کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تا چەند دەوڵەتی كوردی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دایە؟

Wednesday, 27/04/2011, 12:00






زۆر سەیرە ڕۆشنبیری كورد تائێستا نەیتوانیبێت زاتی خۆی بدۆزێتەوە، لە بازنەی خەیاڵات بەدەوری ناوكێكی پوچ بخولێتەوە، جیھانێك بۆخۆی فەراھم بكات لە شێوەی زیندە خەوندا بۆ خۆی تەنەكان دروست بكات (Astral projection) ، بەخۆیەوەش نەوەستێت لە ھەوڵی پەلكێش كردنی خەڵكی تر دابێت بۆ سوڕانەوە بەدەوری ئەم بازنە خەیاڵیەدا.
ئەم بابەتە سەرپێیە و بەشێوەیەكی زانستی دور و درێژ ناخوازم لەم وتارەدا بچمە ناویەوە، ھۆكاری نووسینیشی بەم پەلەیە دەگەرێتەوە بۆ چەند بابەتێك كە لە میدیا كوردیەكانەوە بڵاو دەكرێنەوە، وای كرد خۆم نەگرم و ئەگەر بە چەند دێرێكی كورتیش بێت چەند ڕوون كردنەوەیك بنوسم بۆ خستنە سەر راستە ڕێی یان ھەر نەبێت بەھۆش ھێنانەوەی ئەوكەسانەی زوڕنا بۆ شای وون دەژەنن ، بەتایبەت ئەوانەی ئاگایان زۆر لە سیاسەتی داگیركاران نیە و دڵێشیان دەخوازێت لەم بارەوە بنووسن .
ئیسرائیل تاقانەی باب و دایكی خۆیەتی و واتە كوڕە گەورەی بەپلە یەكی ئەمریكا و بەپەلەی دوو ئەوروپا ئەویش ھۆكارەكانی دیارە چنە، ناز ھەڵگرتنی ئیسرائیل لە لایەن دەرەوە لە بەر خاتری چاوی ڕەشی جولەكەنیە ، تەنھا لە خودی ئەمریكا زیاتر لە 40 پارتی كارامەی ڕەسمی و چەندین ڕێكخراوی ناڕەسمیان ھەیە، كە خاوەن بڕیاری یەك لای كەرەوەن لە ئەمریكا، لە ئەوروپاش لۆبی جولەكە جێگا پەنجەیان دیارەو ئاینەكەیان بەڕەسمی ئاینی دووھەمە لە زۆربەی وڵاتەكانی ئەوروپا، ئاینی جولەكە بەواتەی نەتەوەی جولەكە، ھەرچەندە ڕێژەی دانیشتوانی لە ئەوروپا بەبەراورد لە گەڵ نەتەوە بیانیەكانی تر زۆر كەمە ، بۆ نمونە ئەو نەتەوانەی ئیسلامن، نەك ھەر بەڕفەرمی لە ڕیزی ئایەنەكانی تر ریزبەند ناكرێ بەڵكو زۆر بەی كات پیاوە ئاینیەكانی ئیسلام ڕووبەڕووی كێشەو وەدەرنان دەبنەوە.
ئەمە جگە لە دەوڵەمەندەكانیان كە ھیچ كاتێك لە كاركردن بۆ سەر خستنی جولەكەو ئیسرائیل سڵ ناكەنەوە، بۆیە ئێمەی كورد ھەتیوی بێ باوك و دایك، دەبێت لە ھەر دەستێك كە بۆمان درێژ دەكرێت بە گوومان بین ، چوونكە لە ڕەزمی سیاسەتدا سیلەی خزمایەتی و بەزەی پێدا ھاتنەوە نیە،بەتایبەت ئەودەستە گەر لایەنێك بێت و ھەست بە ناز بكات لە ناوچەكە،ھەرچۆن منداڵێكی تاقانە ھەرچەند ئارەزووی خوشك یان برا بكات بەڵام لە ناخەوە حەزی لە دەست چوونی ناوی تاقانەی نیەو ھەردەم خوازیارە دەستی ناز تەنھا بەسەری ئەو دابھێنرێت. سیاسەتی جوولەكەش ھیچ كاتێك دەوڵەتێكی تری لە پاڵ دەوڵەتی ئیسرائیل قبوڵ نیە ھاوشانی ئەو بڕوات لە ناوچەكە، ھەربۆیە نابێت لە ڕاستیك ڕاكەین ئەویش زۆربەی میللەتی كورد موسڵمانە و بۆیەشە ئەم دەوڵەتە كوردیەی بەبیری خۆمان ئیسرائیل بۆمان دادمەزرێنێت، ئیسرائیل لە ناوچەی ڕۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی خۆی دا نایبینێت، ئەگەر بەگریمانەش ھەر ھاوبەشیەك لە نیوان ئێمەو جوولەكەدا ھەبێت (ھەرچەندە ھیچمان ناچێتەوە سەریەك نە لە زمان ، نەتەوە ، ئاین ، نەژاد) ئەوە بەرژەوەندی ئیسرائیل زیاتر لە سعودیەی عەرەبی و قەتەڕ و خەلیجە، ئەویش بە چەند حوكمێك ، زیادی لە ڕێژەی دانیشتوانی عەرەبی و چەندین وڵاتی ھاوسنوری ئیسرائیل . ئەو ڕۆڵەی ئەم وڵاتانە دەی گێڕن بۆ خەواندنی ھۆشی نەتەوەی عەرەبی بەرامبەر بە جوولەكە، كورد ناتوانێت لە ئاستی گێڕانی ئەم ڕۆڵە دابێت و بیگێڕێت ،سەرشانی جولەكە كەمێك سوك بكات لەڕۆژی ئەم ڕۆدا. وابزانم دژایەتی نەتەوەی عەرەب پێویست بە باس كردن ناكات بەرامبەر بە دروست بوونی دەوڵەتی كوردی،كە ئەمە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەری لە سەر بڕیاری ئیسرائیل بەرامبەر بە بوونی كورد بە دەوڵەت دەبێت. ھیچ كەسێك با دڵی خۆی بە دوژمنایەتی جولەكەو عەرەب خۆش نەكات! تەنانەت دژایەتی ئێران بۆ ئیسرائیل ھەروەك ئەم نووسینەی من سەر پێیە ئەوە دوژمنایەتی عەرەب و فارس زۆر لەمە سەرپێی ترن، ھەركەسێك ئاگای لەو ئایدیوڵۆجیەتە بێت كە زایۆنیزمی لەسەر دامەزراوە، دەزانێت نەخشەی دووری ئیسرائیل بۆ فراوان كردنی دەوڵەتی جوولەكە تا خوار وڵاتی سعودیەیە واتە نیوە دوورگەی عەرەبی دەگرێتەوە.
ئەگەر دڵیشمان بەو جولەكانە خۆش بێت كە لە ئیسرائیل دەژین، ئەویش دەڵێم با دڵی خۆمان خۆش نەكەین و لەبەر ئەوەی نەك ھەر ئەم كوردە جولەكانە بەڵكوو ھەرجوولەكەیەك كە سەر بە ئۆرتۆدكسەكان واتە (ئەشكەنازی) نەبێت لە بازنەی كارە سادەكانی میری زیاتر ناھێڵن بچنە پێشێ جگە لە (ئسحاق مۆردەخای) كە جولەكەیەكی خەڵكی ناوچەی بادینان بوو، توانی بە ھەڵكەوت پۆستی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەدەست بھێنێت ، بەم دوایانە دەرگای كاری میریش بە پلە بەرزەكان بەڕووی خەڵكی ئەسمەردا كرایەوە، كە زۆرێك لە جولەكەی مەرۆكی ھاو شانی جولەكەی تسارفەتی (ئەشكەنازی) توانیان لەو سیستەمە دا ھاوبەش بن كە كرۆكی نەتەوەی جولەكە پێك دەھێنین، ئەگینا تائێستا زۆربەی نەتەوەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسرائیل بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ بە ھاوڵاتی پلە دوو ھەژمێركراون بەرامبەر بە جولەكە ئەوروپیەكان. من خوازیاری باس كردنی چونیەتی پێك ھاتنی دەوڵەتی ئیسرائیل نیم لێرە ، بەڵام دبێت ڕوون بێت ھۆكاری بەرناگار بوونەوەی ئیسرائیل لە دروست بوونی دەوڵەتی كوردی چیە! وە دەبێت لە ئاستێك دابین بەپێوانەكانی مەنتق دەوروبەرمان بپێوین و لێكۆڵینەوەی زانستی دوور لە سۆز بۆ لایەنێك و ڕق و كێنە لە لایەنێكی تر بۆ ھەر پەیوەندیەكمان لە ئاستی نەتەوەی بۆ بكرێت، كوردە جولەكەكانی ئیسرائیل دەكرێ ھاو سۆزی كێشەی كورد بن لە ھەر لایەك بەڵام تا چەند ئەم ھاوسۆزیە كاریگەری لەسەر ناوەندی بڕیاری سیاسی دەبێت، ئەمە پرسیارە! تائێستا وەك بڕیاری فەڕمی لەكۆێوە ئیسرائیل ھیچ پاڵپشتیەكی بۆ كێشەی كورد دەربڕیوە، جگە لە بەرژەوەندی خۆی نەبوو بێت لەوكاتەی نیوانیان لە گەڵ توركیا ئاڵۆز بوو.
ھەربۆیە لێرەوە دەڵێم، ئێمەی كورد زۆر بە پەلە دووژمن و دوست دیاری دەكەین، ھەرچەند دوستمان نیە، ئەگەر لە سەر ڕۆشنای ئەم پەندە كوردیە كە دەڵێت "دوژمنی دوژمنم دۆستمە " لە ھەوڵی دامەزراندنی پەیوەندی بین لە گەڵ ئیسرائیل ئەوە بەدەردی عەرەب دەڵێ "خیر علی خیر" بەڵام ئەگەر ئەم دوو دووژمنە تەبای كەوتە بەینیانەوە! جگە لەمە ھەر بیركردنەوەیەكی تر، یان بەھیوای ئەوەی ئیسرائیل دەوڵەتمان بۆ دابمەزرێنێت ئەوە دەڵێم خەونی (شاعیرانەیە).

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە