داتاشینی تۆمەت وەک چەکێکی ژەنگاوی سەرکوت لەدژی هەر کەسێک ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێ
Monday, 06/08/2012, 12:00
ماوهی 9 مانگه کارزان کهریم لەسەر بڵاوکردنەوەی چەند بابەت و زانیاریەک لەسەر گەندەڵیەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە زیندانی تایبەتی دایە. سهرهتا کارزان 3 مانگ لە زیندانی تایبەتدا شوێن بزر کرا و هیچ کەس هەواڵی نەدەزانی. بەپێی زانیاریەکان ئێستا ئەو بەتۆمەتی تیرۆر و بەپێی یاسای تیرۆر دۆسیەکەی نێردراوەتە دادگا. بڕیارە لە ٧/٨/٢٠١٢ بە هەمان تۆمەت دادگایی بکرێت.
ئەوەی لەبەرامبەر "کارزان کەریم" کراوە تیرۆرێکی ئاشکرایە، فڕاندنی کەسێک و شوێنبزرکردنی بۆ ماوەی ٣ مانگ، ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی لە شوێنێکی شاراوە و نادیاردا. کارێکی تیرۆرستی و تیرۆرە. چ یاسایەک ڕێگە بەوە دەدات کەسێک بەبێ بریاری دادگا و ئاگاداری خۆی و خانەوادەکەی بۆ ماوەی ٣ مانگ شوێنبزر بکرێ؟ هەرەشە و تۆقاندنی خێزان و کەسە نزیکەکانی بە بڵانەبونەوەی هەواڵەکەی تیرۆرە و دروستکردنی بارودۆخێکی تۆقێنەر و تیرۆرستییە.
ئەم جۆرە پێشێلکاریانە بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە، ژیان و ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیانی شێواندووە. بەکردەوە سەپاندنی دەسەڵاتی پۆلیسی و سەرکوتە. پێشێلکاری و دەستدرێژی دەزگا ئەمنیەکایەکان بە دارشتنی سیناریۆ و هەڵبەستنی کەیسی ناراست و درۆ لە رووداو و دۆسیەکان چۆتە قۆناغێکی مەترسیدار. ئەگەر پێشی پی نەگیرێ و دەسەڵاتی ئەو دەزگایانە سنوردار نەکرێ، تۆمەتی لەو جۆرە لەیەخەی هەر کەسێک دەدرێ رەخنە لەم دەسەڵاتە بگرێ و بەرەوڕووی هەموو دەنگە ئازادەکان دەبێتەوە. داتاشینی تۆمەت وەک چەکێکی ژەنگاوی سەرکوت لەلایەن دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەکان، لە دژی هەر دەنگێکی نارازای و دواکارانی چاکسازی بەکار دەهێنرێ. دەزگا ئەمنیەکان گەورەترین مەترسین لەسەر ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیانی کوردستاندا.
دۆسیەی کارزان کەریم خاڵێکیتری بەرامبەرکێێ ئازادیخوازان و سەرکوتگەرانە لە کوردستان. هەڵوەشانەوە و پاشەکشەکردن بەهەر یەکێک لەو دۆسیانە سەنگەرێکە بۆ پێشگرتن بەو دۆخە مەترسیدارەی کاری لەسەر دەکرێ.
ریسواکردن و هەڵماڵینی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو پێشێلکاریەی بەرامبەر بە کارزان و خانەوادەکەی کراوە ئەرکی هەر کەس و ڕێکخراو و هێزێکی سیاسی و جەماوەرییە.
ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست