کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


خوێندنەوەیەك بۆ چەمكی دەسەڵات (بەشی یەكەم)

Monday, 02/04/2012, 12:00


توێژەران لە سەر ئەوە كۆكن كە بابەتی كۆمەڵناسی سیاسی (دەسەڵاتە)، چونكە دەسەڵات گشتگیرترو فراوانترە. تاكەكان لە كۆمەلگەدا دەژین و پەیوەندیان لەگەڵ كەسانی دەوروبەردا هەیەو ئەم كۆمەڵە كۆمەلایەتیانە رێكخراوەكانیان پێكهێناوە. چۆن؟ تاكە كەس ئەندامە لە خێزان و پاشان ئەندامیشە لە ناو تیرەو گەرەك و پارت و سەندیكاو نیشتمان. هەریەكە لەمانە كۆمەڵە كۆمەڵایەتیەكان و رێكخراوەكانیان پێكهێناوەو خاوەنی دەسەڵاتی تایبەتین وەك: دەسەڵاتی باوك، سەرۆك، سەرۆك هۆز، یان سەرۆكی پارتێك ..تاد. .


دەسەلاتی سیاسی دەسەلاتی دەوڵەتە
دەسەلاتی سیاسی لە دەسەلاتەكانی تر (دەسەلاتی دینی، دەسەلاتی ئابوری، دەسەلاتی سەربازی..تاد) بەوەدا جودا دەكرێتەوە كە دەسەلاتی سیاسی ئیدارەی گشت كۆمەلگای مەدەنی ئەدات، لەكاتێكدا دەسەلاتەكانی تر ئیدارەی كاروبارەكانی كۆمەلانێكی تایبەت ئەدەن بەلام دەسەلاتی سیاسی بایەخ بە رێكخستنی سەرجەم كۆمەل ئەدات . ناتوانرێت لێكۆلینەوەی دەسەلاتی سیاسی دەولەت بكرێت تەنها بەبەراورد كردن نەبێت لەگەل ئەو دەسەلاتەی كەبوونی هەیە لەپێكهاتە كۆمەلایەتیەكانی تردا. بەلام تەنها دەسەلاتی دەولەت ناو دەبَرێت بەدەسەلاتی سیاسی، دەسەلاتەكانی تر ناو دەبرێن بە (دەسەلات)، چونكە دەسەلاتی سیاسی لە نێو دەولەتدا پەنگ دەخواتەوەو دەسەلاتی دەولەت زیاتر رێكخراوترو بالادەستترە . دەسەلاتی سیاسی وەك دیاردەیەكی سیاسی وكۆمەلایەتی لەژیانی دەوڵەت وكۆمەڵگا رۆڵیكی بەرچاو دەبینێت. لێرەدا تێگەیشتن لە هەموو لایەنەكانی ئەم چەمكە یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی بتوانین ڕەهەندەكانی دەسەلات شیبكەینەوە. دەسەڵات پێش دەوڵەت پەیدابووە ئەمەش دوبارە دەبێتە هۆی لێكۆلینەوە لە دیاردەو رونكردنەوەو ئاشكراكردنی سروشتی دەسەڵات لە دەوڵەتیشدا. دەسەڵاتیش لە گشت كۆمەڵ و گروپە سەرەتایی و ئالۆزەكاندا بوونی هەیە كە بوونیان لە دەوڵەتیشدا دیارە، بەلام دەسەڵات لە دەوڵەتدا ناودەبرێت بە دەسەڵاتی سیاسی یان دەسەڵاتی دەوڵەت. كاتێك لێكۆلینەوە لەسەر ئەم دوو بابەتە دەكرێت جۆرێك لەبەراورد دەكرێت لەگەڵ بنەما كۆمەڵایەتیەكانی یەكتردا. جیاوازی نێوان ئەم دوو دەسەڵاتە وەك ئاماژەی پێدرا بریتیە لەوەی كە دەسەڵاتی دەوڵەت رێكخراوترو پایەدارترو رونترە.

دەسەلات لەقۆناغەكانی مێژودا
هەر قۆناغێكی مێژویی شێوەیەكی دیاری هەبوە لە دەسەلات، وە مرۆڤایەتیش بەچەندین قۆناغی مێژویی جۆراوجۆردا گوزەری كردوە. گرنگیی دەسەلاتیش لەشارستانیەتەكانی مرۆڤایەتیدا بەدەردەكەوێت. دەسەلات فەرمانرەوایی كۆمەل دەكات، بەلام قۆناغ و رەوتی مێژویی وكۆمەلایەتی و ئابوری شێوازی دەسەلات دیاری دەكات. دەسەلات لە شێوازێكی سادەوە گەشەی كردوە بۆ شێوازێكی دامودەزگایی. بۆنمونە دەسەلاتی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆماو یۆنانیەكان كە بازرگانیی كۆیلەی تێدا ئەنجامدراوە شێوازێكی تری هەبوە وەك لەوەی دواتر لەهەمان ئەم دوو دەولەتەدا پیادە دەكرێ . هەربۆیە گرنگە لەدیدێكی ئەكادیمی و زانستیەوە بروانینە رەهەندەكانی دەسەلات و دەسەڵاتی سیاسی و لێكیان بدەینەوە، ئەوكاتە دەتوانین دەسەڵات بناسین و هەڵس وكەوتی لەگەلدا بكەین.

دەسەلات فەرمانرەواییە
فریدریك نیتچە دەنوسێت: "لەهەر جێگایەك زیندەگیم بەرچاو كەوتبێ خواستم بۆ دەسەلات تێدا بینیوە". دەسەلاتی سیاسی دەبێت بریتی بێت لە پیادەكردنی هێز لەفۆرمێكی شەرعیدا، بەلام زۆربەی جار ئەو گرفتانەی ڕوبەڕوی فەرمانڕەوایان و دەسەلاتداران دەبنەوە بریتیە لەچۆنیەتی هەڵگێڕانەوەی هێز بۆ دەسەلات. ئەو دەسەلاتانەی لەبواری پراكتیكدا پیادەكردنی هێز لەشەرعیەتەوە وەرناگرن ڕوبەڕوی گرفت و پشێوی سیاسی جۆراوجۆر دەبنەوە. دەسەلات هەمیشە زەمینە بۆ دەسەلاتدار دروستدەكات بۆ گوێرایەل كردنی بەرامبەرەكەی و تەنانەت سەپاندنی فەرمان و ویستی خۆی بەسەریدا دژ بەهەولی راپەڕینیشی. هەروەها دەسەلات ئەو ئیمكانیەتە دروستدەكات كە دژەكان ناچاری هەنگاوی گونجاو بكات، بەلام گونجاو لەبەرژەوەندی وخواستی (دەسەلات- داردا)، ئەگەر پێویستیش بوو بە زەبروزەنگ ناچاری دەكات، ئیتر شێوازی ئەو زەبروزەنگە چیەو چۆنە ئەوە سروشت و پێكهاتەی دەسەلاتە سیاسیەكە دیاری دەكات. ئیتر تاك بێت، یان گروپ، یان دەزگا بێت خاوەن دەسەلات دەتوانێت رەفتار بەسەریدا بسەپێنێت. بەلام مەرج نیە دەسەلات هەمیشە بەندبێت بەزەبروزەنگەوە. لەسیستەمی سیاسی دیموكراسیدا ناچاركردن و تەنانەت گۆرینی سیستەمی سیاسی بە ریگای ئامرازو میتۆدی سیاسیەوە ئەنجدام ئەدرێ. بەلام دەسەلات سەلامەتترە بەندبێت بەرەزامەندیەوەو كەمتر بەرێگای ناچاركردنەوە. ئەگەر دەسەلاتدار نەیەوێ دەسەلاتەكەی بكەوێتە ژێر مەترسیەوەو بیەوێ لەدەستی نەدات ئەوا دەبێت رەچاوی بەرژەوەندی حوكمكراوەكانیش (دەسەلات بەسەرەكانیش) بكات . ئەو كەسەی سیاسەت پیادە دەكات هەول بۆ دەسەلات ئەدات. دەسەلات وەك ئامراز لە پێناوی ئامانجی تردا، ئیتر بۆ باش یان بۆ خراپ. یان لەپێناوی ئیرادەی خۆییدا بۆ خۆشی وەرگرتن لەو دەسەلاتە . كەسایەتی ناسراوی فەرەنسی چارلس ماوریس پێش نزیكەی 200 سال لەمەوبەر وتویەتی:"بەقەمەی سەر تفەنگ مرۆڤ دەكرێ زۆر شت بكات بەلام ناكرێ لەسەری دابنیشێت" . راستە ناچاركردن و هێزو زەبروزەنگ ئامرازە بۆ دەسەلات و مانەوەو بەردەوام بوون لەدەسەلاتدا بەلام بەپێی ئەزمونی مێژوو ناشتوانرێت هەتاسەر خاوەن دەسەلات بەكاری بهێنێت و سەركەوتو بێت تێیدا. بۆچوونێكی كەش هەیە بریتیە لەوەی ئەگەر مرۆڤ هەموو شت دەربارەی نەریت و پێكهاتەو كێشە كۆمەلایەتی و ئابوری و سیاسی و باری رۆشنبیری كۆمەلگای خۆی بزانێت ئەوا دەتوانێت كاریگەرتر بەمیتۆدی جیاواز فەرمانرەوایی ئەو كۆمەلگایە بكات بێئەوەی راستەوخۆ زەبروزەنگ لەدژی بەكار بهێنێت . دابینكردنی دیموكراسیەت و ئاشتی و نان و ئازادی بۆ كۆمەل میتۆدێكی سەلمێندراوە بۆ فەرمانرەواییەكی تەندروست.

دەسەلات و یاسا
دەسەلات هەمیشە پێویستی بە یاسا هەبوە بۆ مەبەستی رێكخستنی كۆمەل و دەستنیشان كردنی ئەرك و مافی تاكەكانی كۆمەل. یاسا هەمیشە ئامرازی دەسەلات بووە بۆ بەرێوەبردنی دەسەلات و كۆمەل و بەردەوامبوونی دەسەلات، بەلام بەپێی پێویستیش گۆڕانكاری لە یاسادا دەكرێ. ئەم گۆرانكاریانەش لەیاسادا دوبارە بەندە بە سروشت و شێوەی دەسەلاتەوە . تەنیا رێگایەك بۆ كۆمەل لە ولاتێكی بێ دەستوردا، یان دەستورێكی دیكتاتۆردا، یان لە لایەن دەسەلاتدارێكی بێسنوری موتلەقی تاكەوە فەرمانرەوایی بكرێت، یاخی بوون و راپەرین بووە. فەرمانرەوایی لە كۆمەلگا سەرەتاییەكاندا بەگشتی بریتی بووە لە دەسەلاتی خێزان و بنەمالە و هۆز. خەلكی ئەو ناوچەیە ئەم شتەیان بەشەرعی بینیوەو سەردەمی كۆمەلایەتی و بیركردنەوەشیان هەر ئەوەندەشی هەلگرتوە. بەواتا تێروانینی شەرعی و ناشەرعی بۆ دەسەلات و دەسەلاتدار بەیاساشەوە لەسەر ئەم ریالیزمە بەندە.

دەسەلات لە لایەن گەلەوە ئەدرێ
لە كۆمەلگای مەدەنی و دیموكراسیدا دەسەلات لەلایەن گەلەوە ئەدرێ. كەس لەسەرو یاساوە نیەو هەموو تاكێكیش دەبێت دەستی بگات بە دەسەلات. دەسەلاتدارانی حكومەت بەیاسا سزا ئەدرێن وحكومەت خۆیشی دەكەوێتە ژێر دەسەلاتی یاساوەو دەسەلاتەكان بەپێی یاساو دەستور سنوردار دەكرێ. هەربۆیە یاساو پرۆسەكانی دارشتنی یاسا دەبێت ڕوونبن. گەل سەرچاوەی رەوایەتی سیاسیە. گەل خزمەتی حكومەت ناكات، بەلكو حكومەت خزمەتی گەل دەكات. حكومەت تەنها ئەو دەسەلاتەی هەیە گەل پێی بەخشیوە.

بە شەرعی كردنی دەسەلات
شەرعیەتدان بەدەسەلات فاكتەرێكی تری گرنگی باسەكەیە. دەسەلات كە لەگەل یاساو نەریتەكاندا یەكبگرێتەوەو دەنگی زۆرایەتی پێدرابێت پێی دەوترێ دەسەلاتی شەرعی بەلام لێرەدا مەرج نیە دەسەلاتەكە دیموكرات بێت بەلام شەرعیەتی دراوەتێ ئیتر بەهەر شێوەیەك لەشێوەكان لایەنی دەسەلاتدار بەدەستی هێنابێت. ئەگەر خواستی دەسەلاتدار لەگەل بۆچونەكانی حوكمكراوەكانی (دەسەلات بەسەرەكانی) كۆمەل دا سەبارەت بە شەرعیەت یەكنەگرێتەوە ئەوا ململانێ دروستدەبێت. لەهەندێ لە ولاتانی رۆژئاوا لەسەدەكانی 18 و 19 بۆ نمونە دانیشتوان بۆچونیان وابوو كەدەسەلات تەنیا لەلایەن گەلەوە دەتوانرێ بدرێت، جیهانبینیەك كەململانێ و شۆرشی بەرپاكرد بەرامبەر بە پاشاو مەلیكەكان، چونكە ئەمەی دوایی وای بۆدەچوو كەدەسەلاتیان لەلایەن خوداوە پێدراوەو شەرعیەتی دەسەلاتەكەیان لەم لایەنەوە بۆ دروستبوەو دەستكاری ناكرێ. دەسەلات بۆ نمونە لەسەر ئاستی پەیوەندی بە سەرۆكەوە، بەیاساوە، یان بە تیرۆرەوە بەندبێت، هەمیشە پێوانەیەك لە رەزامەندی گشتی بەهەر شێوەیەك لەشێوەكان بێت پێویستە، ئەگەر بێتو دەسەلات بیەوێ بەخۆراگیراوی بمێنێتەوە. بەلام دەسەلات دەكرێ لەلایەن دەسەلاتی دژ، یان بەهۆی نەریتە كۆمەلایەتیەكان و ئاینەوە بكەوێتە ژێر كاریگەرییەوە .

كێشەی بروا نەبوون بە دەسەلات و بەسیاسەت
لە زۆرێك لە ولاتاندا كە دەسەلات لە لایەنێكەوە، یان دوابەدوای یەكدا خراپ بەكار هێنرا خەلكی وای دەبینێ كە دەسەلات شتێكی خراپەو خەلكانی تریش بێبەخت دەكات، ئیتر هەر لایەنێك بەكاری بهێنێت. ئەم بیرورایە ئەوەندە كاریگەربوە كە كۆمەلانی خەلكی ئەو ولاتە لە مەسەلەی دەسەلاتدا ئیتر سیاسەتیش لەگەلیدا بە شتێكی خراپیان بینیوە .

خەسلەتی كۆمەلگای تەقلیدی لەسەر بنەمای ئەقل ومەنتق دانەمەزراوە
نزیكەی هیچ كام لەسیستەمە سیاسیەكانی "جیهانی سێ" نەیتوانیوە دەسەلاتی سیاسی بكاتە دەسەلاتێكی موئەسەساتی، لەپێشكەوتوترینی دەولەتە عەرەبیەكانیش هەمان شتەو بەدیل بۆ فەرمانرەوایی تاك دەسەلات هێشتا وەك پێویست نەبووە. ئەم كۆمەلگاو سیستەمانە پێكهاتەیەكی تەقلیدی هەیە. خەسلەتی كۆمەلگای تەقلیدییش بریتیە لەكردەوە تەقلیدیە كۆمەلایەتیەكان، واتا ئەو كردەوانەی كەلەسەر بنەمای ئەقل ومەنتق دانەمەزراوە، بەلكو لەسەر بنەمای ئەو كردەوانەی كەسەردەمانێك كاری پێكراوەو جێگیربوەو بەمیرات ماوەتەوە وەك شتێكی تەقلیدی. كۆمەلگای تەقلیدی سەركردەی تەقلیدی بەرهەم دەهێنێت بەلام هەمیشە هەر دەسەلاتە بەرپرسیارێتی كۆمەلگا دەبێت بگرێتە ئەستۆ. یەكێك لەخەسلەتەكانی ئەم كۆمەلگایە بریتیە لەپێكهاتەیەكی داخراوی كۆمەلایەتی كەبەزەحمەت خۆی دەداتە دەست گۆرانكاری بەتایبەت بەمۆدێرنكردنی هەرەمی سەرەوەی. جگە لەمانە زۆربەی ئەندامانی ئەم كۆمەلگایە سەربەخۆییان نیەو بەستراونەتەوە بەنەریتی گشتی كۆمەلگاكە. لێرەدا هوشیاری ئاینی زالە بەسەر تەواوی بوارەكانی ژیانی كۆمەلگاكە. دەسەلاتی سیاسیش خەسلەتێكی حوكمی فەردیە تێیدا. زیاتر لەشوێنی خۆی دەچەقێ وگۆرانیشی كاتێكی زۆری دەوێ كەئەمیش بەندە بەكۆمەلێك فاكتەرەوە. لەم دەسەلات وسیستەمە تەقلیدیەدا ئابوری خزمایەتی وبارودۆخی پابەندبوون وپەیوەندی شەخسی دروست دەبێت و رۆل دەبینێت. بەم شێوەیە گەشەكردنی ئابوری گێڕدەبێت ودەسەلاتەكە دەسەلاتێكی كلاسیكیەو هوشیاری كۆمەل لەئارادا نیەو دەسەلاتداری تەقلیدی وكلاسیك سوود لەم دیاردەیە وەردەگرێ و دەشیەوێ ئەتمۆسفێرە (كەش و هەوا) كۆمەلایەتیە دواكەوتوەكە هەر بەم شێوە كۆنە بمێنێتەوە لەشێوەی داب ونەریتە تەقلیدیەكان. هەموو پێشكەوتن وهوشیاریەكی كۆمەلایەتی دەبێتە لاوازكردن وگۆرینی ئەو نەریتە تەقلیدیەی كەدواتر دەبێتە رێگر لەبەردەم سیستەم ودەسەلاتی دەسەلاتدارە تەقلیدیەكەدا. هەربۆیە بەگشت شێوەیەك ئەم لایەنە هەولی لەناوچونی پێشكەوتن ئەدات و دەیەوێ كۆمەلگا كۆنەكە كۆمەلگایەكی داخراو بێت و بەهۆی ناهوشیاری كۆمەلەوە بۆی بچێتە سەرو دەسەلاتدار جێگای یاساش بگرێتەوەو دەیەوێ لەم زیاتر كۆمەل هیچیتر نەبینێت و بەم شێوەیە كۆمەل بێبەش دەكات لەمێژوش. لەو كۆمەلگایانەی كەهوشیاری سیاسی و رەوشی ئابوری وكۆمەلایەتی لەلای هاولاتیان كزو لاوازە، ئەوا سیستەمی سیاسی پەیڕەوكراو لەدەولەتدا سیستەمێك دەبێت كە لەسەر زەبروزەنگ و ترس وخۆسەپاندن بنیاد دەنرێت، لێرەدا پێشێلكردنی مافی تاكەكانی كۆمەل وسەربەستیەكانیان وبوارنەدان بەگروپی سیاسی جۆراوجۆر لەدەولەتدا شتێكی ئاسایی دەبێت، واتا سیستەمی دیكتاتۆری لەدەولەتدا پەیرەو دەكرێت، ئیتر ئایا ئەو سیستەمە دیكتاتۆریە سیستەمی دیكتاتۆری تاكە كەسی بێت، یان سیستەمی دیكتاتۆری گروپ و بنەمالە بێت.

سەرنج: ئەم نوسینە بەشێكە لە توێژینەوەیەكی نوسەر لەسەر ئەم بابەتە. لەبەشی دووەمی نوسینەكەیدا نوسەر دەیەوێ دەربارەی سیستەم و دەسەلاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بنوسێت.

سەرچاوەکان:
1) د. صادق الاسود، علم الاجتماع السياسي، بغداد، 1990، ص. 35-36.
2) د. عصام سليمان، مدخل الي علم السياسة، بيروت، 1989، ص. 154.
3) د. صادق الاسود، علم الاجتماع السياسي، بغداد، 1990، ص. 35-36.
4) د. عصام سليمان، مدخل الي علم السياسة، بيروت، 1989، ص. 163.
5)Reinhard Kuhn, Totalitre Herrschaft, in: Welt der Politik, Frankfurt, 1971, S. 35.
6) هەمان سەرچاوەی سەرەوە، ل. 35.
7) هەمان سەرچاوەی سەرەوە، ل. 35.
8) هەمان سەرچاوەی سەرەوە، ل.35 .
9) تیۆری دەولەت و سیستەمە رامیاریەكان،بەهادین ئەحمەد محەمەد،سلیمانی،2002، ل.32.
10) Hans Ritscher, Welt der Politik, Frankfurt, 1971, S. 3.
11) هەمان سەرچاوەی سەرەوە، ل،3.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە