شیوعییەكان بۆ ناوێرن بە ئاشكرا بڵێن پارتی و یەكێتی سامانی خەڵك دەدزن؟!
Monday, 27/07/2009, 12:00
ئەوەى گومان لەسەر حزبی شیوعی دروست دەكات كە لەبەرەى میللەت دووركەوتوونەتەوەو چوونەتە بەرەى یەكێتی و پارتییەوە، كپبوون و نەوێرانیانە لەباسكردن و ئاماژەدان بە گەندەڵی و دزی و كارە مافیایی و قێزەونەكانی ئەو دوو حزبە داگیركەرەى دەسەڵات و ئیرادەى خەڵك بە ئاشكراو زمانی خەڵك، تەنانەت نەیانوێرا وەكوو بانگەشەى هەڵبژاردن بڵێن بەڵێ یەكێتی و پارتی ئێوە بە دەیان ملیار دۆلاری خەڵكتان دزیوە، هەزاران كوڕى ئەم وڵاتەتان بەكوشتداوە، هەزاران گەنج لەزیندانە نهێنییەكانتاندا سەرنگوون كراون.
تەنانەت حزبی شیوعی وەك خۆیان باسی لێوە دەكەن كە لەشەڕى ناوخۆدا ناوبژیوانێكی كاریگەر بوونەو نموونەى ئەوەى (عەزیز محەمەد)ی سكرتێری پێشوو لەكاتی شەڕەكەدا لەنێوان ئەو دوو حزبەدا مشكییەكەى سەرى بەرز كردووەتەوەو وتویەتی ئەى هاوار تكایە بیبڕنەوە بەسێتی كوردو یەكتر كوشتن، نەیانتوانیوە ئا ئەو نموونەیە بكەنە كارتێكی پرۆپاگەندەى هەڵبژاردن، ئەمەو دەیان نموونەو كارى دیكەیان كە بەكاریان نەهێناوە. ئیدی نازانم بۆ نەیانكردووەو نایكەن؟.
وەك باس دەكرێت حزبی شیوعی لەم هەڵبژاردنە گەرمەدا یەك كورسی بەدەستهێناوە، دە بەخودا ئەگەر وا سیاسەت بكەن و نەیەنەوە ناو جەماوەرو پشت لەدەسەڵات و حزبەكانیان نەكەن بۆ هەڵبژاردنی ئاییندە تەپڵەكێك بەدەست ناهێنن، یان دەبێت هەر لەئێستاوە بە سیاسەتیاندا بچنەوەو بە زووترین كات بڕیاری بەستی كۆنفرانسی ئیستسنائی بدەن دەربارەى چەندین جار شكست لەهەڵبژاردنەكاندا.
ئەوە باسی سەركردایەتی هەر مەكە، جگە لەچەند سەركردەیەك نەبێت، پێویستە لەمەودوا ناویان لێ بنێین سەركردایەتی نێو بارەگاكان نەك سەركردایەتی سیاسی و جەماوەریى، كە تەنها لەنێو بارەگاكاندا خۆیان حەشارداوەو سەرقاڵی چاو قاوەو شیر خواردنەوەن و باسی ئازادی و عەدالەتیش دەكن، دە توخوا بەسیەتی لەبارەگاكانتان وەرنە دەرەوەو روو بكەنە ناو خەڵك و شارو شارۆچكەكان. وەرنەوە ناو گەنجان .. هتد.
تێبینی/ - زۆر بابەتی دیكە دەربارەى حزبی شیوعی لەمێشكمدایە، لەئاییندەدا بەبەردەوامی دەیاننووسمەوەو بەرهەمیان دێنم. چاوەڕوان بن.
- وەك مامۆستا (رێبوار سیویلی) نوسەرو رۆشنبیر دەڵێت پێویستە حزبە بچووەكەكانیش ببنە جێی باس و لێكۆڵینەوە، بۆیە پێویستە هەموو قەڵەم بەدەستەكان لەم حزبانە بێ دەنگ نەبن و بیانخەنە بەر رەحمەتی قەڵەم و رەخنە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست