بەرگەی لافاوێک ناگرن !
Wednesday, 29/01/2014, 12:00
لە سەتا دەی خەڵکی لوبنان بە ئایین شیعەن. لە پەنا گوێچکەی دەوڵەتی ئیسڕاییل بە یارمەتی مەزنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی رێکخراوەیەکیان دروست کردووە بە ناوی / حیزبوڵڵا،،حیزبی خودا / ئەوە چەند ساڵە لە حکومەتی تا ددان پڕ چەکی ئیسڕاییل بونەتە مڵۆزمێک و خەویان لێ ڕەواندون. بە هەموو شێوەیەک هێرشیان دەکەنەسەر. نە دەوڵەتی لوبنان،دەتوانێ لە بەینیان بەرێ نە ئامریکاو ئیسڕاییل توانای ئەو کارەیان هەیە.(من مەبەستم تاریف کردنی حیزبوڵڵا نییە). سەدام حوسێن دۆستێکی بە قازانج بوو بۆ رۆژئاواییەکان ورووسەکان. چون چەکو چۆڵی بە خەروار لەوان دەکڕی هەتا ئەوکات کە دەسەڵاتێکیان لێ قوت کردەوە بە ناوی کۆماری ئیسلامی کە هەم لەبواری دینی و هەم لە رێگای جیاوازی زمانی دژی سەدام بون وهەمیش مەرقەدی ئیمامەکان لە کەربەلاو نەجەف ئاواتێکی مێژوویی بوو بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی.
وڵاتانی سوننەی عەڕەب هێدی هێدی پاڵیان داووە وبەرپرسەکانیشیان لە خۆش گوزەرانی و........بازیدا بون! زلهێزەکان لە رێگای دیکە دەگەڕان تا کۆنە چەکەکانیان هەتا لەوە زیاتر ژەنگی نەگرتووە بەو عەڕەبەکان بفرۆشن.هەر بۆیە ساڵێکی نەخایاند چادرو چیغی دەسەڵاتی ٢٥٠٠ساڵەی شاهەنشایی لە ئێران لابراو دوایین شاش لە هێچ کوێی ئەم جیانە پانو بەرینەدا کولانکەیەکی وەگیر نەدەکەوت خۆی تێدا حەشار بدا.شەڕی ئێران وعێڕاق بە فیتی کێ هەڵایسا؟ رۆڵی بازەرگانانی چەک چۆن بوو؟ شەیتانە بازاڕی ئەو شەڕە چۆن داوێنی کوردی گرتەوە؟ سەدان بابەتی دیکە لەو کورتە باسەدا ناگونجێ. ئەوەی کە بۆ من گرینگە پاش لەدار دانی سەدام نوسینەوەی رێکاری سیستمێکی نوێیە.
لە عێڕاقی سەتا ٦٥ ئایین شیعەدا هەر کەس پێی وانەبێ لە داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتی دەستی ئێرانی تێدا نەبووە .توشی هەڵەیەکی مەزن دەبێ.نوسینەوە لەسەر کاغەز زۆر هاسانە بەڵام جێ بەجێکردنی ئەستەمو گرانە. دەستە واژەی هەریمی کوردوستانی فدڕاڵ لەلایان مێدیای بنە ماڵەی بارزانی وتاڵەبانی جگە هەڵاتن لە راستیەکان چیدیکەی لێ بەدی ناکرێ.دووپات کردنوەی عێڕاقی فدڕاڵ رۆژانە لەلایان عەڕەبەکان تەنیا بۆ فریو دانی کۆماڵگای کوردو عەڕەبە.هەموو پێناسەیەک بۆ ئەوەی ناسنامەی سیاسی بداتە وڵاتێک، یاساو چۆنیەتی بەڕێوە بردنی یاسایە.شارەزایی تاکەکان لە بەڕێوەبردنی میکانیزمی ئیداری ئەو وڵاتە مەرجێکی سەرەکییەبۆ دامەزراندنی دێمۆکڕاسی لەو وڵاتە. لە وێرانە ماڵی هەرێمی باشورو وێرانە ماڵی عێڕاقی دوای سەدام هەر ئەوەی لێ شین دەبێ کە لەبەر چاوانە.
ئەو نەفتەی کە لە باشور دۆزراوەتەوە سەری هەموومان بە فەتەڕات دەدا.هەڕەشەکانی نێچیروان بارزانی (دەچێتە بەغدا قسەیەک دەکا کە دەگەڕێتەوە هەولێر دەبيتە شێر) هەڕەشەکانی بۆ بەغدا لەرووی هێزەوە نییە.نوری مالیکی مامۆستای چاکی هەیە وگوێڕایەڵی باشە کار بەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێشەکییەکی باشیان بۆ نوسیوەتەوە.بنێشتە خۆشکەی رۆژانە کە لە بەغدا کاوێژ دەکرێ کە بودجەی کوردوستان دەبڕین،،و،، دەبێ پێشمەرگە تێکەڵ بە سپای میللی عێڕاق بێ!هەروا هاسان دووپات نابنەوە.
لە هەموو دونیادا خەساری سروشتی دەبێتە خەساری گیانو وماڵی بە هۆی هەڵکەوتەی جوغڕافایی وڵاتی ئێمەش بێ بەش نابێ لە ئاڵوگۆڕی کەشو هەوا. چەند رۆژە لە هەولێرو شارەکانی دی لافاو هاتووە. کە بۆتە زیانێکی فراوان بۆ خەڵکی هەژارو کەم دەرئامەد.بریا ئەوەنەدەی بنە ماڵەی بارزانی لە فکری راکێشانی لولەی نەوت دان بۆ تورکیە نیە ئەوەندەش لەفکر دووبارە دروست کردنەوەی گوند وشارەکانمدا بایەن بە شێوەکی دروستی ئەوڕۆیی.لە کوشتنی کوڕی ئەنفال وەک داشە هارە وان! وەکی دی بۆ هیچ گرفتێکی نیشتمانی پرۆژەیان بەدەستەوەنیە.دوو بنە ماڵە دەبێ هەم سیاسەت توان بن،هەم زمانناس بن، هەم ئابوری ناس بن،هەم کۆمەڵناس بن،،،،،،ئەگەر کەسانێکیش هەڵکەون زانیارو شارەزان دەبێ ببنە پیاوی ئەوان وببنە نانخۆری ئەوان پاشان دەڵێن سیستمی ئێمە بە شێوەیەکی فیدڕاڵی بەڕێوەدەچێ.
لەوڵاتی ئۆکڕانیا چەند رۆژە خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن تا توانیان سەرۆک وەزیر مەجبور کەن دەست لەکار بکێشێتەوە. لە کوردوستانی فیدڕاڵی بارزانی وتاڵەبانی زار پیسێکی وەکو م،سەنگاوی، بە دەیان سەیارەو بەکرێگیراو دەچێتە بەر دەم دادگا. (فشە دادگا)!؟ زۆرجار لە نیوەشەودا لەخەو ڕادەبم وبیر لە رۆژهەڵاتی کوردوستان دەکەمەوەو دەڵێم ئەو ئاوەش بۆ ئێمە ڕژاوە لە داهاتودا ئەگەر هاتوو ئاڵوگۆڕێک چێ بوو لەوێ چمان بەسەر دێ؟ بارودۆخی کورد لە باکورو رۆژئاوا هەتا رادەیەکی زۆر جێگای دڵخۆشییە.خەڵک چارەنوسی خۆیان نەداوەتە دەست قەزاو قەدەر.دەمهەوێ بڵێم ئەو بابەتە رەنگە چەند ڕستەیەکی تێدابێ کە بەدڵی کەسانێک نەبن بەڵام گرینگ نییە خودای راستان لەسەر منو تۆ راناوەستێ ومێژووش دەرسی خۆی دەڵێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست