مردن
Tuesday, 17/12/2013, 12:00
2168 بینراوە
مردن ئەو چارە نوسە حەتمی و ناخۆشەی کە زۆری لە سەر وتراوەو نوسراوە . مردن کۆتایی بەختەوەری و پوکێنەرەوەی هەموو هیواو خۆزگەکانە ، وەیشومەی دابڕان و تاریکاییەکی بێ بنی عەدەمە، گەشتێکی بێ بڕانەوەو نە گەڕانەوەیە بۆ دواوە، ترسان لە مردن هیچ واتایەکی نییە ! چونکە ترس لە شتێک پێویستە بتوانرێ خۆتی لێببوێری ، بەڵام ترسان لە ناشیرینی شێوازی مردن لە جێگەی خۆیدایە، بۆیە بە ڕای من مردن واتا دەدات بە ژیان و دنیا دەکات بەو گەشتەی کە حەز بە ئاوا بونی ڕۆژ ناکەیت تیایدا بۆ ئەوەی نە گەڕێیتەوە ماڵێ، ماڵی هەموومان ئەو دنیایەیە کە هێشتا نازانین تاریکە یان ڕوناك ، گەرمە یاخود سارد، بەڵام دەزانین سەرەنجام دەبێت بێینە ژێر باری گەڕانەوە بۆ ماڵە نادیارەکەمان.
هێندەی من لە ژیان گەشتبم ئەوەیە ئەگەر سنورێکی دیاریکراوی نەبوایەو هەمیشەیی بوایە هێندە خۆشەویست و شیرین نەبوایە لامان ، ڕەنگە ئەو دەم مردن مورادو هیوایەتێك بوایە بە ئەندازەی نەمری ئێستا ویستراوو مەبەستمان بوایە.
هەر ئەمەش هۆکاری خۆشویستنی ژیانەو باوەشکردنە پیایدا، کە گەورەترین و ئەزیزترین شتە لای مرۆڤ ، ئەوەش بە هۆیی سنوردارییەکەی و دیاریکردنی تخوبەکەیەتی ، کەواتە لێرەوە بۆ ئەوەی بەها بە شتەکان بدەین دەبێت سنورداریان بکەین ، واتە بە مەرژیناڵکردن هاو واتایە لە گەڵ بە بەهاکردن و نرخاندنی باڵادا، ئەکرێت ئەمە لە کورتی تەمەن و کەم ژیانی مرۆڤدا ببێت بە ڕاستینەیەکی واتا بەخش کە وەك مانگی چواردە خەرمانەی حەقیقەت بوونی ببینریت.
بەڵام سەیرە دەبینم کە سانێك هەن لە پێناو درێژکردنەوەی مەرژیناڵی ئەو ژیانە مەرژیناڵەدا کە نازانرێ کەی تەواو دەبێت ، ئامادەیە بە سەر شۆڕی و ترسنۆکانە بژی و شێوازێکی ناشیرین هەڵبژێرێ بۆ گە ڕانەوە لە گەشتی ژیانەوە بۆ ماڵی هەمیشەیی ئەو دیو سروشت ، ئەمە خویەکی خراپی مرۆڤە ترسنۆکەکانە کە هێندە لە خودی مردن دەترسن نیو هێندە لە سەرەنجامی مردن و شێوازو شێوەی و ژیانی پاش مردن ناترسن ، ئەمەش ئەوپەڕی لوتکەی نەزانی و ئەوسەری تاریکایی بیرو قوڵترین شیوی نەفامییە کە زۆرینەی خەڵکی تیادا دەژی .