کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەختیار عەلی: كۆپی كات كردنی فات كات* كاتێ ترسنۆك باسی مێژووی ترسنۆكەكان دەكات

Saturday, 01/01/2011, 12:00


لە ئینگلیزی ئیدیۆمى كۆپی كات (a copy-cat): بۆ ئه‌و که‌سه‌ به‌کار دێت، که‌  لاسایی یه‌کێک، یان که‌سانێکی تر بکاته‌وه‌، به‌ڵام بە بارە نێگەتیڤەكەى.
دیسان ئیدیۆمى فات كات یش (a fat cat) بۆ دەسەڵاتدار و سیاسی وسەرمایەداریى زەبەلاح بەكار دەهێنرێت، كە دەسەڵات و سەرمایەكانیان بە شێوەیەكى خراپ و نایاسایی بەكار دەهێنن، واتە ناونیشانەكە (كۆپی كات كردنى فات كات) ئاماژە بەو رۆشنبیرە خۆ پێ زەبەلاحە دەدات كە لاسایی ئەو دەسەڵاتە دەكاتەوە، كە لە هەمان كاتیشدا وانەى ڕەوشتیان بۆ دەڵێتەوە.
زۆر جار مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە، كە چۆن كەسانێكى ترسنۆك تا ماوەیەكی كورت یان درێژ توانیویانە خەڵكانێكى زۆر هەڵخەڵەتێنن بە ئازایەتییەكى ساختە، كە لەوانەیە بەسەر كەسانێكى ئاسایی سەرقاڵ بە دونیا و بژێویی وكێشەكان وماندویی تێپەڕێت، بەڵام هەرگیز تاسەر؛ بەسەر هەموو كەسێكدا تێ ناپەڕێت، كەسانێك هەن زۆر بەقەد بەختیار عەلی و هاورێكانى زیاتر دەخوێننەوە، بەڵام پێیان نەنگییە بەقەد 2% ئەوان شت بنووسن. بەختیارعەلی و پێڕە بوغراكەى لە بەدبەختى و بێ یادەوەریی  و ساویلكەیی كوردە ئەمڕۆ خۆیان وەك سوپەرمانى گۆڕەپانى رۆشنبیریی نیشان دەدەن. بێگومان ئەگەر ئەو برادەرە و پێڕەكەى لەناو میللەتانى تردا بببونایه‌ بەتایبەتى میللەتانى زیندوو، ووریا و چالاك‌، هەرگیز نە ئەو كێش و نە ئەو پایەیان نه‌دەبوو، ئەوە تەنها كوردە، پێی ئاساییە كەسانى فایلدار لەناو ژیانى سیاسییاندا هەبێت، ئەوە تەنها كوردە سەركردەى وای هەیە، كە تانك و هێزى دوژمنى هێناوەتە ناو شەڕى براكوژی، زۆریش لایان ئاساییە ئه‌مانه‌ سەركردەیان بێت، ئەوە هەر كوردیشە كەسانێكى گەندەڵچی و بەشدار لە پەردەپۆشكردنى گەندەڵی پێی قبوڵ بێت و دەرسی ئەخلاقی و پاكیی ونەزاهەتیان پێبدەن!

ئەو گەندەڵییە زەبەلاحەى دەزگاى سەردەم و نێوەندى رۆشنبیری كوردستان، كە رۆشنفكرێكى وەك (شوان ئەحمەد) پەردەى لەسەر هەڵدایەوە، ئەگەر لە سەدا دەشی ڕاست بێت، دەبوو كەسانێكى وەك شێركۆ بێكەس و بەختیار و ئەوانى تر شەرمیان بە خۆیان بوایە جارێكى تر قسەى كەش و فشی وابكەن، گوایە هێشتا خۆیان هەر ئەو زاتە پاكانەى پێش فەزیحەتەكەن.
بەختیار و هاورێكانى ... که‌ خواكردى ئەو که‌سه‌ی گەندەڵییەكانى ئاشكرا كردن، یەكێك بوو لە ناو بازنەكەى خۆیان، چونكە ئەگەر بۆ نمونە ئیسلامیەك بوایە، ئەوە بە زاراوە سەیر و تیژەكانیان دەیانكردە گەورەترین تیرۆریست لە جیهاندا، تا ڕادەى ئەوەى فشەى بە ئوسامە بن لادن بێت.

ئەوەى منى زیاتر هاندا بۆ نووسینى ئەم بابەتە، نووسینەكەى بەختیار عەلی بوو بەناوى (لە مێژووى ترسنۆكەكانەوە فێربن) ئاوێنە 29/12/2010 ، كە تێیدا دەرس و پەند بە گوێی فەرمانڕەوایانى كوردستاندا دەدات، گوایە ناتوانن بەر بە بوێری قەڵەمە بوێرەكان بگرن. وەك عادەتى خۆی نووسینەكەى پڕكردووە لە زاراوە و قسەى قەبە، وەك چۆن كەلاوەیەك بە جوانترین دیكۆر دەڕازێنیتەوە، ئەوەش تەنها بۆ خەڵەتاندنى نیمچە خوێندەوارەكانە.
بەختیار داوا دەكات، که‌ دەسەڵاتدارەكانى كوردستان لە دەسەڵاتدارە ترسنۆكەكانەوە فێربن و ڕێ بە نووسینى ئازاد نەگرن. لەو بارەیەوە دەڵێ:
" هیچ حاکمێک لەمسەر زەوییە ناتوانێت خەیاڵێکی ئازاد لەبیرکردنەوە‌ و نووسین بترسێنێت‌و بوەستێنێت. لەهەر شوێنێک وشە بترسێت، عەدالەتی لێنییە... عەدالەت ئەوەیە ئازادانە بیربکەینەوە‌و بنوسین، حوکمی حاکمێکی زاڵمیش هەمیشە وەک دڵۆپە ئاوێکی بێتینە کاتێک بەر گەورەیی بەردی داهێنان دەکەوێت. حوکمی حاکمەکانی هەولێریش لەمڕۆدا، بێگومان دەبێتە گاڵتەجاڕی مێژوو، وەک چۆن حوکمی ئەو حاکمانەی حەلاجیان سووتاند، بووە گاڵتەجاڕی مێژوو، وەک چۆن حوکمی دادگاکان دژ بەفلۆپێر، دژ بە ئۆسکار وایلد، دژ بە دی، ئێچ، لۆرانس بووە گاڵتەجاڕی مێژوو. ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد دەیکەن هیچ نییە جگە لە دووبارەکردنەوەی مێژووی بێئاگایی خۆیان. "
ئەو قسانە هەمووى جوانن و كەس لاری لێیان نییە، بەڵام وەك ئەوە وایە که‌سێکی داوێنپیس ئامۆژگاریی خەڵك بكات بۆ داوێن پاكىی و ڕەوشت بەرزیى. ئەگەر ئەمڕۆ بەختیار و هاورێكانى ڕەخنە لە دەسەڵاتداران دەگرن لەسەر گەندەڵیی و دژایەتى وشە، ئەوە هەرخۆیان بوون گەورەترین گەندەڵییان لێ ئاشكرا بوو، لە جیاتى دەست خۆشی كردن لەو بوێرەى كە ئەو هەموو گەندەڵیانەى ئاشكرا كرد، كەچی كەوتنە خۆ بە دەستە جەمعى، وەڵامى ترسنۆكانە و بێ بنەماكانى خۆیان بە كاك شوان ئەحمەد دایەوە و بەیانیان لەسەر دەردەكرد، هەڕەشەیان بۆی دەنارد، تا كار بەوە گەیشت لە بەهەشتە پاوانكراوەكەى شێركۆ بێكەس، بەختیار و ڕێبین و ئەوانى تر دەركرا (مەزمومەن مەدحورا) وەك قورئان دەڵێت، لە هەمووشی قێزەونتر ڕێگایان نەدا كاك شوان ئەحمەد هیچی تر وەڵامەكانى خۆی لە بڵاوكراوە پاوانكراوەكانى ئەوان بنووسێت.

پرسیارێك بۆ بەختیاری خوداوەندى زاراوەسازى و وشەگەلى فەنتازی:
ئایا وشەكانى شوان ئەحمەد گوللە بوون یان نارنجۆك، تا ئێوە بە قەولى خۆتان هێندە نا عادیل بن ونەهێڵن بڵاوی بكاتەوە؟! خۆ ئێوە دەسەڵاتى باڵا نین تا ئەو كارە بكەن؟ ئێوە و هاورێكانتان تەنها دیكۆر و زەخرەفەیەك و ئێكسسوارێكى ئەو دەسەڵاتەن، ئێوه‌ش بۆ خۆتان بەشدارن لە هەموو گەندەڵییەكان، هەر لەو نووسینەى سەرەوەدا بەختیار دەڵێت:
" لە هەر شوێنێك وشە بترسێت، عەدالەتى لێ نییە... عەدالەت ئەوەیە ئازادانە بیربكەینەوە وبنوسین" ئەى كوا ئەو عەدالەتە بۆ كەسانى تر ئەوانەى نەیاری ئێوەن، یان ئێوەش وەك دیكتاتۆرە ترسنۆكەكانى مێژوو تەنها ئازادى ستایش كردنى خۆتان وپێڕەكەتان لا ڕەوایە".

خۆزگە كاك بەختیاریش پایەى خۆی بزانیبایه‌، ئایا لەبەرەى نووسەرە بوێرەكانە یان ترسنۆكەكان!؟ بەر لەوەى باسی مێژووى ترسنۆكەكان بكات.
 دەكرا ئەم نووسینە لە سایتە ترسنۆكەكەى ئاوێنە یان هاوڵاتى بڵاوكرێتەوە، بەڵام ئێمە ئەزموونى تاڵمان هەیە لەگەڵیان و دەزانین ئەو سایتانەش هی ئەو پێڕەن و پاوانى خۆیانە. چاک نەبوو سایتێكى ئازادى وەك كوردستانپۆست هەیه،‌ دەنا دەنگى سەدانى وەك شوان ئەحمەد و ئێمە و هاووێنەى ئێمە بزر دەبوون.

محەمەد هەریری
لەندەن

1/1/2011

به‌ختیار عه‌لی: له‌ مێژووی ترسنۆکه‌کانه‌وه‌ فێربین!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە