شاردنەوەی راستیەكان لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی كەركوك و راگەیاندنەكان لە قازانجی كێدایە؟
Thursday, 19/11/2009, 12:00
ماوەیەكی زۆرە هەموو جیهان كەوتۆتە بەر شەپۆلی پەتایەكی زۆر كوشندە ئەویش پەتای ئەنفلەوەنزای بەرازە ئەم پەتایە ماوەیەكی زۆرە دەزگای نیو نەتەوەییەكانی پیوەند بەتەندروستی جیهانی هۆشداری داوە بەهەموو جیهان كە مرۆڤایەتی لەئاست مەترسیەكی زۆرگەورەدایە و پێویستە وڵاتانی جیهان پێشبینی هەموو شتێك بكەن لەئاست ئەم مەترسیە و رێگای توند و تۆڵ بگرنەبەر بۆپاراستنیگیانی هاوڵاتیان وپیشگرتن لە بڵاو بونەوەی ئەم پەتایە ئەویش بەئاگادار كردنەوەی هاوڵاتیان لەچۆنیەتی خۆپاراستن لەئاستیدا.تائێرە كارێكی زۆر ئینسانی و باشە و زۆربەی وڵاتان رۆژانە راپۆرتی هەواڵی نوێی دەربارەی توشبوان بەم ڤایرۆسە لەراگەیاندنەكانیان رادەگەیاند لەسەرتاسەی جیهاندا تەنیا شتێك كەمایەی هەڵوەستەیە ئەویش بەرێوەبەرایەتی فەرمانگەی تەندروستی شاری كەركوك و دەزگای راگەیاندنەكانی ئەم شارەیە هەتا دە رۆژ لەمەوبەریش واتە رێكەوتی(10-11-2009)ئەم بەرێوەبەرایەتیە لەراگەیاندنە جۆراوجۆرەكانی ئەم شارەوە هەواڵی بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیەی لەم شارەدا بەدرۆ ئەخستەوە و لێدوانی ئەوەی ئەدا گوایە هیچ حاڵەتێكی توشبوون بەم پەتایە تائێستا تۆمارنەكراوە, هەروەها وایان بڵاوكردبۆوە كە كەركوك تاكە پارێزگایە لەئێراقدا ئەم پەتایەی تیا بڵاونەبۆتەوە.
تا ئێرە زۆرئاسایی و مایەی دڵخۆشی هەموو لایەك بو بەدەر لەدانیشتوانی كەركوك بگرە دانیشتوانی هەرێمیش خۆشحاڵ بوون بەم هەواڵە, بەڵام لەناكاودا وەك مرۆڤ لەشیرین خەودا فرێبدرێتە ناو دەریایەك خەڵكی تووشی شۆك و دڵە راوكێ بوون كەحاڵەتی تووشبون بەم پەتایە 13حاڵەت راگەیەنرا و سێرۆژدواتریش واتا17-11-2009گەیشتە 48 بەپێی دیداریكی بەرێوەبەری فەلرمانگەكە كەتەلەفزێونی كەركوك سازی دابو, بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لەكەناڵی تەلەفزێونی كەركوك هەندێك زانیاری روون كردەوە, زیاتر مایەی نیگەرانی بوو بەوەی كەلەبەرواری تەمووزی ئەم ساڵ هاوڵاتیەك لەدەرەوەی ئێراق هاتۆتەوە و بەم پەتایە توشبوە و چارەسەری بۆكراوە هەروەها وتی یەكەم حاڵەتی تووشبون بەم پەتایە لەبەرواری25-10-2009 لەم شارەدا تۆماركراوە ئەم لێدوانەی بەرێز بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لەبەرواری16-11-2009 راگەیەنرا.لێرەدا مەبەستی من ئەوەیە كە ئەو چەواشەكاریە ئاشكراكەم كە ئەم فەرمانگەیە لەئاست میللەتی كەركوكدا ئەنجامی داوە و بەهاوكاری راگەیاندنەكانی نێوشارەكە.
ئاخۆ ئەركی فەرمانگەی تەندروستی شاری كەركوك نەبو راستگۆیانە لەگەڵ ئەم گۆرانە چارەنوس سازەدا مامەڵەی بكردایا؟ بەراشكاوانە ئاماری توشبوانی لەیەكەم حاڵەتی توشبوندا رابگەیاندایە؟ دوای دوو رۆژ لەلەراگەیاندنی ئاماری توشبوان كەژمارەیان48كەس بوون واتە لە18-11-2009 ئەو ئامارە گەیشتە60كەس ئەمەش ئەوەئەگەیەنێت كەهیچ راستگۆییەك لەو راگەیاندنانەی ئەم فەرمانگەیەدا نیە و هیچ جۆرە نرخێك بۆ راستی راگەیاندنی ئەوئامارانە و كاردانەوەی لەسەر هزر و بیری هاوڵاتیان و خۆپاراستنیان لەلایەن ئەم فەرمانگەیەدا نیە و مرۆڤ ئەخاتە گومانەوە لەئاست هەموو للێدوان و راگەیاندنەكانی لەئاییندەدا و مەترسیەكانی سەرهاوڵاتیان بەتوشبوونیان بەم پەتایە و هەرپەتایەكیتر لەئاییندەدا زیاتر ئەكات و هاوڵاتیان گوێ نەلە رینمایی و نە لەراگەیاندنەكانیان ئەگرێت و بەمەش گورزێكی گەورە لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەكانی نێو ئەم شارە ئەدات و هەموو لایەك ئەكەوینە بەر هەرەشەی مەرگ و تەنیا كەسێك یاخود لایەنێكیش كە بەرپرسیاربێت لەئاستیا بەرێوەبەرایەتی فەرمانگەی تەندروستی كەركوكە واتا متمانەی خۆی لەناخی هاوڵاتیانی ئەم شارەش لەدەست ئەدات و ئەیانخاتە بەرشاڵاوی هەرەشەی مەرگ؟...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست