کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەیاننامەى لقى كەركوكى سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان سەبارەت بە هەردوو كارە تیرۆریستییەكەى تازەخورماتوو و گەڕەكى شۆڕیجەى كەركوك

Wednesday, 01/07/2009, 12:00


سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان هەر كاتێك ئارامىو ئاسوودەیی باڵى بەسەر شارى كەركوكو دەوروبەریدا كێشابێت، دوژمنانى ئاشتىو ئازادىو پێكەوە ژیان ئۆقرەیان لێبڕاوەو لە هەمبەر ئەو ئاشتىو پێكەوەژیانەدا، پیلانى دوژمنكارانەیان داڕشتووەو دەرئەنجام شارێك، یان گەڕەكێكیان شەڵاڵى خوێن كردووەو مرۆڤگەلێكى بێ تاوانیان تیرۆرو شەهید كردووە.
رۆژى20ى حوزەیرانى 2009 دەستێكى چەپەڵ لەكارێكى ترسنۆكانەداو لە رێگاى تەقاندنەوەى لۆرییەك، گەڕەكێكى شارۆچكەى تازەیان بە مرۆڤەكانییەوە تەختو زیندەبەچاڵ كردو (67) مرۆڤى بێتاوانیان شەهید كردو زیاتر لە (150) هاووڵاتیشیان بریندار كرد.
رۆژى 30ى حوزەیرانى 2009 دەستێكى چەپەڵیتر ئەگەر هەمان دەست نەبووبێ- گەڕەكى شۆڕیجەى كەركوكى كردە نیشانو دەیان هاووڵاتی سڤیلو بێ گوناهی دیكەى شەهیدو بریندار كرد.
ئێمە لە لقى كەركوكى سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستانەوە، وێڕاى دەربڕینى پرسەو سەرەخۆشى خۆمان بۆ قوربانیانى هەردوو كارە تیرۆریستییە چەپەڵەكەو هیواى چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازینو دڵنیاین لەوەى كە چ خەڵكى خۆڕاگرى تازەخورماتووو چ خەڵكى شۆڕیجەى مەكۆى شەهیدانو بەرخودان ئەم جۆرە كردەوە تیرۆریستیانە نایانترسێنێو گیانى برایەتىو پێكەوەژیانیان بەهێزتر دەكات.
ئەم كردەوانە لە كاتێكدایە كە هێزى فرە رەگەزەكان لە شارەكان دەچنەدەرو شارەكان رادەستى هێزە خۆماڵییەكان دەكەنەوە، دەبوایە چوونەدەرى ئەمریكییەكان لە شارەكان ببوایەتە هۆكارى زیاتر دەست لەملانی پێكهاتەكانى كەركوك نەك تۆقاندنى هاوڵاتیان كەئەمەش دەبێتە ئاماژەیەكى ترسناك بۆ شڵەژاندنى بارى دەروونى خەڵكى سڤیلو بێ دەسەڵاتى هێزە خۆماڵییەكان لە پاراستنى ئاساییشو ئارامى ناو شار.
بۆیە هەلومەرجى هەنووكەى كەركوكو دەوروبەریشى وا دەخوازێ كە هاووڵاتییان لە هەموو كاتێك زیاتر ئاگادارى پاراستنى ئارامىو ئاسوودەیی خۆیانو كۆڵانو گەڕەكو بازاڕەكانیان بنو بە هەماهەنگى لەگەڵ هێزە خۆماڵییەكان رێگە لە كارى تیرۆریستى بگرن.
ئەوەى جێگاى داخیشە داواكردنى هەندێ كەسو لایەنە بە هێنانى سوپاى عێراق بۆ شارى كەركوك بە پاساوى بێدەسەڵاتى هێزە خۆماڵییەكان لە پاراستنى ئاساییشى شار.
ئێمەش وەكو رۆژنامەنووسانى كەركوك بەشى خۆمان لە تیرۆرو تەقینەوەو كارى تیرۆریستى بەركەوتووەو قوربانیمانداوە. بۆیە پێمان وایە تەنها یەكڕیزىو بەهێزكردنو پتەوكردنى گیانى پێكەوە ژیانو ئاشتىو برایەتى لە دەستى رەشى تیرۆر دەمانپارێزێ و بە پێچەوانەوەش پەرشوبڵاوى ریزەكانى خەڵكى شار دەروازەو دەرفەتى زیاتر بۆ تیرۆریستان فەراهەم دەكات لە وەشاندنى دەستى چەپەڵى خۆیان.
نەفرەتو ریسوا بوون بۆ تیرۆریستانو نەمرىو سەروەریش بۆ شەهیدانو یەكڕیزىو بەهێزكردنى گیانى تەباییو برایەتىو پێكەوە ژیان بۆ سەرجەم كەركوكییەكان بە جیاوازى نەتەوەو ئایین و بیروباوەڕییانەوە.

لقى كەركوكى
سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان
30/6/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە