لە مۆنۆمێنتى هەڵەبجە پەیكەرێك بۆ ئایدین دروستبكەن
Saturday, 16/03/2013, 12:00
بەش بەحاڵى خۆم وەك هەڵەبجەییەك خۆم بە شەرمەزار دەبینم لە ئاست فرۆكەوان ئایدن موستەفا كە گەورەترین هەڵوێستى جوامیرانەى بەرامبەر نەتەوەیەك لەبەرامبەر تۆقینەرترینو درەندەترین دیكتاتۆرى سەدەى بیستەمدا نواند لەكاتێكدا ئێمەى كوردو بەتایبەت هەڵەبجەیش درەندەیى تاوانەكانى ئەو رژێمە ترسێكى گەورەى لەناخماندا چاندبوو بەجۆرێك ئێستاش كە فرۆكەو كۆپتەر لەو شارەدا دەبینم هەست بەترسو تۆقین دەكەم چونكە بەدرێژایى تەمەنى ئەو شارە تا دواى راپەرین هەرچى فرۆكەۆ كۆپتەرمان بینى دڵنیابووین یان خۆمان لە ئازیزانمان جیادەكاتەوەیان بە پێچەوانەوە.
شەرمەزارم لەئاست ئەوەى پاش 25 ساڵ كیمیابارانى هەڵەبجەى شەهید ئێستا ئەزانم كەسێك بەو هەموو گەورەییەوە نەناسیووە، كە بەدڵنیاییەوە بۆ ئێمەى هەڵەبجەیى گەورەترین سەروەرییە، نازانم لێرەوە خەتاكە بەسەركێدا بكێشم، چۆن قەرەبووى ئەو دەیان ساڵە فەرامۆشكردنى خێزانو كەسوكارى ئایدن موستەفا بكەینەوە، بە برواى من ئەم بابەتە بابەتێكى هەروا ساناو ئاسایى نیە ئەمە هەڵوێستى پیاوێكە ئامادەنەبوو لەسەر دەستى ئەو 5000 هەزار رۆح فەنا ببێتو شارێك وێرانو چەندین مناڵ هەتیوو ون بوو چەندەهاو چەندەها كارەساتى تر، سەیرە بەلامەوە دەسەڵاتى كوردى تا ئێستا كەڕو كوێرە لەئاست ئەم هەڵوێستە ئەگەر پاساوى ساڵانى پێش رزگاركردنى عیراق پاساوى پاراستنو درووست نەبوونى كێشەو مەترسییە بۆ بنەماڵەى ئایدن ئەوا لە 2003 ەوە هیچ پاساوێك جگە لە بێ وەفایىو كەمتەرخەمىو پێنەزانین نیە، لێرەوە دەسەڵاتى كوردى دەبێت شەرمەزار بێت لەئاست هەڵوێستى لەمەر ئازادكردنى تارق ڕمەزانى فرۆكەوان ئەو پیاوەى شارێكى بە هەموو جوانییەكانەوە جینۆسایدكردو ئایدن موستەفاى لەبیركراو
وەك هەڵەبجەییەك لێرەوە دواكارم هەڵەبجەییەكان وەك سەرجەم لایەنەكان سیاسىو رێكخراوەكانى كۆمەڵى مەدەنىو دامودەزگاكانى حكوومىو كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیابارانى هەڵەبجەو خودى قائیمقامى هەڵەبجە كاك گۆران ئەدهەم كە هاوكات سەرۆكى تێمى كەیسى هەڵەبجە بوو لە دادگاى باڵاى تاوانەكان سەردانى خێزانو بنەماڵەى ئەو مەردە بكەنو ئاواتەكەى ئایدن بەدیبهێنن وەك خۆى وتوویەتى تۆ بلێى كورد ئەم هەڵوێستەم بنرخێنن
هاوكاتیش داوادەكەم سەرۆكایەتى شارەوانى هەڵەبجە شوێنێكى شایستە بەناوى فرۆكەوان ئایدن موستەفاوە ناوبنێتو لەناو مۆنۆمێنتى هەڵەبجەو ناوجەرگەى بازارى هەڵەبجە دوو پەیكەرى بۆ دروستبكرێت وەك وەفایەك بۆ هەڵوێستى مەردانەى بەرامبەر كوردو بەتایبەتى هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان
هەڵوێستى ئەم پیاوە لەوە گەورەترە تەنیا لە ساڵیادى ئەو شارەدا لە ریزى 100 كەسایەتى خەڵات بكرێت چونكە بەدڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستە زۆر گەورەترە لەوە بۆیە نابێت تەنها لە ساڵیادى كیمیابارانكردندا لەبیرى هەڵەبجەییەكانو حكوومەتى هەرێمدا بێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست