خیانەتی بارزانی و تاڵەبانی
Wednesday, 03/08/2011, 12:00
(نهێنیەکانی شەڕی 1992ی پەکەکە).
خیانەتەکانی سەرانی سیاسی کورد لەمێژوودا زۆر زیاترە لەوەی دەیزانین، چەندێک لەدوای بچین بەڵگەکان کۆتایی نایەت، لەناو زۆرێک لەشۆڕش و پارتە سیاسیەکانی کورد دا هەمیشە بەرژەوەندیە کەسایەتی و حزبایەتیەکان لەپێشەوەی پلەی یەکەمی تێکۆشان بوون و کێشە نەتەوایەتی و بنەڕەتیەکان لاوەکی بینراون.
لەم بەڵگەیەدا نهێنیە گرنگەکانی شەڕی ساڵی 1992 ی نێوان بەرەی تورکیا و پارتی و یەکێتی لەلایەک و پەکەکە لەلایەکی تر دەخەینە ڕوو.
(کەناڵی پەیوەندییەکان)
دەرگای کۆبونەوەکانی کۆشکی چانقایەی نێوان سەرۆکی تورکیا تورکوت ئۆزال و تاڵەبانی بەرزانی بەدەستی کامەران قەرەداغی ڕۆژنامەنووس کە ئەوکات نوێنەری ڕۆژنامەی الحەیاتی لەندەن دەبێت دەکرێتەوە، کە بەمەبەستی دیمانەیەک لەگەڵ سەرۆکی تورکیا دەچێتە ئەنقەرە، ئۆزال کە پەیامی نزیکبوونەوە و پەیوەندی سەرانی کوردی پێدەگات لەلایەن ناوبراوەوە لەکۆتایی دیمانەکەدا پەیامێکی گەرم دەداتە سەرانی کورد و دەڵێت : من دایکی باوکم خەڵکی ناوچەی پۆتورگەیە (ناحیەیەکە دەکەوێتە شاری ماڵاتیای باکوری کوردستان..وەرگێڕ) لەوێ کورد ژیاوە پێدەچێت دایکی باوکم کوردبووبێت.
کاتژمێرك دوای دیمانەکە کامەران قەرەداغی پەیوەندی تەلەفۆنی بە ڕاوێژکاری سەرۆکی تورکیا قایە تۆپەرچی دەکات و دەڵێت : پەیامەکەی سەرۆکی تورکیام گەیاندە تاڵەبانی و بارزانی ئەوان خوازیاری دیداری سەرۆک ئۆزالن، ئەوە یەکەمین دیداری ڕەسمی نێوان تاڵەبانی و بارزانی و کاربەدەستانی باڵای حکومەتی تورکیا دەبێت کە دەگەرێتەوە بۆ مانگەکانی سەرەتای ساڵی 1991 (دیارە دوای ڕاپەڕین و ئاوارەبوون بووە .. وەرگێڕ) ئۆزال دەڵێت کە ئەوان پیویست ناکات لەگەڵ مندا کۆببنەوە دەتوانن لەگەڵ کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە کۆببنەوە، بۆیە هەر واش دەبێت.
(کۆبونەوەی کۆشکی چانکایە و پەساپۆرتی سوور)
هەر لەدوای ئەو کۆبونەوەیە و لە کۆبونەوەی دووهەمدا لەساڵی 1992 دا تاڵەبانی و بارزانی لە کۆشکی چانکایە چاویان بە سەرۆکی تورکیا تورکوت ئۆزال کەوت،کەئەوان ئۆزالیان بە خاڵۆ بانگ دەکرد، لەو سەردەمەدا پەکەکە بەهۆی هاوکاریەکانی لەلایەن سوریاوە هێزێکی تۆکمەی دروست کردبوو، بۆیە بارزانی و تاڵەبانی لەو کۆبونەوەیەدا نیشانەی ئامادەبوونی شەڕی دژی پەکەکە بە سەرۆکی تورکیا دابوو.
لەوێدا هەریەک لە تاڵەبانی و بارزانی پەیمانی هاوکاری کردنی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای تورکیایان بە ئۆزال دا، لەپای ئەوەش ئۆزال پەساپۆرتی سووری دیاری کرد بە هەردووکیان، مەسعود بارزانی لەوکاتەدا کەلەگەڵ والی هەرێمی ئەو سەردەمەوە بەناوی نەجاتی چەتین کایا و ڕاوێژکاری ئۆزال بەمەبەستی دەستنیشان کردنی ڕێ و شوێنی ئۆپەراسێۆنەکان و هاوکاریە پێویستیەکانی بۆ بارەگای سوپای خابوور چووبون لەڕێگەدا پێی وتبوون (باوکم وەسێتی بۆ کردوم پێی وتووم تورکەکان هەرچیەک دەڵێن جێی باوەڕن باشبن لەگەڵ تورکیادا بێ تورکان سەرکەوتوو نابن بۆیە هەرچی قسەیەک ئێوە دەیکەن بۆمن سەنەدە)
(کۆبونەوەی جەنەڕاڵەکان لە زاخۆ و قەڵاچوالان)
لەتشرینی یەکەمی ساڵی 1992 دا هێزە چەکدارەکانی تورکیا خۆیان ئامادەکرد بۆ هێرشی هاوبەشی بەرفراوان بۆ سەر پەکەک لە هەرێمی کوردستان، پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە بەرپرسی هێزی جەندرمەی تورکیا جەنەراڵ بیتلیس و فەرماندەی ئاسایش جەنەراڵ نەجاتی ئۆزگەن کە هێڵی پەیوەندیەکان دەبن بەمەبەستی وتووێژکردن لەسەر ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی گەریلاکانی پەکەکە بەهەلیکۆپتەرێک دەچنە باشووری کوردستان.
---------------------------------
لە هەلیکۆپتەرەکەدا جەنەڕاڵ بتلیس بە ئۆزگەن دەڵێت دەزانی من و تۆ یەکەمین دوو جەنەراڵی تورکین کە دەچینە باکووری عێراق ؟ لەوێ بەوپەڕی ڕێزەوە لەلایەن سەرانی کوردەوە پێشوازیان لێ دەکرێت، لەدانیشتنەکەدا جەنەراڵ بتلیس دەڵێت لێرەدا هێز و بارەگای سەربازی تورکیا دادەمەزرێنین، ئۆپەراسیۆنەکانمان دەست پێدەکەین و دەبێت ئێوەش بەشداربن و ئەم بڕیارنامەیەش ئیمزا بکەن.
هەریەک لە بارزانی و تاڵەبانی بەخۆشحاڵیەوە ئیمزای دەکەن.
(دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە)
جەنەڕاڵ ئۆزگەن لەوبارەیەوە دەڵێت : ئەوان زۆر بەخۆشحاڵیەوە ئیمزایان کرد بۆیە لەو بەروارە وە ئۆپەراسیۆنەکانمان بەهاوکاری هێزی پێشمەرگە دەستی پێکرد و هێزەکانمان لە باکوری عێراق بەیەکجاری نیشتەجێ بوون.
******
خوێنەرانی بەڕیز ، هەموومان دەزانین کەشەڕی ساڵی 1992 ی پەکەکە چی کارەساتێکی بۆ بزوتنەوەی ڕزگاری کورد لێ کەوتەوە و چەندیش بەقازانج و بەرژەوەندی ڕژێمی فاشی تورکیا شکایەوە، ئەفسانەی قارەمانیەتی شەهید بێریڤان کەلەو شەڕەدا تا دوا فیشەک بەرگری کرد کاتێکیش فیشەکی لێبڕا لەچیا سەرکەشەکەی ساسۆن خۆی فڕێدایە خوارەوە شەهیدبوونی لەجێی ڕادەستبوونی بەفاشیست و خیانەتکاران قبوڵ کرد، بوەتە شەوچەرەی ماڵانی کورد و نەوە بۆ نەوەی دەگێڕێتەوە . لەو شەڕەدا کەژمارەیەکی زۆر گەریلای گیان لەسەردەستی تێدا شەهیدبوو لێدانێکی هێندە جەرگبڕ بوو بۆ بزوتنەوەی ڕزگاری کورد کاریگەریەکانی تائێساش لەسەر بزوتنەوەکە ماون و برینەکان هێشتا ساڕێژ نەبوون. لەهەمان کاتدا چەندین پێشمەرگەی لاوی کورد بونە قوربانی پەساپۆرتی سوری بارزانی و تاڵەبانی.
هەڵبەتە جەنەڕەڵ بتلیس لەخۆڕا نەیگوتوە ئێمە یەکەمین دوو جەنەڕاڵین کە دەچینە باکووری عێراق . بەڵێ ئەوە سەرەتای داگیرکردنی باشوری وڵاتمان بوو لەلایەن ڕژێمی فاشیستی تورکیا و هێزەکانیان ئێستاش لە بامەڕنی و زۆر شوێنی تری کوردستان ماون، لەلایەکی تریش کوردستانیان لەلایەنی ئابوریەوە مۆنۆپۆڵ کردوە و هەموو ئابووری کوردستان یان خستوەتە خزمەتی سوپا دڕندەکەیان، بەناوی کارگە و کۆمپانیا و قوتابخانەوە لە بەرچاوی بەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەزاران تیمی سیخوڕی و ئیستیغباراتیان لە کوردستان نیشتەجێ کردووە.
(گەلۆ خیانەتێکی وەها مەزن دواڕۆژی گەلێک خوێنی ڕۆڵەکانی کورد بۆ قرمزی پەساپۆرت و کۆمەڵێک ماڵ و سامان ؟ هەرگیز گەل و مێژوو لێتان خۆش نابن).
چاوەڕێی بەڵگەی - 7 بن
لەم لینەکەی خوارەوە بەڵگەکان ببینن.
http://fotoanaliz.hurriyet.com.tr/GaleriDetay.aspx?cid=4439&p=1&rid=4369http://www.rotahaber.com/dogan-gures-barzaniye-dokunmayin_4523.html
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست