بەم هەنگاوە، ئۆپۆزسیۆن باڵاتر دەبێت
Thursday, 03/03/2011, 12:00
خوێندنەوەیەكی خێرا بۆ دەستكەوتەكانی پاش 17 ی شوبات، بۆ ئۆپۆزسیۆن و داخوازی خەڵكی كوردستان، ئەوكاتەی خواستی خەڵك و ئۆپۆزسیۆن یەكدەگرێتەوە، دەسەڵات ناچارە مل بەداواكانمان بدات!
بەم هەنگاوە ئۆپۆزسیۆن قۆناغێكی نوێ دەبڕێ، ئەویش یەكگرتنی داخوازییەكانی هەر سێلایەنی ئۆپۆزسیۆنە لەیەك لیستدا بۆ ڕوبەڕووی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەو مەكتەب سیاسی یەكێتی و پارتی! لەمە گرنگتر یەكگرتنەوەی خواستی خەڵكی ناڕازی و داوای ئۆپۆزسیۆنە.
بەم قۆناغەی كەلەپاش 17ی شوبات خولقاوە بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن كە چیتر یەكێتی و پارتی توانای ئەوەیان نەماوە گەمەی سیاسی لەنێوان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆندا بكەن و هەوڵی بەلاڕێدا بردنی كۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕان بدەن، كەبینیمان لە پێش 17ی شوبات و لەدوای 17ی شوباتەوە بەجیاو پێكەوەو بەتەنها هەوڵی دانیشتنی زۆر درا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن تاكو كەلێن بخەنە نێوانیان، بەڵام ئەم هەوڵانە بێئاكام بوو، بەتایبەت كە 2/3 ئۆپۆزسیۆن پێكەوە بایكۆتی دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی كردو نەیهێشت پێشێلكردنی 17 خاڵە هاوبەشەكەی 23/2 بەسەر سەرۆكایەتی پەرلەماندا تێپەڕێ و هەڵوێستێكی سێلایەنەی ئۆپۆزسیۆنیان نواند، بەدوای ئەوەشدا لە 3/3 21 خاڵ لەداخوازی جدییان پێشكەش كردو ماوەی دیاریكراوی وەڵام و جێبەجێكردنیان تێدا دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە شەقام دەنگی ناڕەزایەتیی زۆر بڵندەو دەیان خوێنیشی لەپێناودا پێشكەش كردووەو لەیادشتێكدا 11 داخوازی هەنوكەیی و 26 داخوازی بنەڕەتی گەیاندووە بەپەرلەمان و حكومەت، لەمكاتەدا كەدەسەڵات دەیویست میلەت و دەنگی ناڕازی خەڵكی كوردستان بەدانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دامركێنێتەوەو خەڵكی مەیدانەكانی ئازادی بەبێ پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن بهێڵێتەوە، ئەو خەونەی ئەمڕۆ لەبیەن چوو، دەركەوت ئۆپۆزسیۆن یەكدەنگەو شەقامیش دەنگی بڵندە بۆ داخوازی جێبەجێكردنی داواكانی و كۆڵنەدان تاكو گەیشتن بەخواستە ڕەواكان!
بۆیە پێم وایە 17ی شوبات ئەو قۆناغە نوێیە بوو كە دەنگی ناڕازی شەقامی تەقاندەوەو بەخوێنی گەنجان سوری كردو بەرەی ئۆپۆزسیۆنیشی یەكخست تاكو ئیتر نە ڕێكەوتنی ستراتیجی و نە هاوپەیمانی یەكێتی و پارتی نەتوانێ ئەم وڵاتە بەرەو تاكڕەوی و گەندەڵی زیاتر بەرێت!
ئەمە تەنها بیرخستنەوەی ئەم دەستەكەوتانەیە كەلەدوای 17ی شوبات بەرهەمهاتووەو پێویستە هەمووان دركی پێبكەن و لەهەوڵی پاراستن و بەرز ڕاگرتنیدا بین.
جێی خۆیەتی ئۆپۆزسیۆن ئەمجارە لەپشتیوانی خەڵكی كوردستان و ناڕەزایەتییەكانی درو نەكەوێتەوە، تاكو لەوەڵام نەدانەوە بەداخوازییەكانمان هەموومان پێكەوە بۆ قۆناغێكی گرنگتر ئامادەكاری بكەین!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست