کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


" ئامەدی مەزن "

Saturday, 11/01/2014, 12:00



ئێستا
دڵی ئامەد شیرین شیرین
خنجیلانە
لە چوار وەرزی وڵاتی رۆژ
لێدەدا
بەشێک لە باشور
بەشێک لە رۆژهەڵات
بەشێکی لە رۆژئاواو
بەشێک لە باکور
ئێستا دڵی ئامەد هێدی هێدی مەزن
دەبێ و
وێنەی شمشاڵی ئاهورایی
دەنگی سەرکەوتن
پەیامی کاوەکان
لە بەر دەرگای هەر ماڵێک دادەنێ و
ترس لە دیکتاتۆڕی خۆماڵی
فڕێ دەدا
ئەو ڕۆ سەراسەری گەرمیان و
خۆری گەرمیانیش
تیر ڕێژ تیر ڕێژ
لە ژووری هەر ماڵێکدا
سروودی سەرکەوتن و
رزگاری دوارۆژ
لە سەرباڵی مەلەکە تاوس
بۆ لای ئەستێرەکان دەبا
دایکی مەزنی ئامەد
حەیرانی تفتو تاڵی
ئەنفال وەکو ملوانکە
دەهۆنێتەوە
دەیباتە شانشینی
زلهێزەکان و
پێیان دەڵێ
کوانێ ویژدان
کوانێ یاسا .
.
جەعفەر/کەریمی /١١/ ١/ ٢٠١٤



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە