كێشەكانی یەكێتی لە كوێدایە
Wednesday, 25/12/2013, 12:00
بە گشتی ئامۆژگاری سیاسی بێ بەرامبەرە, هۆكارەكانی نوشستەكەی یەكێتی نیشتمانی دەكرێ تەنها لە ناوەوەی خودی یەكێتی بۆی بگەرێیت بە تایبەت لە بەر ئەوەی كە بۆ زیاتر لە (22) ساڵە هێزی دەسەڵاتە لە كوردستان بە دیاری كراوی لە ناوچەی سلێمانی, هەر بۆیە دوور رۆیشتن لەوە زیاتر چەواشەكاری و مل پێچ دانی (واقیع و لۆجیكی مێژوویە) لە كوردستان, باشتر وایە تەنها باس لەرەوشی یەكێتی لە پێش هەڵبژاردنەكەوە نەكەین چونكە زۆر لەشرۆڤە و شی كردنەوەی جیاواز هەن لەو بارەوە و رەنَگە زۆربەی دوور نەبێت لە راستیاكانەوە, بەڵام هەڵە كوشندەكانی یەكێتی لە دوای دۆراندنەكەی بە گشتی :
یەكەم : گەورەترین هەڵەی یەكێتی دوابەدوای پاشەكشێكانی خۆ دزینەوە بوو لە چوونە ژێر باری بەرپرسیارێتەكەی كە دەبوایە بە دەستە جەمعی مەكتەبی سیاسی و سركردایەتی و ئەنجومەن و ئۆرگانە رابەرایەتیەكەی بە فەرمی و ئاشكرا ملیان دایە بەو راستیە و داوای لێ بوردنیان بكردبایە لە رێكخستنەكانیان و خەڵكی كوردستان بە تایبەت,ئەو (عەقڵیەتە) خۆ بە زل زانینە و نەرجسیە كێشەكانی ئەو پارتەی ئاڵۆز تر كردەوە,
دووەم : نەبوونی (ئیرادەیەكی) بە كۆمەڵ لە لای سەركردایەتی بۆ خۆ گوناجاندن لە گەڵ رەوشی نوێ لە كوردستان بەوەی ئەو هەڵبژاردنە باڵانسی هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی گۆری بە زیانی دوو دوو پارتی دەسەڵات بۆ هەتا هەتایە,ئەو گۆرانكاریانە پێویست بە گوتاری سیاسی دیاری كراوی دەكرد كە بێتەوە لە گەڵ هێز و (مەوقعێتی) تازەی حیزبەكە لەناو دیمەنی سیاسی تازە,
سێهەم : لە بری دروست كردنی هاوپەیمانێتی لە گەڵ هێز و رەوتە نیشتمانی و علمانی و میانرەوەكانی دەڤەری سلێمانی كە بەس بوو بۆ دروست كردنی حكومەتێكی نوێی كارا و رەوا لە بری ئەوە یەكێتی دەستی دایە هەمان سیاسەتی كۆن لە پاشكۆ بوون لە گەڵ پارتی كە نایەوێ بكەوێتە بارێكەوە یەكێتی بە زۆر دوور بخاتەوە لە لیستی هاوپەیمانەكانی بۆ مامەڵە كردنی سیاسی,دیارە ئەو هەنَگاوە لە بۆشایەوە نەهاتووە چونكە هەموومان دەزانین باڵی باوی ناو یەكێتی چەندە بێ دەربەس و پاوانخوازە بەرامبەر بە قەیرانەكان,
چوارەم : یەكێتی هێشتا دۆخ و قۆناغی قەیران دەگوزەرێنێ و لە ژێر باری قورسی ئەو عەقڵیەتی قەیراناویە بەرخوود و هەڵسووكەوت دەكات لەگەڵ ژینَگەی چواردەوریدا هەر بۆیە هەنَگاوەكانی نا سروشتی و شپرزەیی و نا باڵانسی پێوە دیارە و لەهەمووی سەیر تر ئەوەیە كە بەهانە و بیانووە سیاسیەكانی بۆ پاساو هێنان تەواو (مەسخەرە) ئامێز و سەرسوورهێنەرە بە رادەیەك رەوتی بیرمەند و هۆشمەندەكانی ناو ئەو حیزبە وەك تاقمێك لە پاڵاوانی سێركەكان دەردەكەون كاتێك گەمە و (حەرەكاتی) ئەكرۆپاتیكی ئەنجام دەدەن, بەڵام ئایا یەكێتی چی بكات باشە بۆ دەرباز بوون لەم ( Shift Sand)ە ؟
یەكەم : لە رەوشی ئێستای كوردستان و شێوازی باڵانسی هێزەكان و نەبوونی هێزێكی یەكلاكەرەوە كە بە تەنها بتوانێ حكومەتی یەك حیزبی پێك بهێنێ, یەكێتی لە نێوان ئەو هاوكێشانەدا هێشتا دەتوانێ رۆڵی راگری باڵانس وەرگرێت ( Balancer ) بە تایبەت لە پەرلەماندا بەم شێوەیە :
(1) قورس كردنی تای تەرازووی بەرەی میانرەو نیشتمانی و علمانی لە كاتی دەنَگ دان لەكێشە خاوەن رەهەندە نیشتمانێكاندا وەك گەرانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان بە مەبەستی هەموار كردنەوە و گۆرینی سیستەمی سیاسی لەسەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانی و دژایەتی كردنی گەندەڵی سیاسی و ئابووری و كارگێری,
(2) كاڵ كردنەوەی دوو ئیدارەیی و بە هێز كردنی سیاسەتی (ئەتۆنۆمی) لە بەرێوەبردنی ناوچەكان و یەك خستنەوەی دام و دەزگا هەستیارەكان,
(3) گەرانەوە بۆ رێكەوتن نامەی دەباشان لەگەڵ بزتنەوەی گۆران لەجیاتی رێكەوتن نامەی ستراتیجی لە گەڵ پارتیدا و فشار خستنە سەری بۆ مل دان بە زۆرینەی سیاسی لە ناوچەی باڵادەستیدا و ناچار كردنی بە دەست پێ كردنی گۆرانكاری لە سیاسەتەكانیدا, لە هەموو رەوشەكاندا (تنازل) بۆ گۆران دەرئەنجامەكانی كاریگەر ترە لە (تنازل) بۆ پارتی,
(4) پێكەوە كار كردن بۆ گۆرینی سەرتاپا نەخشەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە هەموو كوردستان لە هەڵبژاردنی ئایندە بە هاندان و یارمەتی دانی باڵی ریفۆرمی خوازی ناو پارتی كە بتوانێ ئەو گۆرانكاریانە ئەنجام بدات یان وەرگرێت لە دەڤەرەكەیاندا,بە تایبەت بە ئاقاری خاو كردنەوەی كۆنترۆڵ و قۆرخ كردنیان بۆ چەمكی نەوت و گاز و بودجە و ئاسایش و هەواڵگیری تاوەكو گەرانەوەیان بە تەواوەتی بۆ پەرلەمان,
(5) پەیرەو كردنی ستراتیجی نیشتمانی پەیوەند بە هەڵسوو كەوت لە گەڵ حكومەتی ناوەندا و ناوچە كێشە لەسەرەكان بە تایبەت كركوك لە شكست پێهاتنی برگەی (140) و دۆزینەوەی سیاسەت و پلانی تر بۆ ئەنجام دانی ئەو ئارمانانە بۆ نموونە لە رێگەی پرۆژەی ئابووری وقەرەباڵغ كردنی شارەكە لە سەرمایە و پرۆژەی خزمەت گوزاری نەك تەنها برەو دان بە چەمكی ئاسایش و سەربازی كە بوەتە ئامرازی ركابەری بۆ دەسەڵاتی حیزبی لەجێگای بەرژەوەندی نەتەوەیی,
لە كۆتایدا بێ گومان ئەگەر یەكێتی دەست بەرێت بۆ ئەو هەنَگاوانە رەنَگە لە نیوەی رێگادا بۆ بە دی هاتنی نیوەی ئەو ئارمانانە یەكێتی بگەرێتەوە بۆ یەكێتێكەی جاران و كێشمەكێش بكات لە سەر پلەی پارتی یەكەم لە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمان و پارێزگاكاندا و لە گەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆندا و پەراوێز خستنی پارتی,
مامۆستا محمد گەرمیانی
شرۆڤە كاری سیاسی
سلێمانی 25.12.2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست