ئیستنساخی بەرزانی بۆ میللەتی كورد پێویستە !!
Wednesday, 27/06/2012, 12:00
لەم رَۆژانە لەعیراق باس باسی ئیستنساخكردنی مالكییە. وادیارە عەرەبە شیعەكان زۆر ئارەزوومەندین, نایانەوێت كەسێكی وا بەئاسانی لەكیس بدەن.
میللەتی كورد تائێستا بۆ تەنها جارێكیش بیری لەوە نەكردۆتەوە سەركردەیەكی ئیستنساخبكات وژیانی پێببەخشێتەوە. هۆكار چییە ئەوە میللەت خۆی بەرپرسیارە وخۆی دەبێت وەڵام بداتەوە.
ئەگەرچی ئیستنساخ شتێكی نوێیە ومیللەتی كوردیش بەچاو زۆربەی دنیا كەمێ دواكەوتووە وكەمێكێش خەمساردە, بەڵام ئێستا بەجددی دەبێت بیر لەمبابەتە بكاتەوە وهەمو هەوڵێك بخاتەگەرَ بۆ ئەوەی مەسعود بەرزانی ئیستنساخ بكەن ولەكیسی نەدەن.
میللەتی كورد دەبێت لە دوور برَوانێت, خوانەخواستە بەرزانی نەمێنێت ئینجا چیدەكات كێ دەبێتە رَابەر وسەركردە, میللەت هەتیودەبێت, بەبێ ئەو وێڵ وسەرگەردان ومالأوێران وترسی لەناوچوونیشی هەیە.
میللەتی كورد دەبێت نەكتەنها بیر لەئێستا بەڵكو لەنەوەی ئایندەش بكاتەوە. ئەگەر بەرزانی نەبێت كێ بارەگای حزبەكان بسووتێنێت ودوایی بڵێت ئێمە قەبووڵی زوڵم ناكەین. كێ باسی ناوچە دابرَاوەكانیان بۆ بكات, كێ باسی مادەی سەدوچل وكەركوك بكات. كێ لەبەهاران قسەیان بۆ بكات ومژدەیانپێبدات, كێ باسی دەوڵەتی كوردی وجێبەجێهێنانی خەونەكانیان بكات. ئەگەر ئەو نەبێت كێ دەتوانێت ئاوها جوان ورَێكوپێك خزمەتی برا توركەكان بكات؟
بۆ ئەوەی نەوەی نوێمان لەچەواشەكان ولەم سەركردە نموونەییە وحوكمی بنەماڵە بێبەش ومەحرومنەبن دەبێ ئەم هیوا ومەبەستە پیرۆزە بەدیبێت ولەئێستاوە ناوی خوای لێبێنین تازووە كاری بۆبكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست