گۆڕان و ڕیاڵ مەدرید یان یەكێتى و كۆمپانیا دزەكە !!
Friday, 15/04/2011, 12:00
(ئەمە وەڵامێكە بۆ نووسینێكى لاوەند نەوزاد بەناوى گۆڕان و ڕیال مەدرید) .
كۆمەڵە بەرپرسێكى دز هەن لەناو یەكێتى تێر نابن نایانەوێ لەخەمەكانى میللەتیش بگەن ، بۆیە كەئەچنە هەر پرسە و بۆنەیەك هەر خەریكى عەرزى عەزڵات و خۆفش كردنەوەن ، تەنها ئەچنە پرسەى بەرپرسەكانیش ، ڕۆژێكیان ئەچنە پرسەى بەرپرسێكى باڵا و زۆر ئەمێنەوە ، جەنابى بەرپرسى مەكتەبى سیاسى ئەچێتە لایان و ئەڵێ ئەزیەتان كێشا بۆ هێندە مانەوە ، ئەوانیش ئەڵێن ئاخر ئێمە بەس بۆ ئى ئێوە ئەمێنینەوە لەبەر خاترى تۆ و سەرۆكى كوتلەكەمان لێرەین و هێندە ماوینەتەوە .
ئەو جەماعەتە دزە لەپرسەكە ئەوەندەى چاویان لەسەرۆكى كوتلەو بەرپرسە باڵاكە بڕی بوو كەبیان بینێ هێندە فاتیحایان نەخوێندبوو ، خۆشیان قەناعەتیان كردبوو كەزیاتر بمێنەوە باشترە ، چونكە سكرتێر و بەرپرسە باڵاكە پێیان خۆشەو حەزیان لەوجۆرە یارى و ماستاوانەیە ، ئەوانیش بیریان چوو بوو كەپرسەیە و هێندە سەیركردنى بەرپرس بەفاتیحا ئەژمار ناكرێ .
بۆیە زۆرجار كەسەیرى ڕاگەیاندنى یەكێتى ئەكەم ، هەمان ماستاو و سیناریۆكانى ئەو جەماعەتەم بیر دەكەوێتەوە، چونكە یەكێتى لەجیاتى خوێندنى فاتیحاى ڕاستەقینە و پێشكەشكردنى نموونەیەكى جوان و بەژداریكردن لەچاكسازى و دادگایى كردنى بەرپرسە گەندەڵەكان ڕەقەمى موزایەدەكردن و دروستكردنى خەیاڵێكى ناواقیعى باس ئەكات و ئەشیەوێت بڕوا بكەین كەئەو هەموو چەواشەكاریانەى ئەوان بەقەد فاتیحا خوێندن خێرە .. بۆیە ئەگەر ئەو جەماعەتە دزە لەبەیانیەوە تا ئێوارە لەپرسەكە دانیشتبن ئەوا سەركردەكانى یەكێتیش لە 91 وە تا ئێستا كە 2011 یە هەر خەریكى دزى و گەندەڵین و هەر تێر نەبوون و پێشیان بڵێیت بەسە كاكە 20 ساڵە هەر خەریكى دزینى سەروەت و سامانى ئەو میللەتەن یەكسەر ئەڵێن كاكە ئێمە لەشاخ بووین !!
یەكێتى بەرهەمى جاشایەتى 66 و شەڕى جەلالى و مەلایى و كلك گرێ دانى لەگەڵ ئێران و بەعس و توركە ، لە 66 وە جەلال خەریكى شەڕ و ئاژاوە و فیتنە بووە ئەگەر پشكى شێر بەر پارتى بكەوێت ئەوا پشكى گورگ بەر جەلال و یەكێتى ئەكەوێت ، بەڵام خۆیان وەك حزبێكى سۆشیال دیموكرات و ئەوروپى نیشان ئەدەن ڕەفتاریشیان لە ڕەفتارى حزبى بەعس و ووڵاتانى ئەفریقیا ئەچێت .
یەكێتى لەقەیڕانى ناو پارتى و باڵى مەكتەبى سیاسى پارتى دروست بوو ، ئەو حزبە كوڕى پارتیە و تەنها لەڕێیى پارتیش ئەژى ، یەكێتى پێیوایە هەر قەیرانێك لەكوردستاندا ڕوو بدات قازانجى ئەوى تێدایە ، ئەگەر وانەبێت ئەوە خێرە ئەو هەموو قەیرانە دروست بووە بەرهەم ساڵح واز ناهێنێ و ناڕوا ؟ بەپێچەوانەوە دەهۆڵى زوڕناى ڕاگەیاندنیان بۆ خستۆتە گەڕ و ئیتر ئەبێتە (تاكەنوێنەر) و (فریادڕەس) ى خەڵك ، ئەوەى گیرفانەكانیشى پڕە لەدۆلارى برایم خەلیل و شیرینى گرێ بەستە نەوتیەكان و خاوەنى چەندین قەسر و قسور و ڕەتڵە وەنەوشە و هەزاران هێزى چەكدارى میلیشیایە و زیندانى نهێنى و زانیارى و باندى سوتان و هێزى دەمامكدار و دژە میللەت و خۆپیشاندان و دەبابە و فایل و ناقیلەى شەخسى هەیە لەگەلى كوردستان و كوردسات دەبێتە (دۆستى هەژاران) ؟ نەك هەر ئەوەندە ، بەڵكو لەمیانى دیدارەكەدا دەست بەتەمسیلێك دەكات ، جەماعەتە دزەكەى خۆیان و ژنى دووەم و سێ یەمیان و تەنانەت كارگوزارە بیانى و بەنگلادیشیەكانیش داواى بەرنامەكەی لێ ئەكەنەوە ، دوایى لەخۆیان ئەپرسن .. تۆ بلێیێ میللەت هێندە گەوج بێ ئێمەى تائێستا نەناسیبێت !
ئێستا هەر چۆنێك ڕەفتار بكەن هەر چیەك بكەن گرنگ نیە ، چونكە ڕۆژێك دێت خەڵكى كوردستان و مەیدانەكانى ئازادى بیان هێنە بەردەم دادگا و پەتى سێدارە، ئەم قسانەى ئێستا ئەیكەن تەنها قسەى سەر شاشەكانى تەلەفزیۆنە و فڕیان بەسەر چاكسازى و باشتركردنى ژیان و گوزەرانى خەڵكەوە نیە تەنانەت كادیر و ئەندامانى خۆشیان گەیشتوونەتە ئەو ڕاستیە ، بەس ئەڵێن كەمێك كاتى ئەوێت تا زەمینەى ڕاپەڕینەكە دروست ئەبێت و ئێمەش بەشدارى ئەكەین .
چەند جارێكە یەكێتى بەژدارى ئەو پاڵەوانێتیە ئەكات كەبۆ ئەنجامدانى چاكسازى ساز ئەكرێت بەڵام لەبەر ئەوەى عەقڵییەتیان هى ئەوە نییە ، نەیتوانیوە هیچ یەكێك لەو پاڵەوانێتیانە بەدەست بێنێت و تەنانەت لەپارتیشى بەرێتەوە ، چونكە یەكێتى هەر بەتەواوەتى بۆتە پاشكۆى پارتى و وەك كۆمپانیایى بەرپرسە دزەكەى بەسەر هاتووە ..
ئەڵێن بەرپرسێكى دزى خاوەن كۆمپانیا لە دەوڵەمەندێكى خاوەن كۆمپانیا ئەپرسێت من لەگەڵ ئەو كۆمپانیا حزبیانەی بەرپرسان شەریكم چۆنە تۆ غیرەم لێ ناكەیت و ڕاپۆرتم لەسەر نانووسى ؟
دەوڵەمەندەكەش شەریكى بنەماڵەیە بەزەردەخەنەوە ئەڵێ ..
لێت ناترسم ، چونكە تۆ كارەكەرى بنەماڵەى هەمیشە هەوڵ ئەدەن بەشداربن لەكۆمپانیاكانى بنەماڵە ، بەڵام بەدەستى ناهێنن ...
دیارە یەكێتیش وەك كۆمپانیاى ئەو بەرپرسە دزەى لێهاتووە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست