازیوە دەکەم
تا بەجێم نەهێڵێ
کە تیرڕێژ ئەنگوا
یەک یەک سەری وە دەرنا
خۆم بگەینمە مەلەکە تاووس
تا پێی بڵێم
چوویە لای خۆر
من وتۆش لە گەڵ خۆی ببا
تۆ بە دەنگی،، نا،، و منیش
بە سۆزی نایە
هاواربکەم
قسەم پێیە، قسە، رازی دڵ ورازی دەرون
بۆ خواوەندی خۆر
بۆ تۆ، لەبەر تۆ
کە زڕەی زنجیر پێت پێدەکەنێ
تۆ لەسەر باڵی چەپی ئەو فریشتەیە
منیش لە لای راست
بەرەو ئاسمان باڵ دەگرین
لە وێ
بۆ ئەستێرەکان
حەیرانی جودایی
ئەوینی مەمو زین
بکەینە پەڕاو
بکەینە ژیان
بۆ وڵاتێک کە منداڵەکانمان
بە سەر بەستی پێ هەڵگرن
هەموو شەوێ بە ئاسپایی
بە تەنیایی
هێور هێور دوور دەکەومەوە
بیر لە چوار چراو
لە تۆ دەکەمەوە
بۆ ئازادی تێیدا خنکاو
کوردوستانی کردە زە ندۆڵستانێک
تا نەیاران پێی پێبکەنن
دەزانی لە تۆ تەنیاتر
هەرمنم !
دەزانی وێنەی خڕنۆکی بیابان
سەگەردان وونم
چاوەڕوانی ئەو کاتەم
بە هاتنت دەرگام بتەنی
تۆ دەزانی
دوو گوڵە هێرۆ، دوو شلێری چوار قاش
قا قا پێدەکەنن ودەڵێن:
ئەو رۆژە دادێ دەرگای دیلی
بە هورووژمی رقی پیرۆز
لە بەر یەک هەڵدەوشێ
بزەی رزگاری بۆ نەتەوەکەت
کوردوستانی مەزن دادەگرێ
من هەموو شەوێ
لەخەودا بە جلی سپی یوت دەبینم
ئاخۆ جلی سپی رووناکییە؟
یان رەنگی ئاشتیە
کە تەختی دیکتاتۆڕەکان دەهەژێنێ
هەموو شەوێ لە شارەکەی خۆم
لەشارەکەی تۆ
غەریب غەریب
هەنیسکان دەدەم
تەنیایی دەکەمە ڕستە
بە هەر دوو دەستان دەیهۆنمەوە
بە بارتەقای هەر چوار وەرزی
وڵات
چاوەڕوانت دەبم
تا لە بەهاری رزگاریدا
پێکەوە ژیانێکی نوێ
پێک بێنین
کە هیچ باهۆزێک نەتوانێ
داری خۆشەویستیمان
لە سەر ئەو خاکە پیرۆزە
هەڵکەنێ.
سرنج بۆ خوێنەری بە حورمەت:
ئەو وشانەی سەرەوە دەکەمە رستەی ئەوین ودەیانهۆمەوە تا بیبەمە بەر دەرگای ژنێکی ئەوینەوان، سەرتۆپی ئەویندارانی وڵاتی رۆژ بە ناوی،،، مەرزە،،،هاوسەری بە ئەمەگو یاری رۆژانی تەنگانە وئەشکەنجەو تاریکە ژووری زیندانەکای بنە ماڵەی سەرشۆڕی پەهلەوی و نۆکەری ئیمپریالیزم ودژبەئازادی.پێی دەڵێم ها،کە چویە سەر گڵکۆی نەمر،،، غەنی بلوریان،،، قارەمانی نەتەویی کورد پێی بڵێ،ئەو کاتەی کە لەدایک بوی سەربڵند ژیای ئەورۆژەش کە جەستەت لە لامان دوور کەوتەوە تا دوایین هەناسە بەسەر بڵیندی سەرت نایەوە.هەوێنی رازی دڵی من رستەیەک بوو کە لە ،،، ئاڵەکۆکی،،، نەمر غەنی بلوریان هەڵقوڵی. ئەو کاتەی کە لەژێر دژوارترین ئەشکەنجەدا،، نای،، دەکوتو شمشاڵی ئاهوورایی دەکردە دەنگی بەرخۆدان،،مەرزە،،بۆی دەنوسێ : هەموو شەوێ لە خەودا بە کراسی سپی یوت دەبینم، نازانم رەنگی سپی باشە یان خراپە!
مەزنایەتی مەرزەو نەمر غەنی بلوریان لەوەدابوو کە بۆ تاقە جارێکیش سکاڵایان لە نەتەوەکەیان نەکرد.گەر چی لەلایان بێ ئەخلاقەکانی کە لەسەر ناوی وشەی دێمۆکڕات بە دەیان جار قسەی سووک وناحەزیان پێ گوترا!؟ بەڵام بە گەورەیی خۆیان بێدەنگیان هەڵبژاردو چاوەڕوانی رێگوزەری مێژوویان کرد.لە وڵاتی ئافریقا،، ماندێلایەک،، هەڵدەکەوێ خەڵک رزگار دەبن. کەچی لە وڵاتی کوردەواریدا سەدان ماندێلا هەن ئەدی بۆ چی وەک خڕنۆکی بیابانمان بەسەر هاتوو تەنیاو بێ ئاکام شۆڕش لەسەر شۆڕش سەرهەڵدەداو رۆژیشمان ئەو رۆژەیە کە هۆلێیە.! مەرزەی مەزن، هێرۆی ونەشمیلیکەی چواروەرزی وڵاتی رۆژ من هەر ئەوەندەم لە چەنگ هاتووە.دەبوایە نزیک ٣٠ساڵ ئازار ئەشکەنجەو دووری کرابایە لاپەڕو کرابایە پەڕاو، بۆ داهاتووان، بۆ ئەویندارانی وڵاتی شەهید بەڵام چبکەم............داخی گرانم.
جەعفەر کەریمی
٢٧/٧/٢٠١٤
سرنج: قارەمانی نەتەوەی کورد کۆچ کردوو،، غەنی بلوریان ماوەی ٢٥ساڵ زیاتر زیندان وئازا ر بۆ کوردایەتی و دووری لە خاک ونەتەوەکەی بە دڵ وگیان وەرگرت. مەرزەی هاوسەری با وەفای ئەو رنجەی لە تەختی دڵیدا کۆ کردەوەو قەت سكاڵای لە رۆژگار نەکرد. لە کۆتاییشدا جەستەی پیرۆزی لە باشووری وڵات بە خاک سپێردراو ماڵئاوایی لێکردین. (رەوانی شاد بێ) .