(پووچەڵ كردنەوەى درۆكانى قادر حەمەجان عزیز و پیشاندانى كارە نایاساییەكانى)
Monday, 02/01/2012, 12:00
پاشكۆی دەست لەكار كێشانەوە
بەڕێزان
لەگەڵ ئەو پشتگیرییەى جەنابی مام جەلال و ئێوەدا، ماوەى دوو ساڵ زیاترە دیوانمان و سەرۆكى دیوان بەر هێرش و پەلامارێكى ناڕەوایانەى دوور لە هەموو عورف و نەریت و ڕەوشتێك كەوتووە. خۆتان باش ئەزانن كە سەرۆكى شارەوانى پێشووى سلێمانى و ئەندامى سەركردایەتى (ى.ن.ك) قادر حەمەجان عزیز، لەپشت هەموو ئەو بوختان و درۆیانەوەیە، ئێمە بەلامانەوە سەیرە كە یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بەو هەموو خەبات و سەروەرییەوە، لە سەركردایەتییەكەیدا جێگاى كەسێكى تێدا ببێتەوە كە بە بەرچاوى ئێوە و میللەتەكەمانەوە و لەسەر لاپەڕەى ڕۆژنامەكان بەم جۆرە درۆ و بوختان هەڵبەستىَ و دژى دەزگایەك بێت كە حیزبەكەى خۆی پشتگیری پێك هێنانى كردووە.
لە ئێوە ئاشكرایە كە ئەو هێڕش و پەلامارەى ناوبراو تەنیا لەبەر ئەوەیە كە دیوانمان، وەك بەشێك لە كار و ئەركەكانى خۆى، لە دوو ڕاپۆرتدا چەندان دزى و گەندەڵى و سەرپێچى سەرۆكایەتى شارەوانى سلێمانى ئاشكرا كردووە و خستوویەتییە بەردەستى ئێوە و حكومەت ، كە لە ئەنجامیدا ئەمانە كران:
قادر حەمەجان بۆ شاردنەوەى ئەو گەندەڵى و سەرپێچییانەى لە شارەوانییەكەیدا كرابوو، شانۆنامەیەكى لە بەرنامەى (چاوى سێیەم) لە تەلەفزیۆنى كوردسات ڕێكخست و كەوتە هێرش كردن بۆ سەر دیوان و دەستەكانى دیوان و بە كەمتەرخەم و خراپ و لاواز لەسەر تەلەفزیۆن ناوى بردن. بەوەشەوە نەوەستا، بەڵكو بەدگومانى لەسەر كادر و دەستەكانى دیوان دروست كرد بۆ هەموو ڕاپۆرت و كارەكانى چەند ساڵەى لەسەر هەموو دام و دەزگاكانى حكومەت. ناوبراو ویستى لەو ڕێگەیەوە خەڵك و سەركردایەتى سیاسی و حكومەت چەواشە بكات، (سی دى بەرنامەكە لاى ئێمە و لە كوردسات پارێزراوە). ئەم شاڵاوە دواى ئەوە دێت كە ئەوانەى پاڵێورابوون بۆ پۆستى وەزیری كابینەى یەكگرتوو ڕاپۆرتەكانى دیوانیان لەسەر بەهەند وەرگیرا گەرچی دیوانمان هیچ رەئیەكى لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە و پاڵاوتنەكان نەدابوو، بەڵكو تەنیا ڕاپۆرتەكانى دابوو بە بەڕێزتان، ئەمەش شەڕی بە وەزیر نەكردنی بوو لە ئەنجامى ئەو ڕاپۆرتانەوە.
ئێمە لەكاتى خۆیدا ویستمان لەڕێگەى هەمان بەرنامەوە لە یەكێك لە ئەڵقەكانیدا ڕوونكردنەوەیەكى زۆر كورت بدەین بەو مەبەستەى داكۆكى لە ڕاستى و لە دیوان و كاری دەستەكانمان بكەین، بەڵام بەرپرسانى بەرنامەكە ڕێگایان نەداین، بۆیە بە ناچاری ڕوونكردنەوەیەكمان لە ڕێگاى دیدارێكى ڕۆژنامەوانییەوە بڵاوكردەوە لە 15/6/2006دا. بەڵام پێدەچێ قادر حەمەجان خۆی لەسەروى ڕەخنە و یاسا و دەسەڵاتەوە ببینێت، بۆیە تەنیا بەوەوە نەوەستا كە هێرش و پەلامارى چەواشەكارانەى بۆسەر دیوانمان توندتر بكات، بەڵكو لە ڕۆژنامەكاندا كەوتە بوختان و درۆ هەڵبەستن بۆ خودى سەرۆكى دیوان.
ناوبراو لەو هێرشانەیدا هەموو سنورێكى ئاداب و ڕەوشت و بەرپرسیارێتى و نەریتى نیشتمانى و حیزبایەتى خستە ژێر پێوە و كەوتە تەشهیر و قەزفی شەخسی و تەنانەت (183) جار لە ڕۆژنامەكاندا ناوى جەلالی سام ئاغاى لە مانشێت و ناوەڕۆكى درۆنامەكانیدا هێنا. بەمەیشەوە نەوەستا و خۆی و ڕاگەیاندنى شارەوانییەكەى بۆ ئەم شاڵاوە تەرخان كرد و ڕێگاى بۆ كەسانى تریش خۆش كرد تا ئەوانیش چەندان جار درۆ و بوختانەكانى ئەو لە دژمان دووبارە بكەنەوە و تەنانەت ئەگەر ئەو زڕقەڵەمانە درۆیەكى تازەیان كردبێت، قادری حەمەجان هاتووە درۆكانى ئەوانیشی جارێكى دى، لە ڕاگەیاندنەكانى شارەوانییەكەیدا، دووبارە و چەند بارە كردۆتەوە. لەمانەش سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە كە تەنانەت دواى لابردنى ناوبراو لە كارەكەى، بەناوى (ڕاگەیاندنى شارەوانى سلێمانى)یەوە هەر درێژەى بە بڵاوكردنەوەى درۆ و بوختانە سواوەكانىدا. ئەمەش كارێكە لە هیچ دام و دەزگایەكدا ڕووى نەداوە كە كەسێك هەر پلەیەكى هەبێت، دواى ئەوەى بە هەر هۆیەكەوە بێت لەو دەزگایە نەمێنێت، كەچی دواى لاچوونى بە ماوەیەكى زۆر هێشتا بەناوى ڕاگەیاندنى دەزگاكەوە نووسین بڵاوبكاتەوە! تەنانەت لەسەر ئەم كارە سەیر و سەمەرەیەى قادر حەمەجان بەڕێز كاك جەلال جەوهەر، سەرۆكى ئێستاى شارەوانى بانگ كرد، بەڵام ئەو بێئاگایی خۆی لەو كارە ڕاگەیاندبوو. كەچی دواى ئەمەش قادر حەمەجان جارێكى دى درێژەى بەم كارەى دا، بەڵام ئەم جارەیان بەناوى (ڕاگەیاندنى شارەوانى سلێمانى پێشوو)!! ، بۆیەكا دەپرسین ئایا كەسێك ڕێز لە خۆی و حكومەت و حیزبەكەى بگرێت كاری لەم جۆرە ئەكات؟.
ئێستاش ئەمانەوێت چەند نموونەیەك لە درۆ و بوختانەكانى ناوبراو بخەینە ڕوو كە بەرامبەر بە سەرۆكى دیوان كردوونى، هەرچەند پێشتریش لە ڕوونكردنەوەكانماندا (كە بۆمان ناردوون) هەموو ئەو درۆ و بوختانانەمان بە بەڵگەوە پووچەڵ كردۆتەوە.
یەكەم: قادر حەمەجان (بەناو حاكم و پسپۆڕی یاسا) تومەتى (گەندەڵى و ئیختیلاس) ئەداتە پاڵ سەرۆكى دیوان. هەرچەند وشەى گەندەڵ وشەیەكى گشتییە (كە وەڵامى ئەمەیان لاى بەڕێزتان و میللەتەكەمان ڕوون و ئاشكرایە)، بەڵام تومەتى ئیختیلاس تومەتێكى زۆر گەورەیە، بە تایبەتى ئەگەر بدرێتە پاڵ كەسێك كە سەرۆكى دەزگایەكە و كارەكەى ئەوەیە پارێزگاری ماڵ و سامان و میزانییەى دەوڵەت بكات. هەركەسێك لە هەر پلەیەكى وەزیفیدا بێت، ئەگەر تومەتى ئیختیلاسى بدرێتە پاڵ ئەبێت موڵك و ماڵى حیجز بكرێت و سحب الید بكرێت و بدرێت بە دادگا. بەڵام لەبەرئەوەى ناوبراو فڕی بەسەر یاساوە نییە و ئەو تومەتە گەورەیە بەرهەمى حیقدى شەخسییە لەسەر ئاشكرا كردنى گەندەڵییەكانى دایرەكەى، ئەبێت لە دادگا ئەم تومەتە ئیسپات بكات. ئەگەر نەیتوانى ئەبێ سزا بدرێت.
دووەم: لە نیزامى دیوانى چاودێری دارایی ژمارە (212)ى ساڵى/1999 لە مادەى (15)یشدا دەڵێت "للايجوز اتخاذ التعقيبات القانونية بحق رئيس الديوان ونائبه والمدراء العامون فيما يتعلق بتصرفاتهم الرسمية في أداء مهام الرقابة والتدقيق إلا بعد حصول إذن من رئيس مجلس الوزراء" .
كەچی سەیری ئەم سەرۆكى شارەوانییە بكەن، كە پلەى وەزیفییەكەى بەپىَى میلاكى شارەوانى سلێمانى لە بەڕێوەبەر (مدیر)ێك زیاتر نییە، بەبێ پرس و ڕەزامەندی دەسەڵاتەكانى لەخۆی بەرەوژووتر: بەڕێوەبەرە گشتییەكەى، جێگری وەزیرەكەى، وەزیرەكەى و سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران. حیجزى خستە سەر تاكە خانووەكەى سەرۆكى دیوانى چاودێری دارایی كە پێش حەوت ساڵ ئەو خانووەى بەخشیوە بە وەزارەتى تەندروستى (بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى) و لەو كاتەوە سورەت قەیدەكەى بەناوى وەزارەتى ناوبراوەوەیە، هەروەها حیجزى خستە سەر ئەو پارچە زەوییەم كە كاتى خۆی لەساڵى/1994دا بە فەرمانى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى یەكگرتوو (بە سەرۆكایەتى كاك كۆسرەت) بەبێ مەرج دراوە بە هەموو ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانییەكانى كوردستان لە سلێمانى و هەولێر و دهۆك، كە ئەو كاتە جەلالی سام ئاغاش ئەندامێكى ئەنجومەنى شارەوانى سلێمانى بوو.
بۆ ئاگاداریتان سەرۆكى دیوان ئەم پارچە زەوییەشی بە دیوانى چاودێری بەخشیوە بۆئەوەى بفرۆشرێت و پارەكەى لە بانقدا دابنرێت و ساڵانە سوودەكەى بەسەر هەندىَ فەرمانبەرى لێهاتووى دیواندا دابەش بكرێت .
سەرۆكى دیوان تأكید ئەكاتەوە كە لەم كاتەدا نە لە سلێمانى و نە لەهیچ شوێنێكى سەر ئەم زەمینەدا خاوەنى مەترێك دووجا نە خانوو و نە زەوى نیە. ئەمەیە جەلالی سام ئاغا كە سەرۆكى پێشووى شارەوانى بە گەندەڵ و موختەلیس تۆمەتباری ئەكات، جا تو ویژدانى سیاسیتان لە هیچ وڵاتێكى دنیادا، تەنانەت لەو ناوچانەى ئەفریقادا كە خەڵك لەناو دارستان و ئەشكەوتەكاندا ئەژین، ڕووىداوە كە ئەگەر كەسێكیان وەك سەرۆكى شارەوانى هەڵبژاردبێت بەم جۆرە رەفتار بكات و حیجز بخاتە سەر خانوو و زەوى كەسێك كە خۆبەخشانە خانوو و زەوییەكەى بە دوو دەزگاى حكومەت بەخشیبێت؟ ئەگەر سەرۆكى شارەوانى نوێنەر و دڵسۆزى شارەكەى بێت، ئایا لە حاڵەتى لەم جۆرەدا ئەشێ حیجز بخاتە سەر خانوو و زەوى كەسێكى لەم جۆرە یان پێویست بوو خۆی و ئەنجومەنەكەى سوپاسی بكەن ؟!.
لەبەرئەوەى ئەو كارەى ناوبراو نایاسایی بوو و لە دەسەڵاتى ئەودا نەبوو، بۆیە دادگا لەبەر هەردوو هۆكار ئەو حیجزەى هەڵوەشاندەوە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەى لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە لەبەر نایاسایی كارەكەى بە نووسراوى ژمارە (2697) لە 28/10/2007.
قادر حەمەجان لەكاتێكدا ئەم رەفتارە ناشیرینە بەرامبەرى ئێمە ئەكات كەچی خۆی چەند پارچە زەوییەك یەك ئەخات و بە پانتایی (1443.52م2) لێك ئەدات و ئەیكات بە كۆشك و مەسبەح. بەوەش ڕازى نابێت و دێت ڕووبەرى (115.39م2) لە زەوى دواناوەندى فریشتەى كچان داگیر دەكات و تجاوز دەكاتە سەرى، كۆشكەكەیشی بە كەل و پەلى تایبەتى ئەستەمووڵى، كە لە توركیاوە ئەیهێنىَ ئەیڕازێنێتەوە!! ئەشڵێت جەنابی مام جەلال ئەم زەوییەى پىَبەخشیوە و بە كۆمەكى جەنابیان و یەكێتى نیشتمانى خانووى دروست كردووە! ڕاستە جەنابی مام جەلال بەخشندەیە، بەڵام ئایا ئەشێت سەرۆكى شارەوانى داواى شتى لەم جۆرە لە جەنابی مام جەلال بكات؟ ئایا كۆشك و مەسبەح بە كۆمەك كردن دروست ئەكرێت؟ كۆمەك بۆ خانووى ئاساییە نەك بۆ كۆشك و تەلار!! ئایا سەرۆكێكى شارەوانى هەڵبژێردراو كە نوێنەرایەتى حیزبێك دەكات ئەبێت بەو پانتایىیە زۆرە ڕازى نەبێت و بێت تجاوز بكاتە سەر زەوى خوێندنگایەك و بڕێك لە ڕووبەرى خوێندنگاكەش داگیر بكات و لەولاشەوە بىَباكانە بێت و ئێمە بە گەندەڵ و موختەلیس دابنێت؟ وەڵامى ئەم پرسیارە بۆ ئێوە و بۆ مێژووى داهاتوومان جىَئەهێڵێن.
سێیەم: قادر حەمەجان بوختانى بۆ سەرۆكى دیوانى چاودێری دارایی هەڵبەست كە گوایا لە ئاسایش گیراوە. ئاسایشی گشتى لە ڕوونكردنەوەیەكیدا (ڕۆژنامەى ئاوێنە ژمارە (47)ى ڕۆژى15/6/2006) قادر حەمەجان بە درۆ ئەخاتەوە و تأكید ئەكاتەوە كە سەرۆكى دیوان بۆ چركەساتێكیش لە ئاسایش بەند نەكراوە، كەچی بێشەرمى ناوبراو گەیشتە ئاستىَ كە تەنانەت دواى ڕوونكردنەوەكەی ئاسایشی گشتى، جارێكى تر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەى ئاوێنەدا، بە ئیسرارەوە دووپاتى ئەكاتەوە و ئەڵىَ: (بە تەئكید گیراوە). ئایا ناوبراو بەو جۆرە كاتى خۆی دەزگاى ئاسایشی بەڕێوە بردووە؟! جارێكى تر بۆ ئێوەى بەڕێزان دووپاتى ئەكەینەوە كە ئەگەر ئەو تومەتەى ناوبراو ڕاست بوو، ئەوا مافی خۆتانە كە گومان بخەنە سەر هەموو قسەكانى ئێمە و بەر سزاى یاساییش بكەوین.
چوارەم: لە زنجیرە درۆكانى ناوبراو، كە لە ڕێگاى ڕاگەیاندنە چەواشەكارییەكەیەوە بڵاوى كردوونەتەوە هاتووە گوایە سەرۆكى دیوان ڕۆژێك لە ڕۆژان پێشمەرگە نەبووە و یەخەى كراسەكەى زەرد نەبووە و زیندانى نەكراوە.... تاد، ئێمە لە وەڵامدا وتوومانە كە مەرج نییە هەموو هاووڵاتییەكى كوردستان پێشمەرگە بووبێت، یان زیندانى كرابێت بۆئەوەى پۆستى بدرێتىَ، بەتایبەتیش كە یەكێتى نیشتمانى كوردستان حیزبێكى كراوەیە و داخراو نییە و هەموو پۆستەكانیشی لەسەر ئەندامانى خۆی تاپۆ نەكردووە. لەگەڵ ئەوەشدا وەڵاممان دایەوە سەهوت فەرموو، سەرۆكى دیوان پێشمەرگەیەكى دیارى شۆڕشی ئەیلول بووە، هەروا لەساڵى/1961دا، لەگەڵ چەند كەسایەتییەكى ناسراوى شاری سلێمانىدا (كە كاتى خۆی ناویان بڵاوكرایەوە) بەهۆی چالاكى سیاسیەوە تووشی زیندان و ئازار و ئەشكەنجە هاتووە.
پێنجەم : قادر حەمەجان چەندان جار قەوانى حەوزى ماسی فلۆرەنساى لىَدایەوە، هەرچەندە ئێمە بە بەڵگەوە وەڵاممان داوەتەوە، دوا بەڵگەنامەیش نووسراوێكى سەرۆكى پێشووى دیوانى چاودێری دارایی (كاك بایز تاڵەبانى) بوو لەبارەى حەوزى ماسی فلۆرەنسا ژمارە (357)ى ڕۆژى 18/9/2007، كە تێیدا ڕاى گەیاندووە سەرۆكى دیوان جەلال عومەر سام ئاغا و باقی ئەندامان هیچ جۆرە سەرپێچىیەكى یاسایی لە كارەكەیاندا نەكراوە و كەسیان بە تەزویر و ئیختیلاس تاوانبار نەكراوە. كەچی قادر حەمەجان سەرۆكى دیوان تومەتبار ئەكات ، لەكاتێكدا كە جەلال سام ئاغا نە سەرۆكى لیژنەكە بووە و نە بەرپرسی ژمێریاری و كارگێری بووە. سەرۆكى لیژنەكە بەڕێز جەمال عەبدوول بووە و لیژنەكەش لەم بەڕێزانە پێك هاتبوو: نەوشیروان مستەفا، خالید شێخ محەمەد خاڵ، رەفیق قەزاز، جەلال عومەر سام ئاغا. هەروا بەڕێز سروە مستەفا مەجید بەڕێوەبەرى ژمێریاری و بەڕێز نەسرەدین خدر بەڕێوەبەرى وردبینى بوون.
شەشەم: ڕۆژنامەى (هەواڵ) وەك بەشدارییەك لەو شاڵاوى درۆ و بوختانەى لە دژى دیوان و سەرۆكى دیوان هەبوو، هەواڵێكى دروستكراو و ساختەى بڵاوكردەوە لە ژمارە (246)ى ڕۆژى 8/9/2007 كە گوایا سەرۆكى دیوان ساڵى/1983 (دە) دۆنم زەوى كشتوكاڵى لە رژێم وەرگرتووە. ئێمە لەكاتى خۆیدا بە بەڵگەوە ئەم درۆیەمان پووچەڵ كردەوە. هەروەها بەڕێوەبەرى زەوىوزارى كشتوكاڵى سلێمانى بە نووسراوێكى ڕەسمى ژمارە (4028)ى ڕۆژى 4/9/2007 و بانكى كشتوكاڵى هەرێمى كوردستان بە نووسراوێكى ڕەسمى ژمارە (3383)ى ڕۆژى 4/9/2007 تەئكید ئەكاتەوە كە (جەلال عومەر سام ئاغا) سوودمەند نەبووە بە وەرگرتنى زەوى بۆ باخ بەپىَى بڕیاری ژمارە (395ح ساڵى/1983)، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا قادر حەمەجان، دواى لاچوونى لە سەرۆكایەتى شارەوانى سلێمانى، دووجار لەسەر لاپەڕەى ڕۆژنامەكان ئەم درۆ پووچەڵكراوە دووبارە ئەكاتەوە، جارێكیان بە ناوى ڕاگەیاندنى شارەوانى سلێمانییەوە (كە سەرۆكى ئێستاى شارەوانى سلێمانى -وەك وتمان- لىَى بىَئاگایە)، جاری دووەمیشیان بەناوى ڕاگەیاندنى شارەوانى سلێمانى/پێشوو، كە ئەمە لەهیچ عورف و نەریتێكدا نەبووە كە بەرپرسێك دواى ئەوەى لە پۆستەكەى نامێنێت، درۆ و دەلەسە بەناوى دایرەى پێشوویەوە بڵاوبكاتەوە. ئەمەش دەقی بڕیارەكەى مجلیسی قیادەى سەورەیە تاوەكو بزانن ئەم بڕیارە بۆ جەلالی سام ئاغا دەرچووە یان بۆ منطقەى شمالی، لەكاتێكدا كە جەلالی سام ئاغا خۆی وەرى نەگرتووە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست